Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مەوقیف و ئوتومبیل و شتى تر …    نەوزاد بەندى

مەوقیف و ئوتومبیل و شتى تر … نەوزاد بەندى

Closed
by December 3, 2013 گشتی

 

 

 

با یەکەمجار باسى مەوقیف بکەین ، کە خۆى وشەیەکى عەرەبیە و بەو خاڵە ئەوترێ کە ئەبێ هەموان تیایدا ڕاوەستن یاخود هەڵوەستەیەک بکەن ، تەنانەت ئامانەکانیش لەو خاڵەدا ئەوەستن ، بزانن چەند کەس دائەبەزن و چەندى تر سەردەکەون ..ئیتر ئەوە تەنها پێناسەى ئەبستراکتى مەوقیفە ، بەلام ئەگەر بزانین ئەم مەوقیفانە لە ڕۆژهەڵاتدا بە جۆرى تر بەکار هاتون ، واتا خەڵکانێک تیایدا ڕاوەستاون کە نازانن بۆچى وەستاون ، چەندەها ئامانە دێت و ئەمان هەر وەستاون ، هەندێکیان ڕەنگە چاوەڕوانى کچێکى گونجاو بکەن بۆ دڵداریى یان بۆ زەواج ..ڕەنگە لە دڵتوندى ماڵەوەیش ڕایانکردبێ بۆ ئەوەى لەو شوێنانەدا تەماشاى جوڵەى و مرۆ و ئالەتەکان بکەن ..ئیتر بەو جۆرە کاتەکان ئەڕۆن ..وەکو فیۆدۆر دیستۆیڤسکى لە ڕۆمانى شەوە سپییەکاندا باس لە پیاوێکى بێ هیوا ئەکات کە ئەچێتە مەوقیفى شەمەندەفەر ، شەوان لەوێندەر بەسەر دەبات و تەماشاى خەڵک و شەمەندەفەر ئەکات ، تاکو ئەبێتە هاوڕێى کچێک کە ئەویان هیوایەکى هەیە بۆیە دێتە وێستگە ، هیواکەیشى ئەوەیە بە دڵخوازەکەى شاد بێتەوە ، بەڵام شەو لە دواى شەو دڵخواز دیار نیە ، بۆیە خەریکە ئەبێتە هاوسۆزى ئەو پیاوە بێکەس و تەنیایەى کە بێ هۆ لە وێستگەیە ..کەچى لە سەعاتى سفردا دڵخوازەکەى لە شەمەندەفەرەکە دادەبەزێت و باوەشى بۆ دەکاتەوە.. ئیتر ئەم ئەکەوێتەوە ناو چاڵى تەنیایى و ..ئەویش لەگەڵ یارەکەى، بۆ هەتاهەتایە وێستگە بەجێدێڵێ ..

بەڵام لەم بوقعەیەى خۆماندا ، کە پارەیەکى زۆرى تێدا ڕژاوە ، زۆربەى خەڵکەکە بون بە خاوەنى چواریپێچکەى خۆیان و ئیتر چیدى لە مەوقیفەکاندا چاوەڕوانى ئامانەو و ئۆتۆبیس و مینى بوس ناکەن ..یەکڕاست لە ماڵەوە سلف لە ماشێن ئەدات و .. ئەچێتە سەرکار و .. ئێوارەیش هەمان گەشت بە پێچەوانەوە کاوێژ ئەکاتەوە ،، ئیتر ئەم لە یادکردنەوەى مەوقیفى ئامانەکان ، زۆربەى مەوقیفەکانى تریشى لە بیر بردینەوە وەکو مەوقیفە پیاوانەکان و .. مەوقیفە ئازایەتیەکان و ،. مەوقیفە مرۆڤایەتیەکان ..تەماشا ئەکەیت کۆمەڵگایەکى سیخناخ لە مرۆڤ دروست بوو ، کە هیچ مەوقیفێکى تێدا نیە پیاو بیرێکى تیا بکاتەوە ..کەس ناچێتە ماڵى کەس ، بیشچێت ئەوەندە بە فەرمى ئەچێت وەکو نێرراوى وڵاتە یەکگرتووەکان وایە ، یان وەکو ئەو دایک و باوکانە وایە کە ئەچن بۆ کۆبوونەوەى دایکان و باوکان ..تەنانەت کۆبوونەوەى مزگەوتى ڕۆژانى هەینیش بووە بە بارێکى قورس و .. ئەو مامۆستایانەى کە خوتبەکانیان کورتە ، زۆرترین گوێگریان هەیە و مزگەوتەکانیان سیخناخن بە گوێگر .. ئیتر نازانم ئەم لادانە ، لادانێکى کاتیە لە هێڵى مرۆڤایەتیە و پاشان ئەگەڕێینەوە بۆ پێکەوە خواردنى گوێز و مێوژى شەوان ، یان لادانەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئەبێت ، بە جۆرێک هەریەکەمان ئەبین بە حوکمەتێک و سنورى داڵدە و بیر و بۆچوونەکانمان هیچ کەسێک بۆى نیە بیبەزێنێ ؟؟ نازانم ….

