نانێكی بێخوێ …حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا
نووسین ده‌نگداترین بێ ده‌نگه، هێژاترین په‌یامی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییه، مه‌زنترین گه‌نجینه‌یه كه مرۆ شانازی پێوه بكات. گه‌ر نووسین نه‌بوایه دنیا ده‌بوو به جه‌نگڵستان و جوداوازی نێوان بونیاده‌م و ئاژه‌ڵ له ئه‌سته‌م نزیك ده‌كه‌وته‌وه. ئه‌وه نووسینه په‌یامی په‌یامبه‌رانمان بۆ ده‌خاته ڕوو، حیكمه‌ت وبیرۆكه‌ی فه‌یله‌سووف و بیریارانی مێژوو بۆ نهامان، شی ده‌كاته‌وه.
ئه‌و وشانه‌ی له ئاسمانی هۆشه‌وه هێزی ده‌ربڕینیان پێ ده‌درێت و داوایی له قاڵبی ئه‌زموون و شاره‌زایییه‌وه داده‌ڕێژرێن و ده‌كرێنه ڕسته، هه‌میشه به زیندوویی و دره‌وشاوه‌یی ده‌مێننه‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌وه وشه هۆشنه‌كرده‌كان، رسته ناحه‌ز ده‌كه‌ن و پێش له دایك بوونی ئیننالیللای بۆ ده‌خوێنن. نووسه‌ر و ئه‌ندازیار له زۆر ڕوووه‌وه له‌یه‌ك ده‌چن، ئه‌ندازیاری كارا هه‌میشه نه‌خشه‌ی جوانی پێیه بۆ ئه‌وته‌لاره‌ی مشووری ده‌خوات، چۆن حیساب بۆ تۆكمه‌یی و شێوه‌ی دامه‌زراندنی ده‌كات، هه‌رواش گرنگی به ڕواڵه‌ت و جوانسازی ده‌دات. نووسه‌ری هه‌قیقیش له نووسیندا هێزی ناوه‌رۆك و جوانیی ڕووخسار و وشه‌ئارایی به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌ندازیاری كارامه پرۆژه‌كه‌ی به كه‌مترین گوژمه و باشترین كه‌رسته ته‌واو ده‌كات، نووسه‌ری لێزانیش به‌رده‌وام خۆی له به‌خه‌ساردنی وشه و ده‌سته‌واژه‌ی زێده و ناحه‌ز ده‌پارێزێت.
لێره‌دا نامه‌وێت پتر له‌سه‌ر باسی نووسین بڕۆم، چوون باسێكی به‌رفره و هه‌ناسه درێژه، هه‌ویرێكی ئاوكێشه و كاتێكی زۆری گه‌ره‌كه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت بۆ چه‌ند ساتێك به ده‌وریدا هه‌ر خولێم، كتێبێكی كاك زیاد نادر عاڵڵایییه، كه بریتییه له كۆكراوه‌ی چه‌ند بابه‌تێك له‌سه‌ر په‌شێوی شاعیر، به نێوی: “عه‌بدوڵڵا په‌شێو له‌ڕه‌گه‌زی سه‌ربزێوی”. كاك زیاد له كۆكردنه‌وه و رێكخستنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان ڕه‌نجی زۆری كێشاوه، بۆ ئه‌مه ده‌ستخۆشی لێ ده‌كه‌م و سوپاسی ئاڕاسته ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته به‌ر سه‌رنج و ورده ڕه‌خنه‌ی من ناونیشان و پێشه‌كییه‌كه‌یه‌تی كه بۆ ئه‌م كتێبه نووسیویه‌تی.
