Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مەلا بەختیار وەك بەهانە!

مەلا بەختیار وەك بەهانە!

Closed
by October 21, 2011 گشتی

كەمپینی ئیسلامییەكان لە بەرامبەر وتەكانی مەلا بەختیاردا دەتوانێت زیاد لە روویەكی هەبێت. بە رواڵەت وەك جۆرێك وەڵامدانەوەی ناوبراو دەردەكەوێت‌و داواكارییەكەش ئەوەیە كە یەكێتی داوای لێبوردن بكات لەوەی كە یەكێك لە سەركردەكانی ئەو حزبە لە كۆڕێكدا “بەگوێرەی قسەی ئەوان” ئیهانەی بە ئیسلام كردووە.
كورتەی حیكایەتەكە، بەگوێرەی گێڕانەوەی كەمپینەكە ئەمەيه:
مەلا بەختیار، “وێنای‌ ئاینی‌ ئیسلام دەكات كە بەزەبری‌ شمشێرو عەگال و عەبا و حوشترەوە بەسەر كوردیان سەپاندووە و ئینسانی‌ كوردیان كوشتووە بۆئەوەی‌ موسڵمان بن و كوردستانیان داگیر كردووە بۆ ئەوەی‌ ئیسلام بەسەر كوردا بسەپێنن” هەروەها وتراوە كە ناوبراو هیچ جۆرە بەڵگەیەكی نییە‌و ئەم قسانەی هەڵبەستووە، ئەمەیش بەوە دەگەیەنن كە ئیهانە‌و سوكایەتی بە ئیسلام‌و كردووە “هەست و شعوری‌ زیاتر لە 90%ی‌ دانیشتوانی‌ كوردستان پێشێل دەكات”.
بەڵام ئەگەر بە دوای واتا راستەقینەكانی ئەم كەمپینەدا بگەڕێین، قسە لەسەر مەلا بەختیار نییە، بەڵكو ئامانجی كەمپینەكە لەوە واوەتر دەڕوات‌و ئەگەر سەربگرێت، ئەوا كارەساتێك بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كارەساتی وەستاندنی بیركردنەوە‌و دژایەتی ئازادی نوسین‌و توێژینەوە.
لەراستیدا، من نیازی هیچ جۆرە بەرگرییەكی شەخسیم لە مەلا بەختیار نییە‌و نیازم نییە ببمە مامە خەمەی ئەو، ئەو خۆی دەتوانێت باشتر لە من بەرگری لەخۆی بكات، هەم پێگەی سیاسی‌و حزبی هەیە‌و هەم بوارێكی باشی راگەیاندیشی لەبەر دەستدایە، بەڵام پێم وایە بێدەنگ بوون لە بەرامبەر كەمپینێكی لەم جۆرەدا، بەهەر بیانوویەك بێت، گەلحۆییەكی ئاشكرایە بە پلەی یەكەم بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بیركردنەوە‌و نوسینی ئازادانە شوێنی خۆی نەداتە دەست تاریكی‌و گومڕایی.
لەوانەیە ئەوانەی كەمپینەكەیان بەرێخستووە، سود لەوە وەربگرن كە مەلا بەختیار لە پێگەیەكی حزبی وەهادایە كە بۆ خەڵكانێكی زۆر مایەی خۆشنودی نەبێت‌و ئەمەیش بكرێتە رێگایەك كە بە سودوەرگرتن بە بوونی هەستێكی دژ بە دەسەڵات، هەستێكی دژ بە ئازادیش پەرەپێبدرێت. بەڵام كۆكردنەوەی ئەم دوانە لە یەك چوارچێوەدا جیا لەفڕیودان هیچ شتێكی تر نییە‌و بڕوایش ناكەم بتوانرێت سەركەوتوو بێت.
