Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
نەوشیروان و یەكێتى بۆ ئەو یارییە بە میللەت دەكەن؟…..بڵند مستەفا

نەوشیروان و یەكێتى بۆ ئەو یارییە بە میللەت دەكەن؟…..بڵند مستەفا

Closed
by November 24, 2008 گشتی

 نەوشیروان و یەكێتى بۆ ئەو یارییە بە میللەت دەكەن؟
 بڵند مستەفا
 
 حزبەكانى كوردستان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیانەوە، كە لە راستیدا حزبى ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا نییە، هەمیشە هەوڵیانداوە كۆمەڵگەى كوردى بكەنە كۆمەڵگەیەكى حزبى. تەنانەت سەرجەم دامەزراوە و پێكهاتەكانى ترى كۆمەڵگەش تەواوكەرى ئەم هەوڵەبوونە چونكە هەموو ئەوانیش لەسێبەرى حزبدان یان بەواتایەكى تر نەیانتوانیوە خۆیان لە بازنەى تەسكى حزبدا دەربازبكەن، هەر لە حكومەتەوە بگرە تاكو پەرلەمان و دەسەڵاتى دادوەرى و راگەیاندن و پەروەردە و زانكۆ و هەموو ئەوانى تریش، بۆیە هەر كاتێك حزب گلۆرەى كەوتە لێژییەوە ئیتر كەواتە كۆمەڵگە لە لەناوچوونە یان كە حزبێك دەكەوێتە قەیرانێكەوە واتە كۆمەڵگا لە قۆناغێكى سەخت و هەستیاردایە، كە لە راستیدا وانییە ئەوە كۆمەڵگەى شێوێندراوى كوردستانە كە حاڵەتەكان تیایدا بەم شێوەیەى لێدەكرێت، مەبەستم لەم چەند دێرە دەروازەیەكە بۆ باسكردنى كێشەى ئێستاى ناو یەكێتى نیشتیمانى كوردستان. ئەو مەسەلەیەى باڵ باڵێنە كە من پێم وایە جگە لە گەمەكردنێكى بىَ مانا بە میللەت و هەڵخەڵەتاندنى خەڵك هیچیتر نییە. وەكو ئەو دێو و درنجانەى كە لە سێركێكدا دەیان كەس بە دیار خۆیانەوە دەخافڵێنن. هەم خەڵكانێك بارى دەروونیان تێك دەچێت و دەترسێنرێن هەم خەڵكانێك پێیان پىَ دەكەنن و دواجاریش لەكات بەسەر بردن بەولاوە هیچى تر نییە. 
 حزبە كوردستانییەكان دواى راپەڕینى بەهارى 1991 خۆیان بە شەڕى ناوخۆوە خەریك كرد، دواى ئەوەش ماوەیەك بەخۆ دەوڵەمەند كردن، كورد گوتەنى "پیاو ئەگەر دەوڵەمەندبوو یان پیاوێك دەكوژێًَت یان ژنێك هەڵدەگرێت" ئیتر خەڵكانێك لە نێو هەندىَ لە حزبەكان بە تایبەتى لە ناو یەكێتى نیشتیمانیدا ئەمجارەیان خۆیان خەریك كرد بە ریفۆرم و گۆڕانكارییەوە، هەرچەندە بیرۆكەكە ریفۆرم بوو لە ناو خودى حزبەكە، بەڵام خەڵكیان وەها لەزەواقنا تا ریفۆرم و ریفۆرمخوازییەت سەرى خواردن و بە هۆى ناواقیعى بۆچوونەكانیان لە هەڵبژاردنى ناوخۆیى حزبەكەیان شكستیان خوارد، هەڵبەتە هیچ یەكێك لە سەركردەكانى كورد شكسهێنانیان پىَ قبوڵ نییە بە تایبەت بەناو ریفۆرمخوازەكان دەنا دەبوایە ریفۆرمخوازەكانى ناو یەكێتى دانیان بە شكستهێنانى خۆیان نابووایە، نەك ئەو فەوزایە دروست بكەن. بۆ ئەمەش ئەزموونى مەكیین و ئۆباما كەلەم چەند رۆژەى رابردوو بینیمان نموونەیەكى جوانە ئەگەر سەركردایەتى كورد بە تایبەت ئەوانەى ئیدیعاى ریفۆرم دەكەن بزانن پەندى لێوەربگرن. بەهەرحاڵ ئەم مەسەلەیە تا ئەو شوێنە شتێكى ئاساییە كە ركابەرى و پرسێكى ناوخۆیى حزبەكەبێت، بەڵام كاتێك دەكرێت بە بابەتێكى بێزاركەر بۆ میللەت و پیلانێك بۆ پەڕاوێزخستن و بیربردنەوەى پرسە چارەنووسسازەكان لەوێوە دەبێتە دەست درێژییەكى ناڕەوا بۆ سەر ماف و بەرژەوەندى و چارەنووسى میللەت و چاولێپۆشینى كارەساتە، ئەوەیە كە ئێستا یەكێتى نیشتیمانى دەیكات و میللەت باجەكەى دەدات.
