Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
نهێنی سێو ! … نەهرۆ

نهێنی سێو ! … نەهرۆ

Closed
by May 3, 2013 چیرۆک

 

 

 

ڕۆژێکیان لە قوتابخانەی سەرەتایی بووم، کاتێ بەیانی بوو کوڕی مامۆستاکەمان بینی سێوێکی سوور بەدەمەوە بوو، خەریک بوو قەپی لێ ئەدا، ئەم سێوە سوورە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بوو بە بەشی لە یادەوەری مناڵیم، تەنانەت لە ماڵەوە گێڕامەوە، گوتم ئەمرۆ کوری مامۆستا ئەحمەد سێوێکی سووری بە دەمەوە بوو !

هەر لە وانەکانی قوتابخانەوە فێر بووم کە پەندیکی ئینگلیزی هەیە دەلێ ( تەیک ئەن ئەپڵ ئەدەی، کیپ دوکتور ئەوەی ) بە واتای هەر ڕۆژێک سێوێک بخۆ، دوکتور بخرە ئەو لاوە.

کە زۆرتر گەورەتر بووم، هەر لە وانەکانی قوتابخانەوە فێری یاسای کێشی نیوتن بووم، لەوانەی فیزیا مامۆستاکە گوتی ڕۆژێک نیوتن لەژێر دارە سێوێک دانیشتووە، لەو کاتەدا سێوێک بەربوەتە سەر زەمین، ئەویش لەئەنجامی  لێکدانەوە، پەی بە یاسای کێشی بردووە ! منیش جاروبارو لێکمدەدایەوەو لە دڵێ خۆم دا دەمگوت، هەر تەنیا ئەرز کێشی نییە بەڵکو دەشێ سێوەکەش هێزی کێشی هەبێ، بە واتایەکی تر، هەردووکیان چ سێو، چ زەمین یەکتریان ڕاکێشاوە بۆ لای خۆیان !

کە گەورەتر بووم شارەزاییم پەیدا کرد دەربارەی ئاینە ئاسمانیەکان، لە خاڵی هاوبەشی نێوانیان دەگەڕام دە ئاموژگاریەکە ( تیستەمێنت ) لەهەر سێ ئاینەکە هاتووە، کە چواریان پەیوەندی نێوان ئینسان و خوداوەندە، شەشەکەی تریش پەیوەندی نێوان ئینسانەکان بە پێ یاسا، لێرەدا قسە لەسەر ئەوە ناکەین تا چ ڕادەیەک ئەم رێنمایی یانە مەودای میتافیزیکی یی هەیە، تا چ ڕادەیەکیش لەگەڵ روحی سەردەم و پێشکەوتن و مافی مرۆڤ و ئازادی تاک نایەتەوە !

بێجگە لە دە ( تیستەمێنتەکە ) ئەفسانەی ئادەم و حەوا هاوبەشە لە نێوانیان دا، لەدڵی خۆم دا دەمگوت، هەر ئاینێک و ئاینێکی تری ئاسمانی پێنج سەد ساڵ لە نێوانیان دایە، ئاخۆ بۆ چی دەستکاری ئەم دوو شتەیان نەکردووە وەک ( اقتباس ) لە یەکترەوە وەریانگرتووە !

بۆ چی لە هەر سێ ئاینەکە ئادەم لە بەری داری سێو دەخوا، کە بە پێی روایەتی ئاینی مەسیحی پێ دەڵێن ( داری حیکمەت ) !

من ئەم حیکمەتە لەوە دەبینم کە سێو ڕادەیەکی باشی موگناتیسیەتی تیایە، لە ڕاستی دا ئەوە یادەوەری ئادەم نەبوو بۆ لای سێوەکە چوو بەڵکو کێشی موگناتیسی سێوەکە یادەوەری ئادەمی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە !

لە رۆمانی کۆدی دافنشی وا وێنای کەسایەتی نیوتن کراوە کە پێش وەخت ئەندامی ڕیکخراوێکی نهێنی بووە، ئەم بیرکردنەوەیە ڕاماندەکێشی بۆ لای ئەوە کە پێش نیوتن یش، دەسەڵاتی باڵا درکی بە یاسای کێشی کردووە، بەڵام لە قازانجیان نەبووە، کەشفی بکەن بەڵکو بە لوغز هیشتویانەتەوە یا لە نێو دەقە ئاینیەکان بەشێوەیەکی ئاڵوز دەریانبڕیوە !

