Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
نانی سووتاو!  ….  ن/جەلال قادر

نانی سووتاو! …. ن/جەلال قادر

Closed
by December 27, 2013 چیرۆک

 

 

لە سالانی هەشتاکان لە یەکێک نانەواخانەکەی رەحیم ئاوا شاگردبووم. وەستاکە منی لەسەرداخیلەکە دانابوو. ڕۆژێکیان مێردمندالێک هات و وتی : کوڕەکە پێنج نانم بەرێ.

لە کاتێکدا نانەکانم دەژمارد بینیم مندالەکە بە چاوی پر لە فرێسکەوە دەست دەکات بە گیرفانەکانی و لە پارەکەی دەگەڕێت.

– .پارەت پێنییە؟

– روبعە دینارێکم پێبوو، دیار نەماوە.

مندالەکە هەرچەندی کرد نەیدۆزی ودای لە پڕمەی گریان وتی : دایکم دەمکوژێ!.

وەستاکەم هاتە لام و پرسی : چیبووە؟

وتم :- ئەو منداڵە پارەکەی بزر کردووە، پێنج نانیشێ دەوێت.

وەستاکەم بە دەمووچاوێکی گرژومۆنەوە وتی : با بڕاو ئە وخوێڕییە، درۆ دەکات دەیەوێت نانی بە خۆڕایی بدەینێ.

لە دوورەوە مندالەکەم دەبینی چاوی لە زەوی دەگێڕا تا پارەکەی بدۆزێ. زۆرم بە زەیی پێیا هاتەوە، پەنجا فلسم لە گیرفان بوو. خۆم هەلدایە ئەودیو مێزەکە و بە ڕاکردن خۆم گەیاندە مندالەکە و وتم : مەگری ئەوە پەنجا فلسم بۆ هێناویت، بگەڕێوە نانەواخانەکە نانی پێبکڕە.

–  ئەىێت روبعە دینارەکەم بدۆزمەوە، ئەگەر نەیدۆزم دایکم لێمدەدا!.

پەنجا فلسەکەم هەلدایە کۆشی وگەڕامەوە بۆ نانەخەوانەکە.

 زۆری نەبرد مێردمندالێکیتر بە فیکە لێدان و گورانی وتنەوە هات و وتی : کوڕەکە دوو نانی برژاوم بدەرێ ، تووخوا یەکیان با زێد ببرژێ.

روبعێکی داپێم، منیش باقییەکەییم دایەوە.

بە شەلاعەکەم وت، نانێک زێد ببرژێنە. لەم کاتە مندالەکە بەردەوام فیکەی لێدەدا. منیش لێمپرسی : ئەرێ  چ زەوقێکت هەیە. بەم بەیانییە ئەم فیکە لێدانەت لە چییە؟

– جا تۆش روبعە دینارێک بدۆزیتەوە لە خۆشیا فیکە لێنادەیت؟.

خێرا بانگی وەستاکەم کرد و وتم : ئەم مێردمندالە روبعە دینارەکەی دۆزییوەتەوە.

بە مندالەکەم وت : کەمێک پێش تۆ مندالێک لێرە بوو روبعیکی بزرکردبوو، بۆی دەگریا. دەبێت تۆ بیدەیتەوە.

 مندالەکە لە پشت مێزەکەی هاوارێکی کرد و وتی :پارەی خۆمەو نایدەمەوە.

تێیچەقاند و لە یەک چرکە دیار نەما.

بە وەستاکەم وت : مالیان دەزانم لە کوێوە. بەدوای بکەوم؟

– دانیشە، خوێڕی، خۆ پارەی تۆیان نەخواردووە.

لەم کاتە بۆنی سووتاو وخەلووز لە تەنوورەکەوە بەرز بووە.

وەستاکەم بە تووڕەییەوە وتی : نانەکەتان سووتاند.

وتم : خەمت نەبێت پارەی نانە سووتاوەکەم وەرگەتووە.

– ئەی ئافەرین.

پاشان ئەو مندالەی پارەکەی بزرکردبوو گەڕایەوە و پەنجا فلسەکەی دایە دەستم و وتی : پێنج نانم بەرێ.  پەنجا فلسەکەم هاویشتە ناو داخیلەکە، روبعە دینارێکم دەرهێنا لەگەل پێنج نانی گەرمم بۆ ژمارد ودامە دەستی.

مندالەکە بەسەر سووڕمانییەوە سەیرێکی کردم، بە جوانترین زرەدخەنە کە لە ژیانمدا دیبم، نانەکەی هەلگرت و لێم دوورکەوتەوە.

 ئێستاشی لەگەلدابێت نازانم کارێکی باشمکرد یان خەراپ؟!.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.