Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مەلەکردنی ماسیەکی ئاڵتونی بەنێو بەتاڵایی ڕۆحدا

مەلەکردنی ماسیەکی ئاڵتونی بەنێو بەتاڵایی ڕۆحدا

Closed
by May 12, 2008 ئەدەب

(چەند ووردە بیرێکی پەرتبوو  لەمەڕ قەسیدەی (من وخۆم)ی حەمەی کاکەڕەش..)

ـــ   من وەڵامم دایەوەو گووتم : بۆ من باشترە ئاوەها بمێنمەوە وەک خۆم.. 
                                                            ….  سوکرات * …. 

ئیسماعیل حەمەئەمین……

1
بۆ ئەوەی خۆمان لەمن قوتارکەین پێویستمان بەگۆڕینی زۆر شێوازی ژیان هەیە کەتاوەکو ئێستا پەیڕەومان کردووە. بۆ ئەوەی من لەخۆمان قوتاربکەین پێویستمان بەوە هەیە بەجۆرێکی دیکە بیربکەینەوە، لەسەر لایەکی دیکە بخەوین وبەجۆرێکی دیکە دانیشین. جۆری خواردنەوەکانمان، شێوەی قسەکردنمان، لەوانەشە توڕەبوون وگریانەکانیشمان پێویستی بەگۆڕانکاری بێت…بۆ ئەوەی خۆم لەمن قوتاربکەم دەبێت هەموو شتەکان پێچەوانە بکەمەوە کەتاوەکو ئێستا کردوومە. ئەمە جۆرێکە لەشێتبوون، یاخود ڕاوەستانە لەسەر لێواری شێتبوون، قەڕەباڵغیەکە هۆشمەندی دەخاتە لێواری نیگەرانیەکی قوڵەوە، لەرزینێکە بۆ ئەوەی هەموو شتێک قڵپ ولنگەوقووچ بکەینەوە، کەتاوەکو ئێستا هەبوون. تەنها بیرکرنەوە لەوەی کە من وخۆمێک هەیە لەنێومدا زۆرانبازیانە، دەمباتەوە سەر لێواری پەرتبوون. پەرتبوونی کەسێتی نێومان، پەرتبوونی (من/ ئیگۆ)، پەرتبوونی هۆشمەندی، لەتبوونی ئێستا لەنێو خۆیدا. ئەمانە هەمووی مانای  گۆڕینی جیهانە لەبەرچاومان،جۆرێکە لەگۆڕینی دەنگی دنیا بەڕەنگی دیکە. لەدواجاردا بینیی مەلەکردنی ماسیەکی ئاڵتونیە بەنێو بەتاڵایی ڕۆحدا.
ئەو ماسیە دەبینین بەنێو بەتاڵایدا مەلە دەکات، پولەکەئاڵتونیەکانی بریقەی دێت لەنێو تاریکایی ژوور وتاریکایی ڕۆح وتاریکایی ئەم جیهانە گڵۆباڵە سەرمەستە بەشێتبوون وچەنەبازیەکانی. ئەو ماسیە دەبینین بەبەر چاوماندا دێت ودەچێت، هیچ شوێنەوارێک لەدووی خۆی جێناهێڵێت..بەڵام ئەمە کەرایەتیە واهەستبکەین ماسیەکان شوێن پێ بەجێبهێڵن، شوێن پەنچە، یاخود شوێن پولەکە لەدووی خۆێاندا جێبهێڵن. من نایەوێت وەها بیربکەمەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەوانەیە (خۆم) پێمبڵێت: ئەوە شوێن پولەکەیە بەسەر بەرد و قەوزایی نێو دەریاکانی بەتاڵایی ڕۆحتەوە، شوێنگربە ودەیدۆزیتەوە، مەهێڵە ئەو ماسیەئاڵتونیە ئاوەها بەئاسانی بەنێو بۆشایدا تێپەڕ بێت وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، هیچ ..

