نۆسه‌د رۆژ
پاڵه‌وانی ڕابووردوو
له یه‌کێ له فلیمه‌کانی فێستیڤاڵی جیهانی(٢٠١١)دا، که له ئه‌مستردام سازدرا و خه‌لاتی باشترین فیلمی دۆکۆمێنتاری به‌ده‌ستهێنا، فیلمی دۆکۆمێنتاری ٩٠٠ رۆژی ژنه ده‌رهێنه‌ری هۆله‌ندی، یه‌سیکه خۆرته‌ر بوو. پوخته‌ی ناوه‌ڕۆکی فیلمه‌که له سه‌ر گه‌مارۆ و ئابلۆقه‌دانی شاری لینیگراد بوو، له کاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا، له نێوان (١٩٤١-١٩٤٤ ) له لایه‌ن نازیه داگیرکه‌ره‌کانی ئه‌لمانیاوه . پرۆسه‌ی هێرش و گه‌مارۆدانی شاری لینینگراد (سان پترسبۆرگ) ی ئێستا، نزیکی ٩٠٠ رۆژی خایاند. هه‌ر چه‌نده له سه‌ر گه‌مارۆ و جه‌نگی نازیه داگیرکه‌ره‌کان بۆ سه‌ر لینینگراد نوسین و لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆر له‌سه‌ر کراوه. به‌ڵام گرنگی دۆکۆمێنته‌که لێره‌دایه تیشک ده‌خاته سه‌ر ئاکامی ئابلۆقه‌دانی شاره‌که‌و هاوکات ده‌رخستنی لایه‌نی شاراوه‌و ورده‌کارییه‌کانی په‌لاماردانه‌که له ده‌می چه‌ند ڕزگاربووه‌یه‌کی جه‌نگه‌وه که به‌سه‌رهاتی خۆیان ده‌گێرنه‌وه ، له لایه‌کی دی رۆڵی کۆنترۆل و سه‌نسۆری حیزب و ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو له سه‌ر دانیشتوانی لینینگراد ئاشکراده‌کات، به ئه‌ندازه‌یه‌ک رزگاربووه‌کانی جه‌نگ وا قروقه‌پیان له‌سه‌ر بووه و کۆنترۆل کرابون که باسکردن و گفتۆگۆکردنی سیاسی له‌سه‌ر گه‌مارۆدانه‌که نه‌ک هه‌ر لادان و شکاندنی پیرۆزی شۆرش و خه‌بات له ئامێز ده‌گرێت به‌لکو خودی باسکردنه‌که ده‌چێته چوارچێوه‌ی تاوان،تاوانی خیانه‌ت به‌رامبه‌ر خاک و گه‌ل نیشتمان.. ڕزگاربوه‌کان تا رۆژی ئێستا ناتوانن به شێوه‌یه‌کی سروشتی هه‌ست و سۆزی ته‌واوی خۆیان له هه‌مبه‌ر کاره‌ساتی ترسناکی هێرشی په‌لاماردان و گه‌مارۆدان به شێوه‌یه‌کی ئاسایی به‌یانی بکه‌ن. به زاره‌کی وبه ووشه شتێک ده‌رده‌برن به‌ڵام ڕوخساریان شتێکی جیاوازی تر ده‌درکێنێ. له یه‌ک کاتدا دوو ڕاسپارده‌ی دژ به‌یه‌ک ده‌رده‌بڕن . سه‌رباری کۆنترۆل و سه‌نسوری حیزب له ده‌مکوتکردنی خه‌لک له سه‌ر گێرانه‌وه‌ی ڕاستی کاره‌ساته‌که، گۆرینی ڕوداوه مێژووییه‌که له کاره‌ساتێکی ترسناکی خوێناوی بۆ ئه‌فسانه‌ی جه‌نگاوه‌ریی و جوامێری، کردنی خه‌ڵک له قوربانی و سه‌رگه‌ردانی بۆ پاڵه‌وان و شۆڕشگێر به زه‌قی له ژیانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی روسیادا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، به مانایه‌کی دی گۆڕینی ڕوداێکی تۆقێنه‌ری خوێناوی مێژووی ڕۆژانی تاریکی سۆڤیه‌تی پێشوو، بۆ ئه‌فسانه‌ی جوامێری و جه‌نگاوه‌ری ڕوسه‌کان، ئه‌مه به ئاشکرا له که‌لتورو ژیانی کۆمه‌لایه‌تی و سیاسی‌دا ده‌رده‌که‌وێت. لێره‌وه پێدان و به‌خشینی خه‌ڵات له مه‌راسیمی ساڵیادی ئازادی لینینگرادله لایه‌ن سه‌رکرده‌و سه‌رانی حیزب و هێزی ده‌سه‌ڵات،به ڕزگاربووه‌کانی جه‌نگ و ئابلۆقه‌ی لینینگراد/ سان پترسبۆرگ تا رۆژی ئه‌مرۆ پیاده ده‌کرێت. به‌لام ئایا قوربانیه‌کان، دانیشتوانی شاره‌که خۆیان چۆن سه‌یری ئه‌م کاره‌ساته مێژووییه ده‌که‌ن و چۆن وێنای خۆیان ده‌که‌ن؟ دیاره هه‌ر وه‌ک له دۆکۆمێنته‌که ده‌رده‌که‌وێت، گاڵته‌یان به‌م کۆمه‌دییایه‌ی ده‌سه‌ڵات دێ ، خۆیان نه وه‌ک پاڵه‌وان و نه وه‌ک جه‌نگاوه‌ر ده‌بینن. به‌لکو خه‌ڵکه‌که له بارودۆخێکدا گوزه‌ر ده‌که‌ن که له ناو دووجه‌مسه‌ری لێک دژدا ده‌ژین.