کە گەورەتر بووم زیاتر قووڵ بوومەوە لە ئەفسانەی ئادەم و حەوا و چەمک و دەسەڵاتی خوداوەند، پرسیارم دەکرد، ئاخۆ بۆ چی خوا نێرینەیە ؟ لایەنی کەم لە رێزمان بە نێرینە وێنا کراوە، بۆ چی سەرەتا ئادەم وەک ڕەگەزی نێر دروست کراوە ئەوجا حەوا لە دندەی چەپی ئادەم ئەفرێندراوە !

ڕۆژێکیان وانەی کیمیامان هەبوو، مامۆستاکە دەربارەی پێکهاتەی ئەتوم قسەی دەکرد، گوتی ئەتوم بریتی یە لە پروتون و نیوترون، ئەلیکترونیش بە دەوریا دەسوڕێتەوە، دەیگوت سەرەتا پروتون دەخوڵقی کە بارگاوی یە ( مشحونة ) بە پوزەتیڤ، کەچی لە پاڵی دا نیوترون دروست دەبێ کە نوتراڵە، بارگاوی نییە بە هیچ ( شحنة ) یەک، لە هەمان کاتدا ئەلیکترون وەک هەڵگری ( شحنة ) ی نەگیتڤ بە دەوریاندا دەسوڕێتەو، لەو کاتەدا گریمانێک لە مێشکم سەری هەڵدا سەبارەت بە پەیوەندی نێوان پێکهاتەی ئەتوم و رێڕەوی ئەفسانەی ئادەم وحەوا، لە دڵی خۆم دا دەمگوت، لەسەرەتا ئادەم وەک سیمبولی پوزەتیڤ دروست کراوە کەواتە ئادەم پروتونە، هەروا دندەی چەپی ئادەم دەشێ نیوترون بێ کە بە هیچ شوحنەیەک بارگاوی نییە، دواتریش ئەلیکترون وەک هەڵگری شوحنەی نەگیتڤ مانای حەوایە، گوتم لەوانەیە بە پێ ئەم هاوکێشەیە ئاینە ئاسمانیەکان پیاویان بە پوزەتیڤ داناوە، ژنیان بە نەگیتڤ !

لێرەدا من هەوڵ نادەم بەرگی زانستی بکەم بە بەری دەقە ئاینیەکان، بەڵام ڕەوایە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین بۆ چی دوای هەزارو چوار سەد ساڵ یا دوو هەزار ساڵ یا دوو هەزارو پێنج سەد ساڵ، تا ئێستا ئاینەکان ماونەتەوە، پێم وایە مانەوەیان تەنیا باوەڕێکی رووت نییە بەڵکو دەسەڵاتێک لە پشتەوەی مانەوەو ڕاگرتنی ئاینەکان دایە، پارێزگاری لێ یان دەکا لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەو هەروا وەک میکانیزمێک بەکاریان دەهێنێ لە بەرجەستەکردنی پەیوەندی نێوان تاک و دەسەڵاتی باڵا یان بەرقەرار کردنی جۆرە پەیوەندی یەک لە نێوان کەسەکان !

جگە لەمەش لە چەندین دەقی ئاسمانی دا ئەوە دووپات کراوەتەوە ( ان اللە علیم ) بە واتای خوا دەزانێ و چاوی لێمانە ! لە کاتێک دا ئەمرۆ زانست ئەوەی دووپات کردۆتەوە کە یادەوەری شەفافە ( ترانسپارینت ) لێرەدا من دەسەڵاتی خوا بە دەنگی گەل و دەسەڵاتی یادەوەری دەستەجەمعی دەشوبهێنم، ئەشێ یادەوەری بە هێز ئاگای لە وردەکاری و نیازەکانی یادەوەری بچوک بێ، وا دەر ئەکەوێ لە زەمەنی پەیدا بوونی ئاینەکان، دەسەڵاتی باڵا نەیویستوە چەمکی ماتریاڵی دەسەڵات پێشانی خەڵکی ئاسایی بدا، بەڵکو لە چوار چێوەیەکی میتافیزیکی هیشتویانەتەوە !

بۆیە من لێرەدا خۆم لە نێو سێ گۆشەیەک دا دەبینمەوە، سێوە سوورەکەی مناڵێ، دووەم سێوەکەی نیوتن، سێ یەم سێوەکەی ئادەم، دەشێ قەدەری من بە پێ کێشی سێو لە نێو ئەم سێ گۆشەیە هاتوو چوو بکا یەکەم وەک نیشانەی هەژاری، دووەم وەک نیشانەی زانست، سێ یەم وەک هێمای وەهمی ئاینی !