2
من وخۆم لەسەر ماسیەکی نەبینراو شەڕ دەکەن، دەکەونە زۆرانبازیەوە، دەبێتە هەرایەکی سەیر وجەستە دەکەنە گۆڕەپانی زۆرانبازیەکانیان. ماسیەک لەوانەیە لەچرکەساتێکی کەوتنەخوارەوەتدا بینراوبێت بۆ نێو بۆشایی، بەڵام کەی دەکەوینە نێو بۆشاییەوە؟، کەی دەکەوینە نێو بەتاڵایەوە و هەستدەکەین هیچ شتێک نەماوە بەسەریدا هەنگاوبنێین؟،کەی واهەستدەکەین هیچ شتێک نەماوە وەک زەویەکی پتەو لەژێر پێەکانماندا!. هەستبکەین هیچ نەماوە بۆ هەنگاوی دیکە جگەلەبۆشایی نەبێت، بەتاڵایەک ئەوەندە سەختە، هەوڵدەدەین لەبیری بکەین وەک ئەوەی نەبووبێت. فەرامۆشی  دەکەین وژیانی ئاسایی خۆمان دەژین، کەچی ئەو بۆشایە بەدوومانەویە، ڕووبەرێکی سەیری لەژیانمان داگیر کردووە، ڕۆژ بەڕۆژ فراونتر دەبێت، دەبێت بەچاڵێکی ڕەش لەلێورایدا وەستاوین، لەساتەکانی تەنیابوونەوەماندا لەگەڵ خۆماندا، زۆر بەڕوونی و حەیابەریەوە دەیبینین. ئەو چاڵە ئاوەها بە ئاشکرا و دڵڕەقیەوە لەبەر پێماندا خۆی درێژ کردۆتەوە. ئەو چاڵە، ئەو بیرەقوڵە، ئەو بۆشاییە، لەساتەکانی تەنیایی منە وە دەست پێدەکات، ئەو ساتەی کەلەگەڵ خۆمدا پێکەوەین.

3
 نێزیکبوونەوە لە خۆمان و جیهانی ناوەوەمان،مانای بینینی ڕەهەندێکی دیکەی ژیانە، بینینی  ماسیەکی ئاڵتونی تەنهایە بەنێو قەوزە نەبینراوەکانی ڕۆحدا دێت ودەچێت، لەوانەشە بینینی بریقەی پولەکە ئاڵتونیەکانی بێت، بەتاڵایی ڕۆحت بخاتە سەر ئاستی هەستپێکراو. چیتر نەتوانین بەتاڵایی ڕۆح بەقەرەباڵغی (من) لەنێو ژیانی ڕۆژانەدا داپۆشین، لێی ڕابکەین و بڵێین ئەمانە هەمووی وەهمێکی نەخۆشانەن،وەهمێکن ڕۆژانە ژیان و کارکردن وهاتوچۆ وقەرەباڵغی کۆمەڵایەتی دەتوانێت هەموو ئەمانە بەدرۆ بخاتەوە. بەڵام کاتێک دەرگای ژوور لەسەر خۆمان دادەخەین،دەمانەوێت بەهێمنی سەیری بنمیچی ژوور بکەین، یاخود لەپەنچەرەکەوە سەیری درەختەکانی دەرەوە بکەین، لەو دویوو شوشەبەندیەوە دەنگەکان بەکپی بێتە بەرگوێمان، ئەو ساتە دەزانین کەئەمانە هیچی وەهم نین، بەڵکو ژیانێکن لەنێو ژیانێکی دیکە، فۆرمێکی نەبینراوە لەنێو فۆرمێکی بینراودا خۆی شاردۆتەوە. ئەو چرکە ساتە دۆزینەوەی خودە لەسەر ڕووبەرێکی دیکە، ساتەکانی تەنهایی منە لەنێو کپی وخامۆشیدا. کاتێک بەرامبەر خۆمان دەبینەوە وەک خۆمان، کاتێک پیری، یاوەکو برینداری ئەشق ولەدەستدانی ئازیزان بەتەنی لەگەڵ خۆماندا جێماندەهێڵێت،ئەوساتە هەموو شتەکان بەجۆرێکی دیکە خۆیان نمایش دەکەن، ئەوساتە هەستدەکەین چیتر کورسیەکان وئینجانەی بێ گوڵی سەر مێزەبچوکەکان، تەنانەت تابلۆکانیش وەک خۆیان نەماون. هیچ شتێک وەک خۆی نەماوەتەوە، هەموویان چوونەتە نێو ڤیزیۆنێکی دیکەوە،چوونەتە نێو  خەیاڵبەندیەکی دیکەو بینینێکی دیکەوە. لەنێو دووریەکی دیکەدا خۆیان نمایشدەکەن،بەپێچەوانەی ئەو دووریەی تاوەکو ئێستاچاوی من ویستویەتی بینراوی بکات..
 ئەوساتەوەختە، چرکەساتی منە کەلەبەرامبەر خۆمدا بەڕووتی  وەستاوە، ئەوە ساتی خۆمە کەهەموو شتەکان لەڕێگەی سەمای خۆیەوە بینراو دەکات، لەنێوان بینراوی چاوی من بۆ شتەکان وبینراوی چاوی خۆم بۆ هەمان شت بەتاڵایەک هەیە، تێدا بینراوەکان دووری دیکە وسوچی دیکەو ئیستاتیکای دیکەو، بینیی دیکە بۆ چاو وخەیاڵ  نمایشدەکەن. (خۆم) بەرامبەر ئەو گۆڕانە وەستاوە ودەڵێت: ئاها کورسیەکان وەک خۆیا نین هاوڕێم، ئاها کتێبەکان خاوەنی زەمەنی خۆێندنەوەی خۆیانن ،دێنە نێو شتێکی دیکەوە. ئاها ئەژدیهایەکی ڕەنگین لەنێو ئاگری خۆیدا سەما دەکات، ئاها دەبینیت هیچ شتێک لەشوێنی خۆیدا نەماوە، ئاها هاوڕێم من وتۆ لەنێو ئەم بەتاڵایەدا بەجێماوین…