ئەگەر رێخەرانی كەمپینەكە پێیان وایە راستی رووداوەكانی كوردستان لە كاتی داگیركاریدا شێوندراوە، ئەوا هیچ شتێك لەوە ئاسنتر نەدەبوو كە راستییەكان بخرایەتە روو، خۆ ئەگەر كەسێك گریمانەیەكی دەربڕیوە‌و نەیسەلماندووە دەتوانرێت داوای سەلماندنی لێبكرێت‌و داوای بەڵگەو سەرچاوەی لێبكرێت. سەیرە 29 كەس لە مامۆستایانی زانكۆ، رۆژنامەنووس‌و  تەنانەت لەنێویاندا پارێزەر هەیە، بەڵام بێ‌ ئەوەی مافی بەرگری بدەنە كەسی تۆمەتباركراو خێرا سزاكەی بەسەردا ساغ دەكەنەوە‌و داوای لێدەكەن ژەهری پەشێمانی بنۆشێت!! ئایا لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە هەڵوێست وەرگرتنە پەرچەكردارێكی نا عەقڵانی نییە بەرامبەر بە گریمانەیەك یان بەرامبەر بە رایەك، ئایا ئەگەر ئەم قسە مەلا نەیكردایە‌و كەسێكی تر بیكردایە دەبوایە بەرەو رووی چ سزایەكی تر بكرایایەتەوە؟ یان با هەر لە بنەڕەتەوە بپرسین كێ‌ مافی ئەوەی پێداون ببنە پارێزەری چواردە سەدە لەمەوبەر؟!
ئەگەر وا بڕیارە وتنی هەر قسەیەكی وەك ئەوەی كە “كورد بە زۆر بووەتە ئیسلام” بەواتای مورتەد بێت‌و روشاندنی شعوری زۆربەی زۆری خەڵكی كوردستان بێت‌و كەمپینی بەرپێگرتنی بۆ رێبخرێت‌و لیستی سزای بۆ دیاری بكرێت، كەواتە هەر جۆرە پرسیارێك لەسەر فاكتەكانی روداوێكی مێژوویی‌و كۆمەڵایەتی‌و سیاسی وەك هاتنی لەشكری ئیسلام بۆ كوردستان، بەرامبەرە بە ئیهانەی شعوری خەڵك‌و بەم بیانووەیشەوە دەبێت ئەو پرسیارانە نەكرێن‌و سزایان بۆ دابنرێن. ئەمە رێگایەكی سادەیە، كە بەهۆیەوە دەرگاكانی بیركردنەوە‌و نووسین لەسەر رووداوە مێژووییەكان‌و بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ كوردستان هەیە دابخرێت‌و بە هیچ شێوەیەك رێگا نەدرێت ئەو لایەنە، كە بەشێكی مێژووی ونی كوردستان پێكدەهێنێت، توێژینەوەی لەسەر بكرێت‌و هەروا بە شاراوەیی بهێڵدرێتەوە.
من گەلێك كتێب‌و وتاری ئیسلامییەكانم لەبارەی هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ كوردستان خوێندوەتەوە‌و سەرجەمیشیان لەسەر ئەوە كار دەكەن كە كورد بەدڵپاكی‌و بێ‌ بەرەنگاری ئایینی ئیسلامی قبوڵكردووە‌و بووەتە موسڵمان. لەراستیدا ئەو وتارو كتێبانە لەگەڵ بەیاننامەی كەمپینەكەدا لە یەك خاڵدا یەكدەگرنەوە، ئەویش نووسینەوەی مێژووە بەگوێرەی ویستێكی سیاسی، نەك نووسینەوەی فاكت‌و رووداوەكان بێت‌و سەرجەمیشیان كار لەسەر حەرامكردنی چوونە ناو ئەو بوارە دەكەن.
سەیركەن چۆن نووسەرانی ئیسلامی بەبێ‌ ئەوەی هیچ بەهایەكی مێژوویی، بەڵگە، كۆمەڵناسی، سیاسەت‌و هەستی گشتی بەهەند وەربگرن دەكەونە نووسینەوەی ژیانحاڵی ئەوانەی چەندان سەدە لەمەوپێش ژیاون، هەموو بەڵگەكانیانیش تەنیا هاندانی سیاسی‌و ئایۆلۆژییە..
من لەمێژووی هیچ گەلێكدا نەمبینووە، بەشێوەیەكی ئاسان بتوانێت دەستبەرداری بەها مەعنەوییەكانی خۆی بێت‌و هەروا بە سانایی ئایینەكەی خۆی بگۆڕێت بۆ سەر ئایینێكی تر، ئەمە هەم لەلایەنی كۆمەڵناسییەوە جێگای قبوڵ نییە‌و هەم لەلایەنی دەرونناسی‌و سیاسیشەوە پەسندكراو نییە.
