Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
مەرگ وەك تێما، زمان وەك ئامڕاز لە قەسیدەى ساڵێك لە نیگەرانى بەرزان هەستیاردا

مەرگ وەك تێما، زمان وەك ئامڕاز لە قەسیدەى ساڵێك لە نیگەرانى بەرزان هەستیاردا

Closed
by September 4, 2008 ئەدەب

  مەرگ وەك تێما، زمان وەك ئامڕاز لە قەسیدەى ساڵێك لە نیگەرانى بەرزان هەستیاردا
 
   (خەڵكى لە مەرگ دەترسن، من لە ژیانى لاسارى خۆم)      (سادقى هیدایەت)
                                                                  
  (شاخەوان سدیق)

  هیچ شتێك لە دنیادا ئەوەندەى ئەدەب و شیعر وەك ژانەرێك لەو ناتوانێت تەعبیر لە ویست و حەزەتایبەتیەكانى ئینسان بكات، هەربۆیە دەوترێت ئەدیب بوون پرۆسەیەكى تاكە كەسیەو نوسەر ئەوەندەى دەیەوێت لە ناو پرۆسەى نوسیندا بەدواى خۆیدا بگەڕێت ئەوەندە بەلایەوە گرنگ نیە لە دەرەوە چى دەگوزەرێت، وەبە بڕواى منیش نوسەرێك لە دەقێكى ئەدەبیدا ئەگەر نەتوانێت خۆى بنوسێتەوەو گوزارشت لە ناخى خۆى بكات ئەوا جگە لە چەند قەسیەكى خەیاڵىو پڕوپوچ زیاتر هیچى ترى نەكردوەو نەوتوە، وەلەویش گرنگتر ئەوەیە ئەوەى كە نوسەرێك دەى نوسێت بە شێكى ڕەنگ دانەوەى لە هەڵسوكەوتى ڕۆژانەى خۆى دا هەبێت دەنا وەك (فروخ)دەڵىَ "من ڕقم لەوشاعیرانە دەبێتەوە كەبەس لە كاتى نوسینى شیعرا شاعیرن"چونكە ڕاسگۆیەتى نوسین لە ڕاسگۆیەتى نوسەرەوە سەرچاوە دەگرێت.بۆیە ئیشكردنو هەڵبژاردنى تێما لە فۆڕمى دەقێكدا ڕاستەوخۆ بەرەو كەسایەتى نوسەرماندەبات، چونكە تێكست دەلاقەى بینینەكانى نوسەرە بۆ ژیانودنیابینى ئەوە بۆ ئەوەى كەهەیە یان ئاواتە خوازە كە هەبێت. هەروەك چۆن لە (كوندە پەپوى  كوێرو،سىَدڵۆپ خوێنو زیندە بەگۆڕ)دا ڕاسگۆیىو ئارەزووى شێتانەى(سادقى هیدایەت) بۆمەرگ دەبینین كە سەرەنجام بەدەستى خۆى پێى دەگاتو دەبێتە شایەتحاڵى زیندوى دەقەكانى. وە بەبڕواى من هەڵبژاردنى تێمایەك لە دەقێكدا لاى نوسەر بۆ ئیشكردن لە سەرى پڕكردنەوەى بەشە خاڵىو فەرامۆشكراوەكەى ڕۆحە، چونكە وەك(ئەریك فرۆم)دەڵىَ "مرۆڤ ئارەزووى ئەوشتانە دەكات كە نییەتى" لێرەوە نوسەر وەك تاكێكى وشیار لە كۆمەڵگادا لە ڕێگەى تێكستەكانیەوە هەنگاو بەرەو پڕكردنەوەى بۆشاییە ڕۆح یەكانى دەنێتو بە هەڵبژاردنى تێمایەك وەك كەرەستەى ئیشكردن پرسیارە جدیەكانى خۆى لە ژیان دەكات.هەروەك چۆن (بەرزان هەستیار) لە قەسیدەى (ساڵێك لە نیگەرانیدا) لە ڕێگاى هەڵبژاردنى تێماى (نیگەرانىومەرگ)ەوە بەووردى ئیش لە سەرئەو تەنهایە دەكات كە پانتاییەكى گەورەى لە ڕۆحى داگیركردوە، كە ڕەنگە هەڵبژاردنى ئەمانەش لاى بەرزان ئەوەندەى هەوڵدان بێت بۆ خوێنەوەى بوونونەبوون ئەوەندە كاركردن نەبێت لە سەر مەرگ وەك كردارێكى حەتمى وەستاو،چونكە وەك نیچە دەڵآ"مەرگ گەورەترین ئاڵۆزییە" بەدرێژاى مێژووى نوسین بەتایبەت لە فكرو فەلسەفەدا پرسى مەرگ یەكێك بووە لە هەرە پرسە زیندوەكان كە هەمیشە مروڤ بەدوایدا گەڕاوە هەرلە(ئورگ)ى پاڵەوانى ئەفسانەى (گلگامش)وە تا ئەمڕۆ، چونكە ئەوە مەرگە تاكە رێگربووە لە بەردەم ئینساندا بۆ گەیشتن بە هەموو ئاواتەكانى بۆیە دەبینى چونو گەڕانەوە چەندین جارو بە چەندین شێوە شرۆفەو ڕاڤەكراوە، بۆیە لاى بەرزانیش ئەم پرسیارە جارێكى تر لە فۆڕمێكى كەدا خۆى نوێدەكاتەوە كە دەڵآ "
