Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
میسر لە چاوەڕوانیی بەهاردا

میسر لە چاوەڕوانیی بەهاردا

Closed
by August 19, 2013 گشتی

 

 

 

ڕۆژی ١١-ی شوباتی ساڵی ٢٠١١، خەڵکی میسر ئاهەنگی ڕوخانی دیکتاتۆرییەت و هاتنی بەهاری عەرەبییان گێڕا. ئێستا، دووساڵ و نیو دوای ئەو ئاهەنگگێڕانە، وا دێتە پێشچاو کە ئەو ئاهەنگگێڕانە بۆ هاتنی بەهار زۆر بەر لە وادەی خۆی ساز درا.

بەهار لە سەردەمێکدا نایەت کە تیایدا سەرکردە سەربازییەکان دەتوانن باری نائاسایی ڕابگەیەنن و لەڕێگەی بەکارهێنانی هەزاران چەکدار و بە پاڵپشتیی زریپۆش و ‌هێلیکۆپتەر و بیلدۆزەرەوە دڕندانە بکەونە گیانی خۆپیشاندەرانێک. خۆپیشاندەرانێک کە لەبەرامبەردا، لەپێناو ئایدۆلۆجیایەکدا کە ڕوانگەیەکی فاشیستییانەی هەیە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی باوەڕیان بە ئاینەکەی ئەوان و گروپەکەی ئەوان نییە، ئامادەن چەندین هەفتە لەسەر جادە مان بگرن و گیانی خۆیان لەو پێناوەدا دابنێن.

ئێستا خەڵکی میسر بە شێوەیەکی خەتەرناک جەمسەرگیرییان تێکەوتووە. کاتێک کە هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بە غازی فرمێکسڕێژ و بە گوللە دەستیان کردە کوشتوبڕی خۆپیشاندەران، لەو کاتەدا لە پەنجەرەکانی خانووەکان و باڵەخانەکانی دەوروبەرەوە خەڵکانێک هەبوون سەریان دەرهێنابوو و شاییان بۆ ئەو هەمەجییەتەی سوپا و پۆلیس دەکرد. هاوزەمان لەگەڵ ئەو هێرشانەدا، هاوبیرانی ئەوانەی لە بەردەم مزگەوتی ڕابیعەی عەدەوییەدا ئاوا کوشتوبڕ دەکران، لە باشوری وڵات، بە هەمان نەفەس و حەماسی هێزە ئەمنییەکانەوە و بە هەمان ڕۆحی هەمەجییەوە، خەریکی هێرشکردنە سەر قیبتییەکان و سوتاندنی کڵێسەکانیان بوون. 

ئەم لادانانە لە ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی و لە پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤەوە وایکردووە کە سەردەمی دوای حوسنی موبارەک سەردەمێکی بێئەندازە سەخت بێت بۆ میسر. ئێستا گەشەی بەرهەمهێنانی نەتەوەیی وڵات دابەزیوە بۆ نزیکی ٢%، هەروەها ڕێژەی بێکاریی هەڵکشاوە بۆ ١٣%، لەکاتێکدا کە خەزێنەی پارەی دانراوی بیانیی لە وڵاتدا لە ٣٤ ملیار دۆلارەوە دابەزیوە بۆ ١٤ ملیار. ئەگەر ئەم داڕوخانە ئابورییە هەر بەم خێراییە بەردەوام بێت، ئەوا سەندوقی دەوڵەت لە ماوەی دووساڵ و نیوی داهاتوودا تەواو بەتاڵ دەبێتەوە. بۆیە بەردەوامبوونی ئەم داڕوخانە ئابورییە دوور نییە وڵاتی میسریش لەو کۆڵانە داخراوەی شەڕی ناوخۆدا گیر بکات کە ئێستا سوریا گیری تیا خواردوە.