ئوتومبیلەکەم کێشەیەکى تێکەوت ، بردمە کۆمپانیا بۆمى چاک بکەن ، وتیان : 24 سەعات ئەبێ لە کۆمپانیا بمێنێتەوە .. ئیتر ئەو ناوەندەم بەجێهێشت ، سەرەتا ویستم تەکسیەک بگرم ، بمبات بۆ شوێنکارەکەم ، لە دڵى خۆمدا وتم : بۆچى بە پێ نەڕۆم ؟ .. ئیتر بە پێ کەوتمە بڕینى شەقامەکان ، لە زۆر شەقامدا تاقە پیادە ، خۆم بووم .. ئەوەندە دڵشاد و بە کەیف بووم ، هەرگیز بە وشە پێناسە ناکرێت .. ئەو ماسولکانەى کە لە مێژە ئوتو کراون و دەقیان گرتووە ، هێواش – هێواش خاو ئەبوونەوە و .. جوڵە و هێز و توانایان بۆ ئەگەڕایەوە ..هەرچەندە هەندێک شۆفیَِرى ماشێن بە تەوسەوە بۆیان ئەڕوانیم و .. وەکو بونەوەرێکى نامۆ تەماشایان ئەکردم ، ئاخر من بە شەقامى هێڵى خێرایشدا ، هەر بە پیادە ئەڕۆیشتم ، بە جۆرێک هەندێک لەو شوفێرانە حەزیان ئەکرد چەمەلەغێکم لێ بدەن ، هەندێکیشیان لە دەلاقەى ئوتومبیلەکانیانەوە قریوەیەکیان ئاڕاستە ئەکردم وەکو ئەوەى داڵێکى زەلام ، باڵێکى شکا بێ ، یاخود شتێکى پێ کەوتبێ ، زامدار بووبێ ، دەنگێکى لەو جۆرە .. بەڵام من لە لوتکەى بەختەوەریدا بوم ، باکم بە هیچ نەبوو .. بۆم دەرکەوت ئەتومبیل ئەو میللەتەى ئێمەى کەمئەندام کردووە بە جۆرێک هیچ کەسێک ناتوانێ کیلۆمەترێک بە پیادەیى ببڕێ .. میللەتێکى کەمئەندامى لوتبەرز ، چاوەڕوانى چى لێدەکرێ ؟ .. هیچ ..بەو ڕێگایانەدا ئەڕۆیشتم و کزەبایەکى پاییزى گوێچکەکانى تەزاندبوم ، بە تەختایى و هەڵەت و بەرزی و نزمیدا وەکو کارمامز ئەڕۆیشتم ، جۆرەها هەستى جوان و مناڵیى و شیعریم بۆ ئەهات ، ئەو مناڵانەم ئەبینى کە فوویان لە دوکەڵى ڕەشى بارهەڵگر و ئۆتۆبیسە چڵکنەکان ئەکرد ، دڵم دائەخورپا ..ئەترسام دوکەڵى ڕەشى ئەگزۆزى ئەو ئوتومبیلە نا مەسئولانە ، سییەکانیان ڕەش بکاتەوە ، ئاخر حوکمەت لە کوێ خەوتوە ؟ 3 مانگ زیاترە بڕیارى یاساغکردنى دوکەڵى ئەگزۆزى ئیمزا کردووە ، هێشتا خاوەن ئەگزۆزێکى پیسى سزا نەداوە ..ڕۆژ بە ڕۆژیش فایلى مناڵە نەخۆشەکانى نەخۆشخانەى هیوا زیاد ئەکات ..دە ساڵ و زیاترە مناڵان جبسى پاندا ئەخۆن ، تازەکى حوکمەت بۆى دەرئەکەوێ جبسى پاندا ترسناکە و یاساغى ئەکات ..بەڵام هێشتا بۆى دەرنەکەوتوە دوکەڵى ڕەشى ئەگزۆز خراپە ، ئیتر نازانم .. هەروا ئەڕۆیشتم و جۆرەها بیرۆکەم بۆ ئەهات ، بۆم دەرکەوت ڕزگار بوون لە ئوتومبیل ، وەکو ڕزگار بوون لە باستیل و ئەبوغرێب و گوانتانامۆ وایە ..