“عه‌بدوڵڵا په‌شێو شاعیرێك له ڕه‌گه‌زی سه‌ربزێوی”، تێگه‌یشتم كه مه‌به‌ستی كاكی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه پێمان بڵێ: په‌شێو شاعیرێكی بزێو و ناڕاوه‌سته، هه‌میشه به شیعره ئاگرینه‌كانی هه‌ڵویستی وه‌رگرتووه و هه‌لی قۆستوه‌ته‌وه. به‌ڵام گه‌ر له‌رووی ڕووخساره‌وه ته‌ماشای ئه‌م ڕسته‌یه بكه‌ین زۆر ناحه‌ز و تێكقوپاوه. ئاخر “په‌شێو شاعیرێكی بزێو:، یان “عه‌بدوڵڵا په‌شێو شاعیرێكی سه‌ربزێو”، ناونیشانه‌كه لووس و بێ‌گرفت ده‌كات و وشه‌ی “ڕه‌گه‌ز”یش كه ماناكه‌ی داله‌نگاندووه، قووت ده‌دات.
دیاره ناونیشانی هه‌ر كتێب و نووسراوێك، ڕووی نێوه‌وه‌ی نووسراوه‌كه ده‌خاته ڕوو، بۆیه یان ده‌بێ روون و رۆشن بێت، یان ده‌بێت واتایێكی فه‌لسه‌فی له ژێره‌وه‌ی سه‌ر ببزێوێت. نه‌بوونی عینوانی جوان و سه‌رنج ڕاكێش، له بایه‌خی نووسراو ده‌هێننه خواره‌وه.
له سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌ی دا ده‌نووسێت: ” له‌وه‌ته‌ی ئاشنا و ڕۆشنای دنیای سه‌وز و مه‌ستانه‌ی ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ و ڕووناكبیری بووم، له هه‌موو ئه‌دیب و نووسه‌ر و شاعیرێك زێده‌تر و زیاتر (عه‌بدوڵڵاپه‌شێو) چ وه‌ك شاعیر .. چ وه‌ك مرۆڤ و سیمبول .. چ وه‌ك كه‌سێكی كاریزما و خودان هه‌ڵوێستی ڕه‌ند و جوامێرانه له ڕۆژه ناسك و نه‌گریسه‌كاندا ، رۆح و چاو و هه‌ستی منی په‌لكێش و ڕاكێشی چه‌مه‌نستانی شیعره‌كانی خۆی كردووه”.
دنیای سه‌وز بۆ ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ و ڕووناكبیری به‌كارهاتووه، دنیای ئه‌مانه سه‌وزه، بۆچی؟ كێ ئه‌م دنیایه‌ی بۆ ئه‌مانه هه‌ڵبژاردووه؟ نووسه‌ر له‌خۆیه‌وه ئه‌م ناوه‌ی بۆ ئه‌مانه داناوه؟ من هیچ له‌م باره‌وه، نازانم! به‌ڵام گه‌ر وابێت ده‌شێ دنیای سیاسه‌ت سوور بێت و دنیای عیشقیش سپی …تاد.
هه‌ردوو وشه‌ی (زێتر و زیاتر)، یه‌ك مانان، هه‌ردووكیان له ڕیشه‌دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر وشه‌ی (زیاد)، هه‌رچه‌ند ده‌كرێت له جیاتی (زیاد –زیاتر،زێتر) وشه‌ی (پتر) به‌كار بهێنین، به‌ڵام له به‌كارهێنانی هه‌ر یه‌ك له‌م دوو وشه‌یه‌ش به ته‌نیا، خه‌وشیێك نایه‌ته ئاراوه، وه‌لێ به‌دوای یه‌كدا هاتنی (زێتر و زیاتر)، له‌ڕووی داڕشتنه‌وه كرێته.
