Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نووسەر لە فەزای هەرادا …. گۆران رەسووڵ زەوقە

نووسەر لە فەزای هەرادا …. گۆران رەسووڵ زەوقە

Closed
by July 2, 2011 گشتی

 

 جەنگەكان هەمیشە شكستی  جۆراوجۆرمان وەك پاشماوە بۆ بە جێدێڵن، هەر لە جەنگی مرۆڤە چاخە بەردینەكان لەگەڵ سروشت تا شەڕی مرۆڤی مۆدێرن لەگەڵ تەكنەلۆژیا، ئەوەی كە زەرەرمەند بووە هەر تەنیا مرۆڤ خۆیەتی. ئەوەی پەیوەندی لە نێوان پاشماوەی جەنگەكان و زیانەكانیەتی، تەنیا یەك شتە ئەویش بە كۆتا نەهاتنی ئەو جەنگە دەروونییەیە كە مرۆڤەكان دوای ئەو جەنگانەی كە بۆ لەناوبردنی یەكتری و گەیشتن بە دەسەڵات و لەكەدار كردن و ژێردەستكردنی یەكتری دەیكەن. لە ئاوێنەی مێژووەوە ئەوە دەبینین كە پاش چەندین سەدەش هێشتا ناكۆكی و رقی دەروونی لە نێوان ئەو هۆز و نەتەوانە ماوە كە رۆژگارێك بە مەبەستێك بەگژیەكدا چوون. هەر بۆ نموونە ئێستاش لە ئەوروپا نازییەكان نابەدڵن و زۆر نەتەوە لە دەروونییەوە رق و كینە بەرامبەریان دەردەبڕێ, جا لەم بارەشدا هیچ جیاوازییەك لە رووی كەسایەتی ئەو گروپە یا حیزبە ناكرێ كە ئایا كەسەكە كرێكارە یان پزیشك یاخود نووسەر و رووناكبیر.
ئەگەر قسە لەسەر كۆمەڵگای كوردی بكەین هەمیشە شەڕ و دووبەرەكییەكان ئەو پاشماوە رووخانە دەروونییەیان لەناو زۆرێك لە مرۆڤەكان دروستكردووە. ئەگەر ئەو شكستە بە بەراورد لە رووی كەسایەتییەوە وەریگرین, دەبینین هێندەی كاریگەری بەسەر نووسەر یا رووناكبیرێكەوە دیارە و دەمێنێتەوە هێندە بەسەر كەسایەتییەكانی ترەوە نییە. ئەمەش بەو پێیەی نووسەران و رووناكبیران خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بۆ رۆشنبیركردنی تاكەكانی تر لە هەمبەر پرسە سیاسی و مرۆڤایەتییەكاندا. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی داخە و كاریگەری نێگەتیڤی هەیە نەبوونی بێلایەنی ئەو نووسەر و رووناكبیرانەیە لە دەربڕینی بۆچوون و بیروڕایان بۆ پرسی سیاسی و نەتەوەیی. ئەرێ بە راست نووسەر دەبێ بێلایەن بێت ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە جەوهەری رۆشنیری نووسەرێك نیشاندەدا.

ئەگەر قسە لەسەر كۆمەڵگای كوردی بكەین هەمیشە شەڕ و دووبەرەكییەكان ئەو پاشماوە رووخانە دەروونییەیان لەناو زۆرێك لە مرۆڤەكان دروستكردووە. ئەگەر ئەو شكستە بە بەراورد لە رووی كەسایەتییەوە وەریگرین, دەبینین هێندەی كاریگەری بەسەر نووسەر یا رووناكبیرێكەوە دیارە و دەمێنێتەوە هێندە بەسەر كەسایەتییەكانی ترەوە نییە

