Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
هاوپه‌یمانێتیه‌کانی  سه‌ر گۆڕه‌پانی کوردستان .. بۆچی ؟ تاکه‌ی ؟

هاوپه‌یمانێتیه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی کوردستان .. بۆچی ؟ تاکه‌ی ؟

Closed
by August 7, 2011 گشتی

 

ده‌کرێت هه‌ر هاوپه‌یمانێتی و نزیکبونه‌وه‌یه‌ک  له‌ نێو گروپ و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی کوردستان  به‌ خاڵی پۆزه‌تیف هه‌ژماربکرێت . ده‌کرێت هاوپه‌یمانێتی و خه‌باتی هاوبه‌ش له‌ خزمه‌ت کۆی پرۆسه‌که‌دابێت  به‌ ئاواته‌ ‌ وه‌دینه‌هاتوه‌کانمانیشه‌وه‌ .
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لێکترازان و سه‌نگه‌ر له‌ یه‌ک گرتن ده‌سکه‌وته‌کانمان ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کانه‌وه ، له‌ ئه‌نجامدا ئاسه‌وارێکی وای لێ ده‌که‌وێته‌وه‌ ته‌نها ناحه‌زانی گه‌له‌که‌مان لێ ی سودمه‌ند ‌بن .
جا  مه‌رج له‌ هه‌موو هاوپه‌یمانێتیه‌ک ته‌نها یه‌ک هه‌ڵوێستی نێو لایه‌نه‌ جوداکان نییه‌  . به‌ڵکو کۆمه‌ڵه‌ پرینسیپیکی ئه‌خلاقی هه‌ن ده‌کرێت بیکه‌ین به‌ پێوه‌رو بنه‌ما بۆ راستی و دروستی هه‌ر هاوپه‌یمانیه‌ک .
1 – هیج هاوپه‌یمانێتیه‌ک نابێت له‌ سه‌ر حیسابی ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی بێت ، یا کار بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی  چه‌تری نه‌ته‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بخاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی دووڕیانه‌وه‌ .
به‌ واتا ناکرێت مه‌به‌ست له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌کان دژایه‌تی کردنی  لایه‌ناکانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ بێت ، به‌ ڕاده‌یه‌ک کۆی پرۆسه‌که‌ بخرێته‌ به‌رده‌م  ئه‌گه‌ره‌ ترسناکه‌کانه‌وه‌ ، جا به‌و پێیه‌ی  له‌ئه‌مرۆدا پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کان و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ وه‌دینه‌هاتوه‌کانمان دروشم و ئاواتی گشت لایه‌نه‌کانی سه‌ر گۆره‌پانی کوردستانه‌ ، بۆیه‌ مه‌رجه‌ گشت هاوپه‌یمانیه‌کان له‌ ده‌وری ئامانجی نه‌ته‌وییدا بخولێنه‌وه‌ .
2 – نابێت هیچ هاوپه‌یمانیه‌ک  له‌ سه‌ر حیسابی ئاسایشی هاوڵاتیان بێت . یا کار بگاته‌ ئه‌وه‌ی  به‌ره‌ی دژبه‌یه‌کیان لی بکه‌وێته‌وه‌، یا به‌ جۆرێک  بێت ڕوحی ڕه‌فز کردنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر قوڵ بکاته‌وه‌ .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی  جێگای سه‌رنجه‌ ، هاوپه‌یمانیه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی کوردستان ئاقارێکی وای له‌ خۆ گرتووه‌  زۆرجار لایه‌نێکان دانی خێر به‌ پرۆژه‌و پێشنیاره‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ردا نه‌نێت ! له‌ ئه‌نجامدا په‌یوه‌ندیه‌کان بگاته‌ بن به‌ست ، به‌ شێوه‌ک مه‌حاڵ بێت له‌ ژێر چه‌تری یه‌ک دام و ده‌زگای شه‌رعیدا په‌ره‌ به‌ خه‌بات بدرێت .