هه‌روه‌ک یه‌کێک له رزگاربوه‌کانی جه‌نگ له دیمانه‌یه‌کدا ده‌ڵێت: که له‌و کاته‌ی له ته‌له‌فزێوندا مه‌راسیمی ساڵیادی ٦٥ ساڵه‌ی ئازادی ده‌کرێت، “دميتري ميدفيديف” سه‌رۆک کۆماری پێشووی روسیا ، به حه‌ماسه‌ته‌وه پیرۆزبایی له پاڵه‌وانانی جه‌نگ و ڕۆژی گه‌وره‌ی سه‌رکه‌وتن ده‌کات. ئا له‌و کاته‌دا یه‌کێک له قوربانیه‌کان له دیمانه‌که‌دا ده‌لێت ” : “باشتره ته‌له‌فزێون بکوژێینینه‌وه ، هه‌مو ژیانمان هه‌ر گوێگرتنبووه له‌م شته پروپوچانه بووه”، هاوسه‌ره‌که‌شی له‌و لاوه ڕسته‌که ته‌واو ده‌کات ده‌ڵی” باشتره ئه‌وه‌نده سه‌یری درۆده‌له‌سه نه‌که‌ین “. له په‌لاماردان و ئابلۆقه‌دانی نازیه‌کان بۆ سه‌ر لینینگراد که نزیکی نۆسه‌د رۆژی خایاند، شاره‌که به‌هۆی بۆردمانه‌وه نه‌ک هه‌ر له به‌شه‌کانی تری یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو، به‌ڵکو له گه‌ل هه‌مو جیهاندا دابران، دابرانی شاره‌که له به‌شه‌کانی تری سۆڤیه‌تدا، تراژیدیا و کاره‌ساتێکی میژوی گه‌وره‌ی تۆمار کرد. دانیشتوانی شاره‌که له سێ ملێون ، نزیکی یه‌ک ملێون له ئه‌نجامی کوشتار، سه‌رما، برسی قوربانی دا. خه‌لک له برساندا له جیاتی نان که‌تیره و ناوکه‌فی پێلاو ته‌نانه‌ت پشیله‌ی منداڵه‌کانیشیان ده‌خوارد: ئالیره‌دا ژنێکی ٧٩ سال باسی ژیانی خۆی له کاتی جه‌نگدا ده‌کات: “من منداڵێکی قوربانی جه‌نگم ، که دایکم مرد، شه‌ش ڕۆژ له ناوجێگادا له گه‌ڵی مامه‌وه”..هه‌ر له درێژه‌ی قسه‌کانی دا ده‌ڵێت: که ته‌مه‌نم بوو به یانزه ساڵ، هیچ شتێک نه‌بوو بیخۆین، له ناچاریدا پشیله‌که‌م به ته‌ور سه‌ربڕی. و له به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژی له دایکبوونم بوو، له دایک و خوشکه‌که‌م زیاتر گۆشتی پشیله‌م وه‌رگرت..له پاشاندا ده‌ڵی: ئێستا نزیکی هه‌شتا سالم، ژیانم زۆر به به‌ره‌وه نه‌ماوه، هه‌ر بۆیه چوم بۆ لای قه‌شه‌و پرسیاره‌ی ئه‌وه‌م لێ کرد ، ئایا مردوو خواردن حه‌رامه یان نا؟ چونکه چیرۆکێکم بیستبو که دایکێک و دوو کچ پێکه‌وه له ماڵیکدا ده‌ژین، که کاتێک که یه‌کێک له کچه‌کان له برساندا ده‌مرێت ،هه‌روا له نێو په‌نجه‌ره‌یه‌که‌دا دایده‌نێن، هه‌وا سارد و سه‌هۆلبه‌ندان بووه، نزیکی (٣٠ ) سی پله ژێر سفر بووه. هه‌ر ڕۆژه‌ی پارچه‌یه‌ک له لاشه‌ی کچه مردوه‌که ده‌که‌نه‌وه و ده‌یخۆن، قه‌شه‌ش له وه‌ڵامدا ده‌لێت : به‌ڵێ مردوو خواردن حه‌رامه، به‌ڵام ژنه پیره‌که‌ش ده‌ڵێ نه‌خێر حه‌رام نیه، ئه‌وه خۆشه‌ویستیه” . لێره‌دا چیرۆکی ژنه پیره‌که دڵی بینه‌رانی ده‌ته‌زێنێت ، چونکه پێده‌چوو چیرۆکه‌که، به‌سه‌رهاتی خۆی بێت و نه‌توانێت له ترس و شه‌رمدا باسی بکات، بینه‌ران روبه‌روی پرسیار و بیرکردنه‌وه کران!