لایەنگیری بۆ كردەیەك، رەوتێك، هێزێك، پارتێكی سیاسی لە لایەن نووسەرەوە چی دەگەیەنێ؟! ئەوەی نووسەر لە تاكێكی ئاسایی كۆمەڵگا جیادەكاتەوە ئەوەیە كە مافی لایەنگیری هیچ یەك لەمانەی نییە, چونكە ئەوە ئەركی تاكێكی ئاسایییە و ئەركی نووسەر شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو رەوتە یان پارتەیە. دەستەواژەی نووسەر یان رووناكبیر وەك زۆرێك لە دەستەواژەكانی دی، خوێندنەوەی هەڵەی بۆ كراوە. رەنگە نووسینی وتار یان بابەتێك لای ئێمە پێوەرێكی سەرەكی بێت بۆ نووسەر بوون. ئەمە لەكاتێكدا كە گەورەنووسەر بە چەند دێرێك واتایەك دەدا كە رەنگە گەندەنووسەر بە چەندین پەرەگرافیش نەتوانێ مەفهوم بدا. ئەو كاتەی نووسەر ئۆرگانی حزبێك یا پارتێكی سیاسییە هەر خاڵێكی نێگەتیڤی ئەو لایەنە بەسەر ئەویشدا دەشكێتەوە. ئەو كردە نابەجێیەی كە ئەندامێكی ئاسایی حیزبێك ئەنجامی دەدا ، لە رووی قەبارەی حزبەكەوە پشكی هەموو ئەندامەكانی تێدایە.
نووسەر یا رووناكبیر خۆی بە تەنیا لایەن، رەوت، حیزبێكە. كە ئەمەش پەیوەندی بە دیدگا و بۆچوونی تایبەتی خۆیەوە هەیە. ئەو دەبێ لە ناو خۆیدا و دوور لە هەر لایەنێك، بەرنامە و پەیڕەو و فیكری خۆی دابڕێژێ. بە بڕوای من ئەو كەسەی ناسنامەی حیزبێكی لە گیرفاندا هەبێ دەكرێ ببێتە هەموو شتێك تەنیا نووسەر و رووناكبیر نەبێ. نووسین رێزگرتنە، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی رێزگرتنیش یەکتر قبووڵکردنە، وەلێ ئەو جەنگ و دژایەتییە بەردەوامانەی وڵاتانی رۆژهەڵات بەڵگەی سەلماندنی دانپێنەنانی پارتە سیاسییە رۆژهەڵاتییەکان لە نێو خۆیاندا، ئەمەش نەبوونی رێزە و ئەو رێزنەگرتنەش نووسەرانی ئەم حیزبانە دەگرێتەوە. نووسەری حیزب کەسێکە گوێڕایەڵ، ئەگەر هاتوو بیرۆکەی جوانی هەبێ بەر لە درکاندنی دەبێ لەگەڵ پرەنسیپەکانی حیزبەکەی بەراوردی پێبکا، ئەمەش لێستاندنەوەی ئازادی دەربڕنی پێدەڵێن. نووسەر و بیرمەند بە ئازادییەوە جوانن، چونکە ئازادبوون رێیان پێدەدا بە کامی دڵ بدوێن و سڵ لە ئەم و ئەو نەکەنەوە.
لە رووداوەكانی رابردوودا ئەوەمان بینیوە كە زۆر نووسەر لەبەر ئەوەی ئەندامی حیزبێك بوون، بۆ هاندانی پارتەكەیان شیعر و نووسینی جۆربەجۆریان نووسیوە و ئەمەش كاریگەری هەبووە لەسەر خۆشكردنی ئاگری شەڕ و دووبەرەكی. ئەمە جگە لەوەی كە هەندێكیان شیعریان بۆ پێدا هەڵدانی سەركردەكان نووسیوە و ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ زەمەنی ئەو شاعیرانەی کە بۆ بژێوی ژیانیان شیعران بۆ پێداهەڵدانی سوڵتان و پادشاکان گووتەوە. لەناو ئێمەدا هەندێ نووسەر، رووناکبیر بازبازێن دەکەن، لەم لایەن بۆ ئەویتریان، لەم حیزبە بۆ ئەو حیزبە ئەمەش وامان لێدەکا لەبەر بۆگەنیان توند دەستمان بە لووتمانەوە بگرین. رەنگە ئەگەر پێنووسەکانیان روحیان هەبا هەر زوو خۆیان بخنکاندبایە. ئەوانەی لەناو حیزبدان و بەردەوام دەنووسن باشترە ناوێکی دی لە خۆیان بنێن. دەلوێ نووسەر حیزبێکی هەبێ بەڵام ناشێ حیزب نووسەری هەبێ. ئاخر نووسەر خۆی سەرکردەی خۆیەتی نەک مرۆڤێکی دی سەرکردەی بێ، نووسەر پابەند نییە بە پەیڕەوی هیچ لایەک، ئەو خۆی پەیڕەونامە بۆخۆی دادەنێ. نووسەر کەسێکە بە چاوی روونی خۆی شتەکان دەبینێ نەک بە چاویلکەی حیزبێک. ئەو بەردەوام لە پێناو رۆشنگەریدا دەجەنگێ نەک بۆ کورسی و دەسەڵات. نامەی خوێنەرێک بۆ ئەو زۆر بە بەهاترە لە پاداشتی بەرپرسێک. بۆ ئەو تێبینی و سەرنجی خوێنەرەکانی زۆر لە پلە و پایەی حیزبێک گرینگترە.

