نامه‌یه‌ك له‌باره‌ی لاهوت و سیاسه‌ت
ئه‌م ناونیشانه له بنچینه‌دا هی كتێبێكی فه‌یله‌سوفی هۆڵه‌ندی باروخ سپینۆزایه،به باشی ده‌زانین لێی وه‌رگرین و قسه‌كانیشمان هه‌ر له‌سه‌ر خودی ئه‌م ناونیشانه بن، چون تاوه‌كو ئێستا ئه‌وه‌ی ئه‌م فه‌یله‌سوفه له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرد و پێشبینی له‌سه‌ر كرد و به‌هۆیه‌وه تووشی ده‌رده‌سه‌ری و ده‌ركردن بۆوه له وڵاته‌كه‌ی له زۆربه‌ی كونج و كه‌له‌به‌ره‌كانی ئه‌م جیهانه‌دا وه‌ك عه‌قلییه‌تێكی بزۆز و چالاك هه‌ر له‌جووڵه‌دایه و كاریگه‌رییه‌كانیشی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتورییه‌كان هه‌ر به‌هێزه و له وێنه جیاجیاكانی نێو كۆمه‌ڵگه‌كاندا رۆڵده‌بینن.
سپینۆزا خوێندنه‌وه‌یه‌كی قووڵتری له هاونیشتمانی و هاوئاین و هاوڕه‌گه‌زه‌كانی خۆی له‌سه‌ر چه‌مكه ئهبستڕاكته هزری و ئاینییه‌كان هه‌بوو، ئه‌و زیاتر له‌وان به قوڵاییه‌كاندا ده‌چووه خوار و ئه‌ودیو شته‌كانی ده‌بینی، هه‌ر ئه‌مه‌شه خه‌سڵه‌ته‌كانی فه‌یله‌سوف و رۆشنفیكره گه‌وره‌كان و له جیاتی ئه‌وه‌ی خۆیان و هاوئادهمییهكانیان له سایه‌یاندا بحه‌سێنه‌وه دوچاری هه‌موو شێوازه‌كانی توندوتیژی ده‌بوونه‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌م راستییه‌یه كه مرۆڤایه‌تی تاوه‌كو ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ هه‌ر له‌سه‌ر بنچینه‌ی راستییه ژماره‌ییه‌كان ئیش ده‌كا و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌هل به ژماره له به‌رامبه‌ره‌كه‌ی زیاتره ئه‌وا كه‌سه كه‌م وێنه‌كان له مێژوودا هه‌رده‌م قوربانی بوونه بۆ په‌ره‌سه‌ندنه هزرییه‌كان. ئه‌و له‌وان زیاتر باوه‌ڕی به خودا هه‌بو و پێیوابوو به زه‌رووره‌ت ده‌بێ باوه‌ڕمان پێی هه‌بێ و وه‌سفی خودای به‌م شێوه‌یه ده‌كرد:- باڵاترینی وجوده و به ره‌هایی خێرمه‌ند و به‌زه‌ییه و نابێت كه‌س گومان بكات كه خودا بێهاوتایه، كه‌چی به زه‌ندیق و لاده‌ر له‌قه‌ڵه‌م درا. پێیوابوو كه خودا له هه‌موو شوێنێك ئاماده‌یه و هه‌موو شتێكیش ده‌بینێت و له نێو ورد و درشتی سرووشت و گه‌ردووندا بوونی هه‌یه و تواناكانی سرووشت له تواناكانی خوداوه‌ن و خه‌سڵه‌ته‌كانی خودا‌ش له یاساكانی سرووشتدا ده‌رده‌كه‌ون و ده‌قه ئاینییه‌كان ته‌نها میتافۆڕ و مه‌جازن مه‌به‌ست لێیان ته‌نها شاره‌زابوونه له سرووشتی خودا. پێیوابوو كه جووله‌كه‌كان باوه‌ڕی حه‌قیقیان به خودا نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه ئه‌وه پاداشت و سزایه وایكردووه له خراپه بترسن و بۆ پاداشتیش هه‌میشه له هه‌وڵدابن و پێیوابوو په‌یامبه‌ره‌كان به پێی جیاوازی بۆچوونه‌كانیان و به جودایی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئه‌و سرووشانه داناوه كه بۆیان هاتۆته خوار.