 مردن، ئەو میوانە ڕەزا قورسە دەوڵەمەندەیە
 نە، هەواڵێك ئە نێرێتو
 نەدڵى دێت…..
 پێشوەخت تەلەفۆنێكمان بۆ بكات
 بە بێئەوەى ڕێى پێبدەین
 ئەگاتە سەر سفرەكانمان
 ئەو هەناسەكانى ئێمە ئەخواتەوەو
 ئێمەش ژەهرى پیاڵەكەى ئەو!!!!
 مردن یەكێكە لە و چەمكە زۆرئالۆزانەى كە مرۆڤ وابەستە دەكات، بۆ گەڕان بەدواى دیوەشاراوەكانیدا بۆیە هەمیشە بۆچونى جیاواز لە سەر پرۆسەى دواى مردنو دنیا شاراوەكەى ئەودیوئەم پرۆسەیە هەیە هەرچەندە مەرگ پرۆسەكى فیزیكیە كە تیایدا كۆتاى بە جوڵەكانى جەستە دێت، بەڵام كردارێكە بۆ ئازادى ڕۆح هەروەك ئەفڵاتون دەڵآ" مەرگ ئازاد بوونى ڕۆحە لە زیندانى جەستە" لاى بەرزانیش هەست بە هەمان حاڵەت دەكرێت كە دەشێت پێى وابێت جیهانى ئەودیو مردن جیهانى ئاسودەى ڕۆحەكانەو لەوێدا مرۆڤ دەتوانێت بۆیەكجارى بە ئاسودەى هەناسەباتونەمربێت هەروەك دەڵآ
   كە بەگۆڕستاندا ڕبووردیت، سڵاو مەكە
 چونكە، كەس كاتى زێڕینى خۆى ……..
 بە تۆى ڕێبوارەوە ناكوژێت
 ئەى لێرەوە بۆ كوێئ ئەچین؟
 ئەمە گرێكوێرەى مەملەكەتى هەموو مردوەكانە !
 لە نێو نیگەرانیەكانیدا شاعیردا هەست بە بوونى خەمێكى قوڵ وگەورە دەكەین لەو مەترسیەى ڕوبەڕوى جوانیەكانى ژیان دەبێتە لاى ئەو ژیان بۆ خۆى خاوەنى ئیستاتیكایەكە كە دەكرێت لە ڕووبەرێكى جیاوازى وەستاودا مامەڵەى لەگەڵ بكرێت بۆیە دووبارە دەپرسآ"
 مردن، لە هەمووان عاشقترە
 ئەى ئەوەنیە چركەیەك……
 چاو لە ژیان ناترووكێنێت !!
 یەكێك لە خاسیەتەكانى شیعرى بەرزان پرسیاركردنە ڕەنگە هەر ئەم چربوونەوەیەشى بێت وورى كردبێتەوە بۆ گەڕان بە دواى شتە فەرامۆشكراوەكانداو هەمیشە لە زمانى بەرزاندا هەست بە گومانێكى گەورە دەكرێت لە ژیانو بوون هەمیشە لە تێكستى بەرزاندا پرسى مەرگ ئامادەییەكى بەرچاوى هەیە تائاستێك كە دەیەوێت بمانخاتە ژێرپرسیارى ئایا مەرگ تەواوكەرى ژیانە یان ئەگەر مەرگ نەبوایە داخۆ ژیان هیچ جۆرە تامێكى ترى دەبوو، یاخود ئەوە مەرگە لە یەكەم ساتى لە دایك بوونەوە ململانێكانى لەگەڵ ژیانمانا دەسپێدەكات بۆیە لەوەڵامى ئەمانەدا پێناسەكەى هایدگەر قەرز دەكەین كە دەڵێت" بوونى مرۆڤ هەبوونێكە بۆ نەمان یان بۆ مەرگ، بۆیە هەرلەوكاتەوەى مرۆڤ لە دایكدەبێت پێگەیوە بۆ مردن، چونكە ژیان مەرگى لە ناخى خۆیدا داناوەو مەرگوژیان هەرلە سەرەتاوە پێكەوە دەسپێدەكەنو لەگەڵ یەكدان" ئەگەر سەرنج لەم چەند دێرەى بەرزانیش بدەین دەگەینە ئەو ڕاستیەى كە نیگەرانى شاعیر بەچ ئەندازەیەك قوڵ دەبێتەوە لە بەرامبەر تەنیایەكانى ڕۆحو هەرەسى مەرگەوە كاتێك دەڵآ"
 فریاى بێزارییم بكەوە
