Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
هاوڵاتى تەمبەڵ و رۆژنامەنووسى سەگ ، نوسەرى ترسنۆك و دەسەڵاتى ترسنۆك

هاوڵاتى تەمبەڵ و رۆژنامەنووسى سەگ ، نوسەرى ترسنۆك و دەسەڵاتى ترسنۆك

Closed

  سمكۆ محەمەد ……..

 بەتەمبەڵ شوبهاندنى هاوڵاتى و بەسەگ تەماشاكردنى رۆژنامەنووس, ئەو موفرەدانە بوو كەسەركردەكان لەلێدوانەكانیاندا بەكاریان هێنا, لەكاتێكدا ئەم جۆرە موفرەدانە پێشتریش بەسەركردە و رۆشنبیریشەوە بەكاریان هێناوە، بەڵام ئەمجارەیان تێنەپەڕى و نوسەر و رۆژنامەنووسانى توڕەكرد,,جۆرە نوسینێكى بارهێنا كەهەندێك لەپیاوانى دەسەڵاتى نیگەران كردوە و بەرگری لێدەكەن, لەپەنا بەرگری كردنەكەش نوسەر و رۆژنامەنووس بەئۆپۆزسیۆنی كینە لەدڵ و دوژمنى دەسەڵات لەقەڵەمدەدەن, لەبەرامبەریشدا قەڵەم بەدەستان ترسنۆكانە قسەى لەسەر دەكەن و وردەكارى تر دەخەنە پەراوێزى نوسینەكانیانەوە كەپێشتر, بەبىَ ئەوەى ئاگایان لەخۆیان بىَ فەلتەیان داوە, ئیدى بەهەردوولایان لەبرى ئەوەى لێپرسراوەكان بخەنە بەردەم ئەمرى واقیعەوە, بەپێچەوانەوە شانى دەسەڵاتیان خاڵى كردۆتەوە و خەریكى جنێو گۆڕینەوەن..
 ئەگەر كەسێك شارەزاى دەسەڵاتى كوردى و ئەو نووسەرانە نەبىَ كەخۆیان بەئۆپۆزسیۆن دەزانن, واتێدەگات ئەو ئۆپۆزسیۆنەى كەبریتین لەنوسەرى توڕە و بەناو چەپەكان, دەتوانن لەكێبەركێیەكى سیاسى تەندروستدا, ئاڵۆگۆڕێكى ریشەیى لەسیستمى دەسەڵاتدارێتى كوردستاندا بكەن, یان هیچ نەبىَ ئەدائى سیاسى حیزب  و حكومەت دەگۆڕن, ئەو بەرپرسانەش كەدەزگایەك بەڕێوە دەبەن و بەرگرى لەحكومەت و حیزب دەكەن, ئیدى توانیویانە راستیەكان بدركێنن و ماهیەتى نوسەرەكان ئاشكرا بكەن و لایەنە ناشرینەكانى دەسەڵاتیش بشارنەوە, بەڵام راستیەكەى ئەوەیە كەبەهەردوولا فەزایەكیان خوڵقاندووە كەدەسەڵاتى كوردى ئەوەندە دیموكراسیە و هەموو شتێك قەبوڵ دەكات, لەحاڵێكدا ئەم فەزا سیاسیە كەبەنوسین بارگاوى كراوە, لەژێر سایەى دەسەڵاتدارێتى پارتیدا نەك هەر وجوودى نیە و ئەگەرى دروستبوونیشى مەحاڵە, چونكە فلتەرى زۆرى هەیە, بگرە بۆن و بەرامەكەشى بگاتە هەولێر كارەساتى لێدەبێتەوە, ئەوەش كەلەژێر سایەى دەسەڵاتدارێتى یەكێتیدا موناقەشەیەكى دروست كردووە, كێشەیەكى دەروونى حیزبیە و ئۆپۆزسیۆنى راستەقینە بەرهەم ناهێنىَ, كێشەى میراتى حیزبیە كەدوور و نزیك پەیوەندى بەخەڵكەوە نیە, تاكو خەڵك لەچاوەڕوانى ململانێكانیاندا چاوەڕێى باشتر كردنى ژیانیان بكەن .. 
