Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مەرگ وەک کۆدێکی فرە مانا …ناڵە حەسەن

مەرگ وەک کۆدێکی فرە مانا …ناڵە حەسەن

Closed
by December 10, 2011 ئەدەب

ڕۆمانی ” ژنێک بەسەر منارەوە ” یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکانی شێرزاد حەسەن . کە لە ئاستی جیاجیادا داهێنانی گەورەی پێشکەش کردووین . بەر لەوەی باس لە خاڵە پرشنگدارەکان و ئاستی داهێنانەکانی نێو ئەم ڕۆمانە بکەین ، لە تایتل و بەرگی پێشەوەی کتێبەکە دەست پێدەکەین . بەمانایەک خوێندنەوەمان بۆ تایتل و تابڵۆی بەرگەکە دەکەینە دەستپێک و سەرەتایەک بۆ چوونە نێو باسەکەمان . لە ” ژنێک بەسەر منارەوە ” دا ، منارە وەکو کۆدێک بە پێی لێکدانەوەکانی ” سیگمۆند فرۆید ” لە ” شیکردنەوەی خەونەکان ” دا ، هێمایە بۆ کۆئەندامی نێر و بیرکردنەوە و باکڕاوندێکی زایەندیانەی لە پشتە . لەهەمانکاتدا ، بە پێی ئەم تایتلە دەکرێ منارە هێماش بێت بۆ هێز، یان دەسەڵاتی نێر یان دەسەڵاتی باوکایەتی .. ” ژنێک بەسەر منارەوە ” دەکرێ هێما بێت بۆ دەسەڵاتی مێ بەسەر یان لە سەرووی دەسەڵاتی نێرەوە . ئەگەر سەیری تابڵۆکەش بکەین دەبینین ، ” ژنێک لەژێر منارەوە ” یە .. بەمانایەک دەسەڵاتی مێ لەژێر یان لە خوارەوەی دەسەڵاتی نێرەوەیە ..! ئەم هاوکێشە و خوێندنەوەیە ، دەمانگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانی سەرەتای مێژوو ..! ئەوسەردەمەی بە ( کۆمۆنەی سەرەتا ) ناویان بردووە . واتە سەردەم و ژیانی بێ چین و چەوساندنەوە . ژیانێک هەموو مرۆڤەکان تیایدا بە هەرەوەزی و بە یەکسانی ژیاون ..! لەو قۆناغەی کۆمۆنەی سەرەتادا وا باس دەکرێت لەوێدا ، ڕۆڵی ئافرەت لە پیاوان کەمتر نەبووە . تەنانەت نەوەکان بە ناوی دایکان دەناسرانەوە و بانگ دەکران ..! بە مانایەک لەوێدا ، ژنان بەسەر منارەوە بوون ..! دەسەڵاتی مێ لە دەسەڵاتی نێر کەمتر نەبووە ، ئەگەر زیاتریش نەبوو بێت ..! بەڵام دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و چوونەسەری ئاستی بیرکردنەوەو وشیاری مرۆڤ و هاوکات پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە لەلایەن دەسەڵاتی نێر و گۆڕینی خاوەندارێتی لە کۆ وە بۆ تاك ، لەوکاتەوە کێشەی کار و سەرمایە دەست پێدەکات . ڕەگەزی نێر دەبێتە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ، ئیدی کۆمەڵگەی چینایەتی دەست پێدەکات و یەکەم قوربانیانی کۆمەڵگەی چیانایەتیش ڕەگەزی مێ دەبێت ..! ئیتر لەوساوە تا ئەمڕۆ دەسەڵاتی باوک زاڵە بەسەر دەسەڵاتی دایک ..! شێرزاد حەسەن یش لەنێو ڕۆمانەکەیدا لە شوێنێک ئەم بیرۆکەیە باس کردووە ( لەوەتەی پیاو هەیە لە سەردەمی ئەشکەوت و چاخی بەردینەوە سەرگەرمی جەنگ بووە یان ڕاوکردن ، لەوەتەی ژنیش هەیە سەربەهەش و چاوەڕێی دەست بە دوعاوە نزاو نوشتەی دونیا دەکات براو مێرد و نێرینەکانی تیرە و هۆز و بنەماڵەکەی بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ..! ل١٥٧ ) دیارە لەم فاکتەی سەرەوەش ئەوە دەخوێنینەوە کە لەسەردەمی چاخی بەردینەوە دیارە مەبەستی نووسەر کۆمۆنەی سەرەتایە ، هەروەکو دیارە لەوساوەڕا پیاوان هەر خەریکی جەنگ و ڕاوکردن بووینە ، وە تاکە سەرچاوەیەکی ئابووریش ڕاوکردن بووە ، ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ئەوکاتانەش ” تیر و کەوان و چەقۆ و خەنجەر و شتی لەم بابەتانە بووە ” .. دیاریشە ڕەگەزی نێرینە خاوەنی ئەم ئامرازی بەرهەمهێنانە بووینە ..! ئیدی لە ڕێگەی ئەم دەستپێکەوە دەمانەوێت لە دەرگای ” ژنێک بەسەر منارەوە ” بدەین . دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەبینین ، ئەم هاوکێشەیەی باسمان کرد ، واتە ململانێی نێوان دەسەڵاتی نێر و مێ ، لە سەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی ئامادەییەکی بەردەوامی هەیە ..! لەم ڕۆمانەدا ، وێنەیەکی ڕۆشن و حەقیقەتی دەسەڵاتی باوکساڵاری دەبینین .. وەک دەسەڵاتێکی خاوەن هێز ، دڵڕەق و بێڕەحم و چەوسێنەر ، لە بەرامبەریشدا ڕەگەزی مێ ، وەک ڕەگەزێکی ڕۆح تێکشکاو ، نابووت و نائومێد ، نەرم ونیان ، پڕسۆز و بەوەفا ، مرۆڤدۆست و میهرەبان ، وەک مرۆڤێکی پلە دوو لە ئاستێکی نزمتر لە پیاو چاولێدەکرێن..! ئەگەر کەسایەتی ” هۆمەر ” وەک نوێنەر