 بابەتى سەرەكى زۆرینەى رۆژنامەگەرى كوردى (بە تایبەت خوێنراوى) بەسەربەخۆ و نیمچەسەربەخۆ و حیزبییەكانەوە دوو ساڵە بۆتە ئەوەى كە (نەوشیروان دێتەوە.. نەوشیروان دەڕوات)، (باڵى ریفۆرم وایگوت و باڵى تاڵەبانى وایكرد)، (یەكێتى دەروخىَ و یەكێتى ئەوهاى لێدێت) و…هتد، ئەم قسەوباسانە تا دەگاتە ئاستى هەرەشەى شەڕو كوشتارگە و سوكایەتى و تەشهیركردن بەیەكترى ئەوەندە دەخرێتە بەرچاوى خوێنەرى كورد واى لێهاتووە بۆتە نەخۆشییەكى دەروونى لە هەموومان و خەڵكى تەواو بێتاقەت و بێزاركردووە، دەیان باس و توێژینەوە لەسەر كاریگەرى شەڕى ناوخۆ بەسەر میدیاو بارى سایكۆلۆژی میللەت نوسراوە، بەڵام كەس باسى ئەوە ناكات ئەو فەوزایەى بە ناوى ریفۆرم و كێشەى ناو یەكێتى و رەگ و قەد و باڵاوە دروستكراوە چەند كاریگەرى سلبى كردۆتە سەر بارى دەروونى خەلك و چ پانتاییەكى ناشیرینى لە رۆژنامەگەرى كوردى داگیركردووە، یاخود ئایا كاریگەرى و دەرهاوێشتەكانى شەڕى ناوخۆ چ جیاوازییەكى هەبووە لەگەڵ ئەو فەوزا ناشیرینەى ئەمرۆ ریفۆرم و یەكێتى و كىَ و كىَ لە كوردستان دروستیان كردووە؟ وەك چۆن لەكاتى شەڕى ناوخۆدا ئەو قەڵەمانەى بۆ شەڕى ناوخۆ دەیاننووسى زیاتربوون لەو چەند قەلەمەى كە دژى ئەو شەڕەبوون، هەرواش ئەمڕۆ هەرچى قەڵەمى كوردییە كەوتۆتە ناو گەمەى سێركى ریفۆرمى یەكێتییەوە بۆیە كەس ورتەیەكى لێوەنایەت بڵێت (ئەو یاری كردنە بە میللەت لە پاى چى؟) من ئەم مەسەلەیە بە گەمەیەكى منداڵانە تێدەگەم. لەبەرچى؟ تۆ بڕوانە كەساییەتییەكى، وەكو (نەوشیروان مستەفا) كە پاڵەوانى یارییەكەیە، لە ئەنجامى شكستخواردنى خۆى و هاوڕێكانى لە ناو یەكێتى هاتۆتە دەرەوە و ئەو فەوزایەى دروست كردووە، بەڕێگەى چەند راگەیاندێكى خۆیان و راگەیاندنەكانى تر خۆى و مەبەستە سیاسییەكەى خۆى كردۆتە پاڵەوانى گۆڕەپانەكە. دیسان پرسیارەكە ئەوەیە، كە ئایا گەمەكە لە چیدایە؟ لە زۆر رووەوەیە وەكو:
 • بابەتە گرنگەكانى گۆرەپانى سیاسى كورد، ئەوەى پەیوەندى بە ستراتیژییەت و چارەنووسى ئەو میللەتەوە هەیە لەبیربردراونەتەوە، لە رێگاى رۆژنامەگەرییەوەش زۆربەى میللەت خەریككراوە بە سیناریۆیەكەى نەوشیروان و ریفۆرم و رەگ و قەد و باڵاوە، ئەوەندەى باسى نەوشیروان دەكرىَ لە رۆژنامەگەرى كوردیدا ئەوەندە باسى كەركووك ناكرێت. ئێستا ئەوەندەى كۆبوونەوەى كوتلەكان رۆشنایى دەخرێتە سەر نیو ئەوەندە گرنگى بە كۆبوونەوەى پەرلەمان و حكومەت و كۆبوونەوەكانى تر نادرێت. بەشى شێرى زۆربەى باس و خواسەكانى گۆڤار و رۆژنامەكانى ئەمڕۆ باسى ئەو سیناریۆیەیە و هەموو شتێكى تر وەلانراوە.
