Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نزیکبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان، وەک هەوڵێکی پێشگیرانە بەپارتی

نزیکبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان، وەک هەوڵێکی پێشگیرانە بەپارتی

Closed
by October 5, 2012 گشتی

 

 

 

کۆبونەوەی یەکێتی وگۆڕان، بەئامادەبوونی تاڵەبانی ونەوشیراون مستەفا.. کۆبونەوەیەکی ڕۆتین وباو نییە، لەدۆخێکی ئاساییدا روینەداوە، وە تەنها بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیشیان نییە لەگەڵ یەکتری، بەڵکە ئەم کۆبونەوەیە دەسپێکی دەورەیەکی نوێیە، لەدۆخێکی تایبەتیدا کەدەیەوێت چاوبخشێنێتەوە بەپێگە سیاسی خۆیان وئەو گۆرانی باڵانسەی لەپێگەی ‌هێزەکاندا، پێکهاتووە. 

هیچ لەوە رۆشنتر نییە، کەدۆخی یەکێتی نیشتمانی چ بەوێنەی هێزێكی سیاسی بەشدار لەدەسەڵات وچ وەکو وەزعی ڕیکخراوەیی وناوخۆیی وچ پێگەی لەململانێی هەرێمایەتیدا، تادەگات بەوەزعی سیاسی خۆی لەو ناوچانەی لەژێر قەڵەمرەوی خۆیدایە… دۆخێکی تێكچژاو هاوکات کێرفی ڕوو لەداکشانە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەئێستادا بەشدارییەکی ڕاستەقینە لەپرسە سیاسیە چارەنوسسازەکان و بڕیارە گرنگەکانداو له‌ساحەی سیاسی کوردستاندا، نییه‌و زۆرتر ڕۆڵی ئۆپۆزیسێۆنێکی شەرمنۆک دەبینێ، لەبەرامبەر پارتیدا. هەموو دەسەڵاتە گرنگەکانی فەرمانڕەوایی، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم وهەموو جومگە بناغەیەکانی حکومڕانی وبڕیاری چارەنوسسازی ئەو جغرافیا سیاسیەی ناوی هەرێمی کوردستانە، لەدەستی پارتیدایە. دیارە هێشتا یەکێتی دەتوانێ ببێتە مایەی گرفت وسەریەشە وبۆ پارتی، وە دەتوانێ دۆسیەکان، ڕابگرێت وکۆسپ بخاتە بەردەم زۆر لەهەنگاوەکانی پارتی، بەڵام یەکێتی لەدەستبردن بۆئەم گەمەیە، هێشتا لەدۆخی هەڵبژاردن وبڕیار وەرگرتندایە. لەناوخۆشیدا هێشتا بەدەست گرفتی تەکەتولات، گورزی جیابوونەوەی بەشێکی زۆر بەرچاوی بزوتنەوەی گۆڕانه‌وه‌ دەناڵێنێ. ناکۆکی لە بانگەشەو دروشمەکانی لەگەڵ پراکتیک ومامەڵەی واقعیدا، گرفتێکی تری یەکێتییە. بەجیا لەهەموو ئەمانە ڕوبەڕووە لەگەڵ دۆخ وناجێگیری باری تەندروستی تاڵەبانی، کەچەسپی بەستنەوەی تەکەتولەکان و مۆتۆری ئیدارەدانی کێشە ناوخۆیەکانیەتی. لەئاستی ناوچەیشدا یەکێتی کەمیحوەری ئیران ومالیکی گرتووە، خودی ئەم میحوەرە دەرگیری دۆخێکی شکندەیە. لەناوخۆی عێراقدا، ئێران بەهۆی پشت ڕاستکرنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی وهێزەکانیەوە، باڵی مالکی بێ رەقیب نەماوە، پایەی ئێران تیادا لاواز بووە، دۆخی سوریا کە ئێران هەموو هەوڵیك دەدات بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئەسەد، هەوڵێکی بێهودەیەو سەرئەنجام ئەم سەکۆیەش لەدەستی ئێران دەردێت، کەهاوکات کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی وڵاتانی ناوچەکەو بەدیاریکراویش لە عێراقدا گورزێک لەپیگەی مالکی وئێران دەوەشێنێ. یەکێتی لەژێر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی خۆیشیدا، وەزعی باش نییە، بەشیکی زۆی جغرافیای ژیر دەسەڵاتی یەکێتی نیلییە، ناڕەزایەتی ونەفرەتی جەماوەری لە دەسەڵاتی یەکێتی بێئەژمارە. ئەمە دۆخی یەکێتییە.