 بەو پێیەى كەلۆژێكى سیاسەت لەكوردستاندا, ئەو لۆژیكە ئاڵۆزەیە كەلەهیچ شوێنێكى ئەم دونیایەدا جێگەى نابێتەوە, هەروەها پەیوەندى سیاسیش لەنێوان هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكەى كوردستان, لەگەواڵە هەورى بەهار دەچێت, ئەو دەمەى هەست بەمەترسیەك بكەن یەك دەنگ و یەك گوتار و یەكدەستن, ئەو دەمەش مەترسیان نەبىَ بۆسەر كیانى حیزبیان, دوو تیمى سیاسى و ئیدارى جودان و یەكتر دەبوغزێنن, هەر ئەوەى كەپێیەكانى دەسەڵاتى كوردى لەئێستا ئەوەندە شلۆق نیە, بزووتنەوەى ئۆپۆزسیۆنیش ئەوەندە پتەو و یەكدەست و خاوەن باوەڕنین لەلاى خەڵك, بەپێچەوانەى ساڵانى رابردوو كەشەڕى ناوخۆ لەئارادا بوو, ئەم بزوتنەوەیە نەك هەرقسەیەكى رۆشنى بەنوسینیش نەبوو لەرابردوودا, بەڵكو بێخەمیش بوون لەبەرامبەر ئەو وەزعیەتە سیاسى و ئابورى و ئیداریەى كوردستان, تاكو بەم ئاكامە خراپ و بنبەستە گەیشت, دەبوو ئەم بزووتنەوەیەى كەئێستا لەرێگەى نوسینەوە خۆى نمایش دەكات, كەڵكیان لەو ماتریاڵە بەشەریە وەرگرتایە كەئێستا بڕوایان بەهیچ گروپ و كەسێكى سیاسى رۆشنبیرێكى جدى نەماوە رابەرایەتیان بكات, چونكە مێژووى خەبات و شۆڕشەكانى كوردستان, وانەیەكى وەها جوان و پڕ بەهاى نەداوە بەخەڵك, تاكو بڕوایان بەسیاسەتێك هەبىَ كەلەئایندەدا پاداشتى ماندووبونیان دەدەرێتەوە, ئەم تێڕوانینەى خەڵك نەك تەنیا بۆ سیاسیەكان, بەڵكو بۆ رۆشنبیر و نوسەرەكانیش هەمان تێڕوانینە, هەرەوەك چۆن ئەو خەڵكە ماندووەى ئێستا, لەسەردەمى شۆڕشەكانى شاخ ماندوو ترن و نازانن چارەنووسیان بەكوىَ دەگات, ئەو نوسین گەلەش كەگەیشتۆتە ئەوەى بەهاى نوسینى نەهێشتووە, جگە لەناشرین تر كردنى یەكتر و ئەو دەسەڵاتەش كەزەمینەى بۆخۆش كردووە, هیچ مانایەكى ترى نیە و لەخەمى ژیانى خەڵك كەم ناكاتەوە, ئەگەر زیاترى نەكات …
 ئێمە شاهیدى ئەوەین لەدواى روخانى سۆڤیەتەوە, لەژێر پەرچەمى دیموكراسیەتى ئامریكا و سیستمى سەرمایەدارى مۆدێل نوێدا, لەتەواوى دونیادا و لەكوردستانیش بەتایبەتى, چ هێرشێكى ناڕەوا كرایە سەر بزووتنەوەى چەپ و رادیكاڵەكان, چ ناوو ناتۆرەیەكیان لێنان و چ ناهەقیەكیان پێكردن, تەنها خەتاشیان ئەوەبوو وەكو ئێستا ناڕەزایەتیان دەردەبڕى و لەرۆژنامەكاندا دەیاننوسى, هەڵبەت نوسەر و رۆشنبیرەكانى ئەوكاتیش, لەبرى ئەوەى پاڵپشتى لەبزووتنەوەى چەپ و ناڕازى بكەن, یان وەكو ئێستا رێگە لەو قسە ناشرینانە بگرن كەبەچەپەكان دەگوترا, بەپێچەوانەوە بێدەنگ و بىَ هەڵوێست بوون, چونكە ئەو جۆرە نوسەرە ئۆپۆزسیۆنەى ئێستا هەڵكەوتوون, خۆیان بەشتى لاوەكى و ئەدەبیات خەریك كردبوو و دوور بوون لەسیاسەت, ئەگەر ئەدائى نوسینێك كەئێستا سەریهەڵداوە, چەند ساڵێك بەر لەئێستا هەبوایە, دەتوانرا كەڵك لەو كەلێنە سیاسیە وەربگرن كەلەكوردستاندا هەبوو, گریمان پاساوەكەیان ئەوەبوو, ئەوكات هێشتا هەڕەشەى ریژیمى بەعسی روخاو, مەترسیەكى گەورە بوو بۆسەر خەڵكى كوردستان, ئەو ئەلتەرناتیڤەش كەبیرى لێدەكرایەوە نەگونجاو بوو, بەشێكى ترى ئەو هۆكارانە بوو كەروحیەتى ئۆپۆزسیۆنى كوشت, روحیەتى ئەو كەسانەشى كوشت كەئایندەیەكى خراپیان دەبینى بۆكوردستان, بەتایبەتى ئەو كاریگەریە نیگەتیڤەى كەفكرى ئۆپۆزسیۆنى بەحاڵێك كاڵ كردەوە, نەیتوانى بنكە جەماوەرییەكەى كۆبكاتەوە, لەپەنا ئەمەشدا حیزبە دەسەڵاتدارەكان, بەهەموو شێوەیەك