نۆڤلێتێکی نوێی ئێریک ئیمانوێل شمیت کرایە کوردی
Éric-Emmanuel Schmitt ئێریک ئیمانوێل شمیت یەکێكە لە نووسەرە ناسراوەکانی فەرەنساو جیهان. ڕۆمان و نۆڤلێتەکانی بۆ زۆربەی زمانە جیهانیەکان وەرگێڕاون ، هەتاوەکو ئەمڕۆش بە پڕفرۆشترین نووسەری فەرەنسا و ئوروپا دێتە ژماردن.
نۆڤلێتی ” پاڵهوانی سۆمۆکهی که نهیدهتوانی قهڵهو بێت” باس لەژیانی ” جون” دەکات کە کورێکی پانزە ساڵانە، لە شەقامەکانی تۆکیۆ بژێوی ژیانی پەیدا دەکات، تا ڕۆژێکیان چاوی بە پیاوێی پیر دەکەوێت ژیانی دەگۆڕێت. شومینتسووم Shomintsu ی پیر ، بە بەردەوامی سەردانی جونی گەنج دەکات . زۆرجاریش ئەم قسەیەی پێ دەڵێتەوە:
” من قهڵهوێک له تۆدا بهدی دهکهم”
هەرچەندە جون گەنجێکی لەڕو لاوازە، بەڵام بە بەردەوامی شومینتسووم داوای لێدەکات ، بەشداری پاڵەوانێتی سومۆ بکات . سومۆ یارییەکی کۆنی چینیە، کە مێژووکەی بۆ سەردەمی ” بودا” دەگەڕێتەوە. تێیدا کۆمەڵێک کەسی قەڵەو و بەتوانا ، خەریکی زۆرانبازی دەبن.
پاشان جون بە قسەی شومینتسووم دەکات و دەچێتە قووتابخانەی تایبەتی پاڵەوانانی سۆمۆوە و بەشداری پاڵەوانێتیەکە دەکات و لە زۆرانبازیەکەدا سەرکەوتن بە دەستدەهێنێت.
ئیریک ئیمانوێل شمیت بەهەمان شێوازی پێشوو، ” فەنتازیا” بەسەر ئەم نۆڤلێتەیدا زاڵ دەبێت. زمانی شیعریش پانتایی خۆی بەسەر ئەم کارەیدا دەگرێت. ڕاستیەکەی شمیت یەکێکە لەو نووسەرە فەرەنسیانەی ، کە بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن دەنووسێت، توانیویەتی بە باشترین شێواز ” فەنتازیا و واقع” لە رۆمانەکانیدا تەوزیف بکات.
ئیمانوێل شمێت ئەم نۆڤلێتەی ساڵی ٢٠٠٩ نووسوە، بۆ زۆربەی زمانە ئوروپیی و جیهانیەکان وەرگێراوە. پاشانیش وەکو زۆربەی کارەکانی تری، کراوەتە فیلمی سینەمایی.
جێگەی ئاماژەیە ئەم نۆڤلێتە لەلایەن وەرگێر ” ئاوات حاجی عەبدوڵلا هەورامی ” لە فەرەنسیەوە کراوەتە کوردی، لەلایەن یانەی قەڵەم چاپ کراوە.