نامه‌یه‌کی کراوه بۆ ئه‌و ڕێزداره‌ی ناوی (هامنۆ)ی له خۆی ناوه
نامه‌یه‌کی کراوه بۆ ئه‌و ڕێزداره‌ی ناوی (هامنۆ)ی له خۆی ناوه
حه‌کیم کاکه‌وه‌یس
له په‌راوێزی بابه‌تێکدا که به ناوی (هاوسۆزییه‌ک: بۆ کاک ئه‌مجه‌د شاکه‌لی)یه‌وه نووسیومه و رۆژی 9 ـ 2 ـ 2009 له سایتی ده‌نگه‌کاندا بڵاو کراوه‌ته‌وه، به‌ڕێزێک به ناوی (هامنۆ)وه هه‌ندێ سه‌رنجی به‌هادار و گرنگی به کوردییه‌کی جوان و ڕه‌وان تۆمار کردووه‌ن و ئاواته‌خواز بووم به ناوی خۆیه‌وه و له گوتاریکی سه‌ربه‌خۆدا ئه‌و سه‌رنجانه‌ی ده‌ربڕیبان، بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌که تێروته‌سه‌لتر بوایه. ئه‌و له گۆشه‌نیگایه‌که‌وه ڕوانیویه‌تیه مه‌سه‌له‌ی کورد که له منه‌وه دیار نییه، وه‌ک ئه‌و گۆشه‌نیگایه‌ی که من لێیه‌وه ده‌ڕوانم له‌وه‌وه دیار نییه و ڕه‌نگه به هاوکاریکردن و ئاشنابوون به بیری یه‌کتر و ئاشتکردنه‌وه‌ی باوه‌ڕه‌کان له‌گه‌ڵ گۆشه‌نیگاکاندا، بابه‌تێکی نوێمان بۆ په‌یدا بێ که تا ئێستا باس نه‌کراوه.. وه‌ک له لای من فه‌لسه‌فه و ئایدۆلۆژیا ئاین نین و له هه‌ر کوێیه‌ک بۆم بسه‌لمێ هه‌ڵه له هه‌ر بیرێکدا هه‌بێ به ئاسانیی خه‌تی ڕاستوچه‌پی به سه‌ردا دێنم و ده‌یبه‌زێنم، ئه‌وه‌ش وا ده‌کا نه‌توانم به خۆم بڵێم ئایدیالست و فه‌لسه‌فه نه‌که‌مه که‌ره‌سه‌ی له‌ناوبردنی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه و مه‌رگه‌سات، چونکه هێڕکه‌به‌ردێک له هه‌زار ڕاهێنه‌ری مار بۆ نه‌خواردنی چۆله‌گه مسۆگه‌رتره، ئه‌گه‌ر چاک و خراپی زنده‌وه‌ران به به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤ بپێورێ. خۆزگه ئه‌و به‌ڕێزه‌ش ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا ده‌بوو نه‌ختێ له قودسیه‌تی ئایدۆلۆژیا داگرێ تا له مرۆڤ به پیرۆزتری نه‌زانێ و له بازنه‌ی خزمه‌تکردنی مرۆڤ نه‌یباته ده‌رێ. ئایدۆلۆژیا، چ ئاسمانی بێ چ زه‌مینی، بۆ خزمه‌تی مرۆڤ په‌یدا بووه و مرۆڤ نه‌بێ ئه‌ویش نابێ.
له به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ک زانیومه ناوی (هامنۆ) بۆ نێر و بۆ مێ به‌کار ده‌هیندرێ، به‌و لایه‌دا ناچم ئاخۆ له‌و ڕووه‌وه له کام سه‌نگه‌ردایه! پوخته‌ی ئه‌و خاڵانه‌ش که (هامنۆ) خستوونیه‌تی ڕوو و ده‌مه‌وێ لێیان بدوێم، ئاوهام ڕیز کردووه‌ن:
1. تۆ یه‌کلایه‌نه بڕیاری خۆتت داوه که که‌س بیری لای لێقه‌وماوانی کورد نییه و که‌س له به‌رانبه‌ر هاوسۆزی ئێمه‌دا، هاوسۆزمان نییه!