خەڵكى عەوام و خودى رۆشنبیرەكانیشیان هاندەدا, گاڵتەجاری بەبیرى چەپ بكرێت و پێیان بگوترێت “شیوعیەت لەدەبڵەوە كوژاوەتەوە”, ئەم هێرشە بەربڵاوە بۆسەر بزووتنەوەى چەپ كەپێشڕەوایەتى ئۆپۆزسیۆنى دەكرد لەكوردستان, كولتورێكى بۆ ئەو حیزبانەش دروست كرد كەمەیلى چەپایەتیان هەبوو, یاخوود بنكەى جەماوەریان كەمتر بوو لەپارتى و یەكێتى, بۆیە نەرێگەیان لەو ناوو ناتۆرەیە دەگرت, نەبەرگریان لەو فكرە پێدەكرا كەهەڵگرى بوون و بەمیرات بۆیان بەجێمابوو, تائەو جێگەیەى بەناچار ملیان بەو واقیعەدا كەفشارى بۆ هێنابوون, هەرئەوەى كەلەژێر كاریگەرى بورژوازیەتى لۆكاڵیدا, شەرم دایگرتبوون لەوەى بەحیزبى چەپ خۆیان پێناسە بكەن, دواجار وەك بینیمان بەناچار لەرێگەى بەستنى كۆنگرەى كتوپڕەوە, بەرنامە و دروشمى حیزبیان گۆڕى بۆئەو دیموكراسیەتە پوچەى كەهەڵاوزەناى بۆدەكرا, وەك ئەوەى سیاسەت و ئیدیۆلۆژیا, لەچەشنى مۆدێلى جل و بەرگ بێت و دەبىَ لەگەڵ سەردەمدا بگۆڕێت, هەر ئەوەى بەو ئاڕاستەیەى كەمۆدێلى سیاسى نوێى جهانى ئارەزووى دەكرد, جل و بەرگێكى تریان لەبەر كرد و لەریزى بۆرژوازیەتى مشەخۆردا راوەستان و بەرەیان دروست كرد, هەڵبەت رۆشنبیر و نووسەریش هەمان هەڵوێستیان هەبوو, ئەم رەوشە سیاسیە زەمینەى لەبار و گونجاوى بۆبەهێزبوونى بنكەى جەماوەرى گروپە ئیسلامیەكان خۆش كرد كەئێستاش پاشماوەكەى ماوە و هەڕەشە دەكات, كەشوهەوایەكى وەهاى خوڵقاند كەگۆڕەپانە سیاسیەكە, خاڵى بێت لەئۆپۆزسیۆن و چەپ و هێزى رادیكاڵ و پێشكەوتووخواز, هەروەك پێشتر باسم كرد كێبەركێى ناسروشتى پارتى و یەكێتى كەدواتر شەڕى ناوخۆى لێكەوتەوە, بەشێكى ترى ئەو كاریگەرییە نێگەتیڤە بوو كەهەرچى تواناى جەستەیى و فەرهەنگى و كولتورى سیاسى هەبوو بەخەسار چوو, بۆیە ئێستا خەڵك بەتەمبەڵ و رۆژنامەنووس بەسەگ دەشوبهێنن, لەبەرامبەر ئەم بێدەنگى و ناهەقیەشدا, زۆربەى نوسەر و كادرانى چەپ خزانە نێو حیزبە ناسیونالیست كلاسیكیەكانەوە و شەڕى ناوخۆیان گەرم كرد, یان بەرائەت نامەیان دەنوسى و ئینكاریان لەرابردووى خۆیان دەكرد, لەپێناو بەدەستهێنانى بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى خۆیان, لەپەنا ئەزموونى دیموكراسیشدا پارتى و یەكێتى, هەرچى رێگەهەیە گرتیانە بەر بۆئەوەى ئۆپۆزسیۆن دروست نەبىَ, هەر لەوەى كەجوڵانەوەیەك یان بزووتنەوەیەكى ناڕەزایەتى, یان حیزبێك سەریهەڵبدایە و نیازى بوایە بەشدارى لەپڕۆسەى سیاسى كوردستان بكات, یان لانى كەم پارتى و یەكێتى گوێبیستى لۆژیكێكى جیاواز لەلۆژیكى حیزبى كلاسیكى بونایە, ئەمەش بەس بوو بۆئەوەى بەتۆمەتى حازر بەدەستى وەك ( تابورى پێنجەم و دەستى دەرەكى و دوژمنى ئەزموونى كوردى و هتد) تاوانباریان بكەن كەلەموفرەدەى سەگ و تەمبەڵ زۆر خرابتر بوون, لەمەش ترسناكتر ئەوەبوو كەهەندىَ جار بەئاگر و ئاسن وەڵام دەدرانەوە, یان هەڵسوڕاوەكانیان بەبىَ رێوشوێنى یاسایى, بێسەرو شوێن دەكران یاخوود بەبیانووى جیاواز دەكوژران, ئایا ئەو نوسەرە توڕە و بەناو چەپە ریفۆرمخوازەى كەئێستا ئیدیعاى ئۆپۆزسیۆن بوون دەكەن, لەكوىَ بوون و بۆچى ئامادەییان نەبوو, بۆچى زووتر هەستیان بەو مەترسیە نەدەكرد, كىَ لەپشت ئەو هەموو ئینشیقاق و گروپ بەندیەوە بوو كەدەنگى ئۆپۆزسیۆنى كپ دەكرد, ئێستاش جۆرێكى تر گروپ بەندى هاتۆتە ئاراوە كەرۆژنامەكان دەریدەخەن ؟  .. 
