Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
نەوتراوەکان ….  عەبدوڵا مەحمود

نەوتراوەکان …. عەبدوڵا مەحمود

Closed
by July 2, 2012 گشتی

 

 

 

لەگەڵ ئەوەدا وتنەوەو دوبارەکردنەوەی وتراوەکان هیچ زیاندار نییە، بەڵام هیچ هونەرێک لەوەدا نییە، وتراوەکان چەند بارەبکرێنەوە. هونەر ئەوەیە نەوتراوەکان و نەزانراوەکان، یان کەم ئاماژە پێکراوەکان و زۆر کەم وتراوەکان …. بوترێن و ئاماژەیان بۆ بکرێت و بوروژێنرێن و کۆمەڵگایان لێ بەئاگا بهێنرێتەوە و لەدەور رێکبخرێت.

وتنەوەی ئەوەی کە گەندەڵی هەیە، داهاتی کوردستان تاڵان و هەرزان فرۆش دەکرێت، دەسەڵات میلیشیایی و حزبۆکراتتیە، حکومەت و پەرلەمان موچەخۆری حزبن، دوو ئیدارەیی و دوو جغرافیای سیاسی پاوانکراو دۆخی دوو دەسەڵاتی سەلماوە، قڵشتی چینایەتی فراوانتر بۆتەوە، متمانەی خەڵك بە دەسەڵات داڕماوە، ئازادی سیاسی و رۆژنامەگەری و بەیان و بڵاوکردنەوە لەبەردەم هەرەشەی هەمیشەیدان، مافە فەردی و مەدەنییەکان، لە ژێر پرسیاری قەبەدان، پەیوەندی نێوان حزبەکان لینگەو قووج و تەشریفاتی و مانشێتی و ڕاگەیاندناوییە، بازاڕی کورستان باشترین شوێنە بۆ ساغککردنەوەی خراپتیرین جۆری کاڵاکانی دنیا، حزبە دەسەڵات بەدەستەکان و بۆرژوازییەکان خۆشخزمەتیان بۆ وڵاتانی ناوچە کردووە و دەکەن، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و تەرفیهی و تەندروستی و وەرزشی و سەرگەرمیەکان، لە ئاستی نەبووندان، ڕیگاو بانەکانی هاتووچۆ شەقامی مەرگن، موچەی ئەندام پەرلەمانەکان و وەزیرەکان و وەکیلەکانیان و بەرپرسانی باڵای حزبی حکومی و ئیمتیازاتەکانیان، بە بەراورد بە موچەی کرێکاران و کارمەندانی و تاكی کۆمەڵگا، دزییەکی زۆر ئاشکرایی یاسایە و بەشێکە لە تۆڕی فەرهودی کۆمەڵگا. حزبە دەسەڵات بەدەستەکان ژینگەی کوردستانیان بۆ رەوتگەلی ئیسلامی سازداوە و خۆیان پشتیوانی لە دواکەوتووی دەکەن. وەڵامی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان بەزەبری هێزو چەک وەڵام دەدەنەوە، زۆر …تاد. هەموو ئەو راستیانەن کە زوربەی هەرە زۆری هاوڵاتیان لە ناو پاس و کۆڕو کۆمەڵی خۆیان و لەچواچێوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکانیدا باسی دەکەن.

کاتێک ئەمانە لەلایەن بژاردەیەکی سیاسی و بەتایبەت کۆمۆنیستەکان و چەپی کۆمەڵگاوە، دەوتران…. لەشکرێکی زۆری سیاسی و نوسەران و رۆشنبیرانی حزبی و ناحزبی ئەمانەیان بە توندڕەویی و زۆرجار جنێودان وێنا دەکردو هەوڵیاندەدەا کۆمەڵگا تەیاری ئەو بۆچوونە ئاوەژوەیان بکەن. ئیستا هەر ئەم لەشکرە زوربەیان لە وتنەوەو دوبارەکردنەوەیاندا هونەرێکی زۆر بەکاردەهێنن” کە هیچ ئیرادی نییە” بەڵام دیسان لە وتنی راستییە هەنوکەیەکانی ئێستادا، خۆیان دەبوێرن و دیسان ئامادەن پاساو بهێنەوەو وتنیان بە توندرەو بپێناسێنن.