بزوتنەوەی گۆڕان، بەوێنەی بەرهەمی قوڵبونەوەی ململانێێ ناوخۆیەکانی ناو یەکێتی لەژێر کاریگەری کەوتنی دەسەڵاتی بەعس وهەلومەرجی سیاسی دواتردا ولەبەرامبەر ڕەوتی ڕولەپاشەکشەی یەکێتیدا، توانی خۆی وەکو هیزیکی سیاسی نوێ لەساحەکەدا، نمایش بکات وئوردویەک لەتورەیی ونەفرەتی جەماوەری لەدەسەڵات، بکاتە سەرچاوەی هێزی خۆی وپشتیوانی لەپرۆژەو سیاسەتەکانی. ئێستا ئەویش پێگەی بەرەو لاوازی چووەو دەچێت. کەم ڕەنگ بوونەوەی یان باشتر بڵیێن ڕۆشنبونەوەی ئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازی زۆر بەرجەستەی لەگەڵ سیاسەت ونەخشەکانی یەکێتی وپارتی نییەو بەشیک نییە لەبزوتنەوەی کۆمەڵایەتی جەماوەری بۆ ئالوگۆری بناغەیی سیستەمی سیاسی وحکومرانی لە کوردستاندا، وە هەڵگری پڕۆژەی لەبنەڕەتدا جیاواز لەهی پارتی ویەکێتی نییە، هەروەها هاوپەیمانیەتی بەستی لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامیەکان وپشت بەستنی بەمیحوەی ئیران ومالیکی و… دوخی ناوخۆیی و بەیەکدادانی نەوەی نوێی سیاسی گۆران لەگەڵ سەرانی پیشووی یەکێتی لەناو گۆراندا…تاد، ئەو هۆکارانەن، کە بزوتنەوەی گۆڕانی بەرەو پاشەکشە بردووە. 

سەرانی گۆرانخوازانی گۆران، لەگەڵ جیابونەوەیان لەیەکیتی، جەنگ وململانیی ناو تەلاری ڕێکخراوەیی یەکێتیان هێنایە سەر شەقامەکان وکەوتنە کارادنەوە نواندنێکی توند لەگەڵ یەکێتی ودەسەلاتەکەی لەزونی سەوزدا. لەکاتێکدا یەکێتی ئامانجێکی باش نەبوو، لەناو هۆڵی پەرلەمانیشدا، لەبەرامبەر فراکسیۆنەکانی پارتی ویەکێتیدا، دەست بەتاڵ دەرچوون وتەپڵ لێدان وفرکان فرکانی بوتڵ هاوێشتن، دروشمی حەماسی، نەیتوانی لەبەرامبەر زۆری دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی گوێلەمستیدا، ببیتە دەستمایەکی باش، بۆیە ئەمانە لەدرێژ ماوەدا بە قازانجی پارتی وبە پاشەکشەی پیگەی خۆیان و یەکیتی و  بێئومیدکردنی جەماوەرەکەیان، شکایەوە. 