له لایه‌کی تره‌وه، ژنێکی قوربانی جه‌نگ ئاماژه به‌م ئابلۆقه‌دان ده‌کات که ستالین خۆی بۆ ئه‌م په‌لاماردانه‌ی نازیه‌کان ئاماده نه‌کردبو. هه‌روه‌ها ده‌لێت له‌و کاته‌ی عه‌مباری خۆراک بۆردومان ده‌کرێت، خه‌لک ده‌چێت له ناو به‌فرو و قورو چلپاو خۆراک کۆ د‌ه‌کاته‌وه، ئاله‌و کاته‌دا کێ خواردنی پێبگیرایا، ده‌ست به‌جێ گولله‌باران ده‌کرا. هه‌مو هه‌فته‌یه‌ک هه‌زاران خه‌لک له برسيتي تينويتی و له سه‌رما گیانيان له ده‌ست ده‌دا، هه‌روه‌ک له ئارشيفيكی فيديويی دا ده‌رده‌که‌وێت پیاوێک له کاتی ڕۆشتنی به سه‌ر پردێکد له سه‌ر پشتدا ته‌خت ده‌که‌وێت، برسییه‌تی و سه‌رما هێزی له به‌ربڕیوه تا بتوانێت هه‌ستێته‌وه، هه‌رکه‌سێک به‌وێدا تێپه‌ڕیت، ته‌نیا به سه‌یرێک لایه‌کی لێده‌کاته‌وه . به‌م شێوازه چه‌نده‌ها که‌س له برسيتی و سه‌رمادا له شه‌قام و کۆلانه‌کاندا به لادا ده‌که‌وتن و که‌س ناچێت به هانایانه‌و و ته‌کوته‌نیا ده‌مرن. ژنه‌که له میانه‌ی قسه‌کانیدا باسی لاشه‌ی مردوه‌کان ده‌کاو ده‌ڵێت . مردوه‌کان له ده‌ره‌وه که‌ڵه‌که ده‌کران. به‌فرێکی زۆر باری بو، له به‌ر به‌ستن و زۆری به‌فر، گۆڕ هه‌ڵ نه‌ده‌که‌نرا. خه‌ڵک توانای گۆڕ هه‌لکه‌ندنی نه‌بووه، داروبه‌رد به‌ستبوویه‌تی. به‌لکو هه‌روه‌ک دار ، مردوو له‌سه‌ر یه‌کدا که‌ڵه‌که کراون، به‌ڵام خه‌ڵک شه‌و به دزییه‌وه، ته‌وریان هێناوه و که‌وتونه‌ته لێکردنه‌وه‌ی قاچ و ده‌ستی مروده‌کان بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌ن به شۆربا، یاخود، له بازاری ڕه‌شدا، فرۆشتویانه. زۆر که‌س هه‌بوو له ناچارییدا، گۆشتی مردوی ئازیزانی خۆیی خواردووه. خۆ ئه‌گه‌ر که‌سێک به قاچ و ده‌ستی مردووه‌وه بگیرایا، ده‌گیراو و حوکم ده‌دراو یان ده‌یانکوشت.
له به‌شێکی تری دیمانه‌که‌دا، پیاوێک ئه‌و مه‌دالیاکانی که پێ به‌خشرابوو، ده‌رده‌هێنیت و پیشانی ده‌رهێنه‌ر و کامێرامانی ده‌دات، ده‌ڵێت له ساڵیادیدا ئه‌م ته‌نه‌کانه وه‌رده‌گرین، مه‌دالییاک جیاده‌کاته‌وه فڕی ده‌داته به‌رده‌م ده‌رهێنه‌ر و پێده‌به‌خشێت. دۆکۆمێنته‌که ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه که دوو واقیعه‌ت هه‌یه، واقیعه‌تێک که ده‌سه‌ڵات له رێگای مه‌کینه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی خۆی دروستی ده‌کات ، واقیعه‌تی قوربانیان، که مۆرکی گه‌وره‌ی کاره‌ساتی ترسناکی ئابلۆقه‌دان به ژیانیانه‌وه ده‌بینرێت.