ئه‌و له ساڵی 1632 له ئه‌مسته‌ردام له خێزانێكی پورتوگالی به ره‌چه‌ڵه‌ك جوله‌كه له دایك بووه و سه‌ر به تایه‌فه‌ی مهرانۆسه، باوكی بازرگانێكی سه‌ركه‌توو بوو به‌ڵام دیندارێكی سه‌رسه‌ختی جوله‌كه بوو، سپینۆزای وه‌ك ئۆرسۆزۆكسێكی جوو په‌روه‌رده كرد، كه‌چی هه‌ر نه‌یتوانی گیانی ره‌خنه‌ی تیادا بكوژێ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایكرد هه‌میشه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دا بێ له‌گه‌ڵ هاوئایینه‌كانی. ئه‌و تا ئاستێكی باش تلمود و ته‌وڕاتی له(ئیشیبا) كه قوتابخانه‌یه‌كی یه‌هودی بوو خوێند و به مێژووی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی جووی وه‌ك (موسای كوڕی مه‌یموون و ئه‌بڕاهام عهزڕا)دا شۆڕبوه‌وه كه دوو زانای به‌ناوبانگی جوو بوون له ئێیبیریا. له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی خۆیدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خودا له نێو كۆی مهوجوداتهكانی سرووشت و گه‌ردووندا بوونی هه‌یه و تێكسته ئاینییه‌كان هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد ته‌نها میتافۆڕ و مه‌جازن بۆ ناسینی هه‌رچی زیاتری خودا له لایه‌ن كه‌س و كار و تایه‌فه‌ی جووی ئه‌مسته‌ردام ته‌نگه‌تاو و سهرزهنشتكرا و یه‌كێك له توندڕه‌و و ده‌مارگیره‌كان به چه‌قۆ هه‌وڵی كوشتنی دا.
سپینۆزا به‌یه‌كێك له فه‌یله‌سووفه هه‌ره به ناوبانگه‌كانی خۆرئاوا ده‌ناسرێ و بناغه داڕێژه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵه كه دواتر له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا ده‌ركه‌وت و ده‌شكرێ بڵێین كه زه‌مه‌نی مۆدێرنیزم سه‌رتاپای به‌زه‌مه‌نی عه‌قڵ و تا ئاستێك هه‌روه‌ك شپینگله‌ر ده‌ڵێ زه‌مه‌نی رههاخوازی عه‌قڵ بوو، جووله‌كه‌كان به‌ره‌هایی به دهركهتووترین پیاوه بیرمه‌نده‌كانی خۆیانی ده‌زانن. پێیانوایه ئه‌و ته‌نها نیوه‌ی راستیی ده‌ڵێ و نیوه‌كه‌ی تری بۆ زرنگیی كه‌سانی تر و مێژوو و گه‌شه‌ی سرووشت به جێده‌هێڵێت، ئه‌مه‌شی به‌و مانایه‌یه كه راستی به ره‌هایی لای هیچ كه‌سێك نییه و هه‌ر له‌وه‌شه‌وه دینامیكییه‌تی عه‌قڵ و شكڵگرتنی سیستمه به‌هاییه‌كان سه‌ر هه‌ڵده‌دات. سپینۆزا هه‌وڵی نه‌دا پرنسیپگهلێك وه‌ك میتۆد دابڕێژێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هزری ئه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆی فه‌لسه‌فه‌كانی دوای خۆی به‌جێهێشت، ئه‌وه‌تا هیگل له باره‌ی ئه‌وه‌وه ده‌ڵێ:- ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ ببێ به فه‌یله‌سووف پێویسته به‌ر له هه‌موو شتێك سپینۆزا بخوێنێته‌وه.
سپینۆزا سه‌ره‌تا له‌سه‌ر میتۆدی دیكارت و به‌كارهێنانی ئه‌و میتۆده ده‌ڕۆیشت به تایبه‌ت له‌و بوارانه‌ی پێشتر دیكارت نهپهڕژابووه سه‌ری وه‌ك (ئاین و سیاسه‌ت). هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ش بوو پاشان لای پیاوانی ئایین بێزرا و دواتر ده‌ربه‌ده‌ر كرا، چون ئه‌و پێیوابوو پیاوه ئاینییه‌كان نابێ ده‌ست له سیاسه‌ت وه‌ربده‌ن و كاریگه‌ری ئایین له‌سه‌ر ره‌وتی سیاسی وڵات دابنێن. ئه‌و میتۆدی هزرێكی روون و ئاشكرای له بواری باوه‌ڕ و ئایندا جێبه‌جێكرد و پێیوابوو عه‌قڵ هه‌ر ئه‌وه نییه دادوه‌رانه له نێوان خه‌ڵكدا دابه‌ش بووبێ، به‌ڵكو باشترین شته له بووندا.
