Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
نەختێ فرمێسک لەگەڵ خۆتان بێنن، با بگرین

نەختێ فرمێسک لەگەڵ خۆتان بێنن، با بگرین

Closed

                                                                                            

 

 

(شاعیرەکان لە سنورەکانى منى باڵا دەرناچن..لە باسى خۆیان تێر ناخۆن .. لە ڕەسمکردنى موعاناتى خۆیان جاڕس نابن ..لە کڕوزانەوە و ناشوکریکردن ..لە ئەنانییەت ، سیخناخن ..ئەوان نە لە ژانى مێشولەیەک تێدەگەن کە لە ژەهرى پیف پافدا ئەتلێتەوە و گینگڵ ئەدات ..  نە لە موعاناتى پارچە بەردێک تێدەگەن کە هەتاو ئەیبرژێنێ و لافاو ئەیخنکێنێ و ڕیزە تانکەرى پڕ لە نەفساو نەوتى ڕەش و پێترۆڵ ، ئەیهاڕن ..ئەوان لە شیوەنى دارتوویەک تێناگەن کە یەک گەڵاى بە ساغ و سڵامەتى پێوە نەماوە ، چجاى توو ، ناپرسن : ئەم درەختە چۆن هەناسە بدات ..ئەوان لە تراژیدیاى مێوێک تێناگەن ، کە سەر و قژى هاتۆتە خوار و کراوە بە یاپراخ … )

 

-1-

مناڵى هەژارەکان ،

تەنانەت  کاتى ددان کێشان ئەبێ نەگرین ،

چونکە باوکیان بەو حاڵە تاکو بلیتى دکتۆرى ددانى کڕیوە ..

کە دێنە  تاقیگە ،

دەرزى ئەکەم بە باسکیانا و

خوێن دەردێنم ،

ناڵێن : ئاى ! ..

چونکە باوکیان پارەى داوە بەو فەحسانە ..

تەنانەت  کاتى نەشتەرگەرى ،

دیسان بۆیان نیە بگرین ،

چونکە بەو هەژارییە ،

پارەیەکى زۆریان بۆ خەرج کراوە ..

( ئەوان تەنانەت تام لەو ئازارەیش ئەبینن ،

کە بە پارە کڕراوە ..

منەتى ئازار لە باوکیان قبوڵ ئەکەن 

چونکە پارەى پێداوە .. )

 

-2-

مناڵى هەژارەکان ،

زۆر بە تاسەوە نین بۆ هاتنەوەى باوکیان ،

چونکە ئەزانن نە لەعابەى بۆ کڕیون ..

نە شیرینى ..

نە سى دى ..

ئەوان بە تاسەوە نین بۆ هاتنى خاڵیان ..مامیان .. پوریان ..

چونکە ئەزانن هیچیان پێ نییە بۆ ئەمان ،

تەنها ماچێکى تەڕ و

چەپۆکێک بۆ تەپڵى سەر ..

ئەوان زۆر دڵخۆش نین بە نمرەکانى مەکتەب ..

چونکە ئەزانن نە دیارییان بۆ ئەکڕن ..

نە بۆ ساتێ لە زیندانى ماڵەوە ،

ئەیانهێننە دەر ..

( ئەوان لەگەڵ پایسکیلدا بەعزن ،

تەنانەت جەژنیش ئاشت نابنەوە ..

ئەوان لەگەڵ تۆپ و ئایسکرێم و پلەیستیەشن ،

شەڕیانە ،

تەنانەت یو ئێن و ئەخزەر ئیبراهیمیش ناتوانن ،

ڕێکیان بخەنەوە .. )

 

-3-

مناڵى هەژارەکان بە هێمنى ئەگرین ..

لە تاریکى شەودا ..

یان لە گۆشەیەکى نادیار ..

( بۆ ئەوەى مانگ نەکەوێتە خوار

بۆ ئەوەى دنیا ئاخر نەبێ )

ئەوان بە حوزنەوە بۆ شلیک و گێلاس و پاسکیل ئەڕوانن

 

-4-

مناڵى هەژار ،

داواى هیچ شتێ ناکا ..

بۆ ئەوەى خوا کوێرى نەکا ..و

نەیخاتە ئاگرى دۆزەخ

بە تاوانى

هەوڵدان

بۆ بردنى

شتەکانى

ئەوان ..

 

-5-

مناڵى هەژار..

چاوەکانى پڕپڕن لە بیابان ..

لە وشکەساڵى ..

لە سووتان ..

لە تینوێتى ..

لە چاوەڕوانى ..

لە پاییز ..

لە شیوەن و

لەقە فرتە و

لە ڕۆح کێشان ..

( تێى بڕوانن ..

چاوەکانیان ،

پڕن لە تابلۆى ئەسەف و

لە یوسفى ناو بیرەکە و

لە یونسى ناو حوتەکە و

لە ئۆج ئالان)

پڕن لە گۆڕى بە کۆمەڵ ..

پڕن لە سیانید .. لە خەردەل ..

پڕن لە ژیلەمۆ ..

لە کوللە و سن و کیسەڵە ..

لە بۆردومان ..

پڕپڕن لە لاشەى مردوو ..

لاشەى خنکاو ..

پاپۆڕى نوقوم بوى ژێر ئاو ..

شەمەنەفەرى وەرگەڕاو ..

فرۆکەى لە هەورا سووتاو ..

( بڕوانن بۆ چاوەکانیان ..

پڕن لە ئینتیحار

لە لافاو

لە بومەلەرزە

لە هەورە بروسکە 

لە تووڕەیى ..

لە کفر ..

لە تف ..

لە فیشەک ..

لە شۆڕش ..

لە کۆتایى ئەم گاڵتەجاڕییەى جیهان )

 *  *   * 

من .. کە چاوى 

مناڵى هەژار ئەبینم  ،

حەز ئەکەم لە نزیکترین ئاوێنەدا ،

تەماشایەکى خۆم بکەم و

چى جنێوە بە خۆمى بەم ..

هەرچى تفە بیکەمە خۆم ..

ئاگر بەردەمە گیرفانم ..

( ئەو سەرنجە خەمگینانە 

ئەیسەلمێنن ،

من دڕندەم ..

من

ح ە ی و ا ن م )

 

 

 نەوزاد بەندى

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.