Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
نهێنی پشت درووست بوونی پاڵەوانەکانی شۆڕش لە ڕۆمانی شەوی ئەستێرەکاندا

نهێنی پشت درووست بوونی پاڵەوانەکانی شۆڕش لە ڕۆمانی شەوی ئەستێرەکاندا

Closed
by November 5, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

ڕۆمانی شەوی ئەستێرەکان لە نووسینی یاسین بانیخێڵانی،  بە سەفەری مامۆستایەکی خانەنشین کە ناوی (هێڵەرس باومان)ە دەستپێدەکات بۆ پشوودان سەفەر دەکات بۆ دوورگەیەک لەسەر ئامۆژگاری دکتۆر شاسۆتی هاوڕێی ، لەوێ چاوی بە ماسیگرێک دەکەوێت بە ناوی (شایگانی پوژمان) ئەم ماسیگیرە دەبێتە حیکایەت خوانی ڕۆمانەکە و دەیان چیرۆک و بەسەرهات و ڕوداو دەگێڕیتەوە بۆ (هێڵەرس) بە پێنج شەو. دەستپێکی ڕۆمانەکە زۆر ناوازەیە وات لێدەکات بەردەوام بیت لە خوێندنەوە نوسەر زۆر بە لۆژیکەوە ڕات دەکێشێتە ناو ڕوداو بەسەرهاتەکان، لێتان ناشارمەوە لە خوێندەوەی ئەم ڕۆمانەدا بەکوڵ گریام لە ڕوداوی ڕقبوونەوە ئەو خوشک و برایە کە دەچوون بۆ خوێندگە لە ڕێگادا لەسەراما بوون بە شێرەبەفرینە، ئەم ڕوداوە ڕاستی بوو کاتی خۆی لە سنووری سەیدسادق ڕوویدا بەڵام نوسەر ئەوەندە بەجوانی گوزارشتی لەو تراژیدیایە کردبوو من وام دەزانی سەیری فلیم دەکەم و وێنەکانم دەبینی نەک هەر وێنە بەڵکو ناخی ئەو خوشک و براشم دەبینی.  بەسەرهاتی ژیانی فەرزان ئەو مێردمنداڵە کە هەر بەمنداڵی ئاوارە بوو، دایکی مرد و باوکی خێرا ژنی هێنایەوە و فەرزانی دەرکرد لەماڵ، ئەم منداڵە دەچێتە لای نەنکی و خاڵی لەوێ دەژی لە کوندێک لەویش دەچێتە ناو شۆرش بەڵام نوسەر زۆر بە لۆژیکەوە ئەوەمان بۆ باس دەکات کە پیاوانی شۆڕش چۆن خەڵکی بەزۆر ناچار دەکەن و نانی منداڵانی کوندەکان دەدزن و دەڵێن ئێمە ئازادیتان بۆ بەدیدەهێنین.  وەهەروەها ئەو کوڕەی کە لە برسا ڕوکردە میوانخانەی پەپولە سپێکان بۆ ئەوەی پاروە نانێکی بدەنێ کەچی دەرکراو سوکایاتیشی پێکرا لەلایەن خاوەن میوانخانەکەوە بەڵام لە ئەنخامدا چی ڕوویدا؟ چیرۆکەکانی کامشاد و فڵامەرزی سەگکوژ و مامۆستا ئەحمەدی پەنجە شکێن دەیان بابەتی ناوازە.