 حكومەت شەیتانێكى پێویست 
 بیرنارد كریك لەساڵى 1983 گوتوویەتى ” حكومەت شەیتانێكى پێویستە هەمیشە چاوەڕێى ئەوەى لێدەكرىَ, لەو پەڕى دیموكراسیەوە خۆى لێبگۆڕێت و ببێتە ستەمكار بۆ خەڵكەكەى خۆى” ئەم قسەیەى بیرنارد كەتیۆریستێكى سیاسى ئامریكیە, كەم حكومەت و دەسەڵات لێى رزگارى دەبێت, بەتایبەتى حكومەتى كوردستان, هەرلەیەكەمین كابینەوە كەلەساڵى 1993 دروست بوو, تادەگاتە ئێستا كەچەندین كابینەى سیاسى پێكهێناوە, بەم كابینەیەشەوە كەپێشتر بریتى بوو لە43 وەزارەت, ئێستا خەریكن كەمى دەكەنەوە, هێشتا حكومەتێكى یاسایی نیە, چونكە ئەو رێكەوتنانەى لەنێوان خۆیاندا دەیكەن, جگە لەرێكەوتنێكى سیاسى رێكەوتنى یاسایى نیە, ئێمە لەم كابینانەدا جگە لەماڵ وێرانى بۆخەڵك و بەرژەوەندیەكانى نوخبەیەكى سیاسى, هیچى ترمان نەبینى, ئەم نوخبە حیزبیە كەخۆیان وەك سیاسیەتمەدار پێناسە كردووە, جگە لەخۆیان كەس بەسیاسى و خاوەن ماڵ نازانن, ئەگەر ئەندامى مەكتەبى سیاسى حیزبێك نەبێت..
 پارتى و یەكێتى كەپانزە ساڵە ئیدارەى كوردستانیان قۆرخ كردووە و رێگە نادەن, حكومەتێكى شارستانى لەكەسانى شارەزا بیبەنە رێوە, بەقەولى خۆشیان حكومەت پێویستى بەكەسانى تەكنۆكرات هەیە, بەڵام دەركەوت بەو تەكنۆكراتنەشەوە كەلەئەوروپا گەڕانەوە و هەڵگرى وەهمێكى نەتەوەیى بوون, بەو ستایلە كاریان كرد كەحیزبەكان گەرەكیان بوو, چونكە بەلەدەست بەكاربوونیان گۆش كراوى حیزبی بوون, بەر لەهەرشتێك لەسەریان بوو بەرژەوەندیەكانى حیزب و هاوسەنگیەكانیان بپارێزن, پاراستنى ئەو بەرژەوەندیانەش لەسەر حیسابى خۆڕاگرى و قوتى خەڵك بووە, ئەو خەڵكەى كەبوون بەسوتەمەنى هەموو هاوكێشە سیاسیەكان, هەموو ئەمانە هۆكارى ئەوەبوون كەبزووتنەوەى چەپ و ئۆپۆزسیۆنى سیاسى لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا غایب بوو, یان باشتر بڵێم ئەو حیزبە بەناو چەپ و رادیكاڵانەى كەچاویان لەدەستى پارتى و یەكێتى بوو, تاكو تەمەنى حیزبەكەیان درێژە پێبدەن و تەنها تەماشاكەرى گۆڕەپانى سیاسى بوون, ئەمە هۆكارێكى ترى سەركەوتنى ئەو مەیلە بوو كەپڕۆسەى سیاسى و پێكهێنانى حكومەتى قۆرخ كرد لەلایەك, قەبوڵ نەكردنى فكرى ئۆپۆزسیۆنى ئەگەر بەنوسینیش بێت, لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەكان و مەئموریە سیاسیەكانیان لەلایەكى تر, ئەو وەزعەى لێكەوتەوە كەهیچ هێز و گروپێك, نەتوانىَ كۆنتڕۆڵى كۆمەڵگە و حكومەت لەژێر دەستى هەردوو پارتە سەرەكیەكە رزگار بكات…
 ئەوەى ئێستاش كەبیرۆكەیەك هەیە لەرێگاى نوسینەوە حكومەت و دەسەڵات شەرمەزار بكەن, گوایە ئەلتەرناتیڤێكە بۆبەرگرتن بەدیاردەى گەندەڵى بەهەموو جۆرەكانیەوە, جگەلەوەى سیقەى سیاسى لەدروست كردنى گروپى ئۆپۆزسیۆنى لەدەستداوە, لەریفۆڕمێكى شكڵى بەولاوە شتێكى ترى لێ شك نابەم, ریفۆرمیش كەتەنها جوان كردن و ئارایش كردنى حیزبەكانە و هیچى ترنیە, ئەو تینوێتیە سیاسیە ناشكێنىَ كەبتوانىَ بەڕەى سیاسەت لەژێر پێى پارتى و یەكێتى دەربێنىَ, هەروەك چۆن هێزێك نیە بتوانىَ بازاڕى كۆنتڕۆڵ كراو لەژێر ركێفى دەسەڵاتدارانى كوردستان رزگار بكات, چونكە ئەم دەسەڵاتە سیاسیە لەو ماوەیەدا كەبۆشاییەكى سیاسى هەبوو, هەم لەئاستى لۆكاڵیدا ئەزموونى خۆى كرد و پێیەكانى خۆى قایم كرد, هەم لەئاستى نێودەوڵەتیدا باگڕاوندێكى پتەوى بۆخۆى مسۆگەر كرد.