ـ به لای که‌مه‌وه و بایی ڕه‌واندنه‌وه‌ی تۆمه‌ت، له به‌ر یه‌ک هۆی سه‌ره‌کی، من بڕیارم نه‌داوه که‌س بیری لای لێقه‌وماوانی کورد نییه، به‌ڵکو بڕیارم داوه که ده‌وڵه‌تان، به چه‌پ و ڕاستیانه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به لاوه گرنگتره له کورد. هۆیه سه‌ره‌کییه‌که‌یش ئه‌وه‌یه له کۆڕه‌وه‌که‌ی ساڵی 1991دا به چاوی خۆم ئه‌و خه‌رمانه جلوبه‌رگ و پێڵاوانه‌م دیت که له سێرگلستۆری ستۆکهۆڵمدا کۆ کرابوونه‌وه و پیره‌ژنێکی سویدی که هیچی پێ نه‌بوو بیخاته سه‌ر خه‌رمانه‌که، چووه کۆگایه‌که‌وه و جووتێ پێڵاوی نوێی کڕی و قه‌یتانه‌کانی به یه‌که‌وه گرێ دان و هاویشتیانیه سه‌ر خه‌رمانه‌که. ئه‌وه به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که‌س هه‌یه بیر له لێقه‌وماوانی کورد بکاته‌وه، به‌ڵام من مه‌به‌ستم ئه‌و مرۆڤه گه‌وره و شه‌ره‌فمه‌نده، به‌ڵام بێ ده‌سه‌ڵاته، نییه که پێڵاوه‌کانی کڕی، چونکه: یه‌که‌م، ئه‌و جووته پێڵاوه، ئه‌و ملیۆنه‌ها مینه ناته‌قێنێته‌وه که له سوید دروست کران و له کوردستان چێندران. دووه‌م، ڕه‌نگه ئه‌و پێڵاوانه وه‌ک زۆر پیتاکی تر که بۆ کورد خڕ کرایه‌وه هه‌ر له ڕێوه دزرابێتن و کاریگه‌رییان نه‌مابێ. سێیه‌م، ئه‌و دڵۆپه سۆزه چ کاریگه‌رییه‌کی له سه‌ر زه‌ریای دڕنده‌یی چه‌ک و ڕق و کوشتن نییه و واشه‌رێکی هێلیکۆپته‌ره‌کانی به‌عس خراپ ناکا، تا به هیوایه‌وه ئاراسته‌ی فکریمان بگۆڕین و له پراکتیکدا ڕه‌چاوی بکه‌ین. چواره‌م، ئه‌گه‌ر که‌سێکی فه‌له‌ستینی یا به‌غدایی ئه‌و کاره‌ی کردبا، بزه‌یه‌کی ئه‌و هیوایه‌ی ده‌خسته سه‌ر لێوی هه‌ڵقرچاوی کوردی لێقه‌وماو که هیچ نه‌بێ کاریگه‌ری له سه‌ر خزم و ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌بێ و ته‌قه به ئاسمانه‌وه ده‌نێن نه‌ک به سه‌ر سینگی منداڵی کورده‌وه، به‌ڵام له سوید، ئه‌و ژنه مه‌رده، مه‌گه‌ر ده‌رده‌دڵی خۆی له‌گه‌ڵ پشیله‌که‌یدا بکا تا یارمه‌تی کورد بدا!!
