Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
مەرج …  محەمەد فەریق حەسەن

مەرج … محەمەد فەریق حەسەن

Closed

 

 

 

 

بەدەر لە هاوڕێیانی شانەکەی خۆم، تێکەڵییەکی ئەوتۆم لەگەڵ خەڵکدا نەبوو. بۆیە بڕوام نەدەکرد، ئەو هەفتەیە، کە دوا هەفتەی پشووی هاوینەبوو، من بەو دەسکەوتە گەورەیەوە بگەڕێمەوە بۆ لایان. ڕاپەڕاندنی فەرمانی لەو جۆرەی حزبەکەم، بۆ من سەخت بوو. منی میوان، دەبوو لای کەم یەکێک لە دانیشتوانی ئەم شارۆکەیە بهێنمە ڕیزی ڕێکخستنەوە. من لە پەیمانگەیەکی مەڵبەندی پارێزگە خەریکی خوێندنی خۆم بووم، کاتێک بابم وەک فەرمانبەرێک بۆ ئەم شارۆکە دوورە دەستە گوێزرابووەوە. من هاتبووم لەگەڵ دایک و باوکمدا پشووی هاوین بەسەربەرم. کاتێکیش گەیشتمە جێ، بە پرسیار ماڵی خۆمانم دۆزییەوە. لەوێ عەسران دەچوومە بن تووەکانی پێش مزگەوتی گەڕەک. سڵاوم لەو لاوانە دەکرد، کە زیاتر بۆ کات بەسەربردن دەهاتنە بن سێبەری چڕی دارتووەکان. ڕۆژێکیان دوای ئەوەی لەگەڵ لاوێکیاندا کەوتمە گفتوگۆ، بۆم دەرکەوت سەر بەو حزبەیە، کە ڕکابەری خۆمانە. ئەو دەستپێشخەریی کردو بە گەرمی داوای لێکردم بچمە ڕیزی حزبەکەیانەوە!

عەسران، مامۆستا شێخ نیزام، بە مێزرەی سپیی خاوێن و کورتە ڕیشێکی ڕەش و چاوی گەشی هەنگوینییەوە، سڵاوی لە حازری دەکرد، چاوێکی پێدادەگێڕاین، ئەوجا خۆی بە مزگەوتەکەدا دەکرد. یەک لەباری خۆم، ئەو هەڵوەستەو ڕوانینەی مامۆستا شێخ نیزام ـ م بە چاودێری دەزانی، بۆیە دڵم لێ کرمێ کردبوو. سەرە داوێکیش، حزبی ئێمەو ئیمامی مزگەوتی پێکەوە گرێنەدەدا، بۆیە هەتا ئەو لێمان ڕەتدەبوو، من بێدەنگیم هەڵدەبژارد. کاتێکیش هاوڕێیانی شانەکەم لەوە دڵنیایان کردم، کە ئەو مامۆستایە، سەربە دەزگە نهێنییەکانی دەوڵەت نییە، لەدڵێ خۆمدا دەمپرسی، کەواتە بۆچی عەسران دوای نوێژ، لە بەرهەیوانی مزگەوتەوە چاوی لەسەر ئێمەیە ؟

من بەدرێژایی ئەو پشووی هاوینە بە خۆمدا دەشکامەوە، چونکە نەمتوانی کەسێکی نوێ بهێنمە ڕیزی حزبەوە. لە کۆبوونەوەی هەفتانەدا، بە شەرمەوە داوای لێبوردنم دەکرد، کەچی هاوڕێکانم کە خەڵکی ئەوێ بوون، دۆست و لایەنگری نوێیان بۆ حزب پەیدادەکرد. لەوەدابوو پشووی هاوین تەواوببێ، بەتەنیا شانم بە دارتوویەکەوە دابوو، لە چاوەڕوانی گەیشتنی کوڕوکاڵدا، گوێم بۆ جریوەی چۆلەکە جێ بەخۆنەگرتوەکانی نێو چڵە بەرزەکان هەڵخستبوو، کاتێک مامۆستا شێخ نیزام، بە سڵاوێک وریای کردمەوە. قنج وەستام. دوای چۆنی و چاکییەکی گەرموگوڕ، کە لێم چاوەڕوان نەدەکرد، خۆم بۆ گلەیی و سەرکۆنەی لەم جۆرە ئامادەکرد: ( تۆ، کە ڕۆژانە دێیتە بەر حەوشەی مزگەوت، بۆچی هەتا ژووڕێ نایەیت نویژەکانت بکەیت؟) کاتێک ئەو بێ پێشەکی، بەو هەموو سەروسیماو ویقارەوە، بە نزیکەی دوو تەمەنی منەوە، وتی: (من پێم خۆشە کارتان لەگەڵدا بکەم!) من وەک بە کارێکی ناجۆرەوە لە قافدا گیرابم، وشک بووم. ماوەیەک بێدەنگ و جووڵە مام، ئەویش زیاتر لەسەری ڕۆی: (مەرجێکیشم هەیە!) من هەنگاوی وەهام لە مامۆستا چاوەڕوان نەکردبوو، بۆیە هێشتا حەپەسان بە تەواوی بەرینەدابووم. هەناسەیەکی قووڵم هەڵمژی، ئەوجا بە نەزاکەتەوە پرسیم: (مامۆستا گیان، دەکرێ بزانم ئەو مەرجە چییە؟) مامۆستا بە پێداگرتنەوە، پەنجەی ئاماژەی تا ئاستی کەپووە بەرانییەکەی بەرزکردەوە، گوتی: (نابێ کەس پێ بزانێ، ناویشم نەهێنن!) (ئێمە گەلێک خۆشحاڵ دەبین جەنابت کارمان لەگەڵدا بکەیت! دەکرێ بزانم بۆچی کەس پێ نەزانێ؟) من خێرا ئەم وشانەم دەرپەڕان، مامۆستایش بەشێنەیی و بەدەم بزەی سەرلێوەوە وتی: ( ئاخر ئەگەر ئەو خەڵکە بزانن من بوومە بە کۆمۆنیست، ئیتر لە دوامەوە نوێژناکەن!)

کۆبنهاون

١٦|٩|٢٠١٣

سەرچاوە:  باشکۆی (ئەدەب و هونەر)ی کوردستانی نوێ، ژمارە (٨٥٧) ٣٠/١/٢٠١٤

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.