مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی ….
مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی
له‌نێوان هه‌ڵه‌ی مێژووی و فه‌رامۆشكردنی شاعیران دا
هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجی
پێشده‌ستی :
ئه‌وكاته‌ی ده‌ستم به‌تاڵ ده‌بێت و له‌نووسینی كتێبێك ده‌بمه‌وه(1) بۆ ماوه‌یه‌ك پشووده‌ده‌م و له‌و پشووه‌شدا ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ی په‌رتووكێك ده‌كه‌م ،كه لام گرنگ بێت و خوێندنه‌وه‌ی به پێویست بزانم وئه‌گه‌ر په‌رتووكه‌كه سه‌رنج ڕاكێش بێت ،به‌یه‌ك جار خوێندنه‌وه ده‌ستی لێهه‌ڵناگرم و ،دووباره ده‌یخوێنمه‌وه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ستم به‌هه‌ڵه‌و كه‌م و كورتیش كرد،ئه‌وا له‌جاری دووه‌می خوێندنه‌وه‌كه دا،له حاشیه‌ی په‌رتووكه‌كه دا سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆم ده‌نووسم و هه‌ڵه‌كان ده‌خه‌مه ڕوو ،ڕاستیان ده‌كه‌مه‌وه ،به‌و هیوایه‌ی كاتێكی دیكه هه‌بێت بییان كه‌مه توێژینه‌وه‌یه‌ك و له گۆڤارێك دا بڵاویان بكه‌مه‌وه.
یان ئه‌و كاته‌ی سه‌فه‌رێك ده‌كه‌م و ده‌زانم ماوه ی سه‌فه‌ره‌كه‌م ،بای ئه‌وه‌نده ده‌بێت،په‌رتووكێكی تێدا بخوێنمه‌وه ،به‌هه‌مان شێوه په‌رتوكێك هه‌ڵده‌بژێرم و ده‌یكه‌مه هاوڕێ و هاوسه‌فه‌رم.
ئه‌و په‌رتووكه‌ی ئه‌م جاره كردمه هاوسه‌فه‌رم و چه‌ند جارێك خوێندمه‌وه ،به‌رگی یه‌كه‌می مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی زانای ئه‌ده‌ب (پرۆفیسۆر د.مارف خه‌زنه‌دار) بوو، كاتێك له‌یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌ی ته‌واو بووم،قسه‌یه‌كی كۆچ كردوو (دكتۆر موعین) ی زانای ئێرانیم وه‌بیر هاته‌وه،كه ده‌فه‌رمووێت : (ده‌ترسم له‌وه‌ی كه زانایان و چاكه‌كان هه‌ڵه بكه‌ن .)چونكه وه‌ك ده‌زانین هه‌ڵه‌ی زانایان وه‌ك هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌كان مه‌ترسی داره‌و،لێره‌و له‌وێش خه‌ڵكانێك هه‌ن كه به‌جۆری نادرووست سه‌رسامی زانایان ده‌بن و هیچ كاتێك و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵه‌و كه‌م و كورتی ئه‌و زانایانه نابینن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه (دكتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی)ده‌فه‌رمووێت : (من هه‌میشه له مرۆڤه زانا و گه‌وره‌كان ده‌ترسم .چونكه كاتێك هه‌ڵه‌ده‌كه‌ن زۆر خراپی لێده‌كه‌وێته‌وه وكاریگه‌ری زۆر ناپه‌سه‌ند له‌سه‌ر هۆش و هه‌سته‌كان به‌جێده‌هێڵێ و ئیتر ناتوانرێ،یان زۆر به‌ئه‌سته‌م ده‌توانرێ به‌رهه‌ڵستی له‌گه‌ڵ دا بكرێت).وه‌لێ ئه‌مه به‌مانای ئه‌وه‌نییه هه‌وڵ و ماندووبوونی گه‌وره زانایان به‌رز نه‌نرخێندرێت .چونكه به‌دڵنیاییه‌وه پاش هه‌وڵ و ماندووبونێكی زۆر ئه‌و كه‌سانه بوونه‌ته كارناس و زانا له بوارێكی دیاری كرا‌و دا و ،د.مارفیش وه‌ك كارناس و زانایه‌كی گه‌وره‌ی كورد هه‌وڵه‌كانی جێگه‌ی ڕێز و ده‌ستخۆشین و ،لانی كه‌م ته‌مه‌نی نووسه‌ری ئه‌و ئه‌وه‌نده و نیوی ماوه‌ی ژیانی من ده‌بێت،هه‌ربۆیه ڕێز و خۆشه‌ویستی ته‌واوم بۆی هه‌یه‌و باشی و مه‌زنی و هه‌وڵ و ماندووبوونه‌كانی ئه‌وم له‌به‌رچاوه‌و لێره‌دا ته‌نها هه‌ستی به‌رپرسیاری وای لێكردم هه‌وڵبده‌م ئه‌وه‌نده‌ی توانام به‌سه‌ریدا ده‌شكێت هه‌ڵه‌كان ڕاست بكه‌مه‌وه‌و ،ئه‌مه‌ش له دڵسۆزیمه‌وه‌یه ،چ بۆ مێژوو،چ بۆ ئه‌ده‌ب،هه‌ربۆیه داوای لێبووردن له‌هه‌ر هه‌ڵه‌و كه‌م و كورتییه‌ك ده‌كه‌م و له‌هه‌ر شوێنێك دا بۆچوونه‌كانم ناجۆر و نادروست بوون و نه‌مپێكابوو داوای لێبوردنتان لێده‌كه‌م.