Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
نامەیەک بۆ دایکم… شوان عوسمان

نامەیەک بۆ دایکم… شوان عوسمان

Closed
by June 8, 2013 هۆنراوە

 

 

دایکم جارجار رقی لە ئازادیە..
” بە زۆر ناوەوە ئازاری یەک دەدەن مرۆڤەکان، بەناوی ئازادی، عەشق، هاوڕێیەتیەوە ”  مارین لارا

” کێ هەیە لەبەردەم گەورەیی دایکی گچکە نەبێتەوە، لە گەورە بوونی خۆی دانەچلەکێت کاتێک دایکێک ترس لە رابردوو رایدەچلەکێنێت،دایکێک بە بیرەوەری تاڵ کووڕ دەبێتەوە، کەس نیە لەسەر دەستی دایکێکی گەورەوە گەورە نەبوو بێت، گەورەییمان گەورەیی خۆمان نیە..کەوابوو با بە چەند وشەیەک نوێژێک بۆ گەورەیی دایک بکەین، با گوزارشت لە مرۆڤێک بکەین کە هەمیشە گەورەیە، با دایکان بەختەوەر کەین بە چەند وشەیەک تا لە ژیاندا دەژین، هەرچەند دایک نامرێت هەمیشە لە ژیاندایەو زیندووە .. “
 
دایکم چەند بە ئازادی نیشتمان لەگەلمدا ئازاری خوارد، لەناو ئازاردا گەورە بوو تا ئازار لەبەرەبەیانی عومریدا پیری کرد، ئازادی لە پەلوپۆی ئازادی خۆی کرد، زۆرمان لە رێی ئازادی نیشتمان پەکمان دەکەوێت، بەڵام ئازاردانی کەسێک بە نائانقەست پەککەوتەیی بوونێکە کۆتایی نیە، هەموو رۆژێک پەکمان دەکەوێت، چارە چیە زەمەن رۆیشت بەڵام دایکمان نەرۆیشتووە، چی بکەین تا زەمەن لەیەکتری نەکردووین..
هەریەکەمان بەبێ ئەوەی هەست بکەین دایکمان ئازار داوە، ئەو ئازارە چەند ئازارێکی سەختە هەرچەند دایک لە ئازاری منداڵەکانی بێبەری نیەو بێبەری نابێت، بەڵام ئازاری جەستە ئازارێکە لەبیر دەکرێ، بەڵام ئازاری رۆح چۆن فەرامۆش دەکرێ، منیش بە ئازادی دایکم ئازار داوە، لەوانەیە تۆش وابیت، تا ئازادی بەری هات وبەری گرت ئازار هەر بە بەریدا دەبوو بەناویدا دەچوو تا بووە لەتێک لە ئازار، بەبێ ئەوەی پاداشتێک خەڵاتێک ئەو کاتەی ئێمە ئازاد دەبین، ئێمە تەنیا بار بووین بەسەر دایکمان، تا نیشتمانیش پێی گرت، ئازار لە پڕوپێی کرد ئازادی لە هەڕەتی تەمەنی خۆی کرد..
تا نیشتمان ئازاد نەببوو، گەلێ جار دایکم بە فووی دوعایەکەوە لە چاوی ناحەزو دوژمنی پاراستووم، ئەوها بەرێی کردووم.. 
گەردنی ئازاد کردووم ، تا بە رێگایەکدا بڕۆم ئازاد بم ، گەردنم ئازاد بوو، لەسای دایکم من ئازاد بووم..
لەرێی نیشتمانێک بەرێی کردم ،تا بە ئازادی بژیم… تا لەگەل گوڵەکانی نیشتمان بڕوێم، لە شیوەنی خاکدا دانەبڕێم..تا پشتم لە نیشتمان نەبێت، من پشتم لە نیشتمان نەکرد، بەڵام پشتم لە دایکم کرد خۆم ئازاد کرد بەڵام جگە لە ئازار هیچ گوڵێک ودیاریەکم بۆ دایکم نەهێنا ،ئەوم دیلی پەژارە کرد، نازانم ئێستا دایکم گەورەترە یان نیشتمان، لەوانەشە هەردووکیان وەکو یەک گەورە بن بۆ من، چونکە ئێستا من پشتم لە هەردووکیانە، هەردووکیان پشتیان لە منە، بەڵام ئەوەی دایکی لە بیر نەبێت نیشتمانیشی بەبیر نابێت، ئەوانەی ئازادی خۆیان دایکیان لە بیر دەباتەوە، باوەڕ ناکەم لەگەل خاک ساغ بن، وڵاتیان لەبەر چاو بێت، ئازاد بن..