ئه‌دی که بۆمیدیه‌ن بووه ده‌ڵاڵی ڕێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر و به‌فیڕۆدانی خوێنی کورد، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی جه‌زائیر چی کرد که خاوه‌نی یه‌ک ملیۆن شه‌هیده؟ ناڕه‌زایی ده‌ربڕی؟ ئه‌دی بۆ کورد بۆ جه‌زائیرییه‌کان گه‌روویان دڕا ئه‌وه‌نده بشیڕێنن؟! کرێکاری نه‌خوێنده‌واری سویدی 1904 دژی په‌رله‌مان و حکوومه‌تی خۆیان خۆپیشاندانیان ده‌کرد و داوای سه‌ربه‌خۆیی نه‌رویجیان ده‌کرد، که‌چی دوای پتر له سه‌د ساڵیش فه‌یله‌سووف و ڕووناک‌بیری عاره‌ب به هه‌موو کورد ده‌ڵێن خائین و له‌وانه‌ش بگه‌ڕێ کورد هه‌ر به هۆی کوردبوونه‌وه گۆشاگۆش سه‌رده‌بڕن! مه‌به‌ستم بۆ نموونه، جه‌زائیرییه‌کانه که ناڕه‌زاییان دژی ڕێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری ساڵی 1975 ده‌رنه‌بڕی و به به‌ر چاویانه‌وه میلله‌تێک فرۆشرا. مه‌به‌ستم ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌یه که بۆ ئیسلامه‌تی و کافره‌تی و به‌رگریکردن له گامێش و ورچ و دره‌خت گرد ده‌بنه‌وه و ڕازی نابن که‌س به خراپه باسی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بکا که کورد ده‌چه‌سێننه‌وه و ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵدۆسته‌کانی دنیاش به‌رگری له ئاژه‌ڵی کوردستان ناکه‌ن. ئێمه بۆ فه‌له‌ستین شیعرمان گوتووه و ئاوازمان داناوه و هاوارمان کردووه، له به‌رانبه‌ردا چی بووه؟! تۆمه‌تبارکردنمان به پیاوی ئیسرائیل، له کاتێکدا عه‌له‌می ئیسرائیل به سه‌ر سه‌ری خۆیانه‌وه ده‌شه‌کێته‌وه. ئه‌مه، مه‌گه‌ر له‌و فه‌لسه‌فه کوردییه‌دا جێی بێته‌وه که ده‌ڵێ: ده‌سته چه‌وره‌که‌ی خۆی به ئێمه ده‌سڕێ!
ئه‌وه‌ی ئازار به هه‌ستی مرۆڤی ئاسایی ده‌گه‌یه‌نێ ئه‌و بێ ویژدانی و نادادپه‌روه‌ییه‌یه و مرۆ هه‌ست به‌وه نه‌کا، به ئاسانی به‌ره‌و کۆیلایه‌تی دایده‌شکێنێ و من ڕه‌تی ده‌که‌مه‌وه کۆیله بم و کۆیله بیت.
2. ناته‌وێ له‌وه‌ش بگه‌ی ناسیۆنالیسته بیست و چوار کاراته‌کانی دوێنێ ڕووی گورگه به‌عسییه‌کانیان سپی کرده‌وه.
چۆن نامه‌وێ له‌وه بگه‌م؟! ئه‌وانه، نه دوێنێ ناسیۆنالست بوون نه ئه‌مڕۆ. پێ ده‌چێ هه‌ر ده‌سته و تاخمێک که چالاکی ئه‌نجام ده‌دا، ئه‌گه‌ر مارکسی نه‌بێ به لای جه‌نابته‌وه ناسیۆنالست بێ: دز و ڕێگر و خیانه‌تکار و پیاوکوژ و قومارچی و جامباز و بازرگان و فایلدار، له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ پیشه شه‌ریفه‌کان، مادام فه‌لسه‌فه‌ی مارکسییان نه‌کردۆته ڕێباز، هه‌بێ و نه‌بێ ناسیۆنالستن! ئه‌دی بۆ کۆمۆنست نه‌بن که ماڵی سه‌رمایه‌دار به هی خۆیان ده‌زانن؟! بۆ موسوڵمان نه‌بن بیانووی زه‌کاتیان هه‌یه؟! ئه‌م بیردۆزه به هه‌ڵه‌ماندا ده‌با، چونکه ده‌کرێ ناسیۆنالستێک و مارکسییه‌ک و ئیسلامییه‌کی کورد له گه‌ڵ عاره‌بێ یا عه‌جه‌مێکدا پێک بێن بۆ دزینی هێسترێک یا کوشتنی پاره‌دارێک و ئه‌وه‌ی کۆیان ده‌کاته‌وه