له‌سه‌ره‌تادا ویستم له‌سه‌ر هه‌مووبه‌شه‌كانی ئه‌م په‌رتووكه قسه بكه‌م،وه‌لێ زۆری نه‌برد كه وه‌بیرم هاته‌وه ،پێش من (مامۆستا محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داخی) له‌سه‌ر به‌شی ده‌ستنووس و ده‌ستنووسخانه‌كانی نووسی بوو(2) بۆیه به‌پێویستم نه‌زانی قسه‌كانی مامۆستای قه‌ره‌داخی دووباره بكه‌مه‌وه‌و كاتی خۆم و ڕووپه‌ڕی گۆڤاره‌كه‌شی پێوه‌داگیربكه‌م.ئه‌مه‌جگه‌له‌وه‌ی خۆم پاراستووه له هه‌ندێك بۆچوونی (دكتۆر مارف)به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی ئاینی ئه‌هلی هه‌ق(كاكه‌یی)یه‌وه.چونكه هه‌ندێك ته‌م و مژی ئه‌و ئاینه ته‌نها به ئه‌نجامدانی چه‌ندان توێژینه‌وه‌ی ئاینناسی و به‌راورد كاری ئاینی ڕوون ده‌بێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش هه‌م كاری من نییه‌و هه‌م كاتیشمان نییه،بۆیه كاتێك باس له سوڵتان ئیسحاقی كاكه‌یی به‌رزنجی ده‌كه‌م،ته‌نها قسه له‌لایه‌نی مێژووی ده‌كه‌م و خۆم له‌قه‌ره‌ی ئاینناسی ناده‌م و،زیاتریش هه‌وڵده‌ده‌م به‌كورتی باسی ئه‌و شاعیرانه بكه‌م ،كه (دكتۆر مارف) فه‌رامۆشی كردوون و بۆمڕوون نه‌بوویه‌وه هۆكاره‌كه‌ی چییه‌و بۆچی ئه‌مه ڕوویداوه.
یه‌كه‌م:شاعیره فه‌رامۆشكراوه‌كان
چه‌ندین شاعیر له‌م به‌رگه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی دا فه‌رامۆش كراوون و باسیان لێنه‌كراوه له كاتێك دا نموونه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان ،ئه‌گه‌رچی كه‌میش بێت،له‌به‌ر ده‌ست دایه،به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی ئه‌و شاعیرانه فه‌رامۆش بكه‌ین به‌هۆی كه‌می به‌رهه‌میان و پێمان وابێت پێویسته شاعیر به‌رهه‌می زۆری هه‌بێت،چونكه هه‌ندێك شاعیر مێژووه‌كه‌یان زۆر كۆنه‌و ،هه‌ر باشیشه ئه‌و چه‌ند پارچه شێعرانه‌مان به‌ده‌ست گه‌یشتووه.
من لێره دا هه‌وڵده‌ده‌م كورته‌ی ژیان و نموونه‌ی شێعری ئه‌و شاعیره فه‌رامۆشكراوانه بنووسم،كه زانیاریم له‌باره‌یانه‌وه هه‌یه‌و لێره‌و له‌وێ وتار و توێژینه‌وه‌و بابه‌تم له‌سه‌ریان خوێندۆته‌وه‌و ئه‌و شاعیرانه‌ش كه‌ته‌نها ناویانم بیستووه ،له كۆتاییدا ئاماژه به‌ناوه‌كانیان ده‌كه‌م و،قسه‌كردن له‌سه‌ریان جێده‌هێڵم بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی زانیاری‌یان لایه له‌باره‌یانه‌وه و ده‌یان ناسن،ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه نه‌كه‌وینه هه‌ڵه‌وه،به‌م شێوه‌یه
1- حاجی مه‌لا عیسای به‌رزنجی
شاعیرمان ناوی (مه‌لا عیسای نوربه‌خشی به‌رزنجی (3) كوڕی باباعه‌لی هه‌مه‌دانی كوڕی بابا یوسفی هه‌مه‌دانی)یه و له‌ساڵی (666كۆچی) له(هه‌مه‌دان) له دایك بووه و دووای خوێندنی كتێبه ورده‌ڵه ئاینییه‌كان لای(بابا عه‌لی هه‌مه‌دانی) باوكی ، چۆته لای زانای ناودار (خواجه ئیسحاقی خه‌تڵانی) و(موحه‌مه‌د نوربه‌خشی هه‌راتی) برای ،كه دامه‌زرێنه‌ری ته‌ریقه‌تی نوربه‌خشییه و،تاوه‌رگرتنی ئیجازی مه‌لایه‌تی لایان ماوه‌ته‌وه‌و،پله‌كانی فه‌قێیه‌تی (سوخته و موسته‌عید) ی لای ئه‌و دوو زانایه ته‌واو كردووه‌و ،خه‌رقه‌ی ته‌ریقه‌تی نوربه‌خشیشی له‌لایه‌ن (موحه‌مه‌دی نوربه‌خشی) برایه‌وه كراوه‌ته به‌ر،پاشان له‌گه‌ڵ (مه‌لا شێخ موسای به‌رزنجی) ی برای دا هاتووه بۆ شارۆچكه‌ی (به‌رزنجه) ی ئێستا و ئه‌و شوێنه‌یان قه‌ره‌باڵغتر و ئاوه‌دانتر(4) كردۆته‌وه‌و ئه‌م هاتنه ڕێكه‌وتی ساڵی (686كۆچی) بووه،كه‌هاوكات و له‌و ساڵه‌دا (مزگه‌وت و حوجره و مه‌دره‌سه‌ی به‌رزنجه)یان دروست كردووه‌و ،تێیدا وانه‌یان وتۆته‌وه‌و ته‌دریسیان كردووه.