کام ڕێگاچارە بۆ دەرچوون لەم دۆخە پێویستە؟ دەبێ چ بوترێت و چ بکرێت بۆ راستکردنەوەی کۆمەڵگاو خستنەوە سەر قاچەکانی خۆی؟ چۆن لە تەفسیرەوە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا هەنگاوی بەکردەوە دەست پێدەکات؟ کێ هەڵگری ئەم پەیامەیە؟

حەقیقەت ئەوەیە کە دەستهەڵگرتنی حزب لە کاروباری حکومەتدا “کە حکومەتێکی حەقیقی نابینرێ” رێگا چارە نییە. سەربەخۆیی پەرلەمان و ئەکتیفکردنی پەرلەمان” کە گوێگرێکی حزبە” وەڵامێک نییە. چاکسازی و یەکانگیرکردنی هێزی پێشمەرگەو دارایی و ئاسایشەکان و دەزگاکانی تر…. چ ناکات. ئەگەر هەموو پاکیجەکانی بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکانی هاوپەیمانیان بەکردەوە جێبەجێ بکرێن، کۆی سیستەمی سیاسی، ناگۆڕێ. ئەگەر دەستور بگێردرێتەوە پەرلەمان و بەخواستی نەیارانی لە خانەوادەی بۆرژوازیدا هەموار بکرێتەوە، پایە بنەرەتیەکانی کە دەستوری لەسەر هەڵچنراو، دەستلێنەدراو دەمێنێتەوە. 

ئەوەی کە پێویستە بوترێت، ئەوەیە، ئەم دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت، فۆرمی حکومەت و دەسەڵات، ناتوانرێت بکرێتە حکومەت و دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی. یەکێتی و پارتی و کۆسپی بەردەم چاکسازی حەقیقی و بنەرەتین و دژی بەقەوارەکردنی دەوڵەت و فۆرمی حکومەتێکی یاسایی و پێناسەکراون، بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازی بنەرەتی لەگەڵ دید و فۆرمی دەسەڵات، نییە. روانینی بۆ پرسە چارەنووسازەکانی کۆمەڵگا، هەمان روانینی سواوی بنبەستە. رەوتگەلی ئیسلامی هیچ نزیکایەتیەکیان لەگەڵ خواستەکانی خەڵکی کوردستان نییە، هەموویان دەرهاویشتەی بزوتنەوەیەکن و توندرەوە میانەرەو و نەرمیان نییە.

رابردووی هیچ کام لە حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستان بە قەومی و ئیسلامیەوە، بە دەسەڵاتدار و نەیاری دەسەڵاتەوە، یەک بڕگەشی تیا نییە، شۆڕشگێرانەو بە مەبناگرتنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بووبێت. شۆرشێک لە کوردستاندا دەستی بۆ نەبراوە. بزوتنەوە چەکداری و دیبلۆماسی کوردی هەوڵێکی شۆرشگێرانەو بەشیک لە کاری شۆرش نەبووە، بەڵکە رێگایەک بوون بۆ بەشی دەسەڵات لە ناوەند، ئەم ناوەندە بەعس بووبێت یان ئیسلامی و قەومیەکانی ئەمرۆی دوای بەعس.

یەک حزبی قەومی و ناسیونال ریفۆرمیستی، لە کوردستاندا نییە عەلمانی بێت، و بەکردەوە لەگەل جیاکردنەوەی سیاسەت لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت بێت، هەموویان بەدەسەڵات و نەیاری دەسەڵاتەوە، بە گەورەو بچوکیانەوە، دەستیان گرتووە بە بڕگەکان و چەمگە سەرەکیەکانی ئیسلام و ریزیك لە دیاردەو رۆژ و کەسایەتی و مێژوو، کەلتور و ئەخلاق و سەرکردە… بەپیرۆزکراو بەگشتکراوی حزبی و بزوتنەوەیەکان.