ئه‌و له ژێر كاریگه‌ری دیكارتدا بوو و هه‌ر ئه‌و بۆمبه‌ش بوو كه پێشتر دیكارت تیایدا چاندبووی و به‌ڕووی هاوههموو شته‌كانیدا ته‌قییه‌وه. دیكارت وه‌ك ئه‌و ئازا نه‌بوو و هه‌میشه له سازشكردندا بوو له‌گه‌ڵ پیاوانی سیاسه‌ت و ئایندا.
بیرۆكه‌ی سێنتڕاڵ لای دیكارت بریتی‌بوو له (هۆش) و عه‌قڵیش خۆی به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌ناسێ زیاتر له هه‌ر شتێكی تر و دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆشی ته‌نها له رێگه‌ی كاریگه‌ریی ئه‌و دنیایه له‌سه‌ر عه‌قڵ و ده‌ركپێكردن به هۆی هه‌سته‌كانه‌وه ده‌ناسێ، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه سه‌ره‌تای هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌ك به عه‌قڵی تاك و یه‌كه‌م وتووێژیشی به( من بیر ده‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م) ده‌ستپێده‌كات.
سپینۆزا ویستی له پێچه به ده‌وره ئاڵۆزه‌كانی مه‌نتیق و مه‌عریفه ده‌رچێ و ئه‌وه‌ی له میتۆده‌كه‌ی دیكارتدا سه‌رنجی راكێشا بۆچوونی (بوون بۆ دوو توخمی سه‌ره‌كی دابه‌ش ده‌بێت)، یه‌كێكیان هه‌رچی شێوه ماتریاڵییهكانی بوون هه‌یه له ژێریدا ریز ده‌بن و ئه‌وه‌ی تریشیان له ژێریدا هه‌رچی شێوه‌كانی عه‌قڵ هه‌یه به دوا یه‌كدا دێن. ئه‌مه‌شیان تا ئاستێك نه‌گونجان و لێكههڵقۆزینهوهیهك بوو له‌گه‌ڵ هزری سپینۆزا كه بانگه‌شه‌ی یه‌كخستن و یه‌كبوونی هه‌موو شته‌كانی ده‌كرد و ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوانهیهیهی بوون لای دیكارت سه‌ره‌تای بۆ مێژوویه‌كی كۆنتر ده‌گه‌ڕێته‌وه و دواتر له هزری سپینۆزا و ئینجا لای كانت ده‌بێ به مهوجوداتهكانی بواری عه‌قڵ و ئه‌وانه‌ی تریش بواری تێرسێندێنتاڵ. سپینۆزا بۆیه به لای دیكارتدا ده‌چوو چونكه هه‌موو شتێكی له گه‌ردووندا جگه له خودا و رۆح به یاسا میكانیكی و ماتماتیكییه‌كان لێكده‌دایه‌وه ئه‌م ستراتیژیه‌ته فیكریهش بۆ ئه‌و به‌س بوو تاوه‌كو له لایه‌ك له مهرجهعیاته ئاینیی و سیاسییه‌كان خۆی بپارێزێ و له لایه‌كی دیكه‌ش به‌م روانینه تازه‌یه گۆڕان بێنێته نێو هزری باو و گۆمه مه‌نده‌كان بشڵه‌ژێنێ. دیكارت پێیوابوو خودا ته‌نها پاڵی یه‌كه‌می به دنیاوه ناوه و دواتر بۆ وه‌رچه‌رخانه‌كانی نێو خۆی وازی لێهێناوه، له مه‌شه‌وه پاشان هه‌رچی لێكدانه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌له‌ك و جیۆلۆجیاش كرابێ به‌م بینینه‌ی دیكارتدا تێپه‌ڕیوه و هه‌ر جوله‌یه‌كی مرۆڤ یا هی هه‌ر ئاژه‌ڵێك ته‌نها جوڵه‌ی میكانیكین و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دنیایه‌شدا خودایه‌ك هه‌یه هه‌روه‌ك چۆن له نێو هه‌ر جه‌سته‌یه‌كدا گیانێك. ئه‌و وازی له گه‌ڕان به دوا خودا و رۆح هێنا و هاته‌وه ئاست تواناكانی خۆی و پێیوابوو خودا له‌وه گه‌وره‌تره و ئه‌م سیستمه هاڕمۆنییهی بوون و دینامیكییه‌تی جوڵه‌ی شته‌كان له نێو یه‌كتردا به‌سن بۆ ناسینی ئه‌م راستییه.