ئایا دانپێنان به ڕاستییه‌کی ترسناکی تۆقێنه‌ر یان شۆکمه‌ندی و شانازی به ئه‌فسانه و جه‌نگاوه‌ری. خۆل کردنه چاوی خه‌لک ، یان په‌رده‌لان له سه‌ر روداوه‌کان ؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیارانه‌یه که وه‌ک بینه‌ر روبه‌روت ده‌بێته‌وه.
بێگومان له کوردستانی خۆشمان‌دا( باهه‌ڵه‌ی تێگه‌یشتن دروست نه‌بێت، لێره‌دا مه‌به‌ست له به‌روادکردنی ئه‌و دوو کۆمه‌ڵگایه نیه(، پرۆپاگه‌نده‌ی حیزبه گه‌وره‌کان ڕۆلی سه‌ره‌کی له چه‌واشه‌کردنی خه‌لک، له شاردنه‌وه‌ی راستییه‌کان، له دروستکردنی ئه‌فسانه‌ی جه‌نگاوه‌ری و جوامێری بینیوه. به‌ڵام که تاکی کورد کۆیله‌ی ده‌ستی دوو ده‌سه‌لاتی بنه‌ماڵه بێت ، ئه‌و ڕابوردووه ئه‌فسانه‌وییه ده‌توانێت دادی چی بدات؟ رابوردوی مه‌زن و پاڵه‌وان به تاکی کورد به چی ده‌چێت، که له رۆژی ئێستادا خاک و ئاو و زه‌وی وزاری کشتوکالی و سامانی سروشتیمان له سایه‌ی ده‌ست چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی خێڵه‌کی بازرگانی به فروت وفێڵ تالانفرۆشی ده‌که‌ن . به‌رهه‌می ڕابوردوی پڕ جوامێری چی له ئه‌مڕۆدا دروێنه ده‌کات که له سایه‌ی ئه‌م سه‌رکرده بازرگانانه ، زیاد له* سیوپێنج هه‌زار کرێکار و پرۆفشیوناڵ له تورکیاوه ده‌هێنن ، له کاتێکدا گه‌نجه‌کانمانی خۆمان له به‌ر سه‌ختی هه‌لومه‌رج ژیانی خۆیانیان بۆ دابین ناکرێت. کاره‌سات هه‌ر له‌وه‌دا نیه که سه‌رکرده‌کانمان سامانی سروشتیمان به تورکیا تالانفرۆش ده‌که‌ن، به‌لکو باسی رژێمک ده‌که‌ین که به ناو هێنانی کورد توشی هستریا ده‌بن، ئه‌و رژێمه‌ی که مێردمنداڵی قاچاغچییان لێ ده‌بیته تورۆریست و به فرۆکه‌ی جه‌نگی بۆردومانیان ده‌که‌ن. ئاخر ڕابوردو پڕ له پاله‌وانییه‌تی چی له ئه‌مرۆدا به‌رهه‌م دێنێت که رۆحی کوردیی ، زمان، مێژوو و که‌لتورمان له ناو ده‌به‌ن، له لایه‌ک نه‌وت ئاودیو ده‌که‌ن، هاوکات زمانی تورکی و که‌لتوری تورکی عوسمانیمان بۆ ده‌هێنن. سه‌رانی کورد هه‌مو رۆژێک به‌م شێوه‌یه که‌رامه‌تی تاکی کورد لاقه ده‌که‌ن. هه‌ر له ژێر سێبه‌ری ئه‌م رابوردوه پڕ جوامێرییه‌دایه، ڕێوه‌ره‌سمی ئاینی ئیسلامی سیاسی له مزگه‌وته‌کاندا، له ژیر پرمه‌ی بێده‌نگیدا ئه‌نجامده‌ده‌دن ،به عه‌له‌می سه‌وز‌و به هوتافی خوێناوی الله‌وئه‌کبر ده‌رژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان. سوکایه‌تی به نوسه‌ر و ڕۆشنبیر ده‌که‌ن. به ئێمه چی پاڵه‌وان و جه‌نگاوه‌رانی ڕابووردو! که‌ی بێت فلیمێکی دۆکۆمنتێری له سه‌ر ڕوداوه‌کان ،له‌سه‌ر فروفێلی سه‌رکرده‌کان، له سه‌ر کیمیابارانی هه‌له‌بجه و ئه‌نفال ده‌ربکرێت، نهێنیه‌کان به وردی ئاشکرا بکرێن، په‌رده له‌ر ڕاستییه‌کان هه‌لبدرێته‌وه.
* ئه‌م زانیارییه له پرۆگرامێکی ته‌له‌فزیونی که‌نالی هۆله‌ندادا وه‌رگیراوه