 لەناو جەرگەی ئەم هەلومەرجەدایە، کەیەکێتی وگۆران، پرۆسیسی بەخۆداچوونەوە وچاوخشاندنەوە، وە نزیکبونەوە لەیەکتری بۆیان بۆتە پێداویستیەکی لەدواخستن نەهاتووه‌. پارتی دێوەزمەیەکی سیاسیە، لەسەر ئاستی کوردستان چ بەهۆی فریودان وچ لەڕیگای سەرکوتی سیاسیەوە، پایەکانی دەسەڵاتی قایمتر کردووە، لەڕاکێشانی پشتیوانی ناوچەیی وجیهانیدا تاڕادەیەکی زۆر سەکەوتووە، میحوەری ئەمریکا وتورکیای گرتووە. بێ ئەمماو ئەگەر پیادەی سیاسەت ودروشمەکانی دەکات، پاراستنی قازانجی چینی سەرمایەداری کوردستان دەکات ونوێنەرایەتی سیاسیکردنی ئەم چینە، قۆرغی دەسەڵاتی خۆی کردووە، هەموو جومگە هەستیارەکان و سەرجەم دەسەڵاتەکانی بڕیاردانی لەدەستی خۆیدا کۆکردوتەوە، بەم پێیەش پاشەکشەی بەسەر هێزو لایەنەکانی سەر بەخانەوادەی خۆیدا داسەپاندووە، هێشتاش هەوڵدەدەت دەسەڵات بەتەواوی لەدەستی خۆیدا یەک سەرەو قوتبی بکاتەوە ولایەنەکانی تر بەهاوپەیمانەکانیەوە تا لایەنە نەیارەکانی تا ئەو ئاستە لاوازو وبێکاریگەر ڕاگرێ، کەبتوانێت بە درۆی دیموکراسی بەرگ بکات بەو دەسەڵاتە یەک قوتبیەیدا. لایەنەکانی تر بەدۆراو بێکاریگەر وهاوکات بێ پێگەی جەماوەری نیشان بدات. پارتی هەوڵدەدات بێ نەیار بمێنێتەوە یان لانی کەم، کاریگەریان هێندە لاواز بکات، کەنەتوانن کێشە بۆ پرۆژەکان ونەخشە سیاسیەکانی دروست بکەن. پارتی تاک لایەنە گوشار لەسەر لایەنەکانی تر داده‌نێ ودەچێتە ناو هەموو گەمەکانی سەرەکیەکانه‌وه‌، گەمەی هەرێم و بەغدا، کایەی کێشە ناوچەییەکان وئەگەر بۆشی کرا توانای خۆی دەخاتە گەر لە ژێر ناوی یەکڕیزی نیشتمانیدا، هێرش و هەرەشەیان لێده‌کات، تابیانکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی خۆی، کەبۆشی نەکرا تاوانباریان ده‌کات بە نەپاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی! و تیکدانی یەککریزی ناو ماڵی کورد!!. ئەمانە ئەو ڕاستیانەن کەپارتی بەنەخشەو بەرنامەوە پیادەیان دەکات. دیارە ئەم جێگاو ڕێگایەی پارتی بە نرخی ترساندن و سەرکوتی سیاسی پاشەکشەکردن بە بزوتنەوە نارەزایەتیەکان و ئازادی و ئازدیخوازی، داسەپێنراوە.