4
ئایا ئەمە کاتێک ڕوودەدات کەتەنیا دەکەوینەوە، بەڵام مەرج نیە ئەم تەنیا کەوتنەوەیە تەنها هەڵبژاردنی خۆمان بێت. گووتم خۆمان،یان خۆم،وانیە.. کەواتە هەڵبژاردنی خۆمان بۆ تەنیایی، بۆ تەنیاکەوتنەوە،تەنانەت بۆ مەنفاکانی ڕۆح وشوێن وزەمەنیش، هەڵبژاردنێکە هۆشمەندیەکی تایبەتی بەخۆی هەیە. دیسانەوە گووتم (خۆم)  یان خۆی ، لەنێوان هەردوو وشەی هۆشمەندی و خۆیدا پەیوەندیم ڕایەڵکرد، کەواتە خۆم  بەقورسی لەنێوماندا یاری دەکات  وتوانای فەرامۆشکردنیمان نیە. ڕۆژێک دەبێت بەرامبەر خۆمان بینەوە، من بەرووتی بەرامبەر خۆی بمێنێتەوە. مانەوە بەرامبەر خۆت مەرج نیە هەڵبژاردە بێت، جگەلەو نوسەرو هونەرمەند و داهێنەر و لێبوک و ئەکرۆباتە شێتانە نەبێت کەسی دیکە نیە بەرامبەر خۆی بێتەوە. بەرامبەر بوونەوەی خۆت مانای جۆرێکە لەخۆئازاردان، ماسۆشیەتێکە بەڵام چێژی سێکسواڵی نیە، بەقەد ئەوەی هەموو ژیانت دەخاتە لێواری لەرزینەوە. چونکە هیچ شتێک وەکوخۆی نامێنێت، هیچ شتێک نابنەوە بەوەی لەوەو پێش هەبوون، ئیدی من گیرۆدەی خۆی دەبێت.