“چ وه‌ك شاعیر .. چ وه‌ك مرۆڤ و سیمبول .. چ وه‌ك كه‌سێكی كاریزما”، بڕوانه، ئه‌م دووخاڵه‌ی له‌دوای وشه‌ی شاعیر و سیمبول دانراون، له‌ڕووی خاڵبه‌ندییه‌وه داهێنانێكی نوێیه! زۆربه‌مان ده‌زانین یه‌ك خاڵ له كۆتایی هه‌موو ڕسته‌كاندا جگه له رسته‌ی سه‌رسامی و پرسیاری داده‌ندرێت، نموونه: ” په‌شێو، شاعیرێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێسته.” سێ خاڵ بۆ نیشاندانی وشه و ڕسته‌ی سڕاوه و به‌رده‌وام داده‌نرێت:( چووم بۆ هه‌ولێر و سلێمانی و …هتد). به‌ڵام دووخاڵ به‌دوای یه‌ك به شێوه‌ی ئاسۆیی له هیچ ڕێنووسێكی زمانه گشتییه‌كانی جیهان دا ده‌ست ناكه‌وێت، مه‌گه‌ر كه‌سێك قه‌ڵه‌می نسكۆ ببات، باشتر وایه بڵێین نسكۆ به قه‌ڵه‌م ببات.
له جیاتی وشه‌ی (ناسك) جوانتر بوو، به‌ڵكوو باشتریش بوو وشه‌ی (هه‌ستیار)ی به‌كاربهێنایه، سه‌ره‌تا به‌كارهێنانی وشه‌ی ناسك له‌م شوێنه‌دا، له‌زمانی هێندێك سیاسه‌توان و نووسیاری كوردی كه‌وته خواره‌وه، به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه له بنه‌ڕه‌تتدا بۆ بارودۆخ به‌كار نایێت، ناكرێ بڵێین: رۆژانی ناسك، یان دۆخی ناسك، به‌ڵكوو دۆخی هه‌ستیار، رۆژانی هه‌ستیار، جوانتر و ڕه‌وانترن.
هه‌روه‌ها ده‌نووسێت: ( وه‌كو ئه‌وه‌ی شیعره‌كانی ئه‌و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر زمان و زه‌ین و شیعر و دنیای تایبه‌تی من هه‌بێت، بڕوام نییه په‌شێو ئه‌و كاریگه‌رییه گران و گه‌وره‌یه‌ی هه‌بووبێ).
وردبه‌وه و سه‌رنج بده، نووسه‌ر وشه‌ی (ئه‌و) و (په‌شێو)ی به‌یه‌ك مانا به‌كارهێناون، كه‌چی له‌مانای ڕسته‌كه‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێت، وشه‌ی (ئه‌و) بۆ شاعیرێكی به‌ده‌ر له په‌شێو به‌كارهاتبێـت!
پێشتر بینیمان كه له‌باره‌ی په‌شێو نووسیبووی: (رۆح و چاو و هه‌ستی منی په‌لكێش و ڕاكێشی چه‌مه‌نستانی شیعره‌كانی خۆی كردووه)، له‌لایه‌كی دیكه ده‌ڵێ په‌شێو كاریگه‌ری له‌سه‌ر من نییه! بانێكه و دوو هه‌وایه. كه‌سێك رووح و چاو و هه‌ستت ڕاكێش بكات، ئایا له‌مه پتر كاریگه‌ربوون ده‌بێ چۆن بێت؟ سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه خه‌ڵك هه‌ستی یان چاوی یان رووحی ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و به هه‌رسێ كه‌ناڵ كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ری په‌شێو، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی دڵخۆشییه، به‌ڵام دانپێدا نه‌هێنانه‌كه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه!
دیسان كاریگه‌رنه‌بوونی به عه‌بدوڵڵا په‌شێو تۆخ ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ: “هه‌روه‌كو چۆن شیعره‌كانی كه‌ریم ده‌شتی و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و شێركۆ بێكه‌س و فه‌ریدوون موشڕی و ئۆكتافیوباز ده‌خوێنمه‌وه ئاواش شیعره‌كانی په‌شێو ده‌خوێنمه‌وه و نه‌یانتوانیوه ئه‌و كاریگه‌رییه له نێو تێكسته‌كانم دا جێ بهێڵن، مه‌گه‌ر جارجاره له دێڕێكدا ، له نائاگاییه‌وه خه‌یاڵێك .. ڕسته‌یه‌ك ..ده‌سته‌واژه‌یه‌ك خۆیان ترانجاندبێته ناو ڕه‌شبه‌ڵكی شیعرێكمه‌وه ئه‌ویش زۆر كه‌م.”