من لە رێی ئازارەکانی دایکمەوە ئازاد بووم، ژیانێک بە ئازادی ژیام، من لە پەراوێزی ئازارەکانی دایکم بەو پەرێزە گەیشتم، ئەو باجی ژیانێکی سەرفرازی منیدا من لێرە کە دایکم لەزەتی لە دونیا نەدیت بە چ سەرفراز بم، من سەرفراز نیم، دایکم سەرفرازە تا ئەو لە ژیان ما بێت هەر ئەو سەرفرازترە لەمن ..
خەم وخەمۆکی بووە هاوڕێیەکی هاوتەمەن لەگەل دەردو مودمین بوون لەسەر جۆرەها پاکەتی حەب ودەرمانی ئێش وخەفەت وبێخەوی بوون.. لە سەردەمێکی ئازاد کە هەموومان لە خەوی بەختەوەریدا ئازاد بووین، ئەو خەوی نەما لەزەتی لە ئارامی نەبوو، لەناو جێیەک بەتەنیا رادەکشێت، کەسێک نیە تەنیایی شەق بکات، بەسەری بکاتەوە تا دوێنێش ئەو لە سەر سەرمان وەکو پاسەوانێکی ئێشکچی چی نەکرد تا ئێمە خەومان خۆش بێت..
لە پاکی شیری ئەو فێر بووم بە پاکی بمێنمەوە تا دەژیم ولەژیان ماوم، مانەوەم وەکو شیر بە سپی وپاکی، هەمیشە دایکم پاک ئەکاو پاکیش رێنادا ناپاک بم لەگەل نیشتمان ، ناپاکیش خیانەتێکە بە شیری دایکمەوە، پاکی من لە پاکی دایکمە نەک خۆم..
کە دوور دەکەوتمەوە ئەو لە دوورەوە لێی دەڕوانیم ،شەو نەبوو خەونم پێوە نەبینێت ، بەڵام قەت جارێ بە خەونێک بۆ نزیک بوونەوەی چەند سانتیمێک لێم هەرەسی پێ نەهێناوم، بۆیە هەرەسم نەدەهێنا ئەو قسەیەم هەرگیز جارێک نەبیست :
” کوڕم وازبێنە لە نیشتمان ، نیشتمان ئازاد نابێت بە تۆ .. نیشتمان بۆ ئێمە سەرابەو خەیاڵە.. ”
ئەو بەو قسانە کوڕێکی لە هەڕەتی هێزدا لاواز نەدەکرد، تا کەس نەلێت کوڕێکی لاوازی ناوەتەوە..دایکم لە خۆم بەهێزتر بوو من هەمیشە هێز لە دایکم وەردەگرم کە تەماشای دەکەم چۆن بەرگری لە خۆی ومانەوەی خۆی دەکات، بە لەت بوونی لەتەکانی لە خۆی، ناکەوێت کاتێک لەتێکی لێ دەبێتەوە، دوو کەرتی لێ دەبێتەوە دوو کەرت دەبێت، بەڵام ئەو هەر دەبینم پێدەکەنێت کەرتەکانی لە ژیانی ناکەن، رابردووی پڕ لەت لەتی گوڕێکم پێ دەبەخشێت، هەمیشە دایک ئەگەر باش بێت یان خراپ هەر مایەی هێز دەبێت بۆ منداڵەکان، بەلام دایکی باش بێگومان دەبێتە هێزێکی باشتر ..
من کە هەرەسم نەهێناوە لە ژیان، دایکم لە پشتم بوو، ئەو نەیدەهێڵا هەرەس بێنم..
من لەگەل سەرابەکانی نیشتمان ،
بوومە سەرابێک وسەرابم گەورە بوو ،
لەگەل خەیاڵەکانی نیشتمان باڵام کرد ،
تا بوومە پیاوێک لە سەراب و لە خەیاڵ..
دایکم باش دەیزانی ئەوەی لە رێی نیشتمان بڕوات ،دەست لە ئاگر دەدات، دایکیش لە دۆزەخێکدا دەسوتێت.. بەڵام هەرگیز ئەو ئاگرو دۆزەخەی لە خەیاڵی ئەودا هەبوو، بە منی نیشان نەدەدا لەبەر خاتری خۆی نا، بەلکو لەبەر نیشتمان، بۆیە ساردی نەدەکردمەوە، بەڵام لە واقیعدا لە نێوان سەراب ودۆزەخەکانی خۆمدا، هەر خۆم نەسوتام، ماڵەکەمان سوتا دایکیشم لەگەلم قرچەی دەدا، من ئێستا وەکو باوکێک زیاتر لێی تێدەگەم مانای رۆح سوتان چیە مانای برژان چ دەگەیەنێت..