هه‌ستی دزین و کوشتنه نه‌ک ڕێبازی فه‌لسه‌فی. بۆ چ مه‌به‌ستێ به ناسیۆنالست ده‌یانناسێنی؟! ئه‌گه‌ر بۆ سووکردنی ئه‌وانت بێ، هه‌ڵه‌یت و ئه‌گه‌ر بۆ سووککردنی نه‌ته‌وایه‌تیت بێ هه‌ڵه‌تریت. هیتله‌ر ناسیۆنالست بوو و هه‌موو دنیای ده‌کرده قوربانی باڵای ئه‌ڵمانییه‌ک، به‌ڵام به هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵه ملی خۆی و ئه‌ڵمانیان شکاند و پۆڵ پۆتیش که ئه‌نتی ناسیۆنالیت بوو له ئایدۆلۆژیاکه‌ی خۆیدا هه‌ڵه‌ی له‌و بابه‌ته‌ی کرد و شه‌ش یه‌کی میلله‌تی خۆی بۆ جێبه‌جێکردنی ئایدۆلۆژیا فه‌وتاند. ئه‌تاتورک ناسیۆنالست بوو و ده‌یگوت: یه‌ک تورک هه‌موو دنیا دێنێ. عیسمه‌ت ئینونو ناسیۆنالست بوو و ده‌یگوت: ئه‌وه‌ی له‌م وڵاته‌دا تورک نه‌بێ، هه‌ر ئه‌و مافه‌ی هه‌یه خزمه‌تی تورک بکا. به‌ڵام تاوانکاریی ئه‌و که‌سانه تاوانی ستالین و پۆڵ پۆت ناشواته‌وه. کاک ئیبراهیم قوربان ده‌یگوت: "بێشه‌ره‌فی که‌س بۆ که‌سی تر شه‌ره‌فمه‌ندی نییه!" باوه‌ڕم به‌و قسه‌یه هه‌یه و بێشه‌ره‌فی هیتله‌ر و مۆسۆلینی، بۆ پۆڵ پۆت یا بۆ ستالین شه‌ره‌فمه‌ندی نییه! 900 سه‌رباز له 26000 سه‌ربازی به‌دیلگیراوی ڕووسی له نه‌رویج لای ئه‌ڵمانه‌کان بوون و ده‌ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1944 په‌نایان بۆ سوید هێنا و سویدیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ته‌سلیمی سۆڤیه‌ته‌که‌ی ستالینی کردنه‌وه و ئه‌ویش به تۆمه‌تی خیانه‌ت ناردیانیه سیبیریا. ڕه‌نگه ئه‌مه بۆ سیاسه‌تی سه‌رمایه‌دارانه‌ی ئه‌وسای سوید بێشه‌ره‌فی بێ، به‌ڵام ئایه بۆ سسته‌مه‌که‌ی ستالین شه‌ره‌فمه‌ندانه بوو؟!
که‌س بیستوویه‌تی سه‌رکرده‌ی کورد به لای باسی وه‌ک ئه‌وانه‌ی ئه‌تاتورک و هیتله‌ردا چووبێ؟! نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، بگره له‌و بواره‌دا ئه‌وه‌نده پشته‌وشار و پێچه‌وانه‌ن کورد وه‌ک میلله‌تێکی سووک و بێ به‌ها ده‌ناسن و وه‌ک مه‌ڕ و بزن بازرگانی به خوێن و چاره‌نووس و پاشه‌ڕۆژیه‌وه ده‌که‌ن. هیتله‌ر له سوپه‌رمانێتی ئه‌ڵمان به هه‌ڵه‌دا چوو و پۆڵ پۆت له سوپه‌رئایدیایه‌تی مارکسیزمدا به هه‌ڵه‌دا جوو و هیوادارم سه‌رانی کوردیش، له سوپه‌ربزنایه‌تی کورددا به هه‌ڵه‌دا بچن!! نازانم چ مه‌رجێکی ناسیۆنالیزم له سیاسه‌تمه‌دارانی کورددا به‌دی ده‌کرێ. ئه‌و به‌ڕێزه، که هه‌ق وایه به پێناسه‌ی زاراوه‌کاندا بچێته‌وه، ده‌زانێ ئه‌و زاراوه‌یه به هۆی خه‌ڵکانێکی وه‌ک هیتله‌ره‌وه ڕه‌زای قورسه بۆیه به‌کاری هێناوه و ده‌بوو بۆ کورد نه‌ته‌وه‌یی به‌کار بێنێ و ئه‌وه‌ش هێنده‌ی ئه‌ستێره‌کان لێیانه‌وه دووره. نه‌ته‌وه‌یی کورد ئه‌وپه‌ڕی په‌یامه‌که‌ی ڕازینه‌بوونه به ژێرده‌سته‌یی و ئه‌وه‌ش بۆته نوکته‌ی نوکته‌بازه مارکسییه‌کان، که هه‌ندێکیان به بۆن سه‌رچاوه‌ی پاره ده‌دۆزنه‌وه و هه‌نگاو به سه‌ر بڕوای خۆیاندا ده‌نێن و بۆی ده‌چن! ده‌ته‌وێ ناوه‌کانیان ڕیز بکه‌م یا لێیگه‌ڕێم؟!
