Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نامەی کچە ڕۆژنامەنوسی ئەفغانی ‌‌نوورجاهان ئەکبەر  بۆ ئەو پیاوەی لەبازاڕی کابولدا دەستی بۆ بردووە

نامەی کچە ڕۆژنامەنوسی ئەفغانی ‌‌نوورجاهان ئەکبەر بۆ ئەو پیاوەی لەبازاڕی کابولدا دەستی بۆ بردووە

Closed
by January 16, 2013 گشتی

 

 

 تێبینی؛ ئەم نامەیەم بەهەند وەرگرت لەبەر هۆکارگەلێک کە دیارترینیان دەخەمە ڕوو

 ١) چونکە ئەم جۆرە ڕەوشتەی پیاوان لەو مەملەکەتەی خۆشمان نامۆنییە. ٢) کەمنین ئەو ژنانەی لە نیشتیمانەکەی ئێمە لە م خانمە ئەفغانییە دەگەن . ٣) ڕویەکی مێدیایی خۆرئاوایی چۆن ئەم بابەتانە بەهەند وەردەگرن! لەگەڵ ڕێزم بۆ گشتلایەک 

 

‌بۆ زۆر بەڕێز؟…

 

‌من ناوی تۆ نازانم، بەڵام ئێمە لەدوای جەژنی ڕەمەزان لە بازاڕی کابوڵدا بەیەک گەیشتین، لە وانەیە بیرتان بێتەوە من کێم! لە یەکێک لە دوکانی سەوزە فرۆشەکاندا لەو کاتەی هەڵسەنگاندنی نرخی سەوزەی فریشی نەعنام دەکرد، لەوکاتەدا تۆ بەلامدا تێپەڕیتو هەر ئاوا بەهەوەس دەستێکت بە دواوەی مندا هێنا!!! من سوربومەوە, ئەو پیاوە پیرەی خاوەن دوکانبوو ئاگای لەم ڕەوشتەتان بوو، بەڵام هیچی نەوت. دیارە ئەو ڕۆژانە ئەم جۆرە کردەوانە زۆر دەبینێت، تا ئێستا زیاتریش لە جارێک من ئەمەم بەسەرهاتووە، بەڵام ئەم جارە لە هەمو جارەکانیتر زیاتر پێناخۆشتربوو. من ڕامکرد بەدواتداو پڕمکرد بەقۆڵتداو ڕامگرتیت، زۆر دەترسام و عارەقم دەکرد، من دەستم کرد بەهاوارکردن و دەمقیژاند بۆچی ئەوەتانکرد؟ چۆن لەخۆتان ڕابیند ئەوەبکەن؟ ئەوسا تۆش دەستت کرد بە قیژاندن بەسەرمنداو زۆر بەدەنگێکی بەرزتر پێتدەگوتم؛ تۆ ژنێکی شێتی! من هیچم لە تۆ نەکردووە تۆ بایی ئەوەنیت من شتێک لەتۆ بکەم. 

‌من شەرممدەکرد لە بەر چاوی ئەو هەموو خەڵکەی لەو کاتەدا کۆببونەوە و سەیریان دەکردین، بڵەم تۆ چیت کردووە! ئەو ژنانەی لەوکاتەدا لەوێبوون ئامۆژگاری ئارامی و بێدەنگبونیان دەکردم، گوایە بەوهاوارکدنە هەر ئابڕوی خۆم دەچێت. بەخۆمم دەگوت ئەگەر هاوارکردن لەسەر نایەکسانی و مافخواردنم واتای ئابڕوچوونبێت، ڕێزی ژنێک بەسترابێتەوە بە کپکردنو زۆرلێکردنەوە ئەوا ئەو ڕێزەش کە دەیبێت هەر زۆرلێکراوەو کپدەکرێت. ‌من دەستمکردەوە بە قیژە قیژ، هێندەی پێنەچوو پۆلیس هاتو بردیانین بۆ بنکەی ئێشکگر. من لەترساندا گۆجببوم، چونکە لەم وڵاتەی ئێمەدا مامەڵەی پۆلیس لەگەڵ ژناندا ناوبانگێکی هێندە باشینیە. لەخۆمم دەپرسی چی ڕودەدا گەر لەپڕێکدا تاوانبار بکرێم؟ من چیبکەم گەر ئێستا من بدەنە بەرشەق؟ چی دەبێت ئەگەر، ئەگەر، ئەگەر…….؟ پیاوە کەڵەگەتەکە بەبەرگێکی سەربازییەوە پرسیاری لێکردم چی ڕویداوە؟ منیش بۆم گێڕایەوە. لەوکاتەدا تۆ دەتویست شتێک بڵێیت، بەڵام ئەو بەسەرتۆدا هاواریکرد، تۆ بێدەنگبویت، ئەوەی دوای ئەوە بینیم پۆلیسەکە دەستیکرد بە لێدانت و کەوتیتە سەر زەوی، بە پێڵاوە گەورەکانی کەوتە گیانت، دیاربوو ئەویش بە ئەندازەی توڕەیی من لێتان توڕەبوو. من لەو ساتەوە تۆم نەبینیەوە بەڵام ئەو هاوڕێیەی لەگەڵتدابوو تاوەکو بەردەمی ماڵەوە بەدوامەوەبوو، ئەو پێیگووتم ئەو هەموو هەرایە بۆ؟ خۆ هاوڕێکەم نەی گایت! گەیانتتە ئەو ئاستە. لەڕاستیدا توانای شەڕێکیترم نامابوو لەهەمان ڕۆژدا.