لە کوردستان یەک حزبی ناسیونالیستی نییە بە دەسەڵات و نەیارەوە، بە بانگەشەی شیوعی بوون و چەپ بوونیشەوە، خوازیاری یەکسانی ژن و پیاو، مافە فەردی و مەدەنییەکان بێ. یەک حزبیان نییە رێز لە چەمکی هاووڵاتی بوون بگرن و پێگەیان وەکو پێگەی ئەندام و کادرە حزبیەکانیان لە ماف و ئەرکەکانیاندا، بۆ بەفەرمی بناسرێ و مامەڵەی بکرێت.

لە کوردستاندا یەک حزبی قەومی تەنانەت ئەگەر ناوەکەشی رتوشی چەپ کرابێت نییە، ئیرادەی تاک و خەڵکی کوردستان بەرەسمی بناسێت و ریفراندۆم وەکو ڕێگایەک بۆ گەرانەوە رێزگرتن لە دەنگی خەڵکی کوردستان بزانێت بۆ بریاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی و ئایندەی کوردستان و چوونە پشت پێكهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی سکیولاری ناقەومی.

لە کوردستاندا حزبیکی سیاسی لە خانەوادەی ناسیونالیستیدا شک نابرێت، دژی ئەو نابەرابەرە قوڵە ئابورییە بێت کە لە نێوان زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگاو کەمایەتیەکی کەمی سەرمایەداردا، هەیە.

لە کوردستاندا هیچ حزبێک لە خانەوادەی بورژوازیدا، نادۆزرێتەوە، خاوەن ئیرادەی سیاسی سەربەخۆیی خۆ بێت و ملی لە تاڵە دەزویەک باریکتر نەبێت بۆ وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەو زلهێزەکانی دنیا.

هیچ کام لە حزبە قەومیەکان هەر ناوێکیان لەخۆیان نابێت، بڕوایان بە ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی نییە، هەر یەکەیان چەندین سنور و چەندین ئەمما و ئەگەر و تۆڕیک لە پیرۆزی قەومی و نیشتمانی و دینی و ئەخلاقی کەلتورییان، کردۆتە دێوەزمەی ئازادی و ئازادییەکان.

هیچ حزبێک لە خانەوادی بۆژوا قەومی کورد، شک نابرێت پشت ئەستور بێت بە دەورو نەخشی ئازادانەی خەڵکی کوردستان، لە سیستەمی بەڕیوەبرنی کۆمەڵگادا و مل بدات بە ئیرادەی سەربەخۆی ئەوان. هەموویان خەڵکی کوردستان وەکو بەردەباز و رێگای هەڵکشان بەدەسەڵاتی خۆیاندا، دەبینن و مامەڵەی دەکەن.

باسی ئاڵوگۆڕی شۆرشگێرانە، کە کۆمەڵگا لە بنچە و بناغەوە بگۆرێت و سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی ئێستا، بەتەواوەتی بخاتە کەنارو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی تازە، لە جێگایدا دابمەزرێنێ، بۆهیچ کام لە حزبە قەومیەکانی کوردستان جێگای باسیش نییە….هەموویان خەریکی جەنگی دەسەڵات و داهاتی فرەترن. لەسەر هەمان سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی ئێستا و ریفۆرم کردنی بەئاقاری دەسەڵاتخوازی خۆیان و مانەوەیان لەدەسەڵاتدا.  

بۆیە زۆر بەسادەیی چاوەروانی ئاڵوگۆری بنەرەتی و ریشەیی و شۆرشگێرانە لە کوردستاندا، لەو هێز گەلە سیاسییە، وەکو چاوەروانی یەکسانی ئابوری لە سیستەمی سەرمایەداری، وەکو بەرابەری ژن و پیاو لە ئیسلام و وەکو داوای ئازادی لە ستەمکار و دیکتاتۆرەکان، وایە.