ئەو پیگەیەی که‌پارتی دایمەزراندووە، مایەی ترسێكی واقعییە بۆ سەرجەم هیزو لایەنە سیاسیەکان وسه‌رجه‌م خەڵکی کوردستان وخواستەکانیان. لەم نێوەشدا ‌هێزە کاریگەرەکانی وەک وگۆران ویەکێتی  بەو ڕاستیە گەیشتون کەهیچ کامیان بەتەنها، چ وەکو ئۆپۆزیسیۆن چ وەکو هاوپەیمانی پارتی، ناتوانن پارتی ڕابگرن و هاوسەنگی هێز، بگۆرن. گۆران ویەکێتی وەک تالەبانی و نەوشیروان پشت ڕاستیان کردەوە، لەسەر هەموو پرسە گرنگەکان و چارەنوسسازەکانی عێراق وناوچەکە وناو هەرێمی کوردستان زۆر نزیکن وتارادەی وەکو یەک بوونیان… بێگومان ئەمەش دانپیانانێکی واقعییە، گۆران و یەکێتی دەرهاویشەی یەک بزوتنەوەی سیاسی و یەک مۆدیلی حزبی بزوتنەوەی کوردایەتین، بەشێک لەهۆکاری لێکترازانیان ریشەی لە مامەڵەی نەرمی یەکیتی لەگەڵ پارتی وڕێکەوتنی ستراتیجیدا بوو، ئێستا ئەمە سەلما ئەگەر یەکێتی پێشووی بەر لەجیابونەوەی گۆرانخوازان! لێی، شانسی سەرکەوتنی ململانێی لەگەڵ پارتی بەهۆی نزیکایەتی وکەم بوونەوەی جیاوازییەکانیەوە لەگەڵ پارتی لەدەستدا وبووە هێزی دووەم، وە گۆرانیش بەئۆپۆزیسیۆن بوونی لەگەڵ دەسەڵاتدا نەک هەر نەیتوانی کارتەکانی ململانێی لەگەڵ پارتی تاسەر بەدەستەوە بگریت، بەڵکە پارتی لەڕێگای خۆ بەخاوەنکرنی زۆرێک لەکارتەکانی دەستی ئۆپۆزیسێۆن لەوانە، یەک خستنەوەی ئیدارەکان، پیکهێنانی ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن، گێرانەوەی دەستور، باس لەهەموارکردنەوە رێکەوتنامەی ستراتیجی… ئۆپۆزیسیۆن ویەکیتی هاوپەیمانی خۆی، دەست خاڵی دەهێڵێتەوەو ئەمەش ڕەوتی داکشانی کێرفی یەکیتی وگۆران لەسەر گۆرەپانی کوردستاندا، مەلموس تر دەکات وپیگەی سیاسیان به‌ره‌و لاواز تر ده‌با. بەرگرتن بەم رەوتی داشکانە و سنوردانانێک بۆ زۆر رۆیی پارتی و نەخشەکانی، ناکرێ نەبێتە دەستور و نەخشەی هاوبەشی یەکیتی و گۆران لەدەورەی داهاتوودا.. بەو مانایە کۆبونەوەی گۆران و یەکیتی، کۆبونەوەیەکی بڕیار وەرگرتن و دەست بردنە بۆ نەخشەو سیاسەتی هاوبەش، وەکو هەوڵێکی بەرگریکەرانەو پێشگیرانە بەرامبه‌ر به‌سیاسەت و پیگەی پارتی.

کاردانەوەی توندی گۆران تەنها یان زۆرتر بەرامبەر بەیەکیتی لە ٣ ساڵی رابردوودا، لە حاڵیکدا یەکێتی دەمێک بوو هیزی بریار بەدەستی کوردستان نەبوو، گۆرانی توشی پاشەکشە کرد و پارتی و هیزە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان، بەرەکەی دەخۆن. بێدار بوونەوەی یەکیتی وگۆران لەم دۆخەدا، یەک دەستکرنەوەی سیاسەتەکانیان و نەخشەکانیان بە رووی پارتیدا، بۆتە پیداویستیەک، ئەگەر گۆران و لەوەش واوەتر یەکێتی خۆی لە ژیر باڵی پاوانخوازی پارتی و سیاسەتەکانی دەرنەکێشیت، و بە پرۆژەی جیاوازەوە دەرنەکەوێت…رەوتی پاشەکشەی زیاتر دەپێوێت و لە حاڵەتی نەمانی کاریگەری تاڵەبانیدا بەهۆی تەمەن و باری ناجێگرییەوە، یەکیتی توشێ لێکترازانی تر دەکات و هیندەی تر پارچەکانی ئەم لیکترازانە دەبنە نێچیر بۆ قەپە گەورەکانی پارتی…گۆرانیش هیچی تر بە تەپڵ کوتانی ئۆپۆزیسیۆن بوون لە دۆخی نا سەقامگیر کوردستاندا، ناتوانێ هیچ بەرێک بچنێت. لە کوردستاندا نە هەڵبژاردن دەتوانیت ببێتە بژارەیەک بۆ ئاڵوگۆر لەهاوسەنگی هێزو نە پەرلەمان دەتوانێت ببیتە مەرجەع و پیکهاتەیەکی یاسایی و نە خەڵکی کوردستانیش دەتوانن لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا بە مافە فەردی و مەدەنیەکانی خۆیان بگەن و ژیانی مادی و مەعنەویان، هێندە بگۆرێت کە ئاهی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی هەڵبکێشن.