5
لەم دێڕانەی سەرەوەدا چەند بیرکردنەویەکی پەرش وبڵاوم لەسەر ڕووبەری یاریکردنی زماندا پەرتکرد، چەند بیرۆکەیەک کەپێویستە بوارێک بهێڵمەوە بۆ خوێنەری ئەم دێڕانە بیرکردنەوەی خۆی لەسەر بینابکات. بیرکردنەوەیەکە لەهاوکێشەی خۆم ومن، کەزمان دەهێنێتە ئاستێکی بیرکردنەوە، ئەمەش هێزی ئەم قەسیدەی (من و خۆم) ی (حەمەی کاکەڕەشە)، کە هەردوو وشەی من و خۆمی کردۆتە ئیشکالیەتێکی شیعری، کەلەفۆرمی بیردنەوەیەکی فەلسەفاندنی شیعریدا خولدەخۆن. لەسەر ئەم هێزدانە بەو کێشەبەندی و ئیشکالیەتەی هەردوو ووشەی( من و خۆم) کەهەیکەلی قەسیدەکەی لەسەر بینابووە،دەتوانین  چەندەها هیپۆ تێزی لەسەر بینابکەین.  بەڵام پێش ئەوەی باسی زمان بکەم، دەمەوێت باسی ئەو هاوکێشەیە بکەم لەنمونەی زیندووتردا، بۆ ئەوەی خوێنەر بەئەبستراکیەت تۆمەتبارم نەکات. ئەم ئیشکالیەت وکێشەبەندیەی ( من و خۆم) لەوانەیە تەنها پابەندنەبێت بەهۆشمەندیەکی باڵاوە، کەتایبەتە بەئۆرستۆکراتیەتی ڕۆشنبیرانەوە. نەخێر دەکەوینە وەهمی گەورەوە کاتێک مەزندەی ئەوە بکەین،هاوکێشەی (من وخۆم) تەنها هاوکێشەی ڕۆشنبیرەکانە، بەتایبەت هاوکێشەی هونەرمەند وشاعیر وفەیلەسوفەکانە. هاوکێشەی من وخۆم نێزیکە لەسروشتی مرۆڤانەوە وەک بونەوەرێکی بیرکەرەوە، وەک بونەوەرێک بەرامبەر جیهان وەستاوە، لەزۆرانبازیدایە لەگەڵ نان وهەواو شێداری شەوەکانی چێژ و سێکسواڵیەت وجادووی لەدایکبوون وخەلیقەت. بەمانای مرۆڤی ئاسایی، بەڵێ.. ئاسایی کەدێت ودەچێت ودەخەوێت و سێکس دەکات و هیچی تر!. ساتێک هەیە ئەویش دەکەوێتە بەردەمی خۆی، بێگومان ئەو خودە ئاساییە کەهۆشمەندیەکی دیاریکراوی هەیە، سەختر دەکەوێتە نێو بەتاڵایەکانی ڕۆحەوە. کاتێک شتێک ڕوودەدات کەتەنیا بکەوێتەوە وپێویستی بەوە هەبێت لەبەردەم خۆی بەڕووتی ڕاوەستێت،لەوانەیە ئەو ساتە وەختە لەدەستدانی ئازیزێک بێت، سامان یان دەسەڵات بێت، ئەوساتە من بەرامبەر خۆم دەبێتەوە، من و خۆم لەگەڵ یەکتردا دەکەونە گفتوگۆ، ئیدی جیهانی دەرەوەی خۆت چیتر ئەو چێژ و سیحرەی نامێنێت، چیتر ئەو تامە لەبن زماندا جێناهێڵن، چیتر هیچ شتێک لەشوێنی خۆیدا نیە لەگەڵ ئەوەی لەهەمان شوێنی خۆیانن.