و سومبوڵی ڕەگەزی نێرینە و یان دەسەڵاتی باوک وەربگرین ، ” شادی ” یش وەک نوێنەر و سومبوڵی ڕەگەزی مێیینە و دەسەڵاتی دایک ، دەبینین هەر لەڕووی چینایەتی و پێکهاتەی کەسایەتی و بیرکردنەوە و ڕوانینیان بۆ عەشق و ژیان و بەها مرۆییەکان و جیاوازییەکی زۆر دەبینین ، تەنانەت یادەوەریەکانیشیان ..! سەرتاپای یادەشتەکانی هۆمەر خوێنی لێ دەچۆڕێت ..! ئەوەتا لەدەمی شادی یەوە لە شوێنێک کە باس لە هۆمەر دەکات و دەڵێت ( یاداشتەکانیم خوێندەوە کە داستانی خوێن بەربوونێک بوو لە نێوان براکاندا ، زۆر کوشندەتر بوو لەو خوێن بەربوونەی من بەڵام ، سەفەرێک بوو بە ناو جهەنەمدا ..! ل١٩٤ ) هۆمەر وەک مرۆڤی چاخە بەردینەکان هەموو ژیانی لە جەنگ و ڕاوکردن بەسەربردبوو ، جگە لە زمانی مەرگ و خوێن نازانێت بە هیچ زمانێکی تر قسە بکات ..! یاداشتەکانی پڕبوون لە خوێن ، خوێنی براکان بێت ، دوژمن بێت ، باڵندە و ئاژەلەکان بێت ، ژنەکان بێت ..! تا ئاستێکی باش دەتوانین ئەم وێنەیە بکەینە ناسنامەی زۆربەی باوک و براکانی نێو ئەم ڕۆمانە ..! لە بەرامبەردا  ڕەگەزی مێیینە ، ئەوانیش لەسەفەری مەرگ و خوێن دابوون بەڵام ، ( خوێنی هەموو دۆڕانەکان ..! ) ئەوان لە نیشتیمانێک دا دەژین کە پێی دەڵێن ( ئێرە مەملەکەتی قەیرەکچ و بێوەژنە تەنیاکانە ..! ) نیشتیمانێک کە ماڵەکانی ( زیندانێکی گەورەن بۆ خۆشەویستی ..! ) خەمی ژن بوون یەکێکە لە گەورەترین و ناسۆریترین خەم و کێشەکان ..! مەملەکەتێک کە تیایدا ، ژن بوون جگە لە ناسنامەی مەرگ یان کاڵایەکی بێبەها هیچ مانا و ناسنامەیەکی تری نیە ..! نووسەری ئەم ڕۆمانە زۆر بە ئاگاهانە و وشیاریەکی پڕ مەعریفەوە ئەو پەیوەندیە مێژووییە قووڵەی نێوان ژنەکان و مەرگمان پێشان دەدات ..! ( خودا هاوار چ میحنەتێکە کچ بوون و ژن بوون ..؟! ) دیارە ” شێرزاد حەسەن ” وەک نووسەرێکی مۆدێرنیست و پێشکەوتووخواز ، هەمیشە لە بەرامبەردڵڕەقی و جەور و ستەمەکانی دەسەڵاتی باوکساڵاری هاتۆتە دەنگ ، بە دیوێکی تر ، چەوساندنەوە و بێبەها سەیرکردنی ڕەگەزی مێینە بابەتێکی گرینگی چیڕۆک و ڕۆمانەکانیەتی .. ئەم هەست و بیرکردنەوەیەی لە ئاستێکی بەرینتر لە نۆڤلێتی ” حەسار و سەگەگانی باوکم ” دەبیندرێ .. لەوێدا ، ( کوشتنی باوک یان گرێی ئۆدیب ) هەوێن و بیرۆکەی نۆڤلێتەکەیە . لەم ڕاستایەدا ئەم ڕۆمانەشی وەکو هەوڵێکی تر دەچێتە پاڵ هەوڵە جوانەکانی تری . لە ئاکامی خوێندنەوەی ” ژنێک بەسەر منارەوە ” بەوە دەگەین کەوا ” منارە ” وەکو کۆدێک هەمان ئەو مانایەی هەیە کە بۆ خوێندنەوەی تایتلی ڕۆمانەکە باسمان لێوە کرد . کە هێمایە بۆ کۆ ئەندامی نێرینە و باکڕاوند و خەیاڵێکی زایەندیانەی لە پشتە ، ئەوەشمان باسکرد کە دیارترین کێشە و بیرۆکەی ئەم ڕۆمانەش ململانێی نێوان ڕەگەزی نێر و مێینەیە لە چوارچێوەی عەشقێکی ناکامدا ، پنتی نێوان ململانێیەکەش ڕووخاندن و نەڕووخاندنی منارەیەکە .. دیارە زۆر ڕەهەند و بابەتی تریش لە پشتی ئەم ململانێیە دەبیندرێ کە دواتر باسیان لێوە دەکەین . بە پێی لێکدانەوە و تیۆرەکانی” فرۆید “یش هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری چەمکە زایەندیەکاندا ئاراستە وەردەگرن ..! ئەم ڕۆمانەش لە ژێر بنەمای بیرۆکە و تیۆرەکانی فرۆید بە تایبەت لە ( شیکردنەوەی خەونەکان ) دا نووسراوە . کە شێرزاد حەسەن لەم ڕووبەرەدا قەڵەمێکی ڕەنگینی هەیە . لەلایەکیتر ( دەقی ئەدەبی و خەون ) لە ڕوانگەی فرۆید ەوە  وەکو یەک وان . بەمانای دەقی ئەدەبی لە خەون دەچێت جیاوازییەکی ئەوتۆیان نیە ..! چونکە هەردووکیان لە سەر ئارەزووە لاشعوریەکان و ئارەزووە چەپێندراوەکان ئیش دەکەن . بۆیە هێماکانی نێو ئەم ڕۆمانە یان هەر دەقێکی ئەدەبی دەکرێ بە پێی ” شیکردنەوەی خەونەکان ” بیان خوێنینەوە . مەبەستیشمان لێرەدا ، منارە و ئەو وێنە و بارە دەروونیە چەپێندراوەی پشت هێماکانی منارەیە ..! دەکرێ هەندێک فاکتی نێو ڕۆمانەکە بە نموونە بهێنینەوە . ( منارەیەک لە مار ، پێچ و لوول هەڵکشاو بەناو بۆشایی ئاسماندا ..! ل٩ ) ڕۆچوونی منارە یان هەر قووچەکێک بە نێو بۆشایی یان جەستەی ئاسماندا ..! ئەم دیمەنە جگە لە وێنەیەکی زایەندی و گەیاندنی خەیاڵ و هەستێکی زایەندیانە هیچی تر ناگەیەنێت ..! یان ( هەموو بەیانیەک کە لە خەو