Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
نیشتیمان و کتێبی خەون …   ناڵە حەسەن

نیشتیمان و کتێبی خەون … ناڵە حەسەن

Closed
by May 23, 2012 ئەدەب

 

 

ئەی بەیاتریسی نێو باڕێزەی            
بنارەکانی بیناییم
من کە نیشتیمانم خۆشدەوێ
منەت بەسەر دایکم و
منەت بەسەر خاک و
منەت بەسەر تۆوە ناکەم
ئاخر گوڵم
کە نیشتیمانێک نەبێت
لە کوێ ماڵێک بدۆزینەوە بۆ پێکەوە ژیان
کە ماڵێک نەبێت
لە کوێ ژوورێک دروست بکەین بۆ نووستن
کە ژووری نووستنێکیش نەبێت
لە کوێ سیسەمێک دابنێین
بۆ ئاوێزانبوون و خەون بینین ..!

بیرکەرەوە
ئەی تاقەگوڵی نێو باخە گوڵگوڵینەکەی دڵی من
کە نیشتیمانێک نەبێت
لە کوێ ڕووبارێک بدۆزینەوە بۆ ڕوانین
ژێردرەختێک بۆ ژوان و
شەقامێک بۆ پیاسە و
باخچەیەکیش بۆ عەشق ..!

ئیتر ، گلەیی چیم لێدەکەی ئەی گوڵەباخ ؟
کە نیشتیمانێک نەبێت
لە کوێ تابڵۆی
خەونە جوانەمەرگبووەکانی من و
تابڵۆی
جوانیەکانی مەرگی خەونەکانی تۆ
هەڵبواسین ؟
لە کوێ تابڵۆی
تەنیاییە ئافاتیە غوربەتیەکانی من و
تابڵۆی
ئافاتە غوربەتیەکانی تەنیایی تۆ
هەڵبواسین ؟
یان کتێبی
 یادەورییە چاوبەفرمێسکەکانی منداڵی من و
 کتێبی
منداڵیە چاوبەفرمێسکەکانی یادەوەریەکانی تۆ
لە کام دەلاقەی ئارامی هەڵبگرین ؟
لەسەر تاتەشۆری کام کانی
ئایەتێک بخوێنین و
نوێژێک بۆ ئەم عەشقە ئەبەدیەمان دا ببەستین ؟
بۆنی خۆڵی پاش بارانی
کام پێدەشت و کام گوند و لادێی
نێو مەمکۆڵە نامورادەکانی
کام لە ئومێدەکانمان هەڵبمژین ؟
شۆڕەسوارانێ و گیانبازیەکانی نێو داستانەکانمان
لە نێو دەفتەری کام مێژوو بنووسینەوە ؟
ئایندەمان بە قەدەری
کام گەردەلوولی نێو کێڵگە گوڵەگەنمیەکان بسپێرین ؟

 
٢
دەریا جەستەی دایکمە
نیشتیمانیش
 کتێبێکە پڕ لە خەونەکانی وەهم
بەفر پرچی دایکمە
نیشتیمانیش
درەختێکە پڕ لە نیگاکانی وەهم
ئاسمان خەیاڵە شینەکانی دایکمە
نیشتیمانیش
باڵندەیەکی ونە لەنێو تەمتومانی وەهم
من و نیشتیمان و من و دایکم
دەبینە کتێبی ئاسوودەیی
لەنێو وەهمە سپیەکانی خاک

٣

دەخیلتم ئەی دەریا
ئەو ئاوێنەیەی سەر ڕوخسارت بگۆڕە
کە پەیکەر و باڵای نیشتیمانم بە تەڵخی پێشان دەدا
ئەو ئاوێنەیە بگۆڕە ئەی دەریا
کە ناتوانم
زەردەخەنەی سەر ڕوخساری خاک ببینم
کە ناتوانم سەمای ڕووناکی ببینم ،
لەبەردەم ڕووتبوونەوەی گیادا
ماندووم ئەی دەریا
چیتر توانای گەمەی
ئاوێنەکان و
سەرابەکان و
خەونەکانم نەماوە ..!
ئەو ئاوێنەیە بگۆڕە ئەی دەریا
من دەمەوێ ڕووخساری مۆنالیزای نیشتیمانم
بە ڕوونی ببینم
فرمێسکەکانی سەرگۆنای بسڕمەوە
لە ئامێزیدا ڕابکشێم
من نامەوێت چیتر
لەنێو بێهوودەیی جوانیەکانی تۆ
خەو بمباتەوە
ئەی دەریا من ماندووم و
توانای گەمەی
خەونە سەرابیەکانی غوربەتم نەماوە نا

٤
من و نیشتیمان
تابڵۆیەکین پڕ لە ڕەنگەکانی وەهم
بە دیواری بێهودەییش هەڵواسراوین
مێژووی من و مێژووی نیشتیمان
لەنێو کتێبێکە
فڕێدراوەتە نێو بیابانەکانی ئاگر
من و نیشتیمان
چیڕۆکێکی وەهمین
لە شەوە بەر ئاگردانیەکانی پاییز
جارجار بەفر
لەسەر پەراسوەکانی خۆی دەماننووسێتەوە
دەریاکانی خەونیش هەروەکجاران شەپۆڵ دەدەن
لەنێو ڕووبەرەکانی مردن ..!

٥
ئەی قەدەر
من دەمەوێ نیشتیمانم
لەنێو تەمتومان و تەپوتۆزی وەهم دەربهێنم
من دەمەوێت
بەرگی ژیان بکەمە بەر نیشتیمانم
من دەمەوێت
نیشتیمانم کاراکتەرێکی کارا بێت
لەنێو بوون و
خەون و خەیاڵ و عەشقی من
من دەمەوێت
نیشتیمانم وەکو دایکم
تا ئەبەد زیندوو بێت
بە نیگایەکی پڕ لە میهر
وەرزێک لە وەرزەکانی منداڵیم
خەونێک لە خەونەکانی لاوێتیم
بۆ بگەڕێنێتەوە
ئاخ
خۆشم دەوێیت
ئەی نیشتیمانە غەریبەکەم ..!

                                           سەرەتای دیسەمبەری ٢٠١١

                                   
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.