بڕوانه و دیقه‌ت بده، له دیوی یه‌كه‌می كاریگه‌ربوونی خۆی به په‌شێو ده‌سڕێته‌وه، له دیوی دووم ده‌ڵێ: “…مه‌گه‌ر جارجاره له دێڕێكدا ، له نائاگاییه‌وه خه‌یاڵێك .. ڕسته‌یه‌ك ..ده‌سته‌واژه‌یه‌ك خۆیان ترانجاندبێته ناو ڕه‌شبه‌ڵكی شیعرێكمه‌وه ئه‌ویش زۆر كه‌م”. كاك زیاد ئه‌مجاره ته‌نیا باكه‌ریگه‌ری هه‌ست و رووح و چاو قایل نه‌بوو، به‌ڵكوو جاربه‌جار خه‌یاڵ، یان ڕسته، یان ده‌سته‌واژ، كه سێ كه‌رسته‌ی گرنگ بۆ نووسین خۆیان ده‌خزێننه نێو شیعره‌كانی. له كۆتاییدا ده‌ڵێت: (…ئه‌ویش زۆر كه‌م). كاك زیادی ئازیز كاریگه‌ربوونی كه‌سێك به كه‌سێكی دیكه مانای ئه‌وه نییه ببنه یه‌ك ڕوو، یان له نێو یه‌كدا بتوێنه‌وه، به‌ڵكوو كه‌سی كاریگه‌ربوو به‌جۆرێك له جۆره‌كان چێژی مه‌عنه‌وی ، یان سوودی ماددی -به هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه- لێ وه‌رده‌گرێت.
هه‌روه‌ها ده‌نووسێت: ” دنیای شیعری من زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ دنیای شیعره‌كانی په‌شێو، مێژووش ئه‌و هه‌قیقه‌ت و ڕاستییه ده‌سلمێنێ”. له‌م به‌راورده دا، نووسه‌ر خۆی ده‌خاته ئاستی په‌شێو، به‌ڵكوو سه‌رووتریش، مێژووش ده‌كاته شایه‌ت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌بادا كه‌سێك له‌ملاوه قیت بێته‌وه و بڵێ : شیعری تۆ چۆن ده‌گاته شیعری په‌شێو؟
به‌بۆچوونی من به شان و شه‌پێلكی خۆدا هه‌ڵگوتن، لێره‌دا جێگه‌ی نابێته‌وه، نه‌خاسمه باسی به‌راوردی خۆت له گه‌ڵ په‌شێو و ئه‌وانی دیكه دا بكه‌یت، كه ئه‌مه توێژینه‌وه‌ی گه‌ره‌كه نه‌ك ئاماژه.
لێره‌دا سه‌رنج و تێبینییه‌كانی من كۆتایی پێ هاتن، ته‌نێ شتێك ماوه هێمای بۆ بكه‌م، ئه‌ویش (نانێكی بێخوێ)، مه‌به‌ستی من له‌م ناونیشانه، ئه‌مه‌یه: ئه‌م هه‌وڵه بایه‌خداره‌ی كاك زیاد داویه‌تی جێگه‌ی نرخاندن و ستایشه، وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌م پێشه‌كییه پڕ گرفت و ئاڵۆزكاوه، وه‌ك نانی بێ خوێی لێهاتووه وده‌رخواردی هه‌ركه‌سێكی ده‌ده‌ی ئیشتیهای دووچاری ئازار دێت و به‌ڕووتدا ده‌بۆڵێنێت.
سه‌رچاوه:
عه‌بدوڵڵاپه‌شێو شاعیرێك له ڕه‌گه‌زی سه‌ربزێوی، كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی: زیاد نادر عاڵڵایی،2013 .
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له رۆژنامه‌ی (نسێ) ژماره (29) دووشه‌ممه 11ی 2/ 2013 بڵاو كراوه‌ته‌وه.