‌تۆو هاوڕێکەت پێتان وایە موسوڵمانن، دڵنیام هەمو ڕۆژانی هەینی و زۆر جاریتریش لە مزگەوتن، پێشیدەچێت بە ژنەکانتان بڵێن لەماڵەوە نەچنە دەرەوە چونکە دونیای دەرەوە پڕیەتی لە خەڵکی خراپ ئەو خەڵکانەی ئابڕو دەبەن. 

‌دوورنییە لات وابوبێت چونکە من بەتەنیام ئەو مافەتان هەیە دەست بۆ سمتی من بەرن، چونکە تۆ پێتوایە ژنێکی باش بەهیچ شێوەیەک بەبێ پیاو نایەتە سەر شەقامەکان، پێت وایە ئەگەر من ژنێکی باشبومایە وا هەڵسوکەوتم دەکرد، چونکە ئەو شەقامانە تەنها بۆ پیاوانن. 

‌من ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم تاپێتبڵێم بەهیچ شێوەیەک لە ویستی مندا نەبووە تۆ لێتبدرێت و ڕەزیلبکرێیت، بەڵام پەشیمانیش نیم لە قیژەو دەنگ بەرزکردنەوەکەم. من بۆت دەنوسم تاپێتبڵێم کە دەزانم تۆ بەتەمای چیت، تۆ دەتەوێت هەڕەشە لەمن بکەیت، دەتەوێت من بترسێنیت، دەتەوێت من لە ماڵەوە بمێنمەوە لەو شوێنەی کە لێوەی فێردەبم چۆن خەمی منداڵگەلێک بخۆم و بۆ پیاوێکی وەک تۆ خواردن دروستبکەم وە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدابکەم کە پێشێلمبکات. تۆ دەتەوێت من بترسم لە دونیایی دەرەوە و لاموابێت کە لەوێ من شوێنو ڕێگای خۆمنادۆزمەوە، دەتەوێت ئەو باوەڕە لای من دروستبکەیت کە تەنها ئارامترین و باشترین شوێن چێشتلێنان و ژوری نوستنە بۆ من. 

‌بەڵام من دەزانم کە شوێنە ڕاستەکە بۆ منو هەموو ژنێکیتر شەقامەکانی شارەکەمانن، خوێندنگاکانی ئەم وڵاتەن، کۆلێژەکانی پۆلیسن، پەڕلەمانە، حکومەتە، مزگەوتەکانن، ڕێکخراوەکانن، وە هەرشوێنێکیتر کە ئێمە خەوی پێوە دەبینین. 

‌من بۆ تۆ دەنوسم تا پێتبڵێم، هەرگیز بۆچونێکی لەو شێوەیەتان لێناکڕم وە هیچکەسێکیش ناتوانێت ئەو باوەڕە لەلام دروستبکات کە من بەهام کەمترە لە پیاوێکو باشترین و ئارامترین ژیان بۆ من ژوری چێشتلێنانە و ئەو شوێنەیە کە پیاوەکەم یان خەسوم چاودێری هەر هەنگاوێکم بکات.

‌من بەهیچ شێوەیەک ئەو ئامۆژگاریەت لێوەرناگرم، نا بەهیچشێوەیەک. 

‌لەمە بەدوا هەمو ڕۆژێک بەسەرێکی بەرزەوە بەسەر شەقامەکانی ئەمشارەدا هاتوچۆدەکەم، نەک لەبەرئەوەی من دەبێت وابکەم، نەخێر بەڵکە لەبەرئەوەی کەدەتوانم. نە سەرکردنە سەرێکی تۆ وەنە هەر سەرکردنە سەرێکی سێکسی تەنانەت چەوسانەوەی ئەم حکومەتەش ناتوانن من لەو هاتنە دەرەوەیە ڕابگرن.

 

 

بێگوێڕایەڵ

 

ئەو ژنەی تۆ سەرتکردە سەری 

 

‌‌نوورجاهان ئەکبەر 

‌٢١ ساڵ، خوێندکاری زانکۆو ڕۆژنامەنوسی ئازاد و چالاکوان لەڕێکخراوێکی مافی ژنانی جیهانی

 

ڕۆژنامەی هەفتانەی دی تسایتی ئەڵمانی ڕۆژی ١٠/جەنیوەری/٢٠١٣ 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.