پاشان(فاتمه خانی كچی حاجی مه‌لا خالیدی كاژاوی (5) ) كه براژنی خۆی بووه،له دووای مردنی براكه‌ی ده‌خوازێ و،سێ كوڕی لێی ده‌بێت،دوواتریش (دایره‌ك خاتوونی كچی حسه‌ین به‌گی جه‌ڵد) ده‌هێنێ وله‌میش نۆ كوڕی ده‌بێت و،هه‌موو كوڕه‌كانیشی وه‌كو خۆی زانای ئاینی و مه‌لا بوون و، وه‌كو باوكیشیان شاعیر بوون،به‌ڵام هه‌موویان به‌رهه‌می شیعریان لێ به‌جێنه‌ماوه‌و هه‌ندێكیان به‌رهه‌مه‌كانیان فه‌وتاوه‌و،هه‌ندێكیشیان به‌رهه‌میان ماوه.
ئه‌م شاعیر و مامۆستا ئاینی یه،مامۆستای چه‌ندین كه‌سایه‌تی و پێشه‌وای ئاینی و سۆفیگه‌ری ئه‌و كاته بووه‌و هه‌ندێكیانی پێگه‌یاندووه،واته هه‌موو پله‌عیلمییه‌كانی خوێندنیان لای ئه‌م بووه‌و،هه‌ندێكیشیان بۆ ماوه‌یه‌ك لای ئه‌م زانا و شاعیره خوێندوویانه ،له‌وانه:(سوڵتان ئیسحاقی كاكه‌یی،شێخ ئه‌بووسعودی به‌غدادی،شێخ مه‌حمودی شه‌بسته‌ری شه‌رح كه‌ری گوڵشه‌نی ڕاز،شێخ داودی دانه‌ری نامیلكه‌ی بیا داود،مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی به‌رزنجی،مه‌لا حه‌سه‌نی به‌رزنجی،مه‌لا حسه‌ینی به‌رزنجی و……).
ئه‌م شاعیر و مامۆستا ئاینی یه ،وه‌كو له‌و سه‌رده‌مانه‌دا باوبووه،پێشه‌وایه‌كی ته‌ریقه‌تی ده‌روێشی بووه‌و،له‌ناو خه‌ڵكیدا به (شێخ عیسێ) ناوی هێنراوه،و یه‌كه‌م جار ته‌ریقه‌تی له (خواجه ئیسحاقی خه‌تڵانی) مامۆستای وه‌رگرتووه‌و،پاشانیش ته‌ریقه‌تی نوربه‌خشی له (موحه‌مه‌دی نوربه‌خشی) ی برای وه‌رگرت و به‌مه‌ش ته‌ریقه‌تی نوربه‌خشی هاته ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان.
ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك هۆنراوه‌ی ئه‌م شاعیره له‌به‌ر ده‌ستدایه،به‌ڵام ژماره‌یان زۆر كه‌مه‌و زۆربه‌ی شێعره‌كانی فه‌وتاون و له‌وانه‌شه ڕۆژێك بێت بكه‌ونه‌وه به‌رده‌ست،وه‌لێ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ست دایه به‌سه بۆئه‌وه‌ی وه‌كو به‌ڵگه‌ی شاعیرێتی ئه‌م مه‌لا و پێشه‌وا ئاینی یه به‌كاربهێنرێت،لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌كی هۆنراوه‌كانی ده‌نووسین:
نموونه‌ی هۆنراوه‌ی كوردی /
پێمه شوكرانه،پێمه‌شوكرانه
واچن سه‌روماڵ بده‌یم به‌رانه.
چوون ده‌ستمانه‌ته‌حیق یه‌گانه
ویساڵگا لوایم جه‌ویساڵ یانه
له هۆنراوه‌یه‌كی دیكه‌دا،ده‌فه‌رموێت/
حاجم چه‌رانه،حاجم چه‌رانه
حاجیان حاجم ،حاجم چه‌رانه.
حاجمی كه‌رده‌ن پایه‌ی خودانه
هه‌ركه‌س وێش مه‌جمۆگا وێش خه‌تانه
نموونه‌ی هۆنراوه‌ی فارسی/
كائنات است جسم ماجانیم
واصلات را دلیل و بورهانیم
خاتمی اولیای دور قمر
وارت فقر شاه مردانیم
گرچه مرغان عشق بسیارند
هه‌م چو عنقا امیر ایشانیم
میهر جامعیم جمله كون
هه‌رچه بود است هست ما انیم
گه‌ر چه در ملك عشق عالم فقر
بر سرید شهود سلگانیم
ئه‌م شاعیره‌مان جگه له هۆنراوه‌كانی ،چه‌ندان وته‌شی به‌یادگار لێبه‌جێماوه‌و،لێره‌دات نموونه‌ی وته‌كانی ده‌نووسین:
– هه‌موو گوناهێك ئه‌گه‌رچی بچوكیش بێت به‌گه‌وره بزانن،وه چاكه‌ش هه‌رچه‌نده زۆربێ به‌كه‌م بزانن.