بێدار دەبیتەوە ، یەکەمین شت کە بیری لێ بکەیتەوە بینینی منارەکەیە وەک ئەوەی غەریبی باڵای بکەیت و ئامادەبیت باڵاگەردانی بیت ..! ل ١٠ ) یان لە شوێنێکی تر دەڵێت ( چەند لە بێوەمێردێکی تەنیا دەچیت کە بێوەژنێکی تەنیا عاشقی بێت ..! ل ) یان لە پەرەگرافێکی تر دەڵێت ( ئەوەیان نوێژی بەیانی تۆیە لە بەرامبەر منارەکەت و نەدەکرا لە یادی بکەیت و قەللای بکەیتەوە ..! ل١٦ ) یان ( تا ئێستا بۆ یەکجاریش دڵت نەهاتووە پەردەکان دابخەیتەوە ..! ل١٦ )  ئەگەر لەم نموونانە بڕوانین و ورد ببینەوە بێ هیچ پێچ و پەنایەک زۆر بە ڕۆشنی ئەو مەبەست و مانایەمان دەست دەکەوێت کە لە پێشدا باسمان لێوە کردوون . بە مانای لە پشت کۆدی منارەوە ، وزەیەکی زایەندی و بوخچەیەک لە غەریزەی چەپێندراو و خۆزگە و ئومێدی ئیرۆسیانە دەبیندرێن . بە مانایەکی تر ، دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە پەخشکردنی بیرۆکە و تیۆرە دەروونیەکانی فرۆیدە بەسەر پێکهاتە و بیرکردنەوەی کاراکتەرە سەرەکیەکان دا . چونکە لێرە پرسیارێک دێتە پێشەوە ، ئایا دەبێت چ سیحرێکی ئەفسووناوی لەم منارەیەدا هەبێت ؟ کە وادەکات شادی وەک بێوەژنێکی تەنیا و غەمبار ، هەموو بەیانیان کە خەبەری دەبێتەوە یەکەمین شت دەبێ سەیری ئەم منارەیە بکات و تا ئەو ئەندازەیەی وەکو نوێژ لەلای پیرۆز بێت و نەتوانێت  فەرامۆشی بکات ..! یان وەکو بێوەمێردێکی تەنیا عەشقی لەگەڵدا بکات ..! یان تەنها بۆ یەکجار نەتوانێت پەردەی پەنجەرەکەی دابخات نەوەک منارەکەی لێ دیار نەبێت ..! ئایا هەر لەبەر ئەوەی منارەکە شوێنەوارێکی کۆن و ئەنتیکە و مێژوویەکی دێرینی هەیە و ئەمیش نیگارکێشێکی دەستڕەنگینە و شتە کۆن و ئەنتیکەکانی خۆشدەوێت ..؟! بەبڕوای من مەسەلەکە ئەوە نیە ، تەنها لەبەر ئەوەی منارەکە وەستایانە و هونەریانە دروستکراوە و مێژوویەکی دێرینی هەیە و تەنانەت بۆتە ناسنامەی شارەکەیان و شارەکەشیان بەم منارەیە دەناسرێتەوە ، خۆ ئەگەر ئەوە بەشێکی وەڵامی پرسیارەکەمان بێت ، بەڵام بەشە سەرەکیەکەی تر ، ئەو خولیا و ئومێد و غەریزە چەپێندراوە زایەندیانەی کە ” شادی ” لە ئاکامی عەشقێکی ناکام و بێ ئەنجام لە دەستیانی داوە و چەندین ساڵە لە چاوەڕوانیەکی کوشندەدا وەک خەمێکی گەورە بە دەستیانەوە دەناڵێنێت ..! بە پیرۆزکردنی منارە تا ئەو ئەندازەیە دەرهاویشتەی ئەو غەریزە کەڵەکەبووانەیە کە لە هەستی نائاگایی شادی ڕووبەرێکی فراوانیان داگیر کردووە ..! شادی وەک نیگارکێشێک بەشێکی زۆر بابەتی سکێجەکانی لە پاڵ مەرگی پەپوولە و باڵندەکان بۆتە وێنەکێشانی منارە ، منارە لە شێوەی پیاو ، منارە لە شێوەی ژن بە جۆرەها شێوەی تر ، ڕەنگدانەوە و گاریگەری منارە تا ئەو ئەندازەیە ، تەنانەت خەونەکانیشی پڕ بووە لە منارە ..! ئەوەتا لە شوێنێکی ڕۆمانەکەدا دەڵیت ( هەتا لە خەوەکانیشتدا هەر منارەیە و بەسەر تۆ و ماڵەکەتدا دەڕووخێت ، هەر هەموو شت لە شێوەی منارە خۆشەویستەکەی خۆتە ..! ل٦٠ ) هەرچەندە فاکت و نموونەکان ئێجگار زۆرن بەڵام لەمە زیاتر پێویست بە باسکردنیان ناکات . دیمەنەکان زۆر لەوە ڕۆشنتر و ئاشکرا ترن . جگە لەوەش شێرزاد حەسەن خۆی لە ڕێگەی کاراکتەرێکی دەروونناسەوە ، هێما و کۆدەکانمان لە ڕێی ئەم دەروونناسە بۆ باس دەکات . شێرزاد خۆی لە ڕێگەی ئەم کاراکتەرەوە باس لە ناوەڕۆک و سەرەکیترین هێڵەکانی نێو ڕۆمانەکەی دەکات ، دەروونناسەکە دەڵێت ( ئەم بێوەژنە دیارە چیەتی .. عوقدەی خەساندنی هەیە و هیچی تر .. بێجگە لەو کەپتە زۆرەی کە مێردە پیرەکەی نەیتوانیوە هیچی بۆ بکات ، بە کورتی و بە کوردی تێر نەبووە .. مەعلوومە .. ئەم بەزمی مار و منارەیە جگە لەو دەردی بێبەشبوونە لە سۆز و سێکس هیچی تر نیە ، ئەو ژنە لە تاو تەماعی شتێکی دیکە خووی داوەتە ئەم منارەیە .. مەعلوومە چیە .. خۆتان پیاون و دەیزانن جارجاریش چاوی ڕەشکە و پێشکە دەکات ماری ڕەش و سوور دەبینێ .. ” فرۆید ” واتەنی مەسەلەکە تەعویزە کە ئەمڕۆکە لە نووسیندا بە قەرەبووکردنەوە ناوی دەبەن ..! ل١١٤ ) لێرەدا هیچ شتێک بە ناڕۆشنی نامێنێتەوە . بە مانایەک بوارێک بۆ خوێنەر نامێنێتەوە تا لە ڕۆمانەکە قووڵ بێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە بەدواداگەڕانی بۆ بکات ..! بە بڕوای من شێرزاد حەسەن