Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
نامەیەك بوَ عەدنان كەریم…. ڕەوشت محەمەد

نامەیەك بوَ عەدنان كەریم…. ڕەوشت محەمەد

Closed
by March 14, 2008 ئەدەب

خۆم ئەزانم دواجار لەنێو ڕووبارى مەقامێكتا ئەخنكێم…..

 نازانم بەم نامەیە دەتوانم تا چەند لەئەفسونو جوانى دەنگى تۆ نزیك ببمەوە، ئەم نامەیە دواى زیاد لە دەجار بڕیاردانو خۆخواردنەوە هات، بڕوا بكە زیاد لە دەجار دەستم پێكردووە، بەڵام لە بەر ئەوەى ئەو زمانەم شك نەبردووە وەك جادوى دەنگى تۆ جوان، بۆیە هەر خۆم كاغەزەكەم لەگەڵ گوێگرتن لەیەكێك لە گۆرانییەكانى خۆتا پارچە پاچە كردووە.
 زەحمەت نەبىَ تۆ كەمێك بیر لە دەستەپاچەیى زمانى منو پەروازى گۆرانییەكانى خۆت بكەرەوە، تۆ بە باڵى شیعرو باڵى ئاوازو باڵى مۆسیقاوە، دەگەیتە ئەو شوێنەى  من خەیاڵیشم پێى ڕاناگا، دەى بە زمانێكى بىَ پیتو كورتە باڵاو شەكەتەوە چۆن پەسنت بكەم.
 هاوڕێم عەدنان گیان: ئێستە كە خەریكى نووسینى نامەیەكم بۆتۆ، نە دەزانم چۆن دەست پێبكەم، نە دەزانم لە كوێى جوانییەكانى تۆوە تێپەرم، نە دەشزانم لە كوێیا واز بهێنمو دیسان لەگەڵ گۆرانییەكى تۆدا بیر لە جوانییەكانى دونیا بكەمەوە.
 من لەوەتەى بیرم دىَ، هەر لە ئەفسونى گۆرانییەكەى ( ژاڵە)وە، ئەو كاتەى من تەمەنم تەنیا پێنج ساڵان بوو، باوەڕ بكە تا ئێستاش ئەو گوَرانییە جوانترین ڕەنگە بە مناڵى منەوە، لەو كاتەوە توَ هەر هەڵدەكشێى، هەر ئەڕۆى، ئەستێرەلە دواى ئەستێرە، جوانى مشتو ماڵ ئەكەى، ئاسمان لە دواى ئاسمان تریفە ئەچنیتەوە، تۆ هەر ئەڕۆى ئێمەش لێرە، لە جیهانەبچوكەكەى خۆمانا هەر خەریكى ناشیرینییەكانى خۆمانین.
 هاوڕێ گیان:
 تۆ قەت بیرت لەوە كردۆتەوە لە چ سەردەمێكدایت، بیرت لەوە كردۆتەوە ئەمرۆ مرۆڤەكان خەریكى چینو تۆش خەریكى چیت؟ من ئیستا چاو ئەنوقێنمو هەندێك لەو دوو جیهانەت بوَ ئەخەمە ڕوو:
 دنیایەك پڕ لە فیراقو مەرگو گریان، رۆژگارێك مرۆڤ هێندە بچوك بۆتەوە لەتەك ئاسنو باغەو پلاستیكدا ریز دەكرێت، رۆژگارێك كەوتووین كە خەڵكى شارێك بە جارىَ دەمرن، یان دەرۆن سەر هەڵدەگرن، بەجارىَ دەگرین، تازیە دەبەستن، خەڵكى وڵاتێك هەموو بەجارىَ پەستن، بە جارىَ تووڕەن، سەرزەمین بەجارىَ چاوەڕوانى سەرى سەعاتەكانن تاگوىَ لەهەواڵى مەرگى سەد كەسى تر … هەزار كەسى تر بگرن، ((رۆژگارێك دێن بۆن بەدەمتەوە دەكەن نەبادا وتبێتت خوَشمئەوێیت)).
 لەناو ئەو هەموو مەرگەدا توَ هەر خەریكى چنینەوەى لەرە لەرو سازكردنى گۆرانییەكى ترى، لەناو ئەو هەموو ترسەدا ئەو هەموو ئارامییە لەكوَىَ دێنى؟ لەناو ئەو هەموو هاوارەدا ئەو هەموو هێمنییە لەكوىَ دێنى؟ لەناو ئەو هەموو ڕقەدا ئەو هەموو جوانییەلەكوىَ دێنى؟ لەناو ئەو هەموو مەرگەدا عەدنان ئەو گوَرانییانە چوَن ئەچێنى؟ ئەى سەرسەختترین كوڕە كوردى دەربەدەر.