کۆمەڵگای کوردستان بۆ دەستڕاگەیشتنی بە ئاڵوگۆری شۆرشگێرانە، بۆ بەهرەمەند بوونی لە سیستەمیكی نوێی ئینسانی، بۆ تێربوونی لەئازادی، بۆ تاک سالاری و کۆمەڵگا سالاری، بۆ یەکسانی و بەرابەری ئابوری و زامن بوونی تەسەلی لە ژیان و گوزەران و بەهرەمەند بوون لە دەستکەوتە بێئەژمارە دەستبەسەراگیراوەکانی دنیا، بۆ ئاشتی و کۆمەڵگایەکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ… پێویستی بە شۆرشە، شۆرشێک بۆ زوربەی کۆمەڵگا، لەدژی کەمایەتی دەسەڵات و کەمایەتیەکی پاوانخوازی داهات و سودو ئابوری کۆمەڵگادا. شۆرش بەمانای دەستاودەستکردنی ئاشتیانە و یان توندوتیژی لەسەرەوەدا نییە، لەرێگەی کایەی دیموکراسی و پەرلەمانییەوە نەک بەرێوە ناچێت، بەڵکە ئەمان خۆیان دەزگای بۆرژوازی و سیستەمی دنیان بۆ بەرگرتن بەشۆرشی لە خوارەوەی خەڵک بۆ هەڵتەکاندنی دەسەڵاتی لەسەرەوەی رەسمیەت پێدراو… تەنانەت کۆمەڵگای کوردستان بۆ وەرچەرخانی دەسەڵاتی سیاسی حزبۆکراتی و میلیشیایی بۆ سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی باوی دنیاش روبەرووی هەموو ئەو هێزە قەومی و نۆکەرانی دەسەڵاتی ئیسلامی ناوچەکەیە.

هەنگاوی سەرەتایی بۆ چاکسازی و کۆمەڵگا خستنەوە سەر قاچەکانی خۆی، گرێی خواردووە بەتوردانی دەسەڵاتی سیاسی و حزبۆکراتی و ئێستا و کەنارخستنی هێزو لایەنە سیاسییە قەومی و رەوتگەلە دینییەکانی نەیاری، دەسەڵاتەوە… ئەم دوو  بەشە بلۆکە لەبنەڕەتدا یەک بلۆکن و بەیەکەوەو هیڵی جیاکەرەوەیان هێندە لاوازە خۆشیان، نایشارنەوە، هاوچارەنووس و هاو رێگان  و سەرنشینی کەشتیەکن. ئەو کەشتیەی کە بۆ هەردوو بلۆکەکە پێویستەو بۆ کۆمەڵگا سەربارو زیادە. 

وتنی ئەم راستیانەو تێکوشان بۆیان، بەشێکی زۆری نەخشە رێگا و پراکتیکی بزوتنەوەی ئازادیخوازنەو کۆمۆنیستییە، رۆشنبیران و نوسەرانێک کە دەیانەوێ راستیە واقعیەکان، بەیان بکەن و هوشیاری و بیر رۆشنی، بەرچاوی کۆمەڵگا بخەن، ناشێ خۆیان لەو راستیانە ببوێرن و لە قاڵبی وتنەوەی وتراوەکان و تەفسیرکردنەکاندا، گیر بخۆن… کۆمەڵگا بۆ رزگاری پێویستی بە بەدیلێکی بەرچاو رۆشنی پشت بەستوو بە خواستە بێئەژمارەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشە، ئەمە ئاسۆ و تیۆری شۆرشگێڕانەو پراکتیکی کۆمەڵایەتی و شۆرشگێڕانەی پێویستە. پێویستە دەنگە ئازادیخوازەکان لەدەوری ئەم بەدیلە، کۆوە بن و ئامادەی نەبەردەکانی بن.

 

 

           عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.