نەدەبوا پیازێکی سپی کراومان بداتە دەست . لە جیاتی ئەم پڕۆفیسۆرە دەروونناسە دەبوایە خوێنەران لە ئاکامی ڕامان و قووڵبوونەوەیان لە دەقەکە بەم بەرئەنجامە گەیشت بان ..! دیارە شێرزاد حەسەن بەوەندەش واز ناهێنێت لە شوێنێکی تر ، ئەمجارەیان لە دەمی شادی ەوە لە ڕێگەی تابڵۆکانیەوە ئەم باسە دەکاتەوە و باس لە تەلاری فالووسی دەکات و دەڵێت ( تەلار سازی فالووسی قوتابخانەیەکی میللی و هەم پیشەگەرانەی لێدروست بووە ، کە پڕ بووە لە مەزاق و مەیلێکی شێتانە کە هەرچی درێژ و قیت بوو شتێکە نزیک لە چووکی ڕەپی پیاو ، ئەمەیان بۆ منارەکانی مزگەوت و گومەزەکانیش مەمک بن بە ڕاست دەگەڕێت ، سەنعەتەکە وەها سووک و ڕەزیل بووە بە ناوی شیکاری دەروونیەوە ، کە ئەگەر ئافرەتێک دەست بگرێت بە سۆندەیەکەوە بەو نیازەی باخچەکەی خۆیان ئاو بدات .. ئەوە بەغالەت بردنە بە پیاو ..! ل١٥٥ ) شێرزاد حەسەن لەم پەرەگرافەی سەرەوە ، زۆر بە ڕۆشنی ئەوە بەیان دەکات کە چ شتێک بۆتە هۆکار و پاڵنەر بۆ نووسینی ئەم ڕۆمانەی . چونکە بەر لەوەی ئەوە دەروون و ڕوانگە و پێکهاتەی بیرکردنەوەی کاراکتەرەکانی بێت ، من پێموایە ئەوە بیرکردنەوە و ڕوانین و خەیاڵەکانی خۆیەتی ..! بە مانایەک ، لە پەنا کاراکتەرەکانی حەقیقەتی باری دەروونی و ئومێد و خۆزگە و حەز و غەریزە لاشعورییە چەپێندراوەکانی خۆیمان بۆ ڕەسم دەکات ..! تا ئێرە خوێندنەوەیەکی گشتی بوو بۆ ڕۆمانەکە .. بەڵام ، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە دەمانەوێت هەڵوێستە و قسە لەسەر زمانی دەقەکە واتە زمانی ڕۆمانەکە بکەین . چونکە من پێموایە لە هەر دەقێکدا زمان ئاستی داهێنانەکان دیاری دەکات . بە بڕوای من ” شێرزاد حەسەن ” داهێنانێکی ئێجگار گەورەی کردووە لەم ڕۆمانەیدا ، ئەویش بە هۆی زمانی گێڕانەوەی چیڕۆکەکە .. زمانی گێڕانەوەکەی تا ئاستێکی زۆر خوێنەر سەرسام دەکات . کە دواتر بە درێژی قسەی لەسەر دەکەین . خاڵێکی تر کە زۆر درەخشان و بڕشتی قووڵی بە ڕۆمانەکە داوە ئەویش زەمەنی ڕۆمانەکەیە .. زەمەن لەم ڕۆمانەدا تەنها ( یەک ڕۆژە ..! ) .. ( بەیانیەک تا نیوەڕۆ .. نیوەڕۆیەک تا ئێوارە ..! ) لە ڕێگای گێڕانەوە بە هەناسەیەکی درێژ زۆر درێژەوە بە زمانێکی شیرین ، هەموو تەمەنی ” شادی ” و ” هۆمەر ” و چیڕۆکی عەشقێکی ناکام و چاوەڕوانیەکی چەندین ساڵە و مێژووی شۆڕشی کورد لەسەردەمی شاخەوە تا ڕاپەڕین و تەنانەت دوای ڕاپەڕینیش ، ڕێڕەوی ڕۆمانەکە بە ئاراستەی جیاواز و ڕەهەندی جیاواز دەبات و لە دەرگای زۆر باسی جیاجیا دەدات ..! بەبێ ئەوەی خوێنەر هەست بە بێزاری بکات ..! گێڕانەوەی بە هەناسە درێژییەکی لەم چەشنە ، ئەگەر نووسەر وریا و زرینگ نەبێت بە تایبەت لەگەڵ شێوەی گێڕانەوەکە و مامەلەکردنی لەگەڵ زمان ، هەر زوو خوێنەرەکانی هەست بە بێزاری و هەناسەتەنگی دەکەن ..! بەڵام ، لە ڕۆمانی ” ژنێک بەسەر منارەوە ” نەک خوێنەر بێزار نابێت بەڵکو ، هەموو دەمارەکانی سۆز و عاتیفەی خوێنەر بە سەما دەهێنێ و لە نێو شاگەشکەیی و سەرسامیەکی بێوێنە ڕایدەگرێت و پڕیدەکات لە ختووکەکانی خۆشی و لەزەت ..! بە بڕوای من زمانی دەق لەم ڕۆمانەدا لە ئاستێکی بەرزی داهێنان دایە . کە جیاوازییەکی بەرچاو دەبینین لە گەڵ چیڕۆک و داهێنانەکانی تری نووسەر . ڕەنگە بەشێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت ، نووسەر لە ڕۆماندا ڕووبەرێکی فراوانتری لەبەردەست دایە ، دەتوانێ بە ڕەهەند و ئاراستەی جیاواز ئیش بکات . هەر وەک ” ڕۆبەرت ستۆن ” ڕۆماننووسی ئەمریکی لە چاوپێکەوتنێک ، دەربارەی جیاوازی ئیشکردن لە نێوان چیڕۆک و ڕۆماندا دەڵێت ( من لە نووسینی ڕۆماندا ، بە ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆم و لە ڕووبەرێکی فراواندا کاردەکەم ، وە مامەڵە لەگەڵ چەندین کاراکتەر دەکەم کە زۆرجاران بیرکردنەوەی جیاوازیان هەیە دەربارەی شتەکان ..! ) بەڵام ئێمە مەبەستمانە قسە لەسەر زمانی ڕۆمانەکە بکەین .. شێرزاد حەسەن لە گێڕانەوەی چیڕۆکێکی ئاسایی دەستی بردووە بۆ زمانێکی نائاسایی ..! دیارە نائاسایی بە مانا ئیجابیەکەی .. بە مانای خۆی لە مانا باو و جێگیربووەکان قوتارکردووە ، لە پشتی وشە و کۆدەکان مانای نوێی داهێناوە ..! یان ئیشی لەسەر دیوێکی تری وشەکان کردووە . هەروەک ” نۆرمان جاکۆبسن ” زمانناسی ڕوس ، ئەرک و وەزیفەکانی زمان بۆسەر شەش تەوەر دابەشکردووە ، یەکێکیان ، مەسیجە  ، واتە گەیاندنی پەیام و مەبەستەکانی نووسەر بۆ خوێنەر ، شێرزاد حەسەن لەم گەیاندنە داهێنانی کردووە ، لەلایەک زۆر ڕۆشن و کاریگەرانە مەبەستەکەی گەیاندووە ، لەلایەکی ترەوە بە شێوەیەکی نوێ ، واتە مانای نوێی بۆ چەمکەکان داهێناوە .. هەروەک ” ئەدۆنیس ” یش لە دیمانەیەکدا ، داهێنانەکانی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە لە ڕێگەی زمانی شیعرییەوە  هەوڵی داوە ، پەیوەندیەکی تازە دروست بکات ، بەمانایەک شتەکان سەرلەنوێ ناوبنێتەوە ..!  کە ئەوەش ناوەڕۆکی باسەکەی ئێمەیە لەم لێکۆڵینەوەیەدا .. لە سیاقی گێڕانەوەکە چەندین چەمکی فرە مانا دەبیندرێن ، ئەو چەمکانە لە یەککاتدا زیاتر لە مانایەکیان هەیە .. لە هەمانکاتیش بە ئاراستەو ڕەهەندی جیاواز کاردەکەن . لە سەرەتای ڕۆمانەکە لە دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێشی تراژیدی  لەژێر یەک کەپردا ، ڕژانی خوێنمان لە دوو بار و لە دوو جەستەی جیاواز پێشان دەدات ..! یەکێکیان ، خوێن لە جەستەی کوکوختیەک کە بە دەستی ڕاوچیەکانەوە زامدار بووە ، وە هەر لەوێدا لە هەناسەدان دەکەوێت و دەمرێت ..! ئەوەی دووەم ، چەند دڵۆپە خوێنێکە لە جەستەی ” شادی ”  کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە دەڕژێ ..! خودا هاوار ..! ئەم چەند دڵۆپە خوێنە چی بەسەر ئەم مرۆڤە دەهێنێ و ئاراستەی ژیانی بە چ کەندەلانێک و ڕووبەرێکی پڕ تراژیدی دا دەبات ..! چ ئازارێکی ڕۆحی و چ بارێکی دەروونی شپرزە و نائارام ، چ تەنیایەکی کوشندە ، چ مەرگێکی هەمیشەیی پێ دەبەخشێت ..! ئاخر لە دەستدانی پەردەی کچێنی بەر لە هاوسەرگیری لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و تەقلیدی دا ، کارێکی هێندە ئاسان نیە ..! کۆمەڵگەیەک کە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان و شەڕەفی تاک و خێزان و بنەماڵە و سەربەرزی و شکۆمەندی مرۆڤ لە پەردەیەکی تەنکدا ببینێتەوە ..! بێگومان ئەوکەسە نیگارکێش بێت ، نووسەر بێت ، فەیلەسوف بێت یان هەر چیەک بێت ، بێویستی خۆی تەسلیم بەو واقیع و بیرکردنەوەیە دەبێت ( من کچێکی دۆڕاوم بە عورفی هەموو کەسێک ..! ل٧٣ ) یان هەست دەکات ( جلەکانی بەری ناتوانن دایپۆشن ، هەمیشە هەر ڕووتە ..! ) لەم ڕۆمانەدا خوێن دەبێتە سەرچاوەی دوو جۆرە مردن . مردنێک وەک ئەو خوێنەی لە جەستەی کوکوختیەکان ڕژا ، بە هۆیەوە لە هەناسەدان کەوتن و مردن .. ئەوەی تریان ئەو چەند دڵۆپە خوێنەی لە جەستەی شادی دا ڕژا ، شادی یش بە هۆیەوە دەمرێت ، بەڵام مردنێک لەنێو ژیاندا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و هەناسە دەدات ، مردنێک لە نێو ژیاندا بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە و ئیش دەکات ، وەک کاراکتەرێکی زیندوو ڕۆڵی دەبێت بەسەر ئاراستەی ڕۆینەکان و ڕەنگکردنی هاوکێشەکان و بیرکردنەوەی کاراکتەرەکان و لە زۆر ڕووبەری جیاجیای تردا ..! شێرزاد حەسەن ئیشی لەسەر مردنێک کردووە کە لە جۆری دووەم دا .. مردنێکی زیندوو ..! مەرگێکی فرەمانا ، دەمێک ڕۆڵی سلبی دەگێڕی ، دەمێک ئیجابی ..! ئەم ڕۆمانە چیڕۆکی مەرگێکی هەمیشەیی عەشقێکی ناکامە .. مەرگ لەم ڕۆمانەدا وەک ڕۆمانی ( شەو ) ی ” ئیلی ویسل ” لە هەموو کاتێک و لە هەموو جێگایەکە ..! لەم ڕۆمانەدا ئەوە فێر دەبین ، هەموو چەمکێک یان وشەیەک هەرچەندە لە بنەڕەتدا مانایەکی سلبی و خەمناکانەی هەبێت ، دەکرێ بە شێوەیەکی تر بەکاری بهێنێن مانایەکی تری پێ ببەخشین ..! شادی لە ئاکامی لەدەستدانی پەردەی کچێنی لەگەڵ بەهرام ی خۆشەویست و دوڵبەری ، تەسلیم بە مەرگێکی هەمیشەیی دەبێت . بەهرام یش هەر دوای ئەم ڕووداوە ، وەک هەر کوڕێکی بێباک سەری خۆی هەڵدەگرێت و سەفەری دەرەوەی وڵات دەکات ، بەرەو شوێنێکی نادیار و ئایندەیەکی نادیار دەڕوات ..! شادی یش لەگەڵ خۆیی و خەمەکانی و چەند دڵۆپە خوێنێکی وشکهەڵاتووی سەر لبادێک و ئازارێک لە چەشنی ڕۆحکێشان و تەنیاییەکی کوشندە دەمێنێتەوە ..! ئیتر دوای تەمەنێکی دوورودرێژی چاوەڕوانی لەئاکامدا بۆ لە گۆڕنانی ئابڕووی تکاوی خۆیی و بنەماڵە و بەهرام ی خاڵۆزا و دوڵبەری ، دوای