– ده‌توانن فێری زانست ببن.چونكه بنیاده‌م هه‌ربه زانست به‌رز ده‌مێنێته‌وه.
له ساڵی (754كۆچی)دا ،(حاجی مه‌لا عیسای به‌رزنجی) له‌ته‌مه‌نی(88) ساڵیدا كۆچی دووای كرد و له گۆڕستانی (به‌رزنجه)و له‌ته‌نیشت براگه‌وره‌كه‌یه‌وه به‌خاك سپێردراوه‌و،شاعیر بۆ كۆچی دووای ده‌نووسێت:
ه‌و دلیل و مرشد الشریعه
وهو الهادی لاهل الگریقه
2- دایره‌ك خاتوون
دایره‌ك خاتوون یه‌كێك له‌هۆنه‌ره ناسراو و ناوداره‌كۆنه‌كانی كورده‌و زۆربه‌ی هۆنراوه‌كانی له‌ناو (یارسان)ه‌كاندا پارێزراوه،چونكه دایكی (سوڵتان ئیسحاقی كاكه‌یی)ی نوێكه‌ره‌وه،یان دامه‌زرێنه‌ری كاكه‌ییه‌كان و،یه‌كێكه له ناسراوترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ئاین یان ئاینزای كاكه‌یی.
ئه‌م شاعیره ناوی(دایره‌ك خاتوون كچی حسه‌ین به‌گی جه‌ڵد)ه (6) و به‌دایره‌ك ڕه‌زبار یان دایره‌ك ڕه‌مزبار ناسراوه‌و ژنی دووه‌می مه‌لا شێخ عیسای به‌رزنجی یه و له دووای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سوڵتان ئیسحاقی كوڕیدا به‌رزنجه‌ی جێهێشتووه‌و به‌ره‌و هه‌ورامان چوون،بۆ شێخان و پردیوه‌ر و هه‌ر له‌وێش نێژراوه.
له دایره‌ك ڕه‌زباره‌وه زۆر هۆنراوه به جێماوه‌و وه‌ك شاره‌زایانی ئاینی یارسان (7)ده‌ڵێن:(زۆربه‌ی هۆنراوه‌كانی تایبه‌ته به ڕێوڕچه‌ی یاری یه وله ته‌نبوور لێدانیشدا مامۆستا بووه‌و،زۆربه‌ی هۆنراوه‌كانی خۆی به‌ده‌م هه‌وای ته‌نبووره‌وه خوێندۆته‌وه)،ئه‌مه‌ش نموونه‌ی شێعری ئه‌و شاعیره‌مانه:
ئه‌و سایه‌و شه‌می، ئه‌و سایه‌و شه‌می
بارگای شام وسته‌ن ئه‌و سایه‌و شه‌می
چه‌نی سێ ته‌نه بیام ده‌رهه‌می
سیمرغ بیانی جه‌رای روسته‌می
شاعیر له هنراوه‌یه‌كی دیكه دا ده‌فه‌رمووێت:
ستونم بیا، ستونم بیا
خواجام شاهه‌نشا ستونم بیا
ئه‌ر ئاره‌زوو بیم نه‌ده‌ور دنیا
چه‌نی ماهیار به‌هرامم دیا
3- میر ئه‌حمه‌د (كاكه‌میر)
شاعیرمان ناوی میر ئه‌حمه‌د كوڕی حاجی مه‌لا عیسای به‌رزنجی یه و به (میره سور) و (كاكه‌میر یان میر كاكه) ناسراوه‌و خوێندنی فه‌قێیه‌تی لای مه‌لا عیسای باوكی و مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی به‌رزنجی برای بووه‌و له توانا و شاره‌زای سوڵتان ئیسحاقی كاكه‌یی براشی به‌هره‌ی وه‌رگرتووه‌و خه‌رقه‌پۆشی ته‌ریقه‌تی نوربه‌خشی كردووه له (حاجی مه‌لا عیسا) ی باوكی یه‌وه‌و پاشان بۆ ته‌واوكردنی خوێندن و زیاتر فێربوون و شاره‌زابوون كه‌وتۆته گه‌ڕان و سه‌ردانی به‌غداد و دینه‌وه‌ر و هه‌مه‌دان و شاره‌زوور و شام و زۆر شوێنی دیكه‌ی كردووه،پاش ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گوندی (به‌رزنجه) و پاشان به‌دووای (سوڵتان ئیسحاق)ی براییدا ڕۆیشتووه بۆ هه‌ورامان و له‌گه‌ڵیدا ژیانی بردۆته‌سه‌ر و له زانستی یه‌كتری به‌هره‌مه‌ند بوون و،له‌وێ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌ریكی ده‌رس وتنه‌وه بووه‌و پاشان چووه بۆ دێیه‌ك،كه دوواتر به‌ناوی خۆیه‌وه ناونراوه به (میری سوور).