 • یەكێك لە ئامانجە ناشیرین و نەگریسەكانى حزبى كوردى بەردەوام كۆنترۆڵكردنى راگەیاندنى ناحزبى و سەربەخۆبووە. لەوەدا یەكێتى و ریفۆرمەكان گۆڵى خۆیان كرد، ئەوەتا هەر رۆژنامەیەك هى یەكێتى نەبێت بۆتە هى ریفۆرمەكان، یان بەشێوەیەكى تر بڵێم نەوشیروان مستەفا جگە لە هاوڕىَ دۆڕاوەكانى ناو حزب و بەر هەیوانەكەى خۆى چەندین رۆشنبیرى بە دەورى خۆیدا كۆكردۆتەوە، رۆشنبیرانى كوردیش لەلایەك لەبەر ساویلكەیى و لەلایەكى تریش چونكە هەموو بەدیلێكى پارتى و یەكێتیان قبووڵە بەدواى تەپەتەپێك كەوتوون كە نازانن چییە چونكە "دەنگى دەهۆڵ لە دوورەوە خۆشە".
 • یەكێكى تر لە ئامانجەكانى ترى دروست كردنى ئەو فەوزایەى ئەمڕۆ بە ناوى ریفۆرم و باڵ باڵێنەوە دروستبووە، تەگەرە خستنە بەردەم حكومەت و فەشەل پێهێنانییەتى، كە لەوەشدا میللەت باجەكەى دەدات و ئەوانیش دروشمى بریقەدارو نیشتمانپەروەرى بە خەڵك دەفرۆشن. ئەم خاڵەش بەڕوونى لەوەدا بەدەردەكەوێت كە یەكخستنەوەى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى حكومەتى هەرێم بە هۆى تەكەتەلەوە هەڵوەشێنرایەوە كەسیش باكى بە بەڵێنى خۆى نەبوو.
 • بەردەوام حزبى كوردى شتێك بەكۆمەڵانى خەڵك دەڵێت و خۆشى خەریكى شتێكى ترە. ئەمە بەڕوونى لە سیناریۆى ئێستاى پەڕو بالأ پەیدابوونى یەكێتى هەستى پێدەكرێت. تاكو دێت كاریگەرى نێگەتیڤ بۆ میللەت دروست دەكەن و هەر خۆشیان (پاڵەوانانى یارییەكە كە دەكرێت تاڵەبانى و نەوشیروان بن) دەزانن كەى یارییەكە كۆتایى دێت، بەڵام ئەنجامەكە بە دڵى ئەوان دەبێت چونكە تاڵەبانى و نەوشیروان مستەفا سوودمەندترین كەسن لەو فەوزایەى دروستییان كردووە، چونكە ئامانجەكانى پیلانەكەیان لە هاتنەدى دایە. پوختەى ئامانجەكەش ئەوەیە كە "شەڕ لە دەستبەتاڵى باشترە" ئەو جا لە پشت ئەو ئامانجەشیانەوە چ بازرگانییەكیان بە چارەنووس و خوێنى ئەو میللەتەوە كردوو ئەوە هەر خۆیان بزانن.
 لێرەوە پشك وبەشدارى پارتى دیموكراتى كوردستان لە یارییەكە دێتە پێشەوە، هەڵبەتە پارتى ماوەیەك بێدەنگ بووە لەم مەسەلەیە، بەڵام دواى ئەوەى (مەحمود محەمەد)ى ئەندامى مەكتەبى سیاسى پارتى گوتى "ئێمە بڕوامان وایە یەكێتى نیشتیمانى خۆیان لێهاتوون و دەتوانن خۆیان كێشەكانیان چارەسەربكەن" هەروەها گۆڤارى گوڵان لە دواژمارەیدا دیمانەیەكى رێكلام ئاساى چەند لاپەڕەیى بۆ نەوشیروان مستەفا بڵاوكردۆتەوە لە كاتێكدا نەوشیروان ئامادەنەبووە دیمانە لەگەڵ هیچ راگەیاندنى تر بكات، گومانى ئەوەم لەلا دروست بوو، كە پارتى ئاگادارو تەنانەت دانەرى سیناریۆكەبێت و ئەویش سوودمەندبێت لە هەڵخەڵەتاندنى خەڵك بەو مەسەلە لاوەكیانەوە و لەبیربردنەوەى مەسەلەى چارەنووسساز لەبیرى خەڵكدا، ئەم گومانەش لەوێدا دەبێتە راستى كە پارتى بەهۆى رێككەوتنامەى ستراتیژییەوە تاكو پانزە ساڵى تر یەكێتى لەو قەبارەیەى ئێستاى دەهێڵێتەوە و پارێزگارى لێدەكات، كە ئەمەش پێچەوانەى بچووكبوونەوە و لە ناوچوونى یەكێتییە چونكە ئەگەر ئەو مەسەلەیە سیناریۆ نەبێت (وەك من دڵنیام سیناریۆیە) ئەوا تەمەنى یەكێتى بەو قەبارەیەى ئێستاى دوو ساڵى تر تێپەڕ ناكات.