نائومێد بوون لە هەر ترووسکاییەک ، بە ناچاری شوو بە هۆمەر ی ڕاوچی و مرۆڤکوژ و باڵندەکوژ و ئاژەڵکوژ و ژنکوژ داکات .. هۆمەرێک دووبەرابەر لە تەمەنی خۆی گەورەتر ..! کە ناتوانێت ( پێخەڤی ژنێکی غەمبار و دڵسارد و ڕۆح مردوو گەرم بکاتەوە ..! ل١٨١ ) هۆمەر ێک ( بەرلەوەی شووی پێبکات بۆنی مەرگی لێدەهات ..! ) لە ڕاستی دا ، بەر لە هۆمەر ئەم بۆنە لە شادی خۆیشی دەهات ..! دوو جەستەی پڕاوپڕ لە بۆنی مەرگ .. لە چوارچێوەی یەک ماڵدا ئاوێتەی یەکتری دەبن .. کە هەر یەکێکیان خوێن  لە یادەوەریەکانی دەچۆڕێت ..! گووتمان مەرگ لە هەموو شوێنێکە و لەنێو ژیاندایە و هەناسە دەدات ، مەرگ چەمکێکی فرەمانایە و ڕۆڵی سلبی و ئیجابی دەگێڕێت .. مەرگ بە شێوەیەک کار دەکاتە سەر بیرکردنەوەکانی شادی نیگارکێشی دەست و پەنچە ڕەنگین کەوا ، پڕی دەکات لە نائومێدی ، باکڕاوندی تابڵۆکانی سوور سوور دەکات ، یان سکێجەکانی بە خوێن و فرمێسک ڕەنگ دەکات ، هەر لەبەر ئەم هۆیانە شادی واز لە کاری مامۆستایەتی دەهێنێت .. بەم دیوەدا مەرگ ڕۆڵ و مانایەکی سلبی دەگێڕێ ..! بەڵام بە دیوێکی تر ، مەرگ مانا و ڕۆڵی ئیجابی دەگێڕێت ..! شادی دەڵێت ( مەرگ لە مندا پاسەوانی مەرگی کەسێکی دیکەی دەکرد ..! ل١٨٣ ) مەرگی شادی ببوو بە پەرستار و پاسەوانی مەرگی هۆمەر ..! هەوڵی دەدا هۆمەر بگەڕێنێتەوە نێو ژیان ، یان مەرگی نێو هۆمەر لە هەناسەدان نەکەوێت ..! لێرەدا مەرگ ڕۆڵی فریادڕەس دەبینێت ..! مانای ڕزگارکردن و بەخشینەوەی ژیانی کەسێکی تر ..! ئەوەتا لەنێو ڕۆمانەکەشدا دەڵێت ( سەیرە مەرگ بۆخۆی هێزی ئەوەی هەبێت ژیان بپۆشێت و خۆی بڕازێنێتەوە تاوەکو مردوویەکی دیکە شادومان بکات ..! ل١٨٤ ) لێرەدا مەرگ ڕۆڵی ئەوە دەبینێت کە مردوویەکی دیکە شادومان بکات و ڕووناکی و بەختەوەری بخاتەوە نێو دڵی ، لە شوێنێکی تر مەرگ وەکو مامۆستایەک ڕۆڵی فێرکار دەبینێت ..! شادی هەوڵ دەدات لەمەرگەوە فێر بێت ، بەوەفا بێت و ڕێز لەبەرامبەرەکەی بگرێت ، بێگوێدانە باکڕاوندی کەسەکان ، لە دەرس و تەجرەبەکانی لەگەڵ مەرگ ئەوە فێر دەبێت کە مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە ڕێز لێگرتنە ، بە تایبەت ئەوکاتانەی کە ئیرادە و وزە و تواناکانی مرۆڤ دەکەونە دەستی قەدەرەوە ..! شادی لە دەمی خۆی پێمان دەڵێت ( لای من مەرگی هێواشی ئەم پیاوە فێری کردم کە ئاخۆ دەتوانم ببم بەو ژنە بە ئەمەک و دڵسۆزەی کە ڕێز لە پیاوێک بگرم کە قەدەر هەڵیداوەتە بەردەمی من ..! ل١٨١ ) .. ئیدی ئەوە چ گەمەیەکی زمانەوانی و داهێنانێکی پڕ سیحرە کە مەرگ ئەم هەموو ڕۆڵە جوانانە ببینێت ..؟! هەر مەرگە ورە و توانا بە شادی دەبەخشێت کە بچێتە نێو شەڕێکەوە لەگەڵ مرۆڤە دەڵڕەق و کەللەپووچەکاندا ، ئەو مرۆڤانەی هەمیشە خەریکی ڕاوکردن و مرۆڤکوژتن بوون .. ئەو مرۆڤانەی بە بێبەها و بە چاوێکی سووک سەیری ڕەگەزی مێیان دەکرد .. شادی دەڵێت ( بۆ من تاکە لەزەتێک ئەوەیە بەرامبەر ئەو چەک بەدەست و ڕاوچی و جەنگاوەرە دێرینانە بجەنگم کە ئێستا بوونەتە قۆنتەراتچی و قومارچی ..! ل١٥٨ ) .. یان دەڵێت ( گەورەترین دەستکەوتم لە شووکردن بەم پیاوە کە لە بینینی مەرگ بێباکی کردم یان لە تامکردن و بۆنکردنی مەرگ ..! ) لێرەدا هۆمەر ڕەمزێکە بۆ مەرگ چونکە دەمێک ساڵە لەگەڵ مەرگدا دەژی ، بەهۆی ئەو ژەهرەی لە ساڵانی شاخ دەرخواردی دراوە .. کەواتە لێرە مەرگ وا لە شادی دەکات لە مەرگ بێباک بێت ..! باوەڕی بەخۆی بێت و توانای ئەوەی پێ دەبەخشی بۆ بەرگریکردن لە خۆیی و لە ژنانی  وەک خۆی یان بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی و پارێزگاریکردن لەو شتەی خۆشی دەوێت ، بۆی بجەنگێ ، مەبەست لەو شتانەش بەپێوە ڕاوەستان و نەڕووخاندنی منارەکەیە . لێرەدا مەرگ وەک سەرچاوەیەکی توانا و وزەبەخش دەردەکەوێت ..! ( دواجار لەو خوێن و فرمێسکەوە زۆر شت فێر بووم توانیم دەست و پەنجەم لەگەڵ ژیان و مەرگ دا نەرم بکەم ..! ل١٩٣ ) دوای ئەوەی ئازار و ژان و میحنەتەکان ، جەور و ستەمی ژنبوون و دڵڕەقی پیاوانی ستەمکارو بێهەست و سۆز ، ئازارە پڕسۆیەکەی مەرگ و مردنە هەمیشەییەکان ، تەنیایی و چاوەڕوانیەکی ئەبەدی و بێئاکام .. وایلێدەکەن وەکو مرۆڤێکی یاخی بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە لەگەڵ پیاوە گەندە و گەلۆرەکان بجەنگێ ، بۆ یەک چرکەش خەمی تەنیایی و یان دۆڕاندن نەیڕووخێنێت ..!  