3. له که‌ناڵه‌کانی بی بی سی دا نیشانیان دا که مار و مشک، پڵنگ و ئاسک. گورگ و مه‌ڕ له قه‌فه‌زی شووشه‌یی داخراودا هه‌ر جووته و پێکه‌وه خه‌ریکی هاوه‌ڵێتی بوون.
ئه‌مه خۆشبینییه‌کی ناکامڵ و بێ ئه‌نجامی سه‌رشێتی و سه‌رکێشی و کار و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه و هامنۆ ده‌یه‌وێ له بری دڕنده‌یی ته‌بایی ببینێ بۆیه ئه‌و دیمه‌نانه کاریان تێ کردووه و هیوای پێ به‌خشیون. منیش هیواخاوزم گۆشتخۆره‌کان فێری گیاخواردن بن و زاڵمه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه ناو مرۆڤه نموونه‌ییه دڵنه‌رمه‌کان و نه‌ک له ناو شووشه‌دا، به‌ڵکو له دارستانیشدا مه‌ڕ و گورگ هاوه‌ڵ بن. به‌ڵام ئه‌م خه‌یاڵه خۆشکه‌ڵه‌یه چه‌ند ئه‌نفالچی و کوردکوژ نه‌رم ده‌کا؟ ئایه ده‌گونجێ به ده‌م هه‌زار خه‌یاڵی وه‌ک ئه‌و خه‌یاڵه خۆشانه‌وه یه‌ک سه‌فه‌ری به‌غدا به حه‌ویجه و عوزێمدا بکه‌ی؟! ئه‌دی کاکم بۆ ناچێ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ کورددا بخاته شووشه‌وه تا خه‌ریکی هاوه‌ڵێنی بن؟! دوای حه‌فتا ساڵ هاوه‌ڵێنی درۆزنانه، کاک موکه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی، به سۆز و خۆشه‌ویستییه‌وه گه‌ڕایه‌وه گوندی زه‌رده و چووه‌وه سه‌ر خه‌تی سۆفیایه‌تی و شێخایه‌تی و ئه‌وه‌شی جوانتر لێ دێ. من که له دڕنده‌یی سڵ ده‌که‌مه‌وه و له به‌ره‌که‌تی ته‌بایی ڕه‌شبینم، دیمه‌نی تر ده‌بینم، که له ژیانی ئاسایی ده‌ره‌وه‌ی شووشه‌دا هه‌یه: مریشک هێلکه‌ی خۆی ده‌خوا. مانگا خۆی ده‌مژێ. بزن کاری خۆی ده‌کوژێ. شێری نێره به قه‌پاڵێ ملی به‌چکه‌ی خۆی ده‌شکێنێ تا دایکی به‌چکه‌که به با بێته‌وه و ئه‌ویش له‌گه‌ڵیدا جووت بێ، بۆیه دایکه‌که خۆی و به‌چکه‌ی له نێره‌که ده‌شارێته‌وه. به‌شه‌رێک ده‌بێته به‌عسی که به‌عس باوکی و برای ئیعدام کردووه. که‌سێ ده‌بێته جاش که گونده‌که‌ی ئه‌نفال کراوه. پێشمه‌رگه‌ی ڕێبازی مارکس بووه و په‌یوه‌ندی به موخابه‌راته‌وه بووه. سه‌رۆکی حیزبه و ده‌رگای موخابه‌رات ده‌کوتێ. ئیدی ڕه‌شبینی سه‌راپای داگرتووم و ماری ناو شووشه‌به‌ند وام لێ ناکه‌ن سڵ له مار نه‌که‌مه‌وه و گورگی ناو شووشه و هاوه‌ڵی مه‌ڕ هی ئه‌وه نییه به‌رخی خۆت بخه‌یته به‌ر ده‌ستی! له ڕاستیدا، ئه‌و مار و گورگه له خشته براون و مار و گورگی ئاسایی نین!
