Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

مەزاتخانەی بازاری( فەرهەنگی کوردی) و کاڵای (زمانی) ئێکسپایەر.

Closed
by August 7, 2012 گشتی

 

 

فەرهەنگ (Dictionary ;Lexicon;  Wordbook;  Vocabulary)  بە شادەماری زمان و مەعریفە وزانست و  رۆشنبیری تەشبیهدەکرێ. دەروازەی پێکگەیاندن و پێگەیشتن و داهێنانی هەموو ژانەرە مەعریفی و کەلتووریە جیاوازاەکانی مرۆڤ بووە لەوەتەی یەکەمین ئەلفوبێی نووسین داهێنراوە. کۆنترین فەرهەنگ کە تا ئێستا دۆزراوەتەوە  فەرهەنگی ( سومەری- ئەکەدی)یە کە  لە (2300) پ.ز. بە خەتی بزماری نووسراو. ئێمرۆ لە ساییەی ئەو پێشکەوتنە مەعریف و تەکنەلۆژیا مەزنە و ئەو داهێنانە زانستییانەی سەردەم ، (فەرهەنگ) دانان و ئامادەکردن بۆتە بابەتێکی زانستی سەربەخۆ، خاوەن هەموو خەسڵەت و بنەماو ڕەگەزەکانی تایبەتی خۆیەتی و لە زانکۆ ناودارەکانی دونیا دەخوێندرێ و بڕوانامەی باڵای لێ وەردەگیرێ. توانیویەتی لە داهێنانە تەکنۆلۆژیاکانی وەک کۆمپیوتەرو مۆبایەل و ئامێرە دەگیتەڵەکان شوێنی بەرچاوی خۆی بکاتەوە و بچیتە سەر مێزو ناو جانتاو باخەڵی گەورەو گچکەی نەوەی ئێمرۆ.

دیرۆکی (فەرهەنگ)ی کوردی زۆر کۆن نییە، ئاخر نووسین خوێندن بە زمانی کوردی خۆی تەمەنێکی کورتی هەیە ، وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا زاناو ئەدیب و رۆشنبیرانی کورد هەر زوو بایەخ و بەهای ئەو ژانەرە ئەدەبیە مەزنەیان زانیوە و بە گوێرەی تواناو کەرستەی بەردەرستی سەردەمی خۆیان بەردەی بناغەیان  بۆ داناوە.

 ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی (1991) ، لە پاڵ هەموو ڕاپەڕینە کانی بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئابوری، ڕاپەڕینی فکری و ئەدەبی و پەروەردەکار و زانستی  گەورەی بەدوای خوێدا هێنا.  ئەمەیش دەروازەی دانان و ئامادەکردنی  (فەرهەنگ) ی کوردی کردەوە، چوون زوو هەست بە بوونی کەڵینێکی زمانی و زمانەوانی  لە داڕشتن و نووسین و ئامادەکردنی   چاپەمەنی کوردییدا کرا. زانرا کە چەندە حەوجە بە (فەرهەنگ)ی جیاوازن بە زۆربەی زمانە زیندووەکانی دونیا.   ئەمەیش بوو بە هاندەر بۆ دانان و چاپکردنی   چەندین  (فەرهەنگ) هەمەڕەنگ.

گەرچی زمانی ناونیشانی بابەتەکەم  نەختێ ئایرۆنی تێدایە،  لە دڵەوە دەستخۆشی لە دەستەیەک لە (فەرهەنگ) دانەرانی کورد دەکەم کە زانستییانە کاریان کردوەو ماندوونەناسانە شەونخویان چێشتووەو چاوەکانیان لە نێو حەرفی ڕەش و بۆری کتێبان  سپیکردوتەوە و کتێبخانەی کوردیان  بە گەنجینەیەکی بەدەر لە نرخ دەوڵەمەندکردوەو دەستی وەرگێرو نووسەرو خوێندکارانیان لەسەر هەموو ئاستەکان گرتووە. 