مەرگ وای لێدەکات یان باشترە بڵێین فێری دەکات ، لەزەت لەو جەنگ و مقاوەمەت کردنە ببینێت ..! بۆ سەڵماندنی بوونی خۆیی و گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی .. ( من تەنها خەمم بەرجەستەکردنی جوانی بوو ، جوانیەک کە خۆشنوودی لە نێو دڵەکان بەرپا بکات ..! ل١٥٥ ) ئێمە لە دەستپێکی ئەم باسەمان ململانێی ڕەگەزی نێر و مێینەمان پێشاندا ، دواتر گوتمان ئەم ململانێیە لە سەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی بەردەوامی هەیە . ئەوەتا لێرەدا دەبینین ، ئەم ململانێیە زیاتر ڕۆشن دەبێتەوە و ” شادی ” وەک نوێنەر و سومبوڵ و دەنگی مێینە دەردەکەوێت .. شادی بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی و ڕزگاربوون لەدەست دەسەڵاتی باوک ساڵاری دەجەنگێت ..! دیارە ئامانج لە شەڕەکە بە ڕووکەش بە پێوە وەستان و نەڕووخاندنی منارەکەیە ، بەڵام ئەوە هۆکارە سەرەکیەکەی شەڕەکە نیە بەتەنها ..! لە حەقیقەتدا شەڕەکە مەبەست و ڕەهەندێکی قووڵتری لە پشتە ..! بە خوێندنەوەی ئەم پەرەگرافەی خوارەوە ڕۆشنتر ئامانجی ئەو شەڕە و بیرکردنەوە مرۆییەکانی شادی مان بۆ دەردەکەوێت .. ( ساڵانێکی دیکە وا بڕوات دەبێ بە ڕووناکی نیوەڕۆ بە چرایەکەوە بگەڕێین تاوەکو جوامێرێک بدۆزینەوە کە ڕەوشتی ڕۆژانی شاخ و حیکمەتی ناو کتێبەکانی پێ مابێت ، حەیف .. هەزار حەیف و مەخابن ، من لە داخی ئەم هەموو پیاوە پووچ و پواوانە ، ئەو هەموو مەیموونەی لەبەردەم سەردارەکانیاندا سەما دەکەن و بۆن بە پاشەڵی گەورەکانیانەوە دەکەن و کلکە لەقێیان بۆ دەکەن ، لە تۆڵەی دۆڕانی سەدەها کچ و خوشک و دایکی ڕەشپۆش و هەناسە ساردی ئەم وڵاتە لەزەت لەو شەڕە بچکۆڵەیەی خۆم دەکەم ..! ل١٦٠ ) شادی وەک ڕۆحێکی یاخی و سەرکەش لە مەرگ فێردەبێت ، شەڕ لەگەڵ مەرگ و مردن بکات ، هەڵگری ڕۆحی هەزارەهای وەک خۆی بێت ، هەر لە مەرگیشەوە فێر دەبێت کەوا لە مەرگ بێباک بێت ..! لەم ڕۆمانەدا ، مەرگ ئەم هەموو ڕۆڵە جوان و ئیجابیانە دەگێڕێت ..! لە هەمانکاتیش مەرگ سەرچاوەی مانەوە و مەقاوەمەت و چوونە نێو جەنگێک بۆ پارێزگاریکردن لە بوون و لە شتە پیرۆز و لە مەبەستە گەورەکانیش ..! شادی کاتێک شوو بە هۆمەر دەکات هەردووکیان بۆنی مەرگیان لێدێت ..! هەردووکیان جەستەیەکن لەنێو مەرگ ..! سەرچاوەی مەرگی هەردووکیشیان ژەهرە ..! سەرچاوەی ژەهری نێو جەستەی هۆمەر لە سیاسەتەوەیە ، ژەهری نێو جەستەی شادی یش لە خۆشەویستیەوە واتە لە ( عەشق ) ەوە ..! لەو چەند دڵۆپە خوێنەیە کە ڕۆژانی گەنجێتی لە ژوانی ژێر کەپرێک لە نێو جەستەی تکا و بوو بە کچێکی ( بێ بن ..! ) ئەم چەند دڵۆپە خوێنە بوو بە مەرگێکی هەمیشەیی و بوو بە ڕووباری خوێنێکی بەردەوام ..! ژەهری عەشق و ژەهری سیاسەت ..! سیاسەت و عەشق وەک دوو کاراکتەری دڕندە و زیانبەخش ژەهری مەرگ دەرخواردی مرۆڤەکان دەدەن و بە گۆڕستانێکی هەمیشەییان دەسپێرن ..! لە ڕاستیدا ، ئەوە داهێنانێکی پڕ سیحرە ، لەهەمانکاتیش جەرائەتێک و دڵێکی گەورەیە کەوا ، سیاسەت و عەشق بەیەک ئاراستە دا ببەی ، یەک ڕووخسار و یەک مانایان پێ ببەخشیت ..! بەڵام لە حەقیقەتدا ، ئەوەیە داهێنان ..! ئەوەیە وەزیفە و ڕۆڵی زمان لە دەقێکی سەرکەوتوودا . چونکە ئیشی دەقی ئەدەبی هەر ئەوە نیە تەنها وێنەی شتە نۆڕماڵ و ماقولەکان بکێشێ ، یان هەموو ئەو شتانەی لە بنەڕەتەوە لەگەڵ یەک دەگونجێن و تەریبن لەگەڵ یەکدا .. دەکرێ دەقی ئەدەبی لەسەر هەموو ئەو شتە ناشاز و ناماقول و ناتەباکانیش ئیش بکات ..! عەشق لەم ڕۆمانەدا وەک چەمکەکانی / مەرگ ، خوێن ، منارە …. فرە مانا و فرە ڕەهەندە ..! ئەوەتا عەشق بۆ شادی هێمای مەرگێکی هەمیشەیی دەگەیەنێت ، بەڵام بۆ هۆمەر ، مانای فێربوون و پاشگەزبوونەوە و بەخۆداهاتنەوەیە ، هاوکات ، پەشیمانبوونەوە لەو هەموو دڵڕەقیە و لەو مێژووە دوورودرێژەی پڕ لە تاوان و کوشتن و بڕینەی هەی بووە ..! جوانی و کارامەیی و دەستڕەنگینی و دانایی شادی وا لە هۆمەر دەکات لەناخەوە عەشقی بێت و خۆشی بوێت ، ئەم عەشقە وا لە هۆمەر دەکات ، وەکو مرۆڤ بیر بکاتەوە و هەست بە بەهای جوانیەکان بکات ، لە هەمانکاتیش ببێتە