له‌و روانگه‌یه‌وه سپینۆزا ده‌ستیكرد به سه‌ر له نوێ پشكنینه‌وه‌ی كتێبه پیرۆزه‌كه‌ی خۆیان و پێیوابوو هیچ شتێك نییه نه‌چێته ژێر باری ده‌سه‌ڵاتی عه‌قڵ و ئه‌زموون. دواتر سیستمه سیاسیه‌كانی خسته به‌ر مه‌ددی نه‌زه‌ر و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌راوردی پێده‌كردن، ره‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵاته تونده تاكڕه‌وه سته‌مكاره‌كان ده‌گرت و پێیوابوو سیستمی دیموكراسی له هه‌موو سیستمێكی دیكه زیاتر له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و سرووشتدا دێته‌وه. ئا لێره‌وه‌یه سپینۆزا به ئازاتر و نه‌ترسانه‌تر له دیكارت ده‌بینین و پێیوابوو بواردانه عه‌قڵ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی خۆی له‌سه‌ر هه‌موو شتێك بكات و ته‌نانه‌ت به نێوه‌رۆكی ده‌قه ئاینییه‌كانیشه‌وه ئازادكردنی تاكه‌كانه له‌و پێوه‌ندانه‌ی تاوه‌كو ئه‌وسا نه‌یانهێشتووه وه‌ك بونێكی چالاك بیر بكاته‌وه. دیكارت ئه‌گه‌رچی سه‌رچاوه‌یه‌كی هزری و فه‌لسه‌فی سپینۆزابوو و رووه ناتهواوكراوهكهی ئه‌و بوو له زه‌مه‌نی خۆیدا به‌ڵام دیكارت سیستمی سیاسی له میتۆده گوماناوییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵبوارد و قسه‌ی له‌سه‌ر یاسا و پرنسیپه نیشتمانییه‌كان نه‌كرد، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ:- یه‌كه‌مجار ده‌بێ ملكه‌چی یاسا و داب و نه‌ریتی وڵاته‌كه‌ی خۆم بم و له‌سه‌ر ئه‌و دینه‌ش بمێنمه‌وه كه خودا پێیبه‌خشیوم. قسه له‌سه‌ر مانه‌وه یا نه‌مانه‌وه له‌سه‌ر ئاینه‌كه‌ی ئه‌و نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ پیاوانی دین و سیاسه‌ت هه‌ندێ به زیره‌كی و دانایی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و پێیانوایه بواری ئه‌وه‌ی نه‌دان له‌گه‌ڵیدا رووبه‌ڕووببنه‌وه.
په‌یامی سپینۆزا شۆڕشێك بوو له هزری ئاینی و سیاسی و كولتوری له زه‌مه‌نی خۆیی و ئه‌و ویستی تروسكایی و رۆشنایی سروشت له ئایندا پراكتیزه بكات و له سیاسه‌تیشدا هه‌موو تاكێك به ئازاد له موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات نیشان بدات. ئه‌م بینینه‌ی سپینۆزا هه‌م كردنه‌وه‌ی بواری ئاینه له‌سه‌ر ره‌عییه و خه‌ڵكانی عه‌وام و چیدی قۆرخ نه‌بوونییه‌تی ته‌نها بۆ پیاوانی ئاین و هه‌م خستنه سه‌ر پشتی سیاسه‌ته بۆ تاك به تاكی خه‌ڵك و ره‌خساندنی هه‌له بۆ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ سیاسه‌ت بكا و تا سه‌ری سه‌ره‌وه‌ش له ده‌سه‌ڵات هه‌ڵكشێ.