دیاره‌ کۆمه‌ڵکه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ماره‌ن گه‌سته‌ی ئه‌و جۆره‌ هاوپه‌یمانه‌یه‌ ، هه‌ر چۆن له‌ سه‌روبه‌ندی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م دا (1914-1918) کار گه‌یشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی جیهان دابه‌ش بێت به‌ سه‌ر دوو هاوپه‌یمانی دژ به‌ یه‌کدا ، کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م جیهانه‌ گه‌وره‌یه‌  چاوه‌ڕوانی  جه‌نگێکی گه‌وره‌  بێت ، ئه‌وه‌ی مابوو ته‌نها  لێدانی چه‌رخێک  بوو تا جیهان گڕ بگرێت . دوای ماوه‌یه‌کی که‌م جیهان گڕی گرت ، ده‌یان ملیۆن که‌س بوون به‌ قوربانی ئه‌و جه‌نگه‌ . هیچ که‌س له‌و دوو لایه‌نه‌ سوودمه‌ند نه‌بوون . شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان  وای له‌ ‌ ئه‌ڵمانیای دۆراو کرد بیر له‌ تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌و و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئابڕوی هه‌تک کراوی بکاته‌وه‌ ، ئه‌نجامه‌که‌ی شه‌ڕێکی کاولکاری تری لێ که‌وته‌وه‌ ( 1939-1945 ) ئازاره‌کانی له‌وه‌ی پێشو که‌متر نه‌بوو .
ئه‌وه‌ی باس کرا هاوپه‌یمانێتی و سه‌نگه‌ر له‌ یه‌کگرتن بوو له‌ نێو کۆمه‌ڵه‌ ووڵاتێکدا ، هه‌ریه‌که‌یان به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیان  هه‌بوو ، نه‌ک له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ ناسنامه‌ .   خۆ ئێمه‌ ئه‌لزاس و لۆرینی * یه‌کتریمان داگیر نه‌کردووه‌ تا وه‌ک و ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا هاوپه‌یمانی دژ به‌ یه‌ک ببه‌ستین ، له‌ ئاکامدا دوو بلۆکی دژ به‌ یه‌کی لێ بکه‌وێته‌وه‌ و‌  ته‌نها به‌ شه‌ڕ یه‌کلابکرێته‌وه‌ ، هه‌ربۆیه‌ ناکرێت دوژمن ئاسا بڕوانینه‌ هاوپه‌یمانه‌کانی تری سه‌ر گۆڕه‌پانی کوردستان .
3 – ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌کان سه‌ربه‌ستن بن له‌ شێوازی هاوپه‌یمانێتیه‌که‌یان ، نابێت له‌ ژێر هیچ گوشارێکدا ناچار بکرێن ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن ، یا ناچار بکرێن ده‌سبه‌رداری بن . ئه‌مه‌ش له‌ خزمه‌ت به‌رفراوانکردنی فه‌زای دیموکراسیدایه .
____________________
 
* ئه‌لزاس و لورێن : دوو ناوچه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون له‌ ئاسن و گۆگرد ، له‌ شه‌ڕی 1870- 1871 ی نێوان ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا که‌وته‌ ژێر ده‌ستی ئه‌ڵمانیا ،بۆ ئه‌وه‌ی چیتر فه‌ره‌نسا نه‌توانێت زه‌په‌ر به‌ ئه‌ڵمانیا بگه‌یه‌نێت له‌و ڕۆژه‌وه‌ له‌ لایه‌ن  ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیاوه‌ سیاسه‌تی گۆشه‌گیرکردنی فه‌ره‌نسا په‌یڕه‌و کرا ، له‌ ئاکامدا کۆمه‌ڵه‌ هاوپه‌یمانیه‌ک به‌سترا ، ئه‌وروپا بوو به‌ دوو به‌ره‌ی دژ به‌ یه‌ک . ئه‌مه‌ به‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م هه‌ژمار ده‌کرێت .

Fkh.binayi@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.