گەلە ئارییاییەكان كە لە ئەوروپاوە هاتبوون، توانیان سەرجەم هیندستان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان‌و تەواوی خەڵكە ئەسڵییەكەشیان كردە ژێر دەستەی خۆیان بەڵام نەیانتوانی كۆتایی بە ئایینەكانیان بهێنن. ئایینی مەسیحی بووە ئایینی رەسمی ئیمپراتۆریەتی رۆم، بەڵام خودی ئایینەكە بە قازانجی ئیمپراتۆرییەت گۆڕانكاری بەسەر هات‌و ئایینەكەیان بەویستی خۆیان داڕشتەوە، گەلێك باڵی مەسیحی رویانكردە نیوەدوورگەی عەرەبی، بەڵام بەتەواوێتی مەسیحییەتەكەیان لەگەڵ مەسحییەتی چوار ئینجیل دا جیاواز بووە، جولەكەكان چەندان جار لە مێژوودا تێكشكان‌و ملكەچی گەلەكانی تر بوون، بەڵام دەستبەرداری ئایینی خۆیان نەبوون، ئیسلام توانی شوێن بە ئایینی زەردەشتی ئێرانییەكان لەق بكات، بەڵام ئەو مەزهەبە شیعەیەی لەسەر خاكی ئیرانییەكان پەرەی سەند بوو، ئەوە نەبوو كە لە مەدینەوە هاتبێت… ئەوە راستییەكی بەڵگە نەویستە كە تەنانەت كاتێك دنیای مادی گۆڕانكاری بەسەردا دێت، هەروا بە سانایی گۆڕانكاری بەسەر لایەنە نا مادی‌و مەعنەوییەكەدا نایەت‌و زەمینەی خۆی دەوێت…
 خۆ ئەگەر بەتایبەت لەبارەی كوردەوە بوترێت بەبێ‌ هیچ بەرەنگارییەك بووەتە ئیسلام‌و كۆتایی بە بڕوای ئایینی خۆی‌و كەلتوری خۆی هێناوە‌و لەهەموو راستییە مێژووییەكان بەتاڵی بكەینەوە، ئەوا دەتوانین دوو گریمانە وەربگرین، یەكەم: ئەوەی كە كورد بە تەواوەتی لە مانا‌و واتای ئایینی ئیسلام تێگەیشتووە‌و پەسندی كردووە‌و بڕوای پێهێناوە، دووەم: یان ئەم نەتەوەیە بە گشتی نەخۆشی ماسۆشییان هەبووە‌و حەزیان بە ملكەچی كردووە‌و للەزەتیان لە ئازار بینیوە.
هەموو لایەك خاڵی دووەم رەد دەكەنەوە، كەواتە با لەسەر خاڵی یەكەم بوەستین. ئایا كورد لەئیسلام تێگەیشتووە‌و بڕوای پێهێناوە؟
بورهانی ئەوانەی ئیدیعای خاڵی یەكەم دەكەن، لەوەوە دەست پێدەكات كە كورد پەی بە حەقیقەت‌و عەدالەتى ئیسلام بردووە‌و گەیشتۆتە ئەو یەقینەی كە ئەم ئایینە راستەقینە‌و نەكەوتۆتە بەرامبەرییەوەو قبولَى كردووه.
بۆ ئەوەی لە بەهای پەیامێك تێبگەی پێویستت بەوەیە كە لەپلەی یەكەم دەستت بە سەرچاوە‌و بنەماكانی ئەو پەیامە بگات‌و كاتێكی ئازادت لەبەر دەستدا بێت بۆ بەراورد‌و هەڵسانگاندن‌و بڕیار دان، ئایا لەسەرجەم مێژووی ئیسلامدا نمونەیەكی لەم جۆرە هەبووە، تا لە كوردستاندانی ناو شاخ‌و دۆڵەكاندا ئەو دةمةدا روویدابێت؟ ئایا خودی خێڵی پەیامبەری ئیسلام بەو جۆرە ملكەچی پەیامی ئیسلام بوون؟ ئایا هاوزمان‌و هاو شوێن‌و هاو بازرگانەكان بەو شێوەیە‌و بەبێ‌ هیچ بەرگری‌و خوێن‌و كوشتن‌و ملكەچی بوونەتە موسڵمان، تا كەسانی تر ئەو كارە بكەن؟ لە كوردستانێكی سەدەی حەوتی زایینی بەدواوە، كە هیچ تەلەفیزیۆن‌و سەتةلایت‌و ئینتەرنێت‌و رۆژنامە‌و كتێبێكی تێدا نەبووە‌و هیچ نوسراوێك نەبووە پەیامی ئیسلام بگەیەنێتە دەست خەڵك‌و خوێندەواری دەگمەن‌و لە نەبووەوە نزیك بووە‌و خودی قورئانیش هێشتا نەنوسرابووە‌و كۆ نەكرابوەوە، ئەی چۆن ئەم خەڵكە توانی ئەم راستی‌و حەقیقەتە لە درۆ‌و ناراستی جیا بكاتەوە؟ ئایا نەتەوەیەك كە ئەمە حاڵی مامۆستاكانی زانكۆو رۆژنامەنووسەكانی ئەمڕۆی بێت، دەبێت حاڵی ژیانی چواردە سەدە لەمەوپێشی چۆن بووبێت، تا ئیسلامییەكانی ئەمڕۆی ئێمە بێن‌و پێمان بڵێن ئەم خەڵكە بە ئارەزوومەندانە رێگای ئەم ئایینەیان گرتۆتە بەر..