6
کاتێک دیکتاتۆرەکان دەسەڵاتیان لەدەستداوە ولەنێو قەفەزی تاوانباریدان، کەسانێکن دەگەڕێنەوە بۆ نێو خۆیان، منی ئەوان ڕووتبۆتەوە لەبەرامبەر خۆیاندا. جاران دەسەڵات هەبوو کە(من) بتوانێت (خۆی) پێ پەردەپۆش بکات، بەڵام هەموو  ساتی لەدەستدانی قەرەباڵغی جیهان ودەسەڵات، ساتی ڕووتبوونەوەتە لەبەردەم خۆتدا، ئیدی دیکتاتۆر ئەکرۆباتێکی ونبووە ودووریەکانی دیکەی ئەو گوریسانە دەبینێت کەکاتی خۆی بەسەریدا تێپەڕ بووە.
نمونەیەکی دیکە کاتی بەجێهێشتنی شوێنە، شوێن وەک نیشتمان، وەک شار، وەک ماڵ، وەک جێگەی ئافرەتێکی ئاشقی پڕئاڵۆشی شەوە نارنجیەکان.. ئەو ساتەی بیر لەبەجێهشتنی دەکەیتەوە، هەموو شتێکی ڕاوەستاو؛ لەمێزە بیگرە تاوەکو سووچی ماڵ، تادەگاتە ڕەنگی پەردەکانی بەیانیان و بۆن و ئەو تامەی هەموو شوێنێک لەبن زماندا بەجێێدەهێڵن.. هەموو ووردەکاریەکان گۆڕانیان بەسەردادێت ودووریەکی تر و بینینێکی دیکە پێشکەش بەتەماشادەکەن،هەستێکی دیکە بەجێدەهێڵن کەجاران بوونی نەبووە. ئاوەها ئێمەی مرۆڤ پابەندین بەزەمەنی خۆمانەوە،وەکو چۆن پابەندین بەجەستەمانەوە. کەبیر لەجێهێشتنی شوێن وکەس و ئازیزەکان دەکەیتەوە، چیتر ئەمانە وەکو جاران نامێنن، تەنانەت دەربڕینی دیکە وڕەنگی دیکە وبۆنی دیکەیان تێدا دەدۆزیتەوە، چونکە تۆ ڕووت بوویتەوە لەهەموو دیسپلین وپەیوەندیداریەک، تۆ لەو چرکەساتانە دەتەوێت ببیتەوە بەخۆت وڕووتبوویتەوە لەهەموو ئەو پەیوەندیدارانەی (من) لەژیانی ڕۆژانەیدامومارەسەی کردووە، تۆ دەبیتەوە بەخۆت وبوون بەخۆت سەخترین بڕیارە. کێشەی مرۆڤەکان لەنێو مەنفاکانی شوێندا ئەوەیە کەلەو هاوکێشەی بوون بەخۆیان ڕادەکەن، بەدیوێکی دیکەدا کێشەی هەموو مرۆڤ بەگشتی، ئەو زۆرانبازیە سەختەیە کەمرۆڤ تامردن هەوڵدەدات ببێتەوە  بەخۆی. خۆی و هیچی دیکە…