ئه‌م شاعیره له‌دووای خۆی زۆر هۆنراوه‌ی بۆ به‌جێهێشتووین ،كه هه‌موویان له په‌رتووكی پیرۆزی كاكه‌ییه‌كان دا،به ناوی (سه‌رئه‌نجام) پارێزراوه‌و تۆماركراوه،ئه‌مه‌ش نموونه‌ی هۆنراوه‌یه‌تی:
جه گێژو باری، جه گێژو باری
یارمان گیرا، جه گێژو باری
جاقوبه‌ی مریه‌م ئه‌سكه‌نده‌ر داری
میره‌باش توجار هان جه ئازاری
* * *
پاگریه‌و زاره، پاگریه‌و زاره
حوسه‌ین مه‌ڵاڵیۆ،پاگریه‌و زاره
گیرانه ده‌ست مه‌خلوق خاره
زامش په‌ی مه‌ڵهه‌م بكه‌ر تیماره
4- شاعیری تر
زۆر شاعیری دیكه‌مان هه‌یه،كه دكتۆر مارف فه‌رامۆشی كردوون و،له‌ڕاستی دا پێویست بوو له‌م به‌رگه‌ی مێژووی ئه‌ده‌به‌كه‌ی دا باسیان بكات،وه‌كو :(مه‌لا موحه‌مه‌دی به‌رزنجی كوڕی حاجی مه‌لا عیسای به‌رزنجی،پیر ئه‌لیاسی مۆریاسی و…..تاد)وه‌لێ نازانم بۆچی باسی نه‌كردوون ،به‌هه‌ر حاڵ منیش لێره دا باسیان ناكه‌م .چونكه زانیاری ته‌واو و پێویستم له‌باره‌یانه‌وه نییه‌و ،ئه‌وه‌شی له‌سه‌رچاوه‌كان دا له‌سه‌ریان نووسراوه زۆر كورت و كه‌من و،كه ئێمه نه‌توانین زانیارییه‌ك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و زانیارییه كورت و كه‌مانه ،واباشتره وازیان لێبهێنین بۆ ئه‌وكاته‌ی زانیاری ته‌واومان ده‌كه‌وێته به‌رده‌ست،یان كه‌سێكی دیكه به‌دووایاندا ده‌چێت و،زانیاری ته‌واویان له‌باره‌وه بڵاوده‌كاته‌وه.
دووه‌م:ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ك له ژیانی سوڵتان ئیسحاقی كاكه‌یی دا
(دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار) له به‌رگی یه‌كه‌می (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)دا ساڵی (671 كۆچی) بۆ له‌دایك بوونی (سوڵتان ئیسحاق) و ساڵی (791كۆچی) بۆ مردنی تۆمار ده‌كات و،ئه‌م ساڵه له‌گه‌ڵ هیچكام له‌و ساڵانه‌دا یه‌كناگرێته‌وه،كه له سه‌رچاوه‌كاندا ئاماژه‌یان پێكراوه،به‌سه‌رچاوه ده‌ستنووس و چاپكراوه‌كانیشه‌وه،ئیدی نازانم دكتۆر ئه‌م زانیارییه‌ی له كوێدا بینیووه،به‌هه‌رحاڵ ژیانی سوڵتان به‌م جۆره‌ی لای خواره‌وه‌یه،كه ڕاستێتی ساڵی له‌دایكبوونیشی تێدا ڕوونكراوه‌ته‌وه.
(سوڵتان ئیسحاق كوڕی بچوكی حاجی مه‌لا سه‌یید عیسای به‌رزنجی كوڕی بابا عه‌لی هه‌مه‌دانی كوڕی بابا یوسفی هه‌مه‌دانی)یه‌و،ئه‌م (سوڵتان ئیسحاق) – ه له ژنی دووه‌می (حاجی مه‌لا عیسا)یه،كه ژنی یه‌كه‌می له ساڵی ( 696كۆچی) دا هێناوه،دوای كوژرانی برا گه‌وره‌كه‌ی (سه‌یید مو‌سا) له (ئاغجه‌له‌ر) و،به‌مه‌ش ژنی دووه‌می ده‌كه‌وێته دوایی ساڵی (700كۆچی) ،كه‌واته ئه‌و ساڵانه‌ی ده‌كه‌وێته دووای ئه‌م ساڵه‌وه دروستتر و ڕاستتره بۆ ساڵی له دایك بوونی (سوڵتان ئیسحاق)ی دامه‌زرێنه‌ر یان نوێكه‌ره‌وه‌ی (یارسان/كاكه‌یی).
به‌ڵگه‌مان بۆ ئه‌م قسه‌یه هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌یه كه ده‌ڵێن : ((سه‌یید موسا‌و سه‌یید عیسای به‌رزنجی له ساڵی (686كۆچی) هاتوونه‌ته (به‌رزنجه) ی ئێستا‌و،گوندی (به‌رزنجه) یان دروستكردووه و،ئه‌م ساڵه‌ش به پیتی ئه‌بجه‌د وشه‌ی (خۆف) یان بۆ داناوه‌و،له سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوی كۆنه‌وه وه‌رگیراوه ،كه په‌رتووكی (روچه الجنان)ه و،هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌و سه‌رچاوانه‌ش ساڵی(696كۆچی) حاجی مه‌لا عیسا براژنی خۆی ،كه كچی (حاجی مه‌لا خالیدی كاژاوی كوڕی مه‌لا موحه‌مه‌د تاج لعارفین ئه‌بولوه‌فای پوشێنی نه‌رگسی) بووه،ماره‌كردۆته‌وه‌و( 3كوڕی لێبووه).(8)
ئه‌و ساڵی له‌دایك بوون و مردنه‌ی مامۆستا (مارف خه‌زنه‌دار) ئاماژه‌ی پێداوه له هیچ كام له‌وپه‌رتوك و ده‌ستنووسانه وه‌رنه‌گیراوه،كه تا هه‌نووكه كه‌وتۆته ده‌ست ئێمه‌و بینیوومانه، ته‌نها ساڵی له‌دایك بوونه‌كه‌ی نه‌بێت له‌گه‌ڵ ساڵی له‌دایك بوونی سوڵتان ئیسحاق به بۆچوونی ئه‌دمۆنز یه‌كده‌گرێته‌وه‌و، به‌نه‌زه‌ری من و،به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتنی من و،ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی تائێستا له‌به‌رده‌ستمدان، هه‌ڵه‌یه،وه‌ك ڕوونمان كرده‌وه.
