Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مێشكم بەتاڵ ، گیرفانەكانم پڕ

مێشكم بەتاڵ ، گیرفانەكانم پڕ

Closed
by January 30, 2012 ئەدەب

١ ،
٢ ،
٥ ،
٢٠ ،
٤٩٦ ،
سی و نۆ هەزار و حەوت سەد و پەنجا جار
لە گەلێك مزگەوتی جیاواز
گوێم لە “الله اكبر” بووە
مزگەوتی رەش
مزگەوتی سپی
مزگەوتی گەورە
مزگەوتی بێ منارە
مزگەوتی بێ كارەبا
مزگەوتی تەنیشت بەندیخانە

ئێوارەیەكی باراناوی
بە دەنگی بانگبێژێك
تەواوی ئەو گەڕەكەی
كە خۆشم نەمدەزانی بۆ لەوێم ؟!
بێدەنگ و گوێبیست كردبوو

لە دەمەو عەسرێكی بێ تاقەتیشدا
دەنگی مەلای مزگەوتەكەی ناو بازاڕ
دوكاندارەكانی لە سوێندخواردنی بە درۆ بێ دەنگ نەدەكرد

بەیانییەكی دووبارەش
زایەڵەی بانگی
مزگەوتەكەی نزیك ماڵەكەمان
منی، لە خەونێكی هەرزەكاری بەخەبەر هێنایەوە

وا رێكدەكەوێ
هەموو نیوەڕۆیەك
گوێبیستی دەنگی ناخۆشی بانگبێژێك ببم
كە مزگەوتەكەی چەند هەنگاوێك لە مەیخانەوە دوورە

لە عیشایەكی پڕ لە بیركردنەوەشدا
سەر بەناو كتێبخانەكەمدا دەهێنم و دەبەم
دەمەوێ
گومانەكانی “دیكارت” بخوێنمەوە ،
        “نیتچە” بە خۆیی و سمێلەكەیەوە
لەنێو كتێبەكاندا وەستاوە و
دەیەوێ دووبارە گفتوگۆ لەسەر “هیچ” بكەینەوە
لەولاشەوە
جەمال غەمبار دەیەوێ
پیاسەیەكم لەگەڵ ئاودا پێبكات
دەخوازم (فروغ) تەنیاییەكەم بڕەوێنێتەوە
لەناكاو بۆ پێنجەم جار
لە رۆژێكی پڕ لە درۆ
پڕ لە دزی
پڕ لە قۆڵبڕین
پڕ لە كوشتن
پر لە بێ مانایی
پڕ لە نایەكسانی
پڕ لە جەهالەت
پڕ لە دەبەنگی
گوێم لە “الله اكبر” دەبێتەوە…

 


گۆران رەسووڵ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.