سپینۆزا وای ده‌زانی كه فه‌لسه‌فاندن هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر په‌رستن و عیبادهت و ئارامی و ئاسایشی وڵات درووست ناكات، به‌ڵكو هه‌ر هه‌وڵێك بۆ سه‌ركوتكردنی ره‌خنه و قسه‌كردن له‌سه‌ریان كاریگه‌ری ده‌بێ له‌سه‌ر ونبوونی ئارامی و ته‌ناهی له وڵات‌دا، كه‌واته سپینۆزا باوه‌ڕی وایه ئازادیی تاكه‌كان و فه‌راهه‌مكردنی هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ سه‌ر ئیمان نییه و بگره عه‌قڵ له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ده‌بێت به بنه‌ما و بنچینه‌ی باوه‌ڕ. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئازادی هزر هه‌ڕه‌شه نییه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت بگره دیسانه‌وه عه‌قڵ بنچینه‌ی سیستمی سیاسییه و ئه‌گه‌ر عه‌قڵ له سیاسه‌تدا ون بێت ئه‌وا خورافه به‌رقه‌رار ده‌بێت. ئه‌وه عاقڵهكانن بابه‌ته‌كانی وجود هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و ده‌یانخه‌نه چوارچێوه‌ی لێكدانه‌وه و هه‌میشه به‌رهه‌مهێنانی ماناوه، له دیدی سپینۆزادا شته‌كان له یه‌ك مانا زیاتر هه‌ڵده‌گرن و سه‌لماندنی ئه‌و هێزانه‌ی له پشت جوڵه و دینامیكییهتیاندان ته‌نها له یه‌ك رێگه و رێچكه‌دا نییه. ئه‌و پێیوابوو هه‌ر پیاوه ئاینییه‌كان نین راستی بونی خودا و روح و زه‌روره‌تی په‌رستنمان پێ ده‌ڵێن به‌ڵكو ئه‌م حه‌قیقه‌تانه له هه‌ره بچوكترین شته‌كانه‌وه بۆ هه‌ره گهورهترینهكانیان ده‌رده‌كه‌ون و ئه‌وه عه‌قڵه ده‌چێته نێو دیارترین په‌یوه‌ندییه‌كانی وجود تا ونترین و شاراوهترینیان و هه‌میشه ده‌بێ عه‌قڵ هه‌رچی هه‌یه و هه‌ستی پێده‌كات ئه‌زموونی بكات.
سپینۆزا جیاوازی ده‌كرد له نێوان عه‌قیده و ئیمان له لایه‌ك و له نێوان بڕواپێكردن و ملكه‌چی كوێرانه له لایه‌كی تر، هه‌موو عهقیدهتێك شتگه‌لێك هه‌یه ده‌بن به بیانوو و به‌ڵگه بۆی و زیاتر له كرده‌ی ده‌روونه‌وه نزیكه و جۆرێك له ئازادیشی تیایه، به‌ڵام ملكه‌چی كوێرانه بریتییه له زاڵبوونی هه‌ڵچوون و بوون به به‌نده كه هه‌رگیز ناكرێ بیانووی بۆ بهێنرێته‌وه. كه لایه‌نی هه‌ڵچوونیش له هه‌ڵسووڕانی تاكه‌كاندا سه‌روه‌ر بێت ئه‌وا ئاساییانه عه‌قڵ ئاماده‌یی نامێنێ و یه‌ك پارچه مرۆڤه‌كان ده‌بن به‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی له ژێر كاریگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی خۆیاندا ده‌بن و هیچ مانایه‌ك بۆ ئازادی و ته‌نانه‌ت بوونیان نامێنێ و وه‌ك كه‌سی بیركه‌ره‌وه ده‌رناكه‌ون به‌قه‌د ئه‌وه‌ی به‌نده و كۆیلهگهلێكن ته‌نها لێده‌خوڕدرێن و به‌س، له‌و حاڵه‌ته‌شدا نابێت چاوه‌ڕێی هیچ داهێنانێك بین لێی چونكه له بنچینه‌دا ئه‌و ئازادی بیركردنه‌وه و عه‌قڵی لێ زه‌وتكراوه و عه‌قیده و ئیمانی مهسلوبه.