 حكومەتى شەیتان ئەو حكومەتەیە كەتواناى ئەوەى هەیە, لەوكاتەى كەتەنگەتاو دەبىَ ببێتە باوكێكى دڵسۆز بۆخەڵك, ئەوكاتەش كەهەلومەرجەكەیان لەبارە ستەمكاربن, بەهەمان شێوە لەگەڵ رۆشنبیر زمانێكى تر بەكاردێنن, تاكو بیانكات بەدۆستى خۆیان و توشى ساتمەیان بكەن, یان مەیلیان بەلاى خۆیاندا رابكێشن لەبەرامبەر بڕە پارەیەك, بۆئەوەى هەم كەڵك لەبیرو بۆچونیان وەربگرن, هەم بەرگرى لەئیدارەكەى بكەن بەبىَ ئەوەى هەستى پێبكەن, وەختێكیش هەڵگەڕانەوە لێى و رەخنەیان لێگرت بەچاویاندا بدەنەوە, هەر ئەوەى كەئێستا لەسەر رووپەڕى رۆژنامەكان و تەلەفزیۆنەكان دەبینین, شەیتانى حكومەتمان بۆدەسەلمێنىَ كەچۆن دەتوانىَ لەپەنا كۆنتڕۆڵ كردنى ئیدارەوە, ناوەندى رۆشنبیرى و خودى رۆشنبیرەكان كۆنتڕۆڵ بكات, یان ناشرینیان بكات و كەس نەیانخوێنێتەوە, ئەم گەمەیە ئەزمونێك دەوڵەمەندى كرد كەرۆشنبیر, بەعاتیفە تەماشاى ماندوو بونى سەردەمى شۆڕشى دەكرد كەمافى بەنوخبەى سیاسیدا, قەرەبوى خۆیان بكەنەوە لەنێو دامودەزگاى حكومیدا, حكومەتێك كەهێشتا لەدانپیانانى لۆكاڵى بەولاوە, هیچ دانپیانانێكى نێودەوڵەتى وەرنەگرتووە, هێشتا نەیتوانیوە بڕگەیەك لەیاساكانى جێگیر بكات و بۆلێپرسراو و خەڵكى عەوام چوون یەك بێت لەدادگاكاندا…  
 
 رۆژنامەنووس و نوسەر ..  ئۆپۆوسیۆنێكى شەرمن
 ئامادە نەبوونى گروپ و حیزبى ئۆپۆزسیۆنى, زەمینەى بۆ رۆژنامەنووس و رۆشنبیر خۆش كرد, تاكو دەست ببەن بۆمیكانیزمێكى ترى وەك نوسین و كەڵك وەرگرتن لەمیدیا, بەڵام دروست كردنى رۆژنامە وەكو تریبونێكى جیاواز لەتریبۆنە حیزبیەكان, تریبونێك كەدەنگى ناڕەزایەتى خەڵكى لەسەر جادەو كارخانە و دامودەزگاكانەوە, بەشێوەیەكى هێمنانە گواستەوە بۆ سەر رووپەڕى رۆژنامەكان, یاخود رەخنەگرتن لەحكومەت و سیستمى حوكمڕانى لەكوردستاندا, هەرئەوەى كەئێستا نوسەر رۆشنبیر هەن, قسە لەسەر ئەدائى حكومەت و حیزبى دەكەن, تادەگاتە ئەو كەسانەى كەخۆیان بەئۆپۆزسیۆن دەزانن, جگەلەنمایش كردنى خۆیان هیچى تر نیە, چونكە ئەم هەوڵە شەرمنە تەنها ئەوەندە دەتوانىَ پیاوانى دەسەڵات و حیزبە دەسەڵاتدارەكان رابهێنىَ, یاخوود ناچاریان بكات گوێ لەدەنگى ناڕەزایەتى لەئەدائى حیزبى و حكومى بگرن, كەرەخنە گرتن لەحكومەت توخنى ئەو هێڵە سوورانە نەكەون كەزیان بەحیزبەكان دەگات, بۆیە رەخنە گرتن شێوەیەكى ئاسایى وەرگرتووە و دیسان بەمەنفەعەتى دەسەڵات دەكەوێتەوە, چونكە بۆدەسەڵات بیركردنەوەیەكى نوێى خوڵقاند كەخەڵك لەبرى ئەوەى بڕژێنە سەرجادەكان, هەناسەیەك بدەن و خۆیان خاڵى بكەنەوە لەو توڕەیەییەى كەلەناخیاندا هەیە و پەنگى خواردووە, شەرمنى رۆژنامەنووسى بەهەڵوێست, لەوێدا دەردەكەوت