کە گەورەتر بووم یاسای دیالیکتی مارکسم خوێندەوە، لە مێشکی خۆم دا، سێوێکم لە بەرانبەر یاساکە دانا، لە دڵی خۆم دا دەمگوت لە وانەیە مەبەستی مارکس لە یاسای یەکەم، یەکیتی دژەکان، تاقە سێوێک بێ، لەبەر ئەوەی سێو سەرو بنی هەیە کەواتە دوو جەمسەری هەیە کە چی مارکس نموونەکەی لەسەر موگناتیس هینایەوە، جاروبار کەوتمە دواندنی بیردۆزەکەی مارکس، ئەو تەنیا لەسەر پوزەتیڤ و نەگیتڤ ئیشی کردووە وەک یاسا یەکی فیزیاوی، دەکرا بە پێ یاسای ماتماتێکی ئیشی بکردایە هەتا جێگای لێک دان و دابەش کردن و توان و لوغارتیمات و ( تناسب طردي و عکسي ) بوایە، لەبەر ئەوەی پروسەی گەشە کردنی کۆمەڵگا ئاڵۆزە تەنیا ناخرێتە چوارچێوەی پوزەتیڤ و نەگیتڤەوە تەنانەت زانستی ئابوری زیاتر پشت بە ماتماتیک دەبەستی !

هەروا لە یاسای دووەم کە باسی چەندایەتی و چلونایەتی دەکا، بۆ لێکدانەوەی ئەم یاسایەش سێوێکم لە بەرانبەری دائەنا، دەمگوت بە پێ یاسای چەندایەتی دەگەنێ دواییش بە پێ یاسای چلونایەتی دەبێ بە ئەلکۆل، بیرەو شەراب و ویسکی لە سێوی گەنیو دروست دەکرێ ! لەم یاسایەش بەرانبەر مارکس ڕادەوەستام، دەمگوت، دەبوایە مارکس باسی گوڕانی چلونایەتیش بکردایە بۆ چەندایەتی، لێرەدا مارکس باسی لایەنی ( تصاعدي ) دەکا، بە ئاراستەی سەرەوە، کەچی دەکرێ ئێمە باسی لایەنە ( تنازلي ) کەشی بکەین بۆ خوارەوە، لە چلونایەتی یەوە بۆ چەندایەتی، نموونەکەی مارکس لەم بوارە باسی ئاوی کوڵاو دەکا چۆن دەبێتە هەڵم بەڵام ئەگەر هەڵمەکەش بپەستینەوە دەبێتەوە بە ئاو یان هەر حاڵەتی چلونایەتی دیکە دەکری دابەش و ( تجزئة ) بکرێ بۆ چەندایەتی !

لە یاسای سێ یەمیش دا مارکس باسی یاسای نەفی، نەفی دەکا، نموونەی ئەوە دینێتەو کە چۆن مەرگ ژیان لە ناو ئەبا، لێرەش کەوتمە ناکوکی لەگەڵ مارکس دەمگوت دەبوایە مارکس باسی سەرەتای سەرەتاکانیش بکردبایە وەک رووە خوڵقێنەرەکەی ژیان کە چۆن دایک منداڵی دەبێ یان چۆن هەنگاوێکی سەرکەوتوو هەنگاوێکی تری سەرکەوتووانە تری بە دوای خۆی دا ئەهێنێ !

مارکس تەنیا لەسەر یاسای فیزیاوی ئیشی دەکرد، لەکاتێکدا ئەمرۆ زانست دەتوانێ لەسەر لایەنی کیمی مێشک ئیش بکا !

ئاخۆ ئەوە گوڕانکاری کیمی نەبوو وای لە مێشکی تولستوی کرد کە ئەرزو رەزی پاشماوەی باوکی بەسەر جووتیارە هەژارەکاندا دابەش بکا، هەروا بۆ چی زەلامە سەرخۆشەکان سەخی تەبیعەت و دڵفراوان دەبن لە ژێر کاریگەری ئەلکۆل دا، ئاخۆ ئەمە گورانکاری کیمی نییە لە مێشکی کەسەکان !

دەسەڵاتی باڵا ئەگەر بیەوێ گوڕانکاری بکا دەتوانی لە رێگای نهێنی سێوەوە، نهێنی یە زانستی یەکەی کاریگەری لەسەر کەسانی دیاریکراو دابنێ، بە شێوەیەکی سووک و سانا واز لە سەرمایەکانیان بهێنن !

تەنانەت لە زانستی سایکۆلۆژیا ئەو کەسانەی بی پولاریان هەیە، لەکاتێ هەوەس دەستیان واڵا دەبێ و پارەو پولەکانیان دەبەخشن، ئەمەش بەهۆی زۆر بوونی هرمونی سیروتونین دوبامین لە مێشکیان دا !

 

                                                                    نەهرۆ / نەرویج

                                                                   ٣ / ٥ / ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.