سپینۆزا كه قسه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی ئاین ده‌كات هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌وه‌تا له نێوماندایه و سات به ساتی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و ته‌نانه‌ت ئابووریشمان ده‌ژیت و روحانییه‌تی ئه‌و ها ئه‌وه‌تا درێژبووه‌ته‌وه نێو روحی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له سه‌حنه جۆراوجۆره‌كانی ژیانماندا قسه‌ی بوێرانه و عاقڵانه‌یان هه‌یه و بانگ بۆ زاڵبوونی عه‌قڵ به سه‌ر هه‌ڵچوون و نهزعه دژكارییهكان ده‌ده‌ن. ئه‌و پێیوایه سیستمه سته‌مكاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته ئاین له پێناوی زاڵبوون به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا به‌كارده‌هێنن و به شێوه‌یه‌ك سوودی لێ ده‌بینن تاوه‌كو به‌رده‌وام ئه‌وان له‌ژێر ركێفی خۆیاندا بهێڵنه‌وه، ئه‌وه‌تا دیكتاتۆر و ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان تا دێت زیاتر په‌رستگاكان ئاوهداندهكهنهوه و یادی له‌دایكبوونه‌كان به جوانترین شێوه ده‌كه‌نه‌وه و هزری خورافی بڵاوده‌كه‌نه‌وه تاوه‌كو به‌رده‌وام كۆت بكه‌نه ملی عه‌قڵ و له بیركردنه‌وه‌ی جیدی دووریان بخه‌نه‌وه. سپینۆزا هه‌وڵیدا نه‌ك هه‌ر په‌یوه‌ندی له نێوان ئاین و ده‌وڵه‌ت دیاربكات به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ویستی بچێته نێو په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی لاهووت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. په‌یامی سپینۆزا خوێندنه‌وه و دیراسه‌كردنی (سرووش) بوو له مێژوودا كاتێك په‌یامبه‌رێتی له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا بۆ گه‌لێكی دیاریكراو داده‌به‌زێ، ئه‌وا بۆ ساتێك به‌سه‌ر ئه‌و سرووشته‌ی له نێو ده‌روونی خهڵكهكهدایه سه‌رده‌كه‌وێ و پاشان به پێچه‌وانه‌وه سرووشت به‌سه‌ر سرووشدا زاڵ ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌تا سرووش كاتێك بۆ گه‌لی جووله‌كه هاته خوار تاوه‌كو به‌سه‌ر سرووشتی هه‌ستیانه و بتپهرستیانهی مادییانهیاندا زاڵ‌بێت و توانی ئه‌وه وه‌دی بهێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو سرووشتی مادییانهیان به‌سه‌ر سرووشهكهدا زاڵبووهوه و پاشان سرووشی مه‌سیحییه‌ت هاتوو داوای ئاشتی كرد و بۆ ماوه‌یه‌ك سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر سرووشتی شه‌ڕخوازانه‌ی رۆمان و ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو جه‌نگ و ده‌مارگیرییه‌كان دنیایان ته‌نییه‌وه. كاتێكیش سرووشی ئیسلام داده‌به‌زێ بۆ ئه‌وه‌ی ئیماندارانی به پاكترین و باشترین ئۆممه‌ت بناسێنێ و ئه‌مر به چاكه‌یان پێبكات و نه‌هیش له خراپه ئه‌وا دواتر ده‌بن به ئیمپراتۆر و به‌ره و سه‌رزه‌مینی خه‌ڵكی تر هێرش له‌سه‌ر هێرش ده‌كه‌ن و پاشان ده‌بن به كۆلۆنی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان و هه‌رچی سامان و داهاتیان هه‌یه له لایه‌ن ده‌ره‌وه‌ی خۆیان داگیر ده‌كرێ و به‌ڕێوه‌ده‌برێ و دیسانه‌وه ئه‌م سرووش و ئاینه بۆ مه‌رامه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بهكاردهبرێتهوه و خه‌ڵكه‌كه‌ی پێ كۆت و به‌ند ده‌كرێت و خه‌سڵه‌تی ملكهچییان تیادا ده‌چێنن و ئازادی عه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ی مهوجوداتهكانیان لێ زه‌وت ده‌كه‌ن.