هه‌ناسه‌كانی بێزاریی …كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
ئێواره‌یه‌كی پایزییه و گه‌ڵاكان به‌ده‌م سه‌ماوه هه‌ڵده‌وه‌رن و ده‌كه‌ونه خوارێ، خۆر به تیشكی زیوینی خۆی سه‌رزه‌وی گه‌رم كردووه، دڵشاد پاڵتۆیه‌كی درێژ و پانتۆلێكی ڕه‌شی له‌به‌ردایه و بای ئه‌و عه‌سره یاری به‌قژی ده‌كات و چه‌ند هه‌زارێكی چرچ و لۆچ له گیرفانی چه‌پی پاڵتۆكه‌یدا خۆیان حه‌شارداوه، به بێ‌وازی چوون پشیله‌ی به‌رگه‌رمای بێتاقه‌ت ده‌رگای ماڵێكی گڵینی كۆن ده‌كاته‌وه و دێته ده‌رێ. ماڵێك له لاپه‌ڕی شاره‌كه‌دا و له كۆڵانێكی باریكی پاسفنده و زماك و هه‌ژاردا… دڵشاد به‌ناوه‌كه‌ی خۆی زۆر قه‌ڵس ده‌بێت، چونكی جگه له‌درۆیه‌كی نووساو به‌خۆیه‌وه هیچی دی نییه، تا ئێستا نه ڕۆژێكی به خۆشی گوزه‌راندووه، نه توانیوویه‌تی ڕۆژێك هه‌ست به دڵشادی بكات، واتا ناوه‌كه‌ی و ژیانی زۆر له‌یه‌كه‌وه دوور بوون. له‌به‌ر ده‌رگا ڕاوه‌ده‌ستێت… چاوێكی تیژپه‌ڕ ده‌گێرێت به‌مسه‌ر و به‌وسه‌ری كۆڵانه‌كه‌دا… هیچ شتێك به‌دی ناكات، جگه له چه‌ند كچێكی بچووك نه‌بێت كه خه‌ریكی یاری خه‌تخه‌تێنن، یه‌كێكیان وه‌كو قاز له‌كاتی خه‌وتندا، قاچێكی به ئاسمانه‌وه‌یه و به قاچه‌كه‌ی تری و به هه‌نگه‌شه‌لێ خانه‌به‌خانه شه‌ق له به‌ردێكی چوارگۆشه ده‌دات و ئه‌وانی دی ته‌ماشای ده‌كه‌ن، به‌رده‌كه هه‌روه‌ك رۆژه‌كان زۆر خێرا خانه‌كان ده‌بڕێت.
ده‌ڕوات… له كۆڵانێكی پان و درێژدا…. ده‌گاته ئاستی پیره‌مێردێكی وه‌كو دره‌ختی به‌لاداهاتوو له‌به‌ر ده‌رگای ماڵی خۆیدا له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتووه، وه‌كو جلی تازه شۆراو له‌به‌ر تیشكی خۆره‌كه خۆی هه‌ڵخستووه و ته‌سبیحێكی قه‌زوانی له‌ناو ده‌سته شه‌قار شه‌قاره‌كانی یاری ده‌كات و له‌به‌ر خۆیه‌وه ورینگه ورینگێك ده‌كات ئاوازێكی خۆش سۆزێكی غه‌مگین له هه‌ناسه پیره‌كه‌ی دێته‌ده‌رێ كه زیاتر له گله‌یی ده‌چێت له‌ده‌ستی ڕۆژگار، نه‌ك گۆرانی. پیاوه پیره‌كه جێده‌هێڵێت و وه‌كو هه‌موو ڕۆژه سوواوه‌كانی تر بۆ هه‌توانی بێتاقه‌تی ڕوو له بازاڕ ده‌كات، له نیوه‌ی ڕێگادا خه‌ڵكی ده‌بینێت له بازاڕ ده‌گه‌ڕێنه‌وه، هێندێكیان به عه‌لاگه‌ی ڕه‌ش وپڕ و هێندێكی تریان به ده‌ستی خاڵی. ده‌گاته ناو بازاڕ … ده‌كه‌وێته نێو گورده‌مێكی زۆره‌وه…ده‌نگی هۆڕینی ئۆتۆمبێله‌كان و هاتوو هاوار…مرۆڤه‌كان به خێراییه‌كی زۆر به‌لای یه‌كدا تێده‌په‌ڕن….ته‌ماشای یه‌كدی ناكه‌ن. بازاڕه‌كان پڕن له هه‌را و هوریا و قه‌ره‌باڵغی بێ‌سنوور، به‌ڵام هیچ شتێك تیایاندا ڕوونادات. له‌ناو جه‌رگه‌ی بازاردایه…هه‌رچوار ده‌وری به ساختومان و هۆتێل و قه‌یسه‌ری قاندراوه. دڵشاد له‌دڵی خۆیدا ده‌یوت مرۆڤ له‌و شارانه بێزار ده‌بێت، كه مرۆڤه‌كان تیایدا مێرووله‌ئاسا ئازووقه ده‌به‌نه‌وه بۆ كونه‌كانیان و ئێواران وه‌كو مریشك ده‌گه‌ڕێنه‌وه كولانه‌كانیان و له‌ماهیه‌تی ژیان تێناگه‌ن.