 

٭ ٭ ٭

 

زەرورەتی ڕێگرتن لەم داڕوخانە ئابورییە و زەرورەتی ڕیگرتن لە خۆفەرزکردنی دەسەڵاتدارانێک کە سیاسەتێکیان نەبوو بۆ ڕێگرتن لەم داڕوخانە، وایکرد چەندین ملیۆن خەڵکی ئاراملێبڕاوی میسر نەتوانن و ئامادە نەبن سێ ساڵی تر چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن و، لە هاوینی ئەمساڵدا ڕژانە سەر جادەکان. هەر شەرعییەتی ئەو ناڕەزایەتییەی ئەوان بوو کە وایکرد کودەتایەکی سەربازیی لەلایەن جەنەڕاڵەکانەوە، کەمتر لە کودەتایەکی سەربازیی ڕووبەڕووی سەرکۆنە ببێتەوە، بەڵکو بگرە جەنەڕاڵەکان لەلایەن ژمارەیەکی گەورەی خەڵکی وڵاتەوە وەک فریشتەی ڕزگارکەر چاویان لێکرا.

بەڵام ئەو هێزبەکارهێنانە ناپێویستەی کە ئێستا سەرکردە سەربازییەکان لەبەرامبەر کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی نیمچە-ئاشتییانەی خەڵکێکی ناڕازییدا دەستی بۆ دەبەن، هەم بەشێک لەم شەرعییەتەیان لە چاوی خەڵکدا کەم دەکاتەوە و، هەمیش بۆی هەیە ئاگرێک لە وڵاتدا بخاتەوە کە سەخت بێت کوژاندنەوەی. سەرکردە سەربازییەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە گوایە ئەوان لەپێناو سەرپێخستنەوەی دیموکراتییەت لە وڵاتدا ئەمە دەکەن. بەڵام دیموکراتییەت بەوە سەرپێ ناخرێتەوە کە مافە دیموکراتییەکان زەوت بکەیت.

 

٭ ٭ ٭

 

موحەمەد مورسیی و ئیخوانەکان کە حوکمیان کەوتە دەست، (ڕێک وەک چۆن زۆرێک لە لیبراڵەکان و خەڵکی ناکۆک بە ئیسلامی سیاسیی پێشبینییان دەکرد و لەبەرامبەریدا هۆشدارییان دەدا)، دەرکەوت کە دیموکراتییەت لای ئیسلامییستەکان مانای ئەوەیە کە براوەی هەڵبژاردنەکان مافی هەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافە مرۆییەکانی کەمینەکان و خەڵکی دەرەوەی ئایدۆلۆجیای ئیسلامی سیاسیی و دەرەوەی حیزب، هەر شتێکی بوێت فەرزی بکات. ئەوان وەک چاوەڕوانکراو بوو، بەدئیستیفادەیان لە دەسەڵاتدارێتیی خۆیان کرد و بوونە هۆی کەوتنەوەی شەڕی دەسەڵاتدارێتیی لەنێوان ئیخوانەکان و ”غەیرە-ئیخوانەکان”-دا. موحەمەد مورسیی وەک سەرۆکێک، لەجیاتی ئەوەی کار بۆ دروستکردنی ڕایەڵ لەنێوان هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە ناکۆکەکانی ناو وڵاتدا بکات و سیاسەتێکی ئابوریی کارکردوو بگرێتە بەر، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بوو خۆی بکات بە ”فیرعەونێکی ئیسلامیی” بەسەر میسری سەردەمی مۆدێرنەوە.

