نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی
سەرەتا سڵاو!
بەبۆنەی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وەک عادەتی هەموو حکومەت و کابینەکانی پێشوو لە کوردستان لە پەیامی خۆتاندا کۆمەڵێک بەڵێنتان بە خەڵکی کوردستان داوە. بەڵام ئەم بەڵێنانە بەر لەوەی مەرەکەبی نووسینیان وشک بێتەوە ڕوبەڕوی پرسیاری گەورە دەبنەوە، یەکێک لەو پرسیارانەش کەیسی سەرکوتی ناڕازیان و کپ کردنەوەی دەنگە ئازادەکانی کوردستانە. نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو پرسیارەش کە هەر لە یەکەمین ڕۆژەوە لەسەر مێزی ئێوەیە کەیسی فڕاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و خوێندکار سەردەشت عوسمانە..
کارەساتی تیرۆری رۆژنامەنوس و قوتابی سەردەشت عوسمان. ئێستا ساڵێک و ٨ مانگ بەسەریدا تێئەپەرێت، حکومەت و دەزگا بەرپرسەکان لەبەرامبەر ئەو تاوانە گەورە و غەدرە گەورەیە بێدەربەست بوون. جگە لەوەش لێژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆری سەردەشت، بە دارشتنی سیناریۆیەکی هەڵبەستراو تاوانێکی گەورەی بە حەقی سەردەشت و خانەوادەکەی ئەنجامدا. هۆنینەوەی چیرۆک و سیناریۆیەکی وا دووبارە تیرۆرکردنەوەی سەردەشت و کەسایەتی سەردەشت و بریندارکردنەوەی ئێمە خانەوادەی سەردەشت و هاوڕێیان و خەڵکی کوردستان بوو.
ئێستا بە دوای ساڵێک و ٨ مانگ لە تیرۆری سەردەشت من دووبارە پێ لەسەر مافەکانی خۆمان وەک خانەوادەی سەردەشت و مافی سەرەتایی خەڵکی کوردستان لە ئازادی و پاراستنی ئەمنیەت و ژیانی تاکەکانی کوردستان دادەگرمەوە و تەئکید دەکەم کە ئەوانە سەرەتایی ترین ئەرکی هەر دەسەڵاتێکە چاوی لەوە بێت ڕەوایی و شەرعیەتی لەلایەن خەڵکەوە پێ ببەخشرێت. دەسەڵاتێک مافی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ نەپارێزێت ناتوانێت هیچ ڕەواییەکی هەبێت . لەم ڕوانگەیەوە من بۆ جاری چەندەم ئەم خواستانە لە بەرانبەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕادەگەیەنمەوە:
1. لیژنه‌یه‌کی پسپۆڕی بێلایه‌ن بە بەشداریی نوێنه‌رانی ڕێکخراوه نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان‌و ڕۆژنامه‌نووسان‌و نوێنه‌رانی ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان پێک بێت، که له لیژنه‌یه‌کی واشدا نوێنه‌رایه‌تی ئێمه وه‌ک خانەوادەی سه‌رده‌شت مانا‌و جێگای ده‌بێت.
2. ئه‌و لێژنه‌یه ده‌سه‌لاتی ئه‌وه‌ی هه‌بێ چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ل هه‌ر به‌رپرسێکی حکومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌کان بکات بۆ لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون.
3. هەڵوەشانەوەی سیناریۆی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە دارێژەرانی ئەو سیناریۆیە قێزەونە و دادگایکردنی ئەوانەی لە پشتی داڕشتنی ئەو سیناریۆیە بوون.
4. لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو کەس و دەزگایانەی لەدوای تیرۆری سەردەشت، هەڵساون بە هەڕەشە و فشارهێنان و ناڕەحەتکردنی خانەوادە و هاوڕێیانی سەردەشت عوسمان.
بێدەربەستی لەبەرامبەر ئەم دۆسیە، خاڵێکی ڕەشە بە تەوێڵی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی کوردستان. وەڵامنەدانەوە ی ئەم دۆسیەیەش ئێوە دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی گەورە.
لە کۆتاییدا بە پێویستی ئەزانم ئەوەش بڵێم کە مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شت ئێستا مه‌سه‌له‌ی منه وه‌ک برایەکی سه‌رده‌شت، په‌یوه‌ندی به ئه‌ندامانی تری خێزانه‌که‌مه‌وه نییه. هەر شتێک پەیوەستە بە مەسەلەی سەردەشت من لێی بەرپرسیارم.
بەکر عوسمان
0046 76 26 40 455
Aramali1@yahoo.com
2012-02-01