من پێم وایه ناسینی ده‌روونی مرۆڤ بۆ باسی له‌و بابه‌تانه زۆر گرنگه ده‌نا چۆن بیانووی گۆشتخواردن برسێتییه، ئاوهاش هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ک بیانووی خۆی ده‌بێ… خیانه‌تیش بیانووی خۆی هه‌یه: له ده‌ست فڵانه حیزب بۆته جاش! شۆڕشگێڕه‌کان پیاوی ئه‌مه‌ریکا بوون بۆیه ئه‌مانی چه‌پ یا ئه‌وانی پێشکه‌وتنخواز بوونه جاش! کێشه‌که له‌وه‌دایه من به هۆی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه خیانه‌ت قه‌بووڵ ناکه‌م و تۆش به هۆی هه‌ستی چه‌پایه‌تییه‌وه قه‌بووڵی ناکه‌ی، بۆیه ئه‌وه‌ی لای تۆ خیانه‌ته، ڕه‌نگه لای من ببێته دڵسۆزی و ئه‌وه‌ی لای من خیانه‌ته لای تۆ ده‌بێته خه‌بات و تێکۆشان. چه‌کهه‌ڵگرتنی کۆمۆنست له حه‌فتاکاندا لای من جاشایه‌تی بوو و ڕه‌نگه لای تۆ خزمه‌تی چینایه‌تی جیهانی بووبێ و بیانووشت هه‌یه!! وه‌ره با ئه‌و دوو ڕێبازه ئاشت بکه‌ینه‌وه و ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ین!
کێ بێ حه‌ز به ئاسووده‌یی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان نه‌کا؟! کێ بێ ماوه‌ی نێزیکه‌ی چل ساڵی ته‌مه‌نی ڕاکردوو و قاچاغی ده‌ستی شۆڤێنیزم و زۆرداریی بووبێ، نه‌یه‌وێ دوادوایی ته‌مه‌نی خۆی به ئاسووده‌یی به سه‌ر به‌رێ؟! به‌ڵام کوا ئاسووده‌یی؟! له هه‌ر چوار لامانه‌وه، به به‌رده‌وامی چه‌قۆمان لێ تیژ ده‌کرێ و چاومان لێ سوور ده‌کرێته‌وه و ئه‌وه‌ی به ئاشکرا به‌رگریمان لێ ده‌کا، یه‌ک زه‌لامی بێده‌سه‌ڵاته، ئه‌ویش ئیسماعیل بێشکچییه، که ڕه‌نگه به لای نووسه‌ری ئه‌و سه‌رنجانه‌وه ئه‌ویش شۆڤیه‌نییه‌کی کورد بێ! ئه‌و ده‌ڵێ: سه‌ربازی تورک پیساییان ده‌رخواردی گوندنشینی کورد داوه و له دادگا بێ تاوان ده‌رچوون و خه‌ڵاتیش کراون. واته هه‌ر یاساکان به‌رانبه‌ر به کورد دڕندانه نین، به‌ڵکو سه‌ربازه‌کانیش که ڕێیان هه‌یه ببنه مه‌لا و چه‌پڕه‌و و مرۆدۆست و کۆمۆنست و مۆدێرنیست و ڕابهێندرێن و بخرێنه شووشه‌وه، له یاساکان دڕنده‌ترن! ئه‌دی بۆ وه‌ک مار و مشک، وه‌ک گورگ و مه‌ڕ له‌گه‌ڵ کورددا نایانخه‌یته شووشه‌وه تا تورک فێر بن پیسایی ده‌رخواردی کورد نه‌ده‌ن؟!