سەرگوزەشتەی ژیانی خەسرەو خەسیو کە تژی بوو لە نهێنی ئەوپیاوەی کە خزمەتکاری یەکەمی خانم ئازێتا بوو ژنی سەرهەنگ بەهزاد دەسەڵاتدارەی شۆڕش کە هەموو کێشەکانی بە کوشتن چارەسەر دەکرد. نووسەر ویستوویەتی لە ڕێگەی ئەم کارەکتەوەرەوە ئەوەمان پێبڵێت کە ئێمە زۆر زوو هەڵسەنگاندن بۆ مرۆڤەکان دەکەین ئەوەی کەم دوو بوو وا هەست دەکەین هیچ نازانێ و گەمژەیە بەڵام شتەکان هەمووی پێچەوانە بوویەوە، خەسرەوە خەسیوو سێ ساڵ لە ئوردوگیاسەردانی مامۆستا فەرزانی دەکردوو تەنها گوێ دەگرت و هیچ قسەی نەدەکرد، لەهەمووی گرینگتر ئەوەیە بۆچی پێدەڵێن خەسیوو؟ چۆن چووە ناو شۆرش؟ ئەی لەبەرچی لە پیاوانی شۆڕش هەڵهات؟   جوانترین تەکنیک لەم کتێبەدا ئەوەبوو کە خەسرەو خەسیوو باسی لەو ڕاپۆرتانە کرد کە ئامادەکرابوو بۆ کوشتنی فەرزان لە لایەن دانا بلیمەت و مامۆستا هۆگر، لەو گۆشەیەوە بەتەواوەتی تف لە شۆڕش دەکەیت ئیدی فەرزەن تێدەگات کە هەموو قسە و دەربڕینەکانی خاڵی ڕاستبوون لەسەر شۆڕش وە هەروەها بۆی ئاشکرابوو کە خەسرەو نەک گەمژە نییە بەڵکو فریادڕەسیشە، لەوەش گرینگتر ئەوەی کە چۆن خانم ئازێتا عاشقی ئەو پیاوە گێلە دەبێت و دەیکات بە وێنەکێشێکی بەتوانا عەشقەکەیان وەک دووڕەنگ لە تابلۆیەکدا ئاوێتە دەبێت و هەتا منداڵێکیش لەسکی خانم دروست دەبێت.

نوسەر لەم ڕۆمانەدە ڕۆڵی ژن زۆر بەرز دەنرخێنێت لە ڕێگەی کارەکتەری خانم ئازێتا وە پیاوێکی خوێنڕێژ و توندوو تیژ دەکات بە کەسێکی ئاسای و نەرم و نیان تەها لە ڕێگەی سۆز و خۆشەویستی وەلێ هەر عەشقی ئەم خانمە بووە کە لە منداڵییەوە سەرهەنگ بەهزاد یان سالار ببێت بە کەسێکی ئاوا خوێن ڕێژ. وەلێ لە هەندێ شوێن پیاو دەکات بە فریشتە و دەیکاتە یااری دەستی ژن وەک بووکە شوشە.

نوسەر وویستوویەتی ئەوەمان پێبڵێت کە هیچ شتێک مەحاڵ نییە لەبەردەم عەشقدا مرۆڤەکان هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی بە عەشقەکەیان بکەن لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە عەشق مرۆڤەکان دەدۆزێتەوە گێلێک دەکات بە بلیمەت، وەهەروەها ئەوەشمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە پاڵەوانەکانی شۆڕش  هەموویان کارەکتەری ساختە بوون بۆ نموونە دانا بلیمەت و دکتۆر هۆگر کە هگبەیان پڕ بوو لە غەش و ئیرەیی.  نوسەر لە ڕێگەی هەر کارەکتەرێکەوە وویستووەیەتی پەیامێک بگەیەنێت وە لەوەش لۆژیکتر ئەوەیە کە بە شێوەیەکی زۆر جوان ڕوداو و چیرۆکەکانی چنیوەتەوە دەکرێ بیخەینە نێۆ دونیای دەروون زانیشەوە کە سەفەر لە دەرد و جەنجاڵی و (سترێس) دوورمان دەخاتەوە بە هەموو بارەکاندا ئەوکاتەی کە دەیدەی بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بەفیڕۆ ناچیت وا هەست دەکەیت سەفەر دەکەیت، تەنانەت وات لێدەکات ئەگەر بۆ جارێکیش بێت بچیت بۆ سەیری پێشەنگای نیگار کێشەکان و لە تابلۆکانیان بکۆڵیتەوە، من دەڵێم ئەوەی نیگار کێش بێت و ئەم ڕۆمانە نەخوێنێتەوە وەکو ئەوە وایە تابلۆیەکی دروست کردبێت بیخاتە بەردەم باران، وە من گرەو دەکەم هەر کەس ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە بەبێ سێ و دوو خێرا بڕیاری سەفەر دەدات ئیتر گرینگ نییە بۆ کوێ و ماوەی چەن بێت. 

تەنیا ڕەخنەی من ئەوەیە کە هەڵەی تیپ زۆر زۆرە و پێویست دەکات جارێکی تر پیاچوونەوەی بۆ بکەن و ئەو هەڵانە چاک بکەن.

لە کۆتایدا زۆر سوپاسی کاک یاسین بانیخێڵانی دەکەم و دەستخۆشی لێدەکەم کە ئەم ڕۆمانەی بەدیاری پێشکەش کردم، پڕ بە دڵ پیرۆزبای لێدەکەم و بەهیوای بەرهەمی زیاتر..

 

گەشبیر ئەحمەد/ بەڕیتانیا

06/11/2013

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.