 گریمان ئەو مەسەلەیە راستە و وەكو زۆرینەى خەڵك پێى خەڵەتاوە شتێك لەو بارەیەوە هەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو مەسەلەیە ئەوە دەهێنێت ئەوەندە گەورە بكرێت و بكرێتە باس و خواسى هەموومان؟ خۆ ئەگەر مەسەلەكە بەراستى وجودى هەبێت ئەوا دەبێت بڵێین:
 • بەرپرسى كورد ئەگەر لینینزادە و بەگزادە و موستەشار و عەشایەر و كلاسیك و ریفۆرم بێت هەر یەك شتە، دەیەوێت تا مردن هەر سەركردەبێت و نایەوێت بڕوا بە شكستى خۆى بهێنێت و قبوڵى كەسى ترى نییە و تەنیا مردن كورسى دەسەڵاتى لەبیر دەباتەوە.
 • نەوشیروان مستەفا ویستى لە كارى حزبى دووربكەوێتەوە و كۆمپانیایەكى راگەیاندن دابنێت، ئەمە وەكو تەقلیدێك بۆ سەرۆك و سەركردەكانى وڵاتانى ریفۆرمخواز هەرچەندە كورد دەڵێت "ئەگەر مریشك لە چاو قاز بكاتەوە…….." كەچى تەنیا شتێك كە لە راگەیاندنەكەى ئەو رەچاوناكرێت (بێ لایەنییە) كە پرەنسیپێكى زۆر سەرەتایى كارى راگەیاندنە. بۆیە دەبێت بپرسین نەوشیروان مستەفا بۆ راگەیاندنى هەڵبژارد؟ هەڵبەتە چونكە لە دونیاى ئەمڕۆدا راگەیاندن كاریگەرترین چەكە و بەداخەوە لە كوردستانیش هەموو كەسێك دەتوانێت ئەو چەكە بكاتە شانى، كەواتە بۆ نیازێكى ناپاك راگەیاندن باشترین ئامرازە.
 • خاڵێكى ترى گرنگ ئەوەیە، ئایا یەكێتى چەندى ئەو كۆمەڵگەیەیە؟ ئەوەى لە توڕەیى و بێزارى و بۆچوونى خەڵك دەخوێندریتەوە نیوەى خەڵكى كوردستان حزبى نین و تەنانەت بڕواشیان پیًَ نییە، بێگومان لە نیوەكەى تریش یەكێتى هەر چارەكێكى بەردەكەوێت، كەواتە كێشەى یەكێتى كێشەى خەڵكێكى كەمى كوردستانە كە ئەندام و هەوادارى ئەو حزبەن. كەواتە پرسیار ئەوەیە بۆچى كێشەى یەكێتى كراوەتە كێشەى سەرەكى هەموو میللەت؟ ئەمە پرسیارێكە پێویستە وەڵام بدرێتەوە.
 • لەلایەكى ترەوە ئەگەر لەناو یەكێتى خۆیان گوتەنى جیاوازى فیكر و بۆچوون هەیە، ئایا جیاوازى فیكرى بەو شەڕە جوێن و فەوزایە دەبێت؟! هەندىَ جار واى بۆ دەچم مەسەلەكە وەكو هەڵسوكەوتى ئەو منداڵەبزێوە وایە كە دواى ئەوەى لە كۆڵان لەگەڵ هەموو هاوڕێكانى بەشەڕدێت لەماڵەوەش لەگەڵ برایەكەى خۆى شەڕدەكات، چونكە ئەو كەسێكى شەڕانگێزە و پێكهاتەى كەساییەتییەكەى بەم شێوەیەیە. جا لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا دواى شەڕ لەگەڵ زۆربەى حزبەكانى تر كاتى ئەوە هاتووە یەكێتى شەڕ لەگەڵ خۆشیدا بكات؟
 ئەگەر لە كۆتاییدا بڵێم پێویستە سەركردایەتى كورد بەتایبەتى یەكێتى كۆتایى بەو یارییە بێنن، بۆچوونێكى زۆر گەمژانەیە چونكە وەكو ئەوە وایە بە جڕوجانەوەرى سێركەكە بڵێی بوەستن. بۆیە پێویستە رۆشنبیران و رۆژنامەگەرى كوردى بەهۆشى خۆى بێتەوە و لەو هەموو جەنجاڵییەى جیهان و كوردستان چیتر بەو یارییە منداڵانەیە فریو نەخۆن.
 Blnd.mustafa@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.