 ئەو هەموو فڕینە جوانە، ئەو هەموو گلەییە جوانە، ئەو هەموو غوربەتە جوانە، ئەو هەموو بەژنو باڵایە، ئەو هەموو نالىو مەحوییە، ئەو هەموو وەفایىو بێخودە، ئەو هەموو حەمە عومەر عوسمانە، ئەو هەموو هیوا قادرو بەختیار عەلىو هەموو ئەو شیعرە باڵا بەرزانە چۆن ئەژەنى، ئەى كە هونەر مەندێكى سەر سەختى، ئاخر ئەتەوىَ بوَكوىَ بڕوَى…؟ زۆر چاو بڕت ناكا..! ئەتەوىَ بوَ كوێیتر بڕۆى…؟ باوەڕ بكە خەیاڵى زۆر كەس ناتگاتىَ..! ئەوىَ ئیتر چى بلێى..؟ لەوە زیاتر ئەتەوىَ ئەو هەموو گوێگرانەت بەكێوى چ ئاوازێكا بكێشى، ئەتەوىَ لە ڕووبارى چ مەقامێكا بمانخنكێنى؟ نازانم بوَ ئەتەوىَ بە (باخ)ى ئەو هەمووموَسیقایە، لەخاچمان بدەى؟.
 لەوانەیە ئیتر بەرگە نەگرین، بەرگەى ئەو هەموو جوانییە، پێئەچىَ بمرین!.
 عەدنان گیان:
 تۆ لە دیوە جوانەكەى دنیادایت، دیوە جوانەكەى سەرزەمین، زەمینێكى ڕەشو ناشیرین، كونجێك لێرەو یەكێك لەوىَ، گەڵایەك لێرەو یەكێك لەوىَ، مرۆڤێك لێرەو یەكێك لەوىََ ماون ڕەنگى ڕەشى سەرزەمینییان نەگرتووە، ئەو كونجو گەلاو مرۆڤانەن گوَرانیمان بوَ ئەڵێن.
 ئااى چەند پێویستە عەدنان لەمرۆدا بیر دنیایەكى تر، شارێكى تر بكەینەوە، ئەو شارەى بەختیار عەلى ناوى ئەنىَ ( شارى مەسیقارە سپییەكان ) ئەو شارەى هونەرمەند و داهێنەرەكان كوَ ئەكاتەوە، چەند جوانە هاورَىَ ئەو خەیاڵە، چەند گەورەیە عەدنان، تۆ بیر لە گەڕەكێك بكەرەوە دانیشتوانەكەى ( مەولاناى روَمىو مەولەوىو مەحوىو نالىو حافزو سەهرەوەردىو ئیقباڵو سەنائىو حەلاج) بن، گەڕەكێك كە ماڵى ( بتهۆڤنو موجتەباو مانىو ڤانكوخو رینوار)ى لێبىَ، دەبىَ ئەو شارە چوَن بىَ، داخوَ وەختىَ لە بەر دەرگاى یەكێك ئەرۆى گوێت لە چ شیعرێك بىَ، داخۆ شەوان ئەگەر بكەیتە سەربان، چى ببیستى؟ ئەى هاوار! گەر یەكێك لەو كۆڵانەدا بمرێت، دەى ئەو شارە ئیتر باس ناكرێت، من ویستم بە خەیاڵ بیرى لێبكەینەوە، نەك بینووسمەوە.
 هاوڕىَ: من گومان دەكەم تۆ بە مناڵى ماڵتان لە پەنا ماڵى (مەسنەوى)ەكەى مەولاناوەبووبىَ، گەر وانییە ئەو هەموو سیحرە چییە تۆ لە مۆسیقاى ئەكەى؟ ئەگەر هەزار جار دەستت نەخستوَتە نێو دەستى ئەم بەیتە:
 بشنوأزنى چون حیكایت مى كند
 از جدایها شكایت مى كند.
 ئەگەر لەگەڵ ئەم شیعرەدا چاوبازىو  دەستبازیت نەكردووە، ئەو هەموو جادوویە چییە لەدەمتەوە دێتە دەرىَ؟! ئەو هەموو بارانە چییە لە پەنجەتەوە دەبارىَ، ئەو هەموو گڕە چییە لە دەنگتا؟ تۆ ئەگەر سەروەختى مناڵى، دیلانێت لە (باخ)ەكەى بتهۆڤنا نەكردبىَ، ئەى ئەو هەموو چریكەیە چییە لە چاوتا! نازانم ئەگەر (مانى) بە مناڵى لە حەوزى ماسییەكانى خوَیى هەڵنەكێشاوى، ئەو هەموو ڕەنگە چییە لە ئاوازەكانتا، من ئەتوانم سوێند بخۆم، تۆ هاوینانىَ بە عەجولى خۆت مەلەت لە حەوزى بەردەم حوجرەكەى نالیا كردووە، گەرنا تێناگەم ئەو هەموو شیعرانەى نالى چى ئەكەن لە حەوزى ئاوازەكانى توَدا؟! .
 ئیتر من بەدوعا….هێندە ئەڵێم: ئاگات لێم بىَ لەبەر چاومە ڕۆژێك لەنێو ڕووبارى دەنگتا، یان لە گۆمى مەقامێكتا ئەخنكێم.
 
Rawsht79@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.