له‌جێی خۆی ڕاده‌وه‌ستێت… بێزاری وه‌كو ده‌ریایه‌كی توڕه له دڵیدا شه‌پۆل ده‌دات و هه‌موو شته‌كان وا ده‌بینێت كه ته‌می بێزارییان له‌سه‌ر نیشتووه…سه‌رتاپێی شه‌ڵاڵی بێزارییه، هێنده‌ی پیاسه‌ی نائومێدی له‌و شاره‌دا كردووه و بێهووده سوڕاوه‌ته‌وه، له‌ساتی ڕێگا بڕیندا ئێسقانی جوومگه‌كانی كڕه‌یان دێت و به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون. ده‌ڕوات…ئه‌و حه‌شاماته‌ش جێده‌هێڵێت…ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ مرۆڤ ده‌بنه مایه‌ی بێزاری، هه‌وڵده‌دات هه‌رچی زووه لێی هه‌ڵبێت. دڵشادیش ده‌بوو زوو له هه‌موو شوێنه‌كانی ئه‌و شاره هه‌ڵبێت، چونكی سه‌رجه‌می شوێنه‌كان بۆ ئه‌و مایه‌ی بێزاری و بێتاقه‌تی بوون.
ده‌ڕوات… ده‌گاته چاخانه‌یه‌كی كۆن كه ده‌یڕوانێت به‌سه‌ر پاركێكی ئێجگار خۆش و ڕازاوه،خه‌ڵكی له زۆربه‌ی شاره‌كانی وڵات‌دا ڕوو له‌و پاركه ده‌كه‌ن بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش و وێنه‌گرتن له پاڵ ئه‌و ئاوه توڕه‌دا كه به‌هۆی فواره‌كانه‌وه به‌رزده‌بوه‌وه و دیمه‌نێكی جوانی ده‌خوڵقاند. كاتێك له‌سه‌ر كورسییه‌كی ناو چاخانه‌كه داده‌نیشێت هه‌ست به ئۆخژنێك ده‌كات، دڵشاد پێی وابوو مرۆڤ له‌م شاره‌دا ته‌نها له چاخانه‌كاندا هه‌ست به ئاسووده‌گی ده‌كات. بانگی چایه‌ك ده‌كات…ده‌ڕوانێته ئه‌و منداڵه كه به پاكه‌تێك بنێشتی كوردییه‌وه ده‌پاڕێته‌وه له‌خه‌ڵكی بۆئه‌وه‌ی بنێشتێكی بێ بكڕن، له‌ولاتره‌وه دوو گه‌نج خه‌ریكی یاری تاوڵه‌ن. به‌ده‌م هه‌ڵقووڕاندنی چایه‌كی تاڵ و داخرماندنی كڵۆیه‌ك شه‌كره‌وه گوێبیستی گۆرانی ( ته‌نكه ته‌نكه )ی حسێن عه‌لی ده‌بێت… دوور دوور ده‌ڕوات بۆ جیهانێكی تر، جیهانێكی خه‌یاڵی كه هه‌موو شته‌كان به ئاره‌زووی مرۆڤ ڕووده‌ده‌ن. له‌پڕ ده‌نگی منداڵه‌كه ڕایده‌چه‌ڵه‌كێنێت و پێی ده‌ڵێت:((بنێشتی كوردی ناكڕیت؟)) به تیله‌ی چاوی نائومێدی و هه‌ناسه‌یه‌كی غه‌مباره‌وه ده‌ڵێت: ((نا…نا…نامه‌وێت.)) له‌به‌ر ده‌رگای چاخانه‌كه‌دا سێ پیاوی پیر و ڕدێن سپی دانیشتوون… یه‌كێكیان به سه‌ر و قژێكی ئاڵۆسكاو و كێشانی جگه‌ره‌یه‌كه‌وه ڕوو له دوو پیاوه‌كه‌ی تر ده‌كات و ده‌ڵێت: ((ئای…مرۆڤ تا نه‌چێته دیار جۆگه‌ئاوێك و ته‌ماشای نه‌كات، نازانێت كه ته‌مه‌نی چه‌نده خێرا تێده‌په‌ڕێت)).
دڵشاد به بێزاری ئه‌و چاخانه‌ش جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات….ده‌ڕوات….به‌ره‌و نادیار
بێواز: بێتاقه‌ت
پاسفنده: زۆر بۆگه‌ن
زماك: ئه‌و شوێنه‌ی هه‌تاو نایگرێته‌وه
ورینگه ورینگ: ده‌نگێكی نه‌رم و خۆش
ئۆخژن: ئارامی
گورده‌م: حه‌شامات، قه‌ره‌باڵغی