4. به پێی هاوکێشه‌که‌ی خۆت سته‌م لیکراوی دوێنێ سته‌مکاری ئه‌مڕۆن، ئه‌وا کورده سته‌ملێکراوه‌کانه‌ی ئه‌مڕۆ سته‌مکاری به‌ئه‌زموونتری سبه‌ینێ ده‌رده‌چن.
ئه‌م خاڵه‌م زۆر به‌لاوه گرنگه و هی ئه‌وه‌یه به وردیی له سه‌ری بوه‌ستین: ڕه‌نگه خه‌سڵه‌تی دڕنده‌یی له چه‌وسێنه‌ره‌وه بۆ چه‌ساوه بگوازرێته‌وه و قوربانی هه‌وڵ بدا لاسایی بکوژ بکاته‌وه تا وه‌ک ئه‌و، له بوارێکی به‌رته‌سکیشدا بێ سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بێنێ. ڕه‌نگه قوربانی بیه‌وێ وه‌ک جه‌للاده‌که‌ی ده‌ستڕۆیشتوو بێ. ئه‌گه‌ر من هه‌ڵه‌بم، بۆچی ئه‌وه‌ی نازییه‌کان به جووله‌که‌یان کرد، جووله‌که به فه‌له‌ستینیه‌کانی ده‌که‌ن؟! باسی نه‌فه‌رێکم بۆ مه‌که له که‌ناڵێکی ته‌له‌ڤزیۆنی ئیسرائیلیه‌وه بۆ فه‌له‌ستینییه‌کان ده‌گریێ، چونکه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پیره‌ژنه‌که‌ی سوید کاریگه‌ریی هه‌یه که جووتێ پێڵاوی بۆ کورد کڕیوه. له بیریشمان نه‌چێ ئه‌و جووله‌که‌یه‌ی بۆ فه‌له‌ستینی گریا، بۆرژوا بوو نه‌ک کرێکار! ئه‌دی عاره‌ب که به ده‌ست ئیسرائیله‌وه زه‌لازه‌لایه‌تی، بۆچی له دڕنده‌ییدا به‌رانبه‌ر به کورد جووله‌که‌یان تێپه‌ڕاندووه؟ کوردیش دیاره سوودی له‌و دڕنده‌ییه‌ی ئه‌وان دیوه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی له‌وه به بچووکتر ده‌زانێ به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی خۆی دڕنده بێ، بۆ گیانی خۆی دڕنده‌یه. ئه‌مه‌یان، نه نازییه‌کان کردوویانه نه جووله‌که‌کان و نه عاره‌بیش. له کاتی شه‌ڕی ناوخۆدا، ئه‌وانه‌ی له خاڵی پشکنین ده‌وه‌ستان ڕێک، به‌ڵام به زمانی کوردی، لاسایی به‌عسییه‌کانیان ده‌کرده‌وه. ڕه‌فیق سابیر نووسینێکی له‌م باره‌یه‌وه هه‌یه و جوانی پێکاوه و سه‌لماندوویه‌تی قوربانی لاسایی چه‌وسێنه‌ر ده‌کاته‌وه… به‌ڵێ کورد خه‌سڵه‌تی به‌عسیه‌کانیان قۆستبۆوه و وه‌ک ئه‌وان بێویژدانانه، به‌ڵام له ناو خۆیاندا، ده‌یانکوشت و تاڵانیان ده‌کرد و ژن و منداڵیان ئاواره ده‌کرد و نه‌فیر عامیان بۆ کوشتار ده‌رده‌کرد. ئه‌م ڕێزداره، کاره‌که‌ی خۆی به‌وه ئاسان کردووه که سه‌رکرده‌کانی کوردی وه‌ک ناسیۆنالست ناسیوه و ئیتر ته‌واو: "مادام ناسیۆنالستن، ده‌بێ وابن! ئه‌گه‌ر مارکسی بن وا نابن!" چ ئه‌نجامگیرییه‌کی بێ سه‌رهێشه‌یه! چ دۆزینه‌وه و چاره‌سه‌رێکی ئاسانه و چ ده‌رمانێکی ساکاره که له گیای ده‌م کانی جۆگا چنگ ده‌که‌وێ! ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌که هێنده‌ی خیانه‌تکردن و گه‌نده‌ڵی و نادڵسۆزی ئه‌وان گه‌وره‌یه. ئه‌وانه خاوه‌نی یه‌ک ئایدۆلۆژیان ئه‌گه‌ر بشێ ئه‌و ناوه‌ی لێ بندرێ: ده‌سه‌ڵات! که ده‌وڵه‌مه‌ندبوونیشی به ده‌مه‌وه‌یه. له کاتی پێویستیدا بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌بنه کۆمۆنست، ده‌بنه ئیسلامی، ده‌بنه تورک، ده‌بنه شیعه و ده‌بنه هه‌موو شتێک. خۆ له ڕاستیدا ئه‌وه‌نده‌ی بانگاشه‌ی چه‌پایه‌تییان له شاخه‌وه ده‌کرد، قه‌ت بانگاشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییان نه‌ده‌کرد! ئه‌دی بۆچی من ناتوانم بڵێم ئه‌وانه چه‌پی کوردن؟ خۆ ئێستاش پڕن له چه‌پڕه‌وی دژه ناسیۆنالیزم! به‌ڵام من نامه‌وێ به فیکه‌یه‌ک به ئه‌نجامێکی ئاوها گرنگ و به‌مه‌ترسی بگه‌م! وه‌ک کوردی نه‌ته‌وه‌یی به مه‌لایه‌که‌ت نازانم، چه‌پی کورد و موسوڵمانه‌که‌ی و کافره‌که‌شی به مه‌لایه‌که‌ت نازانم و کوردی باش و خراپ به لای منه‌وه ڕاده‌ی دڵسۆزی بۆ ئه‌و خاک و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یه دیاری‌یان ده‌کا نه‌ک چه‌ندی ڕق له ماوه و چه‌ندی خۆش ده‌وێ و ڕای به چینایه‌تی چییه، چونکه پێشه‌کی ده‌زانم که‌م که‌س له‌و چینایه‌تییه ده‌گه‌ن که خۆیانی بۆ به کوشت ده‌ده‌ن و که‌م که‌س له ماوییه‌کان ده‌زانن تیپێک ژن له‌گه‌ڵ ماودا بۆ دڵخۆشکردنی، به قه‌تار سه‌فه‌ریان ده‌کرد! تۆ بتوانی به پێوانه‌ی مارکسیزم سه‌رمایه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مڕۆی کورد لیک بده‌یته‌وه و پێوانه‌ی که‌ڵه‌که‌بوونی زێده‌بایی لێ بخه‌یته کار، قسه نه‌که‌ی باشتره! خۆ مارکس‌یش زندوو بێته‌وه و بیه‌وێ پێوه‌رێکی بۆ ئه‌م شایلۆغانه‌ی کوردستان هه‌بێ، په‌کی ده‌که‌وێ چونکه هیچ پێوه‌رێک بۆی نابێ!! ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه ئه‌تره‌شی له‌وه چووبێ نه‌وشیروان مسته‌فا به لستی سه‌ربۆخۆ بۆ هه‌ڵبژاردن دابه‌زێ یا له که‌رکووک لستی سه‌ربه‌خۆی کورد، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌واند هه‌بێ! ئه‌وه‌نده به‌سه ڕۆژنامه‌کانیان نه‌وێرن نووسینێک بڵاو بکه‌نه‌وه که مه‌ترسی له نێوان (قوونێ و دۆشاوێ) په‌یدا بکا…
kakaways@hotmail.com