نووسەر خۆی سەرکردەی خۆیەتی نەک مرۆڤێکی دی سەرکردەی بێ، نووسەر پابەند نییە بە پەیڕەوی هیچ لایەک، ئەو خۆی پەیڕەونامە بۆخۆی دادەنێ. نووسەر کەسێکە بە چاوی روونی خۆی شتەکان دەبینێ نەک بە چاویلکەی حیزبێک. ئەو بەردەوام لە پێناو رۆشنگەریدا دەجەنگێ نەک بۆ کورسی و دەسەڵات. نامەی خوێنەرێک بۆ ئەو زۆر بە بەهاترە لە پاداشتی بەرپرسێک

 نووسەری باڵا، بەرگی ئایدیای خۆی بەبەر بۆچوونەکانی دەکا دوور لەوەی کە بە هزری حیزبێک وتەکانی باڵاپۆش بکا. گەورەنووسەر رێزی هەموو بۆچوون و باوەڕێک دەگرێت، ئەو پێشڕەوی هەموو کردەیەکی دروست دەکا، رەنگە ئەگەر پێویست بکا خۆشی بۆ ئەو کردەیە ببەخشێ. ئەو لەگەڵ خوێندکار و کرێکار و هەژاراندا لەپێناو چاکسازی و یەکسانی لە پێشەوەی خۆپیشاندان رێدەکا. ئەو گەرووی خۆی بۆ هاواری نەداران تەرخان دەکا. گەندەنووسەر هەمیشە چاوی لەدەستی ئەوانی ترە، وەلێ گەورەنووسەر بەردەوام لەگەڵ خۆیدا دەپەیڤێ و راڤەکاری بۆ ئایدیاکانی خۆی دەکا تا دەگاتە حەقیقەتی بڕیاردان.
دەخوازم نووسەران و ئەدیبانی کورد دوور بن لە گڕی ئاگری سیاسییەکان و پێلانبازان، ئاخر ئەگەر نەشیان سوتێنێ ئەوا بۆنی دووکەڵی ئەو ئاگرە سەرتاپا گیانیان دەتەنێ. دەنگی ئازادی نووسەری کورد دەنگێکی کز و نووساوە و لە دەنگی کەسێک دەچێ کە لەناو بیرێکەوە هاوار دەکا. بۆ ئەوەی بیرمەندی راستەقینەمان هەبێ و خاوەنی قسەی خۆمان بین دەبێ دوور لە هەر یاسا و پەیڕەوی حیزبێک، خۆمان بڕیاردەری خۆمان بین و سەربەستییەکی رەها بۆ خۆمان بوونیاد بنێین.


گۆران رەسووڵ زەوقە – هەولێر

 

* ئەم نووسینە وەک سەروتار لە ژمارە ٤ی گۆڤاری ٢٣ بڵاوبووەتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.