Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024

نەورۆز و پەیامەکانی ئەمڕۆی

Closed
by March 23, 2008 گشتی

ئەردەڵان غەفور ئەمین/ لایپتسیک………

ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەکانی خۆرهەڵات و خۆرهەڵاتی ناڤین وەک فارس، ئازەر، کازاخی، ئۆزبەگی و ئەفغانی چەندین ی تر یادی جەژنی نەورۆز دەکەنەوە و هەموو ساڵێک ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، بەڵام بۆ گەلی کورد ئەم بۆنەیە پتر لە مانایەکی هەیە. لە لایەک کۆتاییهاتنی وەرزی  سەرما و سۆڵەی زستانە و هاتنی بەهار و ژیانەوەی سرووشتە، لە لایەکی ترەوە یادکردنەوەی بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی یە بە ئومێدی دووبارەبوونەوەی مێژوو . چۆن کاوەی سەرکردەی ستەملێکروان بە پشتیوانی گەل ئەژدەهاکی ستەمکار و دەسەڵاتەکەی لە ناو برد، ئاوەهاش ئەمڕۆ کوردی ستەملێکراو بە مافە نەتەوەیی و کولتوری و سروشتییە کانی شاد بێت.

کوردەکانی دانیشتووی شاری لایبتسیک ی ئەڵمانیا کە ژمارەیان بە پێ ی ئاماری ساڵی 2006 ی دەزگای نوێنەرایەتی بیانییەکان نزیکەی 800 کەسە، هەموو ساڵێک یادی ئەم بۆنەیە دەکەنەوە. بۆ ئەوان کات و شوێن و بارودۆخی ژیانیان کاریگەری دیاری هەیە بەسەر پەیامی جەژنی نەورۆزەوە. لە چوارچێوەی دیالۆگ و ململانێ ی نێوان کولتورە جیاوازەکان، وەک گەلێکی ڕۆژهەڵاتی کوردەکان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی جەژنی نەورۆزەوە ڕوویەکی گەش و پرشنگداری کولتوری خۆیان پیشان بدەن و  ناسنامەی کولتورییان پێناسە بکەن.

لە پاڵ هەندێک فاکتەری تردا نەورۆزیش فاکتەرێکە بۆ گرێدانی ڕابردوو و ئێستای کوردێکی دانیشتووی هەندەران. ئەگەرچی کارکردن و خوێندن بە چارەسەرە سەرەکییەکانی دابڕانی کات و شوێن سەرەنجام خۆدۆزینەوە ناودەبرێت، بەڵام  بەسەرکردنەوەی جەژنێکی وەک نەورۆزیش پێویستییەکی ڕۆحییە بۆ کوردێکی هەندەران کە ڕابوردووی بووە بە یادگاری و لەگەڵ ئێستاشیدا( کات و شوێن) لە زۆر ڕوووەوە نامۆیە و لە ململانێ ی خۆگونجاندندایە.

نەورۆز و کێشەی ڕاسیزم

هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا دیاریکردنی هەفتەیەک بۆ سازدانی چالاکییە کولتوورییە هەمەڕەنگ و ڕەگەزەکان بە ناوی هەفتەی دژە ڕاسیستی ( ڕەگەزپەرستی) بووە بە نەریتێک لە شاری لایبتسیک. سازدانی ئاهەنگی نەورۆز کە تێیدا موزیک، گۆرانی، سەما و شایی، خواردن و جل و بەرگی میللی گەلێکی ڕۆژهەڵاتی نمایش دەکرێت، بەشدارییەکی دیارە لە ڕیزی چالاکییەکانی تری ئەم هەفتەیە. کوردەکانیش دەیانەوێت بە ئاهەنگی نەورۆز پەیامی خۆیان لە بەرەی دژ بە ڕاسیزمدا ڕاگەیەنن.

لە کوردستانی تورکیا و سوریادا کە کوردەکان قوربانیی سیاسەتی ڕاسیستانەی شۆڤێنییەکانی تورک و عەرەبن، ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی جەژنی نەورۆزەوە بوونی خۆیان وەک کورد پیشان بدەن. چونکە لەوێ نکووڵی لە بوون و مافی ئەوان وەک کورد دەکرێت.

لە کۆتاییدا لە گەڵ پیرۆزبایی گەرممدا، هیوادارم نەورۆز هەموو ساڵێک زیندوو بێت و تایتلی ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشە هەنووکەییەکان بێت. پەیامەکەی لە فۆرمێکی ئاشتییانە و ئاسوودەییانەدا ڕابگەێنرێت.
ardalan75@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.