Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
نە ئەو دەڕوا و نە من پێیەكانم رىَ دەگرن

نە ئەو دەڕوا و نە من پێیەكانم رىَ دەگرن

Closed
by November 16, 2008 ئەدەب

 نە ئەو دەڕوا و نە من پێیەكانم رىَ دەگرن
 نورى بێخاڵى

 خەیاڵى تەنهایێك دەمباتەوە
 تەنهایى پیاسەیەك لە شەوێكى پاییزى شەقامێكى چۆِڵ
 كە تەنها چراى پەنجەرەى ئەو بە ژوور سەرمەوە بوو
 پیاسەى شەوێك تێكەڵ بە ترس و راڕایى
 شەوێك تێكەڵ بە وەڕسى و ئومێد
 پیاسەیەك لە كون فەیەكونێكدا دوو لەتى كردم
 پیاسەیەك پڕى كردم لە مەراق
 
 خەیاڵى شەوێك دەمباتەوە
 دەمەو عیشایەك تێكەڵ بە هەڵدانى پێك و تەكبیرى شەوى هەینى
 دەمەو عیشایەك ئاوێتە لە كزەى بایەكى سڕ و
 هاڵاوى گەرمى عەشقێكى سەرەڕۆ
 شەوێك ئیدى نە ئەستێرەكانى وەك شەوانى پێشوو و
 نە ئاسمانیشى وەك رۆژانى دى ئۆقرە گرتوو
 
 خەیاڵى عەشقێك دەمباتەوە
 عەشقێك ئێستاش شوێن چزوەكانى بە سیمامەوە دیارە
 عەشقێك كاتژمێرى عومرمى لەسەر داڵغەیەكى بێكۆتا میقات كرد
 عەشقێك هێشتاكەش ساوا
 هێشتاش پڕ نهێنى، كە گیرۆدەى رامانى كردووم
 عەشقێك دەسپێكێكى پڕ یەئس و كۆتاییەكى نادیارى هەیە
 
 خەیاڵى بیرەوەرییەك دەمباتەوە
 بیرەوەرى بەر شەستە بارانێكى بە خوڕ
 كە جگە لە تارمایى پەرچەمى یار
 چەترێك بەسەر سەرمەوە نەبوو
 بیرەوەرى بەر ئاگردانى بەشى ناوخۆیى
 كە جگە لە گەرمى هەناسەكانى یار
 قەترەیەك نەوت و
 چیلكەیەك دار
 گڕیان تیا نەدا
 بیرەوەرى ئەو لەحزانەى
 لە تەنهایى خۆم و تاریكى شەو و تەڕێتى ئاسمان بەولاوە
 هیچى تر فیگەرى تابلۆكەى نەبوون
 تابلۆیەك ئێستا لە پیشانگاى چاومەوە
 بەبەردەوامى نمایش دەكرىَ و
 تەنها ئەو تەماشاكەریییەتى
      
  من ئیتر ناچمەوە بۆ ئەوىَ
 ناگەڕێمەوە بۆ ژێر سنەوبەرى خەون
 سێبەرى گوێزێك كاسى كردوم و
 وەك مار دەمگەزىَ و
 لێرە دەمێنمەوە تا مەرگ دوا سەفەرى ژیانم پێدەكات
 لێرە دەمێنمەوە
 لە نێو یادەوەرییەكانى ئەو
 لەنێو ئەو ساتانەى پڕن لە دڵەڕاوكىَ و خورپە
 پڕن لە خەونى نەمەییوو
 پڕن لە هەنارى عەشقى نەگەییوو
 پڕن لە ژوان
 پڕن لە ماچ
 پڕن لە ژیان
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.