من لە چاوەکانی دایکمەوە وڵات وشارو گەڕەکەکەم دەبینم، هەر چاوەکانی ئەویش رێگایەک بوون بۆ گەڕانەوەم بۆ نیشتمان..
ئەوکاتەی نیشتمان ئازاد بوو ،من ودایکیشم ئازاد بووین..
بە ئازادی لە ماڵێکدا بۆ یەکەمجار بە بێ ترس لە تەقەی دەرگاو تەقەی گوللەو تەقەی پۆستاڵ بەیەکەوە دانیشتین..
بەڵام ئەو خەونە خۆشە تاوێک بوو تەمەنی زۆر کورت بوو، ئەوکاتەی ئازادی لە زاکیرەمان هێشتا زیکرێکی مابوو، ئێمە هێشتا لە تاسەی گەرم دابووین، وەکو جاران زەمەنی ترس وتۆقان دەستی پێکردەوە..
 ترس راوی نام من راوی ترسم ئەنا ،
لە ترسی خۆم تا بمێنم ،
 ناچار بووم ،بە تەرمێک خۆم لە شان کەم…
تا بە دەستی هاوڕیەکی خۆم نەکوژرێم ،تا نەبمە شەهیدێکی شەڕی براکوژی، ئەو هاوڕێەی پێکەوە شەڕمان بۆ ئازادی دەکرد، ئێستا شەڕ لەگەل یەکتر دەکەین، سەنگەرمان لە یەکتر گرتووە، سیاسەت چی فێر کردین سیاسەتبازەکان چ درۆیەکیان پێ گوتینەوە..
جارێکیتر..پشتم لە دایکم کرد ،پشتم لە نیشتمان کرد، لەبەر سیاسەت تفم لە خۆم کرد ،تفم لە خۆری وڵات کرد کە جگە لە رق چیترم فێر ناکات..
بۆیە هەڵاتم…
هەڵاتن لێرە کۆڵنەدانە نەک بەزین..
ئەوەی دەترسێت هەمیشە ترسنۆک نیە، ئەوەی نەترسێت هەست بە مرۆ بوونی خۆی ناکات، هەرمن نەبووم لەناو ترسێکدا بەدوای خۆم دەگەڕام، دایکم هەمیشە لەگەل من دەترسا، بەڵام لەمن زۆر زیاتر، چونکە مەترسیەکانی ئەو لەگەل مەترسیەکانی من جیاواز، سەرلەنوێ رۆژانی ترس لە شوون بزربوونی کوڕەکانی دەستی پێکردەوە، ئازارەکانی هاتنەوە سوێ، ئەو تازە گۆڕی دوو کوڕەکانی دوای چوار ساڵ گۆڕغەریب بوون بە ئاوی رێحانی شەقڵاوەی ئاو دەدا..
دایکم دیسان لە ترسی گۆڕغەریب بوونمان هانیدام بۆ دووەمجار لە ژیانیدا بڕۆم بەجێی بێلم تا شوونبزر نەبم، ناچار بووم راکەم تا دەتوانم، تا لەناو نەچم دەبووایە سنووری وڵات ببەزێنم، وڵات بەجێبێڵم، بەرەو مەنفا بکەومە رێ..
چ رێیەک بوو ،ئەو دووڕیانە ،لە نێوان مردن وژیان ،دەبێت شتێک هەڵکڕێنم..
دیسان ئازادی دڵرەقی کردم ،هەمیشە ئازادی دڵرەقمان دەکا..
چەند دڵرەق بووم ،
کاتێک دەستم لە دایکم بەردا ،
دایکم دەستی لەمن بەردا..
 دایکم بە هەناسە ساردەوە، دەستی لە نیشتمان سارد بوو ،
من دەستم لە نیشتمان بەردا، دەستم لە دایکم سارد بوو..
من بەرەو نیشتمانێکی نادیار بەرێ کەوتم ،هەرگیز لە خەونیشمدا جارێک ئەو وڵاتەم نەدیت بوو،لە پێناو ئەویشدا نە تنۆکێک فرمێسک و خوێن و ئارەقەم بۆ دەرنەدا بوو کەچی چ نەما بۆ نیشتمان دەری نەکەم، من دڵم دەر کرد دایکوباوکم لە خۆم دەرکرد، کەچی نیشتمان منی دەربەدەر کرد،وڵات بەدەری کردم..