      
7
قەسیدەی (من و خۆم) ی حەمەی کاکە ڕەش، ئەو ڕاکردن و خۆشارنەوە و کێشمەکێش و شەڕە بێهودەیەی نێوان من و خۆمە، قەسیدەیەکە لای من وابەستە بەچیرۆکێکی سەیرەوە کەپێموایە نابێت خوێنەری لێ بەش بکەم.  کاکە حەمە هێشتا قەسیدەکەی لەهیچ شوێنێک بڵاونەکردبۆوە، ئازیزانە منی بەسەر کردەوە وبۆی ناردم، کەقەسیدەکەم خوێندەوە وامهەستکرد ئەم قەسیدەیەم لەمەوبەر خوێندۆتەوە،بۆ شاعیری ئازیزم نوسی من ئەم قەسیدەیەم لەوبەر خوێندۆتەوە!. کەبێگومان وانەبوو… دوای ماوەیەک ڕۆمان نوسی هاوڕێم( کاروان کاکە سوور) خوێندنەوەیەکی جوانی بۆ کردبوو، بەووردی خوێندمەوە ونوسینەکەم پێ جوان بوو، بەڵام بۆ کاروانم نوسی کەنابێت ئاوەها لەسەر ئەو قەسیدەیە بنوسێت، چونکە ئەو قەسیدەیە ئەو هەموو نوسینە هەڵناگرێت. ماوەیەک دوای ئەوە بەختیارعەلی  ئازیز قسەی لەسەر کرد. من لەبەر خۆمەوە گووتم : ئەم هاوڕیانەم شێت بوون، سەلیقەی ئەدەبیان خواربۆتەوە…
بەڵام کەئێستا جارێکی دیکە تێکستە شیعریەکە دەخوێنمەوە، ئەو دووریەی تێدا دەبینیم کەلەوەو پێش نەمبینیووە، نەک لەبەر ئەوەی ئەوانی دیکە لەسەریان نوسیووە، نەخێر ، من لەسەر زۆر تێکستم نوسیوە کەزۆر کەم لەسەریان نوسراوە، کێشەکە لای خۆم دووریەکی دیکەی هەیە. کەزیاتر لەو دیوو تێگەیشتمانەوەیە بۆ قەسیدە و خوێندەنەوەی دەقەکانەوە وەستاوە، لەوانەیە ئەو قەسیدەیە پەنجەی کردبێت بەبرینێکی ڕۆحی مندا، بەتاڵایەکی خستبێتە بەرپێم، کەلەم مەنفایەدا بەردەوام لێی ڕادەکەم. 
بیرم دێت لەساڵانی هەشتاکاندا لەهەولێر شێرزاد حەسەن لەکۆڕێکیدا چیرۆکێکی خوێندەوە، یەکێک لەگوێگران هەستاو و زۆر توڕەبوو، ئەوەندە بەتوڕەیەوە قسەی دەکرد کەهەمووانی سەرسام کردبوو،ئەو بەڕێزە ئەدیب نەبوو، نوسەر نەبوو، خوێنەر و دۆستێکی ئەدەب بوو، پێدەچوو چیرۆکەکەی شێرزاد پەنچەی وەردابێتە برینێکی قوڵ و سەختەوە..
ئێستا قسەیەکی (بۆرخیس)م بەتەڵخی بیردەکەوێتەوە، باس لەوە کردووە، کتێبێک هەیە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا، کتێبێکی تەواوە، لەنێو هەوا و زەمەنی خۆیدایەتی. بەڕای بۆرخیس  ئەو کتێبە،ئەو نوسینە، وەک پەڕەندەیەک وەهایە تەنها چاوەروانی نوسەرەکەیەتی. پێدەچێت قەسیدەکە لێرەو لەوێ،لەنێو زەمەنی بیرکردنەوەی شیعری منیشدا هەبووبێت، هەر بۆیە وامهەستکردبوو کەخوێندومەتەوە، ئازایانە (حەمەی کاکە ڕەش) نوسی و بوو بەنوسەرەکەی. 
پێدەچێت ئەم هەموو هەستە ناجۆرەی کەئەم قەسیدەیە لای من، بەوەی جارێک لەمەوبەر هەبووە و خوێندومەتەوە وجارێکیشیان توڕەم بەرامبەر ئەو هەموو نوسینە ودەمەوێت فەرامۆشی بکەم، پەنجەکردنی قەسیدەکەیە بەبرینی کراوەی نێوخۆم، برینی زۆرانبازی هەمیشەیی لەنێوان  من و خۆمدا. لەدوای خوێندنەوەیەکی دیکەی ئەم قەسیدەیەدا ئەو پرسیارە کۆنینەیە لام سەریهەڵدایەوە : کەی من دەبمەوە بەخۆم ، ئایا سوکرات گووتەنی باشتر وانیە وەک خۆم بمێنمەوە. بەڵام ڕاوەستە ئەی دەبێت ئەو خۆمە چی بێت کە من شەڕی بۆدەکات!. خۆم لەکوێدایە ولەچ زەمەنێکدایە؟، کەی دەبێت من وەک سۆزانیەکی شەرمن بەرامبەر بەخۆمان ڕووتبێتەوە؟، لەوانەیە هەمووی لەو چرکە ساتەوە دەستپێبکات کەماسیەکی ئاڵتونی دەبینین بەنێو نەبینراودا مەلە دەکات، بەنێو بەتاڵایی، بەتاڵایی ڕۆحمان …..

ئیسماعیل حەمەئەمین
نورنبێرگ 12/03/08

*  پلاتۆن : ئاپۆلۆگی (بەرگریکردنی)  سوکرات. چاپخانەی لایکلامی ئەڵمانی. لاپەڕە11
         Platon, Apologie des Sokrates, Reklam Verlag 1987, S11.   
• ئەم نوسینە لەگۆڤاری هەناری ژ 27  بڵاوبۆتەوە بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵەی هونەریەوە ناونیشانەکەیان لێقرتاندبوو.       

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.