كەبەناوى راگرتنى ئەخلاقیاتى رۆژنامەنووسی, هیچ رۆژنامەنووسێك لەفكرى ئەوەدا نەبوو دوور لەئیدیۆلۆژیا وەك هەڵوێست وەرگرتنێك رۆژنامەیەكى سیاسى دەربكەن, ئەگەر گروپێك لەرۆژنامەنووس ئەم تەرحەیان بكردایە, بەگاڵتەجاڕیەوە پێیان دەگوترا (شیوعى كلاسیك ), دیسان لەمەشدا دەسەڵات جارێكى تر گرەوى خۆى بردەووە, دواجار بەمەشەوە نەوەستان هەروەك چۆن حیزبى كارتۆنیان لەشكڵى دوكانى بچكۆڵە دروست كرد, تاكو شەرعیەت بەدەسەڵاتى بەناو دیموكراسى خۆیان بدەن, ئاوهاش رۆژنامەى بەر سێبەر و دەزگاى جۆراو جۆریان دروست كرد, بۆئەوەى لەشكڵى پارێزەرێك بەرگرى لەجوانیەكانیان بكەن و تەپوتۆزى رابردوو لەجەستەى خۆیان بتەكێنن, ئەوەى كەئێستا شەڕە كەڵەشێر بەرۆژنامەنووس و نوسەران دەكەن بەبىَ ئەوەى بەخۆیان بزانن, سەركەوتنى ئەم ئەجێندا نادیارەیە كەتەنها داینەمۆكارانى حیزب نین, بەڵكو رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانیش بەشێكن لەهێزى بەپراكتیك كردنى ئەو ئەجێندایە, هەروەك چۆن لەشەڕى ناوخۆشدا رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانى حیزبى, ئەرك و مەهامیان لەپیاوانى بەرەكانى جەنگ كەمتر نەبوو, ئەوانى تریش كەخۆیان وەك بێلایەنێك نیشاندەدا, كڵاوى خۆیان گرتبوو با نەیبات, یان خۆیان بەئەدەبیات و نوێگەریەوە خەریك دەكرد, لەكاتێكدا خەڵك لەبەر بىَ مافى و برسێتی و بێكارى دەخزانە نێو ئۆرگانەكانى حیزبەوە…
 گروپ بەندى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ
 ئەوانەى كەلەگۆڕەپانەكەدا چالاكى دەنوێنن, بەپیاوانى حكومى و حیزبیشەوە, دابەشى چەند گروپێكى رەنگاو رەنگ بوون, گروپێك كەسەر بەحكومەت و حیزبن و ئەركەكانیان دیارە كەخزمەتى كێ دەكات, چاوى چەپیان چوقاندووە و بەچاوى راست تەماشاى ئەدائى حیزبى و حكومى دەكەن, یەعنى تەنها كارە پۆزەتیڤەكان دەبینن و وەڵامى رەخنەگرەكان دەدەنەوە, چونكە ئەركەكەیان پاراستنى ئەو لایەنەیە, گروپێكى تر كەچاوى راستیان چوقاندووە و بەچاوى چەپ تەماشا دەكەن, تەنها كارە نێگەتیڤەكان دەبینن, ئەمانەش بەشێكیان نەبەلۆژیكى رەخنە قسە دەكەن, نەدەتوانن لەبازنەكە بچنە دەرەوە, گروپێكى تر هەیە بەلۆژیك مامەڵە لەتەك دیاردەكان دەكات, ئەم گروپە هەردوو چاوى كردۆتەوە و نیازێتى هەموو لایەنەكان وەكو خۆى ببینىَ, بەڵام چونكە كارەكتەرى راستەوخۆى گەمەكان نین, كەس نایانخوێتەوە و بەترسنۆك و موجامەلە چى تەماشا دەكرێن, چونكە هێرش ناكەن و جنێو ناخەنە نێو نوسینەكانیان, هەرچى حكومەت و حیزبیشە هەردوو چاوى خۆیان گرتووە و نایانهەوىَ شتەكان ببینن, قەناعەتێكیان بۆخۆیان دروست كردووە كەوەزعى كوردستان لەوپەڕى باشیدایە..