من کە شەڕم کرد لە پێناو ئازادی بوو نەک بۆ ئازاردان، نامەویست ببمە شەڕوانێکی شەڕخواز بەرگری لە سەنگەرەکانی شەڕو شەرانگێزی بکەم، بۆ ئەوەی شەڕ نەمێنێ و شۆڕش بگاتە هەواری خۆی، پێشمەرگەکانیش سەربەرزانە بچنەوە ماڵەوە ئاسودەیی بەرەو مالەکانیان بگەڕێتەوە، چەکەکان پاشەکش بکەن، گوللەکان بێدەنگ ببن، گوڵەکان رەنگ دەرکەن، پەنجەرەکان لە پێشوازی خۆرێک بە دادپەروەری دابەشی ببن، دەرگاکان لە ترسی تەقە کڵۆم نەدرێن، هەریەکەمان بە ئاسودەیی گوێ لە گۆرانی ومۆسیقایەک بگرین، تا سەردولکەی شەڕمان لە بیر بچێتەوە….
 کەچی ئێمە نەمانزانی شنەبای ئاشتی ناتوانێت لولەی تفەنگەکان سارد بکاتەوە، ئەوەی فرچکی بە شەڕ گرت بێت بە شەڕیش ئیدمان دەبێت، شەڕ تامی ئازادیمان لادەبا، ئازادی هات وشەریش هات، کاتێک کە زانیمان ئازادی ناتوانێت رێ لە عەقلی چەک بگرێت، زۆر درەنگوەخت بوو، خۆشمان درەنگ ئەوەمان زانی، ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین یەکتر بکوژین، ژیان خۆشە با بە خۆشی بژین، نەک بە شەڕ، تازە کارلەکار ترازا، تا بتێکمان شکاند بتێکی دیکە دێت و قیت دەبێتەوە، دەبێت پیاوەکان باجی ئەوە بدەن، کە ئازادی نامێنێت نەک دایکەکان نەک ژنەکان….
شەڕ هەموو شتێکی بەبا دا..
ئازادی و نیشتمان وشەهید ودایکم بەبا چوون ،
هەموویانم لە بوخچەی سەفەرێکم پێچان ،
هەموویانم لە رێگایەکی قاچاغدا لێ بەجێمان…
من بەجێمام ،لە تەنیاییدا خۆم لەبیر کرد ،خۆم بزر کرد..
لە شنەبای وڵات بووم ،لەگەل رەشەبایەک دوور رۆیشتم ،
تا با هەبوو ، من رۆیشتم ،
تا گەردەلوولێک منی لوول کرد، من لەناو خۆمدا بزر بووم..
هەر لەوکاتەوەی بە فسکەوە کتێبێکم وەرگرت، ژیانم پڕ بوو لە فسکەفسک، بەفسکەو خشپەوە پەنای تانۆک ودڕی باخچەکانی (بێترمە)م بە ژوانی سیاسەت گەرم دەکرد لە بڕی ژوانی ماچ وپێکی شەرابەوە، بۆ دۆزینەوەی ئاسوودەیی خۆم ئاسوودەیی دایکم لە دەست دا، خەوی دایکم زڕاند..شەو نەبوو دایکم لەگەل هەر خشپەیەک وچرپەیەک ،رانەچەنێ ورانەپەڕێ ودشخەو نەبێت..
تەنانەت لەسەردەمی ئازادیشدا زۆرجار لەگەل هاوارو راچەنینەکانی دایکم راچەنیوم وامزانیوە دایکم تەواو عەقلی لە دەست داوە..
هەرچەند دەمزانی ئەوە وەسوەسەیەکی ناجوامێرانەیە دایکم لەوە گەورەترە کە شێت بێت، بەڵام شێتی چیە هەر یەک تەفسیری نیە، یەک رووی نابێ، کێ هەیە لەو رۆژگارانە لە سیاسەت نزیک بوو بێتەوە، شێت نەبووبێت ، هەر هەموومان بەشی خۆمان شێتین، ئێمە رۆژگار شێتی کردین، رۆژگاریش بە دەستمان شێت بوو، مامۆتکەکانی سیاسەتیش نیوەی کۆمەڵیان شێت کرد..