پاڵپشتێک بۆ شادی و پشتگیری بکات و هانی بدات و لە تەکیا بوەستێ ..! بەڵام بە دیوێکی تر ، عەشق و خۆشەویستی / ماڵەکان دەکەن بە زیندانێکی هەمیشەیی ..! زیندانێکی تاریکی بێ خۆشەویستی ..! شادی دوای مردنی هۆمەر وەکو بێوەژنێکی تەنیا و غەمبار ، بە تەواوی و یەکپارچە دەبێتە ڕۆحێکی سەرکەش و یاخی ..! یاخی و یاخی و یاخی ..! جارێکی تر شوو بە هیچ پیاوێک ناکات تەنانەت بە بەهرام ی خاڵۆزا و کۆنە دوڵبەریشی ..! هەرخۆی لە دەمی خۆی بە بەهرام دەڵێت ( من شوو ناکەم نەک بەتۆ بە هیچ پیاوێک چونکە پیاوبوون تەنها کەڵەکەبوونی سەرمایەیە ، توانای پەڕین و زەڕینە ..! ل١٥٩ ) لێرەدا ، ئەم ڕۆحە تەنیاییە غەمبار و دڵ پڕ لە میحنەتە و هەروەها سەرکەش و یاخییەی شادی دەبینین بەرامبەر پیاوان و هەموو ئەو دڵڕەقی و دڕندەیی و نابەرابەریەی دەسەڵاتی باوکسالاری ..! لەو خوێندنەوەیە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ، ئەم ڕق و تووڕەییە و یاخیبوونەی شادی ، ڕق و تووڕەبوون و یاخیبوونی کەسێک نیە بە تەنها ..! ئێمە گووتمان شادی کاراکتەرێکە هەڵگری هەزارەها و ملیۆنەها ڕۆحی کەسانی وەک خۆیەتی .. بۆیە ڕق و تووڕەبوون و یاخیبوونەکانیش ڕەنگدانەوەی ڕق و تووڕەبوون و یاخیبوونی هەزارەها و ملیۆنەها ڕۆحی ترە لەنێو جەستەی شادی دا ..! شادی بە لەدەستدانی پەردەی کچێنیەکەی هەرخۆی دەزانێت چ ئازارێکی بێوێنە و لە نێو چ زیندانێکی ڕۆحی ژیانی بەسەر برد ..! تەسلیم بە چ ئایندەیەکی بێڕەحم بوو ..! دوای هاتنەوەی بەهرام لە گفتوگۆیەکدا پێیدەڵێت ( تا ئێستا ئەو دڵۆپە خوێنەی لە مندا تکاندت برینێکە هەرگیز ساڕێژ نەبووە و هەر خوێنم لێ دەڕوا ..! ل١٧٨ ) شادی بەهرامیش ڕەتدەکاتەوە و شووی پێ ناکات . چونکە لە ڕوانگەی ئەو پیاوەکان هەموویان وەکو یەکن ، بەیەک شێوە بیردەکەنەوە و یەک تێڕوانینیان هەیە ، بۆ ژیان و خۆشەویستی و بۆ ژن و شەڕەف و بەها مرۆییەکان و بۆ شتەکانی دی ..! شادی لە درێژەی قسەوباسەکانی دەڵێت ( ئەو پیاوانەی لەزەت لەوە دەبینن خۆیان قاپی عارەقی سەرمۆر بکەنەوە و پەردەکان بتەقێنن ..! ل١٩٨ ) هەرچەندە وشەی تەقاندن زۆر گونجاو نیە لەم ڕستەیەدا ، چونکە پەردەی کچێنی ئەگەر مەتاتی و شێوە لاستیکیش بێت بەڵام پەردەی لەم چەشنە دەدڕێ یان کونبەدەر دەبێت ..! ئەگەر لە شێوەی میزڵدان بووایە دەکرا وشەی تەقاندن بەکار بهێنین . بۆیە وشەی کونکردن گونجاو تر بوو .. شادی لە شوێنێکی تردا دەڵێت ( ئەو پیاوانەی وا تێدەگەن ناو گەڵی ئەو کچانە سێگۆشەی ( بەرمۆدایە ) و چی جامانە و کڵاو و خەنجەر بو تەزبێح و چی شەڕەف و ناو موڵک و ماڵیان هەیە ئەم سێگۆشەیە هەر هەمووی هەڵدەڵووشێ ..! ل١٩٩ ) شادی وەکو ژنێکی شۆخ و شەنگ ، نیگارکێشێکی دەست و پەنجە ڕەنگین لە نێو ئەو زەڵکاوی دواکەوتووییە ژیان بەسەر دەبات و لەگەڵ غەمی بێ بنی و تەنیاییەکی کوشندە و میحنەتەکانی مەرگێکی هەمیشەیی و کە هیچ ڕێگاچارەیەکی لەبەردەمدا نیە جگە لە شەرکردن و چوونە نێو جەنگێکی بەردەوام نەبێت ، بۆ ڕزگار بوون لەم واقیعە تاڵە و لەو زیندانەی کە بەناهەق بۆیان دروستکراوە ..! کۆتایی ڕۆمانەکەش ، کۆتاییەکی زۆر سەرکەوتووانەیە .. کە شەڕەکە بەردەوامە بەبێ هیچ ئاکام و یەکلایی کردنەوەیەک ..! ئەمەش مانای حەقیقەت و بەردەوامبوونی ژیانمان پێشان دەدات ..! شێرزاد حەسەن لە دیماهی ئەم ڕۆمانە دەیەوێت پێمان بڵێت / بەردەوامبوونی ژیان بەبێ ململانێ و تەنگژە و ڕووبەڕوو بوونەوەکان مانایەکی نیە ، بۆ ڕزگار بوون لە میحنەتەکان و مەرگە هەمیشەییەکان و نابەرابەریەکانیش دەبێ لە ململانێ و جەنگی بەردەوام دابین ..! چونکە لە ڕوانگەی نووسەر ، مرۆڤ بەهایەکی پیرۆزی هەیە چ مێ بێت چ نێر ، هەموویان وەکویەک شایستە بە هەموو خۆشی و ڕێزێک و بە هەموو بەهایەکی جوانی و بەختەوەریەکانن ..! ئەم ڕۆمانەی شێرزاد حەسەن چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە چ لە ڕووی زمانەوە ، لە ئاستێکی بەرزی داهێنان دایە .. ئومێدی داهێنانی گەورەتر بۆ ئەم نووسەر و مامۆستایە ئازیزەمان دەخوازم .. ئیدی ، هەر پڕ خەرمان و بەرەکەت بێ ڕۆمان و ئەدەبی کوردیمان ..! 

ناڵە حەسەن


سەرچاوە ؛
ژنێک بەسەر منارەوە
ڕۆمان
شێرزاد حەسەن 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.