باسی کێشمەکێشی هەرێم و بەغدا، ریکەوتنی ستراتیجی، گێرانەوەی دەستور، چاکسازی لە کوردستان…تاد، دۆسییە سەرەکیەکانی رێکەوتنی نیوان گۆران و یەکێتی نیین، بەڵکە مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی و هەرەشەکانی بۆسەر پێگەی خۆیان، میحوەرو ئامانجی لێک نزیکبوونەوەی نێوانیانە. 

دیارە ئەم لێک نزیکبوونەوەیە و ریكەوتنامەیە هیچ پەیوەندیەکی بە خواستەکانی خەڵکی کوردستان، لەوانەش ئازادییە سیاسیەکان، مافە فەردی و مەدەنیەکان، یاساو ریسای مۆدێرن، نەخشە رێگای ئایندەی سیاسی کوردستان، گێرانەوەی دەور بۆ ئیرادەی خەڵکی، پرسی کۆتاییهێنان بە سیستەمی پشتبەستوو بە میلیشیا و زۆری هێز …نییە. بۆیە بەسادەیی کۆبونەوەی نیوان گۆران و یەکێتی و نزیکبونەوەیان لەیەکتری، بۆ ئاڵو گۆر بەخشین نییە لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا، بەڵکە تەنها ململانێیەکی دەسەڵاتە و جەنگە لەسەر بەش و پێگەی سیاسی و داهاتی کوردستان.

گۆران و یەکێتی بۆ پاراستنی زونی سەوزو نیلی، لەبەرامبەر هەیمەنەی پارتی و زونی زەردا، بەرەونزیکبوونەوەی زیاتر دەڕۆن و هەوڵی پێشگرتن بە هەوڵەکانی پارتی دەدەن، بەڵام لەم ململانێی نێوان ئەم دوو زون و ئیدارە جیاوازەدا، خەلکی کوردستان بێ باج دەرناچن…بە تایبەت کە هیچ کام لە هێزانە کەمترین بەهای بەکردەوە بۆ ئیرادەو خواست و مافەکانی خەلکی کوردستان دانانێن و جەنگ و ململانێیکانیان لەسەر خواستەکانی خەڵکی کوردستان نییە. بەڵکە لەسەر بنەمای بێیرادەکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پشت کردنە ماف و خواستەکانیان دەتوانن جەنگ بۆ ئامانجە حزبیەکانیان وەرێبخەن. بۆیە پێویستە لەسەر خەڵکی کوردستان، بە جیاکردنەوەی ریزی سەربەخۆیان، لەسیاسەت و کارنامەی ئەم حزبانە، لە سات و سەودای نێوانیان، و بەکۆبونەوەیان لەدەوری یەکتری و بە ریکخراوبوونیان، بە درێژەدان بە بزوتنەوە نارەزایەتیەکانیان، پاشەکشە بەسەر سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد وحزب و لایەنەکانیدا، بسەپێنن.

 کۆتایی سێبتەمبەری 2012  

    عەبدوڵا مەحمود             

abdulla.mahmud@gmail.com  

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.