بڕوانە ئەو میللەتە بەشێکى ئوتومبیلى کوشتونى و ئەیانکوژێ .. بەشەکەى تریان وەکو ئیفلیج ناتوانن دوو هەنگاو بە پێ بڕۆن ..مناڵەکانیشمان خەریکى هەڵمژینى دوکەڵى ئەگزۆزن …. هەروەها ئەو پیاوە سمێڵ بابڕانەم ئەبینى کە شەرواڵەکانیان تاکو ئەژنۆیان هەڵکردبوو ، دینەمۆى بیرەکانیان پێکردبوو ، بە سۆندەیەکى زەلامى وەکو ئەوەى ئاگرکوژێنەوەکان خەریکى شوشتنى دوو تەنى و پیکاب و لۆریەکانیان بوون ..هەر لە خۆمەوە وتم : ئەگەر کاتى خۆى عەباسى کوڕى فڕناس شەڕواڵێکى لەو جۆرەى لە پێدا بوایە ، ڕەنگە نەمردایە ، بەڵام ئەگەر بەو ڕووداوەیش نەمردایە ، هەر ئەمرد و ناوبانگەکەیشى لە کیس ئەچوو .. ئەم جۆرە پیاوە سمێڵ بابڕانە وا ئەزانن ئاوى بیر موڵکى خۆیانە و بۆیان هەیە بیست و چوار سەعاتە بەریبدەنەوە وبە حەق و ناحەق کارى بکەن .. ئەم خیپشانە نازانن ئاوى ژێر زەمین لە نەوت بەنرخترە ،چونکە نەبوونى نەوت نابێتە هۆى مردنمان ، بەڵام تەواو بوونى ئاوى ژێر زەمین ، ئەبێتە هۆى خنکانمان لە تینواندا .. ئومێدەوارم حوکمەتەکەمان وەکو چۆن جبسى پانداى قەدەغە کرد و .. ویستى دوکەڵى ئەگزۆز قەدەغە بکات و نەیتوانى ، بڕیارێکیش گەڵاڵەبکات بە هۆیەوە ئاوى ژێر زەمین لە دەستى ڕەشۆکیەت دەربێنیتەوە و بیخاتە دەستى فەرمانگەیەکى تایبەتمەندى ئاو ، ئەگینا کار وا بڕوات ،ئەو سەدان هەزار بیرەى کە خوا وەکیلى لێدراون ، ئەبنە هۆى وشککردنى ژێر زەمینى وڵاتەکە ، ئەوسا مەگەر لەگەڵ پڕادۆ و فۆرد و تۆیۆتادا ، ئاوى دەسنوێژ و سەیارە شوشتن و تارەتگرتنیش هاوردە بکەین …

کە گەیشتمە ماڵەوە ، وتم : لە بازاڕەوە بە پیادە هاتمەوە ، هەموویان چاویان لێ زەق کردمەوە و بە یەک دەنگ وتیان : چۆۆۆۆۆۆۆۆن ؟

وتم : چاک .. ئیتر هەفتانە چەند ڕۆژێک بە پیادە دێم و ئەڕۆم .. ئێستا تامى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و .. تامى خواردن و .. تامى لە دەرگا دان و .. تامى خواردن ئەزانم .. مرۆڤێک ماندوو نەبێ ، مردوویەکە بەشى زیندوو ئەخوات یان ڕۆڵى زیندوو ئەبینێ .. ئەوان هیچ تێنەگەیشتن ، بەڵام من خۆم چاک ئەمزانى ئەوان کوێیان ئێشێ و .. خۆیشم چەند داشم سوارە 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.