لەبەرامبەردا، ئێستا سەرکردە سەربازییەکان و حکومەتی کاتیی، لەبری ئەوەی بەرە ناکۆکەکانی ناو خەڵکێکی تەواو لێکترازاو پێک بێننەوە و دیموکراتییەت سەرپێ بخەنەوە، درزەکان فراوانتر دەکەنەوە. ئێستاش دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەرۆکوەزیران حازم ئەلبەبلاوی بەنیازە ئەمڕۆژانە داوا بکات بە یاسایەک هەڵوەشاندنەوە و قەدەغەکردنی ئیخوان موسلیمین لە میسردا ڕابگەیەنرێت. بەڕای من کارێکی وا ئەگەر بکرێت، حەماقەتێکی زۆر گەورەتر دەبێت لەو حەماقەتانەی کە مورسیی لە کاتی حوکمداریی خۆیدا کردنی و ڕێگریی گەورەی بۆ پرۆسەی دیموکراتیی لە میسردا دروست کرد. هەڵوەشاندنەوە و یاساغکردنی ئیخوان موسلیمین هەڵەیەکی زۆر خەتەرناکتر دەبێت لەو هەڵەیەی کە چوارشەممەی ڕابردوو کرا و خۆپیشاندەران قەتڵوعام کران، چونکە ڕێگرتن لە بەشداریی گەورەترین هێزی سیاسیی لە ژیانی سیاسیی ناو وڵاتدا، بۆی هەیە چەندین قەتڵوعامی تری لەو شێوەیە بەدوای خۆیدا بێنێت.

 

٭ ٭ ٭

 

وەک دەرکەوێت میسر لەسەر ڕێگایەک نییە کە بەرەو ئاشتیی و سەقامگیریی سیاسیی و دیموکراتییەتی بەرێت. دوو هەفتە بەر لە ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێستا ٢٥ کەسیان وەک پارێزگاری تازەی ٢٥ شار دەستنیشان کرد. لەنێوان ئەو ٢٥ پارێزگارە تازەیەدا، نۆزدەیان جەنەڕاڵن. ئەمە لە هەنگاوێک ناچێت کە بەپێچەوانەی ئەو ئاراستەیەوە بێت کە موبارەک و مورسیی پیایدا چوون. ئێستاش ئەو سیاسەت و ئامرازە ئۆتۆریتارییانەی کە دەسەڵاتدارانی ئێستا دەستی بۆ دەبەن، زیاتر و زیاتر لەو سیاسەت و ئامرازانە دەچن کە دیکتاتۆری پێشوو حوسنی موبارەک دەستی بۆ دەبردن. سیاسەتێک کە دووساڵ و نیو بەر لە ئێستا زۆربەی هێزە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای میسریی لە بەرامبەریدا چوونە هاوپەیمانییەتێکەوە و ڕاپەڕینیان بۆ بەرپا کرد. لەو ڕووداوانەدا کە بە ”بەهاری عەرەبیی” ناوبران، ئیسلامیستەکان و غەیرە-ئیسلامیستەکان و مەسیحییەکان لەپێناو شەڕکردن بۆ بەهاگەلێکی وەک هەڵبژاردنی ئازاد و مافی کەمایەتییەکان و مافی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، سەنگەرێکی هاوبەشان گرت. هەر ئەم بەهایانەیە کە ئێستا لەژێر هێرشی گەورەدان.

ئەو جەمسەرگیرییە فرەسەرە و سەنگەرگیرییە توندەی ئێستا لە کۆمەڵگای میسرییدا هەیە، دۆخێک نییە بهێنێت ناوی ”بەهار”ی لێ بنرێت. میسر پێویستی بەوەیە دیالۆگێک لەنێوان هێزە جیاوازەکاندا دەست پێ بکات کە سەنگەرگیرییەکان هێمنتر بکاتەوە و زەمینەیەک بۆ جێپێگرتنی دیموکراتییەت بسازێنرێت. ئەو درزە گەورانەی ئێستا کەوتوونەتە جەستەی کۆمەڵگای میسریی، ئەگەر مامەڵەی دروستیان لەگەڵ نەکرێت، ئەوا کەسێک دەتوانێت بڵێت نەک هەر زوو بوو کاتێک خەڵکی میسر دووساڵ و نیو بەر لە ئێستا ئاهەنگی هاتنی بەهاری عەرەبییان بۆ وڵاتەکەیان گێڕا، بەڵکو دەبێت چەندین ساڵی تر لە چاوەڕوانیی هاتنی ئەو بەهارەدا بن.

 

 

سیروان عەبدول

17.08.2013

sirwanebdul@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.