دیاره زۆرێك له (كاكه‌یی) و (كاكه‌یناسان) له‌م باره‌یه‌وه قسه‌یان كردووه‌و،هه‌ریه‌كه‌ی ساڵێكیان نووسیوه،كه‌به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه:
(حاجی نوور عه‌لی) له په‌رتووكی (بورهانی حه‌ق)دا ،بۆ ساڵی له دایك بوونی (سوڵتان ئیسحاق) (سه‌ده‌ی حه‌وته‌می كۆچی) داناوه‌و،بۆ ساڵی مردنیشی( سه‌ده‌ی هه‌شتی كۆچی).
(ئه‌دمۆنز) له په‌رتوكی (كورد-تورك-عه‌ره‌ب)دا،ساڵی (671كۆچی)بۆ له‌دایك بوونی (سوڵتان) و،ساڵی (716كۆچی) بۆ مردنی داناوه.
(دكتۆر سدیق بۆره‌كه‌یی/سه‌فی زاده) له په‌رتووكی (مه‌شاهیری ئه‌هلی حه‌ق)دا ،ئاماژه‌ی به‌چه‌ند ساڵێك داوه به‌م شێوه‌یه:
به‌گوێره‌ی ده‌ستنووسێكی (كاكاڕه‌دائی)،كه نووسه‌رێكی ئاینی (كاكه‌یی) بووه،ساڵی (445كۆچی) بۆ له‌دایك بوون و،ساڵی( 588كۆچی) بۆ مردنی (سوڵتان ئیسحاق) دانراوه.
به‌گوێره‌ی ده‌ستنوسێكی دیكه كه نووسه‌ره‌كه‌ی دیارنییه ساڵی (612كۆچی) بۆ له‌دایك بوونی دانراوه‌و،ساڵی مردنی نه‌نووسراوه.
له (شانامه‌ی حه‌قیقه‌ت)دا،ساڵی (612كۆچی) بۆ له‌دایك بوون و،ساڵی (912كۆچی) یش به ساڵی مردنی (سوڵتان سه‌هاك )نووسراوه.
(ماشه‌ئه‌ڵڵا سوری) له په‌رتووكی (سروده‌های یارسان) دا،ساڵی (528كۆچی) بۆ له‌دایك بوونی (سان سه‌هاكی به‌رزنجی) و،ساڵی (628كۆچی) بۆ مردنی (سان سه‌هاك) داناوه.
(دكتۆر سدیق بۆره‌كه‌یی) له په‌رتووكی (وێژه‌ی كوردی) ی به‌رگی یه‌كه‌م دا،،ده‌نووسێت: ( به‌گوێره‌ی ده‌فته‌رێكی سه‌رئه‌نجام ساڵی (528 كۆچی) ،ساڵی له دایك بوونی (سان سه‌ها ك) – ه‌و،ساڵی (628 كۆچی) ساڵی مردنێتی .
له هه‌مان سه‌ر چاوه دا (دكتۆر سدیق بۆره‌كه‌یی) ئاماژه‌به‌وه ده‌كات،كه له په‌ڕاوی (كورته‌ی سه‌رئه‌نجام) دا ساڵی (560 كۆچی) بۆ له‌دایك بوونی (سوڵتان ئیسحاق) تۆماركراوه.
دووای ئه‌وه‌ی چاوم به‌هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه دا خشاند ،كه له‌به‌ر ده‌ست بوون و،له زانیارییه‌كانیان وردبوومه‌وه،گه‌یشتمه ئه‌و بڕوایه‌ی قسه‌كانی (دكتۆر موحه‌مه‌د موكری/1921-….) ی (كه مێژوونووسی ئاینی یه وهاوكات زمانه‌وان و پرۆفیسۆر و مامۆستای لێكۆڵینه‌وه‌یه له ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كانی فه‌ره‌نسا CNRS و،له تارانیش مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بیات بووه) ڕاستترین و دروستترین ماوه‌یه بۆ ژیانی (سوڵتان ئیسحاق)، كه له بابه‌تی (مۆسیقای پیرۆز لای كورده‌كانی ئه‌هلی هه‌ق)دا ئاماژه‌ی پێداوه‌و،(سه‌ده‌ی پانزه ی) به ماوه‌ی ژیانی (سوڵتان سه‌هاك) ده‌ست نیشان كردووه‌و،له په‌رتووكی( شانامه‌ی حه‌قیقه‌ت)یش دا نووسیویه‌تی : (سوڵتان ئیسحاق كوڕی شێخ عیسا له سه‌ده‌ی هه‌شته‌می كۆچی‌دا ئه‌ژیا) و،نووسه‌ری كاكه‌یش به‌ڕێز (هه‌رده‌وێڵ كاكه‌یی) له په‌رتووكی (شاعیره ناوداره‌كانی كاكه‌یی) دا ساڵی (716 یان 718 كۆچی) بۆ له‌دایك بوونی ده‌ستنیشان كردووه،بێگومان بۆچوونی (موكری و كاكه‌یی) ڕاستترین و دروستترینن،نه‌ك ئه‌و ساڵه‌ی دكتۆر مارف نووسیویه‌تی.