ئایا رێكخرانی كەمپین، دەتوانن رێگایەكی ترمان جیا لە رێگای زەبری شمشێر‌و داگیركاری (بەزمانی خۆتان فتوحات) پێبڵێن بۆ هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ كوردستان؟  ئەگەر كوردستان داگیر نەكراوە، چۆنە لە كتێبەكانی خۆتاندا باس لەوە دەكەن كە:
“دەستكەوتی موسڵمانەكان لەمەدائن (مەبەست لە شەڕی جەلەولایە. س) 12 هەزار ماین‌و، ئەمبارێكی زۆر لە ئاڵتون‌و مجەوهەرات‌و چەك‌و تفاقێكی زۆر بوو”‌و “عومەر نامەی نوسی كە ئیتر مەڕۆن ئەوەندەمان بەسە، دەقی نامەكە (ان قف مكانك ولا تطلبوا غیر ذلك).” بڕوانە: (حەسەن مەحمود حەمەكەریم، كوردسان لەبەردەم  فتوحاتی ئیسلامی دا، لەبڵاوكراوەكانی پرۆژەی تیشك، چاپی چوارەم ، 2007. ل 17)
ئایا بڕواهێنان‌و ملكەچییەكی بێ‌ ئەملاولا بۆ ئایینێكی دیاریكراو، ئەنجامەكەی لەدەست دانی ماین‌و ئاڵتون‌و چەك‌و تفاق و هتد… دەبێت؟
دەكرێت لیستی ئەم پرسیارانە زیاتر بكرێن، بەڵام بۆ ئێرە بەسە.
حەقیقەتە مێژووییەكان ناتوانرێت بە ویستێكی سیاسی‌و حزبی‌و ئایدیۆلۆژی پەرەدەپۆش بكرێن. داگیركردنی كوردستانیش لەلایەن لەشكری ئەوسای ئیمپراتۆریەتێكی عەرەبی، كە پەرچەمی ئایینی ئیسلامی بەدەستەوەگرتبوو، حەقیقەتێكە ناتوانرێت پەردەپۆش بكرێت، مێژوونووسە عەرەبەكان خۆیان كارێكی وا ناكەن، ئیتر چۆنە لێرە كاسە لە چێشت گەرمترە؟
دەتوانین بڵێین زانیاری ورد بۆ ساغكردنەوەیەكی رووداوە مێژووییەكان لەبەر دەستدا نین، بەڵام ئەمە نابێتە ئەوەی كە بە ویستی خۆمان رابردوو بنوسینەوە‌و ئەمڕۆیش بۆ مەرامێكی سیاسی‌و ئایدیۆلۆژی بكەوینە كەمپین‌و كەمپینكاری‌و باجی كارەكەیش بكەوێتە ئەستۆی ئازادی بیروڕا‌و نووسین‌و مافی پرسیاركردن لەسەر رووداوەكان.
ئەوەی رێكخەرانی كەمپینەكە دەستیانداوەتێ‌، قەرەبووكردنەوەی هەستی روشاویان نییە، بەڵكو بە بەهانەكردنی مەلا بەختیارە بۆ هێرشكردنە سەر بەها ئازادییەكان‌و مافەكانی لێكۆڵینەوە‌و رادەربڕین.. ئەم كەمپینە هەڵگری ویستی سڕینەوەی ئەوی ترە، هەڵگری ویستی ترساندن‌و خۆبواردنە لەقسەكردن لە ئایین‌و مێژوو، رووداوەكان. ئەگەر رێخەرانی كەمپین مەلا بەختیار وەك بەهانەیەك بۆ ئەو مەبەستە بەكار دەهێنن، ئەوا بە پێچەوانەیشەوە دەتوانرێت  خودى  مەبەستەكە بكرێتە بەهانەیەك بۆ ئەوەی ژیان لەكورستاندا تاریكتر نەبێت…


سەلام مارف

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.