 مەترسى ئەم گروپ بەندیە لەنێو دەزگاكانى راگەیاندن كەڕاستەوخۆ حیزبى لەپشتەوەیە, فەزایەكى خوڵقاندووە كەبۆتە مایەى نەمانى سیقە لەلاى خەڵك, بەڕادەیەك كەنوسەرێك لەریگاى نوسینەوە دەسەڵات ئاگادار بكاتەوە لەگەندەڵیەكانى, كەسێك ماف بەخۆى دەدات بەجنێو وەڵام بداتەوە, یاخود گەلەكۆمەكێى لەسەر دەكەن, مەترسى ئەم گروپ بەندیە كاریگەرى نێگەتیڤى لەسەر زانكۆكانیش داناوە, سەرۆكى زانكۆیەك بەتەلەفۆن لاببرێت و كەرامەتى بشكێنرىَ, مامۆستایەك بەنامەیەكى حیزبى جێگۆڕكێى پێبكرىَ, قوتابیەك بەبیانووى جیاواز لەبەردەم برادەراكانى ناشرین بكرىَ, باشترین سەلمێنەرى ئەوەن كەگروپ بەندى نێو حیزبەكان, بەڕێوەبەرى هەموو كایەكانى حكومەت و دەسەڵاتن, یان بەشێكن لەو دەزگا نهێنیانەى كەناسنامەی رۆشنبیریان ئاشكرا نیە…   
 
 
 چەپى هەڵاتوو بەرەیەكى ئیفلیج
 حاڵەتێكى ترسناك كەوەهمى ئۆپۆزسیۆنى خوڵقاندووە و دەسەڵاتى ترسنۆكى سەرقاڵ كردووە, ئەو بەناو چەپانەن كەدواى هەڵاتنیان بۆ هەندەران و سكاڵا كردن لەلاى un, دواتریش زامن كردنی ژیانیان و گەڕانەوەیان بۆ كوردستان, ئەوەیە كەلەپەنا فراكسیۆنە حیزبیەكاندا بیر لەئۆپۆزسیۆن بوون دەكەنەوە, یان ئەوەى كەقەناعەتێكیان بۆخۆیان دروست كردووە كەكەلێنێكى سیاسى هەیە و كاتى ئەوە هاتووە پڕى بكەنەوە, ئەم حاڵەتە وەكو ئەوە وایە كەئەوروپا بۆشاییەكى سیاسى ئۆپۆزسیۆنى هەبووبێت, كوڕە شۆڕشگێڕەكانى كورد دواى ئەوەى كەئاشنایەتیان لەگەڵ رۆشنبیران و خەڵكى ئەوروپا كرد, كەلێنەكەیان پڕ كردبێتەوە, ئێستا ئیتر ئەركى خۆیان تەواو كردوو ئۆپۆزسیۆنى هەندەرانیان چالاك كرد, نۆرەى كوردستانە جوڵانەوەى سیاسى تێدا دروست بێت, لەحاڵێكدا ئەم چەپ و بەناو ئۆپۆزسیۆنانە هێشتا لەمەیلى جۆرا و جۆرى ناسیونالیستى رزگاریان نەبووە, هێشتا لەژێر كاریگەرى كەسایەتى كلاسیكیدا, بیر لەریفۆرمێك دەكەنەوە كەبەمەنفەعەتى دەسەڵات دەگەڕێتەوە, نەك ریفۆڕمێك بەمەنفەعەتى كۆمەڵگەیەك كەدابەشى سەر دوو چین بووە, ئەوان كەبێئاگان لەوەى چەپى ئەوروپا چۆن مامەڵە لەتەك سیستمى نوێى سەرمایەداریدا دەكات, چۆن و بەشێوەیەك ناڕەزایەتیەكان دەردەبڕن, ئەوەش نازانن كە چ میكانیزمێك لەبارترە بۆفراوان كردنى هێزى ئۆپۆزسیۆنى كەلەهەناوى كۆمەڵگەدایە, تەنانەت كەڵكیان لەئۆپۆزسیۆنى ئەوروپا وەرنەگرتووە, چۆن رووبەرووى دەسەڵات دەبێتەوە, نموونەى چەپەكانى ئەڵمان كەخۆیان لەژێر زەمینەكاندا خزاندووە, وەك مانگرتنێك دژ بەو فەزا سیاسی و بازاڕەى كەهەیە, باشترین سەلمێنەرى ئەوەن كەئۆپۆزسیۆن لەهەر هەلومەرجێكى سیاسى جێگیر و ناجێگیر, تواناى ئەوەى هەیە بەمیكانیزمى جۆرا و جۆر خۆیان بسەلمێنن و لەكێبەركێى سیاسیدابن..