دایكی سوڵتان ئیسحاق ناوی (دایره‌ك خاتوون )بووه‌و،كچی (حسه‌ین به‌گی جاف) ناسراو به (حسه‌ین به‌گی جه‌ڵد) بووه.
په‌ڕاوێزو سه‌رچاوه‌كان
په‌ڕاوێزه‌كان:
1-نووسه‌ر تاهه‌نووكه زیاتر له 65 كتێبی له بوواره جیاوازه‌كان دا،چاپ و بڵاوكردۆته‌وه، كه 40 كتیبیان له بواری ((زانستی كۆمپیوته‌ر و، ته‌كنه‌لۆژیای گه‌یاندن و زانیاری )) دایه و، 25 كتیبیان له بواری ((شێعر،چیرۆك، ره‌خنه، ده‌رونناسی، وه‌رگیران، ئاماده‌كردن، ئاینناسی، مێژو و……)).
2-بوژانه‌وه‌ی مێژووی زانایانی كورد له ڕێگه‌ی ده‌ستخه‌ته‌كانیانه‌وه،موحه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داخی ،به‌رگی حه‌وته‌م،بڵاوكراوه‌ی ئاراس-ژماره 542،چاپی یه‌كه‌م،هه‌ولێر 2007،بابه‌تی:(مێژووی ئه‌ده‌ی كوردییه‌كه‌ی د.مارف خه‌زنه‌دار له‌تای ته‌رازووی نووسینی مێژووی ئه‌ده‌ب دا)،ل 308-334.
-ئه‌م بابه‌ته‌ی مامۆستا قه‌ره‌داخی له ژماره 212 ی گۆڤاری كاروانیش دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
3-به‌بۆچوونی نووسه‌ر (كه‌یومه‌رس نی‌ك ره‌فتار)كه له بابه‌تی (زمان یه‌كێ له‌گرنگترین ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه‌كانی تری دنیایه )ئاماژه‌ی پێداوه،ناوی به‌رزنجی له (بارزه‌نگیی) یه‌وه هاتووه‌و به‌هۆی نه‌بوونی پیتی(گ) له زمانی عه‌ره‌بی دا،عه‌ره‌به‌كان كردوویانه به (بارزنجی یان به‌رزنجی) .بۆ زانیاری زیاتر بڕووانه لینكی بابه‌ته‌كه له ماڵپه‌ڕی كوردستان نێت دا،یان سه‌یری وتاره‌كه بكه له وێبلۆگی تایبه‌تی نووسه‌ر دا:
http://www.kurdistannet.org/hawraman/G4/2.htm
4-بۆیه ده‌ڵێین قه‌ره‌باڵغتر و ئاوه‌دانتر.چونكه له ڕاستی دا ئه‌و شوێنه ئاوه‌دان بووه‌و كوڕ‌و كوڕه‌زاكانی حاجی مه‌لا خالیدی كاژاوی كوڕی مه‌لا موحه‌مه‌د تاج لعارفین ئه‌بولوه‌فای پوشێنی لێبووه.
5-له‌هه‌ندێك سه‌رچاوه‌دا به‌هه‌ڵه‌نووسراوه(مه‌ریه‌م خانی كچی حاجی مه‌لا خالیدی كاژاوی).
6-له‌هه‌ندێك سه‌رچاوه‌دا به‌هه‌ڵه نووسراوه(دایره‌ك خاتوونی كچی میر محه‌مه‌دی جاف).
7-یه‌كێك له‌و كاكه‌ییناسانه دكتۆر سدیق بۆره‌كه‌ییه،كه ئه‌و ڕایه‌ی هه‌یه و كاكه‌یناسی دیكه‌شمان هه‌یه كه له‌گه‌ڵ بۆره‌كه‌یی هاوڕایه.
8-بڕوانه:
ریشه پاك،مجموعه مقالات و اشعار ارائه شده در یادواره (بابا سید شیخ احمد باینچوب) ،گرداورنده و نڤارت:سید هاشم هدایتی،شهریور 74،دانشگاه كردستان،بابه‌تی:بنه‌چه‌ی سه‌یده‌كانی كوردستان و ڕاژه‌یان – نووسینی:سدێق بۆره‌كه‌یی(سه‌فی زاده)- ل 65-74
بنه‌ماڵه‌ی زانیاران،نووسینی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی مودده‌ڕیسی بیاره‌ی(خودا لێی خۆشببێت) ،به‌غداد،1984.
سه‌رچاوه‌كان
1-بنه‌ماڵه‌ی موده‌ڕیسی به‌رزنجی.(په‌رتوكێكی ده‌ستنووسه).