وەلێ تای کەم وکوڕی و ناتەواوی هێندێ لەو(فەرهەنگ)انەی ئێمرۆ کەتونەتە بازار  لاسەنگەو قورس داکەتووە.  بۆیە ناوە ناوە لێرەو لەوێ خامەی ڕەخنەیان لێ دەکەتەو گەڕ. فەرهەنگ- نووس رێزدار (سەڵام ناوخۆش) بابەتێکی بە ناونیشانی   (ئه‌لفبای فه‌رهه‌نگیی و زمانیی) لە ماڵپەرکی (دەنگەکان)دا بڵاوکردەوە و کرۆکی باسەکەی ئەوەیە کە ” ‌ له‌ پرۆسه‌ی فه‌رهه‌نگ نووسیندا بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ زۆربه‌ی فه‌رهه‌نگه‌ كوردییه‌كان ته‌واو ڕه‌چاوی ئه‌لفبای فه‌رهه‌نگی ناكه‌ن.” کە بەڕای منیش ئەم خاڵە هەم شکاندی قاچی  خەسڵەتێکی بەهێزی (فەرهەنگ)ەو هەم سەرئێشەیەکی قورسە بۆ خوێندکارو بەکاربەرانی  (فەرهەنگ)ەکان. نووسەر بەم شیوەیە کۆتایی بە بابەتەکەی دێنێ: “فه‌رهه‌نگی كوردی ده‌بێ‌ فه‌رهه‌نگی هه‌موو كورد بێت نه‌ك ته‌نیا زارێك .” بەبێ ئەوەی هیچ ڕینمایەکی پرکتیکی بخاتە ڕوو. 

 ئەوە ئیزافەی کە من دەمەوێ بیخەمە سەر گوتارەکەی نووسەری ئازیز ئەوەیە کە بەداخەوە ‌هێندێ لەو فەرهەنگانەی کە ئێمرۆ لە کتێبخانەکان و سەر شۆسەکاندا دەستدەکەون لە رووی ناوەرۆکەوە بابەتی نین و هەڵەی فەرهەنگی و زمانەوانی زۆریان تێدایە و پڕن لە وشەی ناتەواو بێماناو شێوێندراوو داتاشراوی زەق و ڕەق. ئەم ناوەروکە ناتەواوە خوێنەر و بەکاربەری فەرهەنگ دەستخڕۆدەکا ، چوون مانای مەبەست ناپێکێ، جا گەر ئاستی خوێنەرەکە بەرز نەبێ و ئاگاداری فەرهەنگ و زمان نەبێ،  تێدەکەوێ و  زانیاری هەڵە فێر دەبێ و بەکاریشی دێنێ. هەر وەک نموونەیەکی سەر پێی ، خوێندکارێک گلەیی لە مامۆستایەکی بابەتی زمانی عارەبی دەکات کە ئەو وشەو دەستەواژانەی خەتی سووری لەژێر داوە لە بابەتێکی داڕشتندا هەمووی تەواون و سەرچاوەکەشی نیشان دەدا کە فەرهەنگێکی ( کوردی- عارەبی)یە. نا حەقی خوێندکارەکە ناگرم چونکە ئەو هەڵەکانی ناو فەرهەنگەکە بەڕاست دەزانێ و وەک سەرچاوە بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانی عەرەبی خۆی  ڕۆژانە بەکاری دێنێ و بێئاگایە لە کەم وکوەڕیەکان.

 بۆیە دەبێ بەرپرسانە رەفتار لەگەڵ فەرهەنگەکانی بازاری کوردی بکەین و بەچاوێکی رەخنەگەرانە پێداچوونەویان بۆ بکرێ، بە پێویستی دەزانم کە:

دەزگای ئەکادیمیای کوردی وەک مەڵبەندێکی بەرپرس لە زمانی کوردی لێژنەیەکی شارەزاو پسپۆر  بۆ پێداچوونەوەی هەر هەموو فەرهەنگەکانی کوردی پێک بێنێ بە زووترین کات دەستبەکار بێ.

ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردەو خوێندنی باڵایە کە  دەستەی پسپۆرو پرۆفیشیناڵی خۆیان هەبێ بۆ چاودێری کردنی فەرهەنگەکان.

واجیبە هەموو خوێنەرو ئەدیب و رۆشنبیرێکی کورد لەسەر ئەو هەڵانە بازنەدەن کە لە فەرهەنگ و چاپەمەنیە کوردییەکان دێنە بەرچاو و زوو لایەنە بەرپرسەکان ئاگادار بکەنەوە.

بۆ چارە ئەو کێشانەو ئەو خاڵەی کاک (سەلام ناوخۆش) ئاماژەی پێداوە دەبێ هەموو فەرهەنگێکی کوردی مۆڵەت لە دەزگای ئەکادیمی کوردی وەرگرێ و چەندین پێداچوونەوەی بۆ کرێت بێ پێش ئەوەی بکەوێتە بازار. 

دەست بەسەر ئەو فەرهەنگانە داگێرێ کە مەرجەکانی زانستیی فەرهەنگیان  تێدا ڕەرچاو نەکراوە.

Facebook: Fazil Shawro

fzgaedii@yahoo.com   

 

فازیل شەوڕۆ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.