 خوێندكار وەك هێزێكى ئامادە و بىَ رابەرایەتى
 ئەو هێزە ئامادە ناڕازیەى كەروحیەتێكى یاخیگەرێتى تێدایە خوێندكارانن, بیركردنەوە لەم گروپە كۆمەڵایەتیە پێشتر هێربەرت ماركۆزە پێشنیارى كرد, ئەو گوتى ” خوێندكاران دەتوانن لەپەنا كرێكار و خەڵكى زەحمەتكێش هێزى خۆیان نیشان بدەن”, سارتەریش لەوەختى خۆیدا بەپراكتیك سەلماندى كەچۆن ئەو گروپە دەتوانن, ئاڵوگۆر لەسیستمى حوكمڕانیدا بكەن, كەچى لەكوردستان نەخوێندكاران خۆیان, نەبزووتنەوەیەكى چالاك هەبوو رابەرایەتیان بكات, نەداینەمۆیەكى فكریش هەبوو لەچنگ ئۆرگانەكانى پارتى و یەكێتى سەربەخۆییان بپارێزن, ئەم بۆشاییە سیاسیە كەهەموو گروپەكانى كۆمەڵگەى بێ قودرەت كرد, جگە لەئاڵوگۆڕ لەچۆنایەتى سیاسەت كردن لەهەموو دونیا, خودى رۆشنبیران بەشێك بوون لەو خەتایەى سەرشانیان دەگرێتەوە, هەر لەوەى لەژێر ناوى مەعریفەى هەمەلایەن و دوور رەهەندى بۆ هەموو كایەكان بەتایبەت سیاسەت, دژایەتیان بۆ چەمكى (یەكگرتن و حیزب) بەشێوەیەك پەخش كرد, هەموو جۆرە بیركردنەوەیەك لەحیزبیەت و چەمكى یەكگرتنیان, لەحیزبە شیوعیە كلاسیكیەكان و حیزبە دەسەڵاتدارەكانەوە دەبینى, نەوەیەكیان خستە بەردەم ئەمرى واقیعەوە كەئەوەى ئیدیۆلۆژیا كردوویەتى, هەڵەیەك بووە نابێت دووبارە ببێتەوە و هێز و تواناى ئەم نەوەیە بەخەسار بدات, ئەم جۆرە بیركردنەوەیە ئەوەندە ناواقیعى بوو كەهیچ لۆژیكێك قەبوڵى ناكات, چونكە ئەگەر بەو لۆژیكە بوایە, دەبوایە لەتەواوى دونیادا حزبیەت و سیاسەت ناكام بوایە, كەچى بەپێچەوانەوەى ئەم ئاراستە فكریەوە, بەشێكى زۆرى بنكەى جەماوەرى و ئۆتۆریتەى حیزبە چەپ و سەوز و رادیكاڵەكانى دونیا خوێندكارانن, نمونەى خۆپیشاندانەكانى چین و بەریتانیا و فەرەنسا لەم دواییەدا, باشترین سەلمێنەرن كەخوێندكاران و ئەو نەوە نوێیەى كەدەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەم سیستمەدا نەرم ناكەن, یاخود رازى نین بەم ژیانەى كەپڕە لەناعەداڵەتى و زاڵ بوونى دەسەڵاتى كولتورى و حیزب, بەلەبەر چاوگرتنى ئەوەى كەلەگەڵ تەكنۆلۆژیادا مامەڵە دەكەن, بەڵام خوێندكار و لاوى كورد كەمترین و سەرەتایى ترین مافیان نیە, ئەگەر ئینتیمایان بۆئیدیۆلۆژیای حیزبێك نەبىَ, بەلەبەر چاوگرتنى ئەوەى پەراوێزێك لەئازادى و دیموكراسى هەیە, وەكو حیزبە باڵادەستەكان ئیدیعاى بۆدەكەن, بەڵام كەمترین مافیان نیە هەر لەگۆڕینى سیستمى خوێندنەوە, تادەگاتە گۆڕینى سیستمى كۆمەڵایەتى و ئەو تخوبانەى كەپیاوە ئاینیەكان, كەڵك لەمینەبەرى مزگەوتەكان وەردەگرن, بۆئەوەى باوكەكان هانبدەن نەسیحەتى كوڕەكانیان بكەن و لەڕىَ دەرنەچن, ئەم هەموو هۆكارە زیندووە, بۆچى نەقۆزرایەوە بۆئەوەى كەڵك لەهێز و تواناى نەوەیەك وەنەگیرىَ كەئامادەیە, یاخوود رابەرایەتیەك هەبىَ كەئاراستەیان بكات و واقیعەكە بەئاراستیەكى تردا ببات, بۆچى دەبىَ رۆشنبیرەكان خۆیان دوورە پەرێز بگرن و وەك مەلاكان تەنها وەعز بدەن, بتێك دروست بكەن وەك بتى ئاینى و خێڵ و بتى كولتورى, بۆیە نەبوونى رابەرایەتى یەكێك لەو هۆكارانە بوو كەبزووتنەوەى ناڕەزایەتى دروست نەبێت, ئێستاش ئەو بزووتنەوە وەهمیەى كەلەرێگاى نوسینەوە, تەنها ئەو كاتە وەك ئۆپۆزسیۆن دەبینرىَ كەئاگرەكە جەستەى دەگرێتەوە, هەروەها ئەو دەسەڵاتە ترسنۆكەش كەپیاوەكانى خۆى سەرقاڵ كردووە پێوەى, جگە لەكوشتنى روحیەتى ئۆپۆزسیۆنى چەپ و رادیكاڵ بەو لاوە هیچى ترنیە, شەڕە نوسینیش تەنها شان خاڵى كردنەوەى دەسەڵاتە لەگەندەڵیەكانى …         
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.