 نەبا بمكات بە ژێر هەرەسى …….
 تاوێرەكانى مەرگەوە
 ئەگەمە هاناى وەڕسییت
 نەكا بۆ شوێنێك ڕاپێچتكات
 قیبلەنماى ڕۆحیشم نەتدۆزێتەوە
 لە شیعرى بەرزاندا ئەوەى كە زیاتر من ڕادەگرێت سەرە ڕاى نیگەرانیەكانى لە ژیانو مردن ئەو هەموو ترسە یەتى لە خۆشەویتى كە بە جۆرێك وێناى دەكات لە زۆرشوێندا بە مەرگو هەندێك جار لە مەرگیش زیاتر فراوانتر لێى ئەڕوانىو ئەم دوو پرسە لە هەندێك جێگاى كە دا هاوتەریب دەبن، كە بە بڕواى من ئەم نیگەرانیەشى لە تێڕوانینى خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت بەرامبەر بە پیرۆزیەكانى عەشق. كە بەداخەوە ئێستا هەموو ناشیرینیەكانى دنیا بەوناوەوە دەكرێن، چونكە لاى شاعیر پرۆسەى عەشق وتە پرۆسەى توانەوە لە نآو ژیاندا بۆیە دەڵآ "
 ئینسان بەرگەى گولە ناگرێت
 ئیدى نازانم…..
 چۆن سنگ ئەنێت بە عیشقەوە!!!!
 ئەگەر سەرنج بدەین زمان لاى بەرزان قوڵ دەبێتەوە لە واتادا، بەڵام سادە خۆى ئەنوێنێت لە فۆڕمدا ئەوەشى وادەكات كەمن زیاتر چێژ لە شیعرى بەرزان وەرگرم ئەو شێوازى كورت نوسینەیەتى كە لەم قە سیدەیەكدا بەكارى هێناوە، چونكە من بۆخۆم پێم وایە یەكێك لە جوانیى ئەوەیە لە چەند دێرێكى كورتا واتا یەكى زۆروقوڵ بدەیتە خوێنەر بەو پێیەش كە شیعر ئەوەندەى لە سەر ئێستا ئیشدەكات بە هێندەى ئەویش ڕاماندەكێشێت بۆ داهاتویەك كە دەشێت ڕووداو گەلێك تییایدا ڕوو بدات هەرئەمەش گرنگى شیعر زیاد دەكات لە هونەرەكانى كە هەروەك ئەدۆنیس دەڵآ" شیعر دروستكردنى پەیوەندی داهێنەرانەیە لە نێوان ئێستاو داهاتوو، لە نێوان دیارو نادیاردا، لە نیچوان زەمەنو ئەبەدییەتدا، لە نێوان واقیعو میتاواقیعدا،" لێرەوە دەگەڕێمەوە پرسیارەكەى سەرەتا كە بۆچى شاعیر ئەوەندە نیگەرانو ڕشبینە كە تەواوى قەسیدەكەى پێكهاتبێت لە پانتاییەكى گەورە لە مەرگ؟ هەڵبژاردنى ئەم تێمایە لە كوێى ئیشكردنى شاعیردایە؟ ئایا شاعیر لە ئێستا نیگەرانە یان لەو ساڵەى كە لە زەمەنى قە سیدەكەیدا تێیپەڕاندوەو چەركەیەك ئاسودەى تیا نەبوە بۆى. كە ڕەنگە وەڵامى دروستى ئەمانە بەس لاى نوسەر خۆى بێت بەڵام بە بۆچوونى من خەمى شاعیر خەمێكى گشتگیرى ئینسانیەو ئەو پێى وایە لە هەركوآ ئینسان لە ئازارونەهامەتیدا ژییا هۆكارى نەهامەتیە بۆ هەموو ڕۆحەكانىكە بەتایبەت بۆ بەرزان بۆیە دەڵێت"
 نیگەرانى،
 نەهامەتى،
 نەفرەت،
 ئەو سآ درەختە بەردارەن…….
 نۆبەرەى میوەكانیان بەرمن ئەكەوێت
 لێرەداو لەم خوێندنەوەیەدا هەوڵمدا تەنها لەسەر تێماى مەرگ لاى شاعیر بوەستم كە جگە لەوەى پانتاییەكى گەورەى شیعرى بەرزانى داگیر كردوە بۆخۆشى مەرگ پرسیارێكى حەتمى جدیە كە دەكرێت چەندین جارى دیكەو بە چەندین شێوەى كە شرۆڤەو شیكار بكرێت، هەرچەندە زمانو تەكنیكى شیعرى لاى بەرزان لە ئاستێكى بەرزدایە ئەخوازم لە ئەندەدا بتوانم چەند سەرنجێك لەو بارەیەشەوە بخەمەڕوو
 Shxi83@yhoo.com             
 
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.