2- الرساله الاشرافیه،دانراوی:شیخ محمود قگب،كه‌ركوكی گڵه‌زه‌رده‌یی به‌رزنجی،ئه‌م په‌رتووكه به زمانی فارسییه.(ده‌ستنووسه).
3-ژیاننامه‌و یاداشت و بیره‌وه‌ری،بابا عه‌بدولكه‌ریمی به‌رزنجی،ڕێكخستن و پێداچونه‌وه‌و نووسینه‌وه‌ی : هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجی.(ده‌ستنووسه).
4-په‌یامی هه‌ورامان،دانراوی:هادی ڕه‌شید به‌همه‌نی،چاپی دووه‌م،2003،چاپ:چاپخانه‌و ئۆفسێتی به‌درخان – سلێمانی.
5-سه‌رجه‌می به‌رهه‌می محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ،ئاماده‌كردنی: سدیق ساڵح،یه‌كه‌م به‌رگ،بنكه‌ی ژین، سلێمانی 2005،شوێنی چاپ: سلێمانی،چاپخانه‌ی شڤان،زنجیره 17
6-كورد و مێژوو،نووسینی : قادر ئه‌حمه‌دی،چاپی یه‌كه‌م 2005،چاپ:ئۆفسێتی قانع
7-الرساله المنجیه فی المناقب الساده البرزنجیه، تالیف: معروف الریشلانی،1286ه – 1865م، ترجمه:د.خیریه دماك،اشرف علی ترجمه و تحقیقه: اسماعیل حمه سور الجباری، تتقیق: نجدت عبدالمجید المنداوی و الشیخ محمد علی القرداخی،مراجعه:الدكتور علا ا‌لدین هاشم الخفاجی، ایلول 2002م.
8-پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی هۆزی شێخانیی به‌رزنجی،دانانی محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم شێخانی به‌رزنجی، ساڵی 1988.
10- بنه‌ماڵه‌ی زانیاران،نووسینی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی مودده‌ڕیس (خودا لێی خۆشببێت) ،به‌غداد،1984.
11- علمانا فی خدمه علم والدین، نووسینی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی مودده‌ڕیس (خودا لێی خۆشببێت) ،به‌غداد،1983،الگبعه الاولی،دار الحریه للگباعه.
12-مێژووی وێژه‌ی كوردی،به‌رگی 1،نووسراوی سدیق بۆركه‌یی(سه‌فی زاده)، انتشارات ناجی – بانه كوردستان،1370،چاپی یه‌كه‌م.
13-بنه‌ماڵه‌ی پاكان یان به‌حرئه‌نسابی ئه‌حمه‌دی،نووسراوه‌ی حاجی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی،ئینتشارات مه‌سعود،1378،چاپی دووه‌م.
14-كاكه‌ییه‌كان و ڕێ و ڕچه‌كه‌یان ،لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌دیق بۆره‌كه‌یی،چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری،ساڵی 2001.
15-شاعیره ناوداره‌كانی كاكه‌یی ،هه‌رده‌وێڵ كاكه‌یی كۆی كردۆته‌وه‌و پێشه‌كی بۆ نووسیوه،مسته‌فا نه‌ریمان پێیدا چۆته‌وه.
16-چه‌ند باسێك ده‌رباره‌ی ئه‌هلی هه‌ق، نووسینی (ه.ئاجه‌ریان،ڤ.مینۆرسكی،د.محه‌مه‌د موكری،ژ.ه.كرامیز) ،وه‌رگێڕانی له فره‌نسییه‌وه:نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا،چاپی یه‌كه‌م،هه‌ولێر2005، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی.
17-كورد تورك عه‌ره‌ب،سیسیل جۆن ئیدمۆنز،وه‌رگێڕانی:حامید گه‌وهه‌ری،بڵاوكراوه‌ی ئاراس-ژماره271،چاپی دووه‌م-هه‌ولێر2004.
18-سادات البرزنجه،بقلم:عبدالقادر محمد البرزنجی،1375ه -1956م،مگبعه الترقی- كركوك.
19-الاعمال الكامله للشیخ معروف النودهی البرزنجی الكردی،1166-1254ه،دراسه وتحقیق:السید باباعلی بن الشیخ عمر القرداخی – السید محمود احمد محمد – الشیخ محمد علی القرداخی،مگبعه العانی-بغداد،تم گبع الكتاب فی 31/8/1984 بعدد 5000 نسخه.
20-كاكه‌یی،پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌و توێژهه‌ڵدانه‌وه: محه‌مه‌د ئه‌مین هه‌ورامانی،چاپخانه‌ی(الحوادپ) ،به‌غداد -1984.
21-یارسان،لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژووی دینییه سه‌باره‌ت به‌كاكه‌یی،نووسینی:ئه‌یوب ڕۆسته‌م،چاپی دووه‌م، له بڵاوكراوه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری هه‌ورامان،2006ی عیسایی.
22-شارۆچكه‌ی به‌رزنجه،نووسینی :هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجی،گۆڤاری سلێمانی،ژماره90،ساڵی 2008،ل35-38.
23-سوڵتانی حه‌قیقه‌ت،كاكه‌یی له‌نێوان ناڕۆشنی ڕێ و ڕچه‌كه‌یان و شیعه‌گه‌ریدا،نووسینی:هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجی،گۆڤاری هه‌ڵه‌بجه،ژماره13،زستانی 2007،ل24-35.