چەند ستەم وئازارە رابردووت سزای یەکێکی دیکە بدات، بۆمن هەموو ئەوساتە راچەنینانەی دایکم، راچەنینێکی ئینسانەیە، رادەچەنم تێک دەچم کە ناتوانم کار لە رابردووی بکەم داهاتووی بێ ئازاری بۆ دابین بکەم، تازە تەمەن رۆیشت رابردووش ناگەڕێتەوە، خەوی چۆن خۆش بکەم، بە زامەکانی ئەو ژنە زامەکانم هەڵدەتەکێن، لەگەل هەر راچەنینێک رادەتەکێم دەمرم، ئێمە نە لە وڵات تەمەن فێری کردین دیاریەک لە رۆژی دایکانەوە بۆ دایکمان دابین بکەین نە لە دوورەوڵاتیش دەستمان دەگاتە دایکمان بە دیاریەکەوە ماچی بکەین..
چەند غەدرمان لە دایکمان کردووە، چ تامی هەیە نیشتمان بە بێ دایکێکی غەدر لێکراو..
دوای ئەوەی ئازادی نەما، وەکو دروشمی حزبەکانی لێهاتەوە، بزر بوو..بوو بە هەڵم..
 من جارێکی دیکە لە ئازادی گەڕام ،سەرلەنوێ دایکم خەوی زڕا ، رادەچەنی ورادەپەڕی..
دایکم لە پێناو ئازادیدا وەک من پێشمەرگە بوو ،لەگەل من چەکی لەشان بوو..تۆزی شاخ و گوند نەما بە دەلینگ ودامێنی کراسە رەشەکەی هەڵنەچێت ، توولەرێیەک نەما نەگرێتە بەرو نەیکاتە رێ تا بگاتە من، بەڵام من لەگەل رۆژگارو گەورە بوونم هەر دوورتر دەبووم لێی..
بەدوام ئەگەڕا..هەمیشە بەدوامەوە بوو..
سەردەم نەما نەگەڕێت ،تەنانەت لە ئازادیشدا تۆ هەر لە گەڕان بووی…
رێگای قاچاغ نەما ،موجازەفە نەما ،چ نەما نەکەی..
مەنفا نەما بەدوام نەگەڕێ ،
تا سۆراغێکم بکات..
 لە پێناو ئازادی کورەکانی دایکم زیندانێک نەما، نەگەڕێت کاتێک لە زیندانیکدا بزر دەبووین، من وبراکانم چەند دایکمان ئازار داوە..
کە ئازادی هات دایکم هەر لەهەمان دەرگای دەدا تا کوڕەکەی ببینێت..دایکم بەر لە ئازادی بێت دوو کوڕی دانا، بەڵام لە ئازادیدا ئەو هەموو شتیکی دانا..دوای ئازادییش حزبێک وەکو دایکی شەهید لە دەرگای ماڵی نادات، چونکە کوڕەکانی لە لیستی مردووەکانی ئەو بە شەهید نەنوسراوە، ئەو نازانێت بەرلەوەی ئەو ببێتە ئازادیخواز، دایکم هەر دایکی شەهید نەبوو دایکی پێشمەرگەو دایکی زیندانی و دایکی ئازادی بوو…
من ئازارم دەدا ئازارەکانی دایکم، من لەهەردوو زەمەندا دایکم بەجێهێشت، دایکم تەنیایە ئازادی تەنیایی دایکم پڕ ناکاتەوە.. نیشتمان نابێتە کوڕەکانی دایکم..خاک ئامێزی دایک گەرم ناکاتەوە، ئازادی چی بۆ دایکم کرد، کێ تەنیایی وغوربەتی دایکم ئاوەدان دەکاتەوە…
کێ بینایی بزری چاوی دایکم دەبینێتەوە، کاتێک ناتوانێت تروسکاییەک ببینێت..کێ تارای خەوی زڕاوی دایکم دەگەڕێنێتەوە، تا خەون بە نیشتمان ببینێت..من یان نیشتمان..
من خۆم ئێستا لە نیشتمان ولە ئازادی تووڕەم لە غوربەتێکم، چاوەڕێم نیشتمان وەکو منداڵیمان بەرائەتی بگەڕێتەوە، ئازادی لە کۆڵانێکی تەنگەبەردا هەناسەی سوار نەکرێت، ئەوکات دەتوانم بێمەوە لای دایکم بە هەناسەیەکی دیکە..
دایکم رقی لە ئازادیە….
منیش بەو چەند قسانە بەر لەوەی بڕۆم روو لە خوایەک دەکەم، کە ناوی دایکە، چەند رکاتێک بۆ دایکم دەکەم…
شوان عوسمان
هۆلەندە ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.