Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم…

هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم…

Closed
by September 25, 2013 گشتی

 

 

 

له‌ دیموكراسیدا شكستخواردووش ده‌توانێ‌ ده‌رس بڵێته‌وه‌.

 

دیموكراسی وه‌ك پراكتیك تۆڕێكی ره‌فتارییه‌ سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ پێوه‌رێكی به‌هایی هه‌رچی ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌كانی تاكێك یا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ به‌ خۆیان بڵێن دیموكراسی له‌به‌ر ده‌پێورێ‌.

دیارترین دیارده‌ له‌ دیموكراسیدا وتووێژی ئازادانه‌ و گوێگرتن و بێده‌نگییه‌ له‌ به‌رانبه‌ر قسه‌ و راكانی به‌رانبه‌ر تاوه‌كو سه‌ره‌نجام لێكحاڵیبوونێك بێته‌ ئارا، به‌و مانایه‌ی دواتر كه‌سی دووه‌م یا ئه‌وه‌كانی تریش هه‌مان مافی قسه‌ و گوێگرتن و بێده‌نگیان بۆ شۆڕبوونه‌وه‌ به‌ ریتمی ده‌نگه‌كانی به‌رانبه‌ر بۆ بلوێ‌.

دیموكراسی ململانێ‌ نییه‌ بۆ له‌ زه‌ویدانی یه‌كێك بۆ ئه‌وی دیكه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی جووڵه‌ و ئه‌زموونێكی جه‌ده‌لیانه‌یه‌ هه‌ر ده‌مه‌ ره‌نگێك زاڵی سه‌ر ئه‌وی دیكه‌ و ده‌نگێك له‌وه‌ی تر دلێرتر ده‌رده‌خا و ناوه‌ ناوه‌ش شوێنگۆڕكێ‌ به‌ كاراكته‌ره‌كانی نێو ئه‌و فه‌زایه‌ ده‌كا.

دیموكراسی شه‌ڕ یا جه‌نگ نییه‌ تاوه‌كو به‌ره‌یه‌ك به‌ره‌یه‌كی تر له‌به‌ین ببات یا وێران و خاپووری بكا به‌قه‌د ئه‌وه‌ی زمانێكه‌ له‌ پێشبڕكێكه‌یدا ده‌نگ و ره‌نگی زاڵ ئه‌وه‌ی تری لاواز یا كه‌وتوو یا دۆڕاو ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ یا تێیده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌یه‌ توانا و هێزت و ئیدی ئه‌و لاوازه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ی ورد هۆكاره‌كان ده‌ستنیشانكا تاوه‌كو له‌ ململانێ‌ جه‌ده‌لییه‌ سرووشتییه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌.

ئا ئه‌مه‌ رێك جوانییه‌كانی دیموكراسییه‌ و هه‌رگیزیش له‌ دیموكراسیدا كه‌س یا لایه‌نێك به‌ كه‌س یا لایه‌نه‌كه‌ی تر ناچێ‌ و وه‌ك ئه‌ویش ده‌رناكه‌وێ‌ ، جوانی دیموكراسی له‌ جیاوازییه‌كان و له‌ بوونی زۆر و كه‌م و به‌هێز و بێهێزدایه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی شه‌ممه‌ی رابردوو(21/9) ی په‌رله‌مانی كوردستاندا یه‌ك دووه‌ك سه‌ركه‌وتن و یه‌ك دووه‌كی دیكه‌ش وه‌ك جاران نه‌مانه‌وه‌ ، به‌مانا كه‌میان ده‌نگ پێكۆكرایه‌وه‌ و له‌م ئه‌زموونه‌ نمره‌ی باشیان نه‌هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ فۆڕمه‌ دیموكراسییه‌كه‌ی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌دا دیارده‌ و ده‌ركه‌وتێكی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر به‌ خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت به‌ حزب و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كانیش نامۆیه‌، هه‌ر بۆیه‌ نه‌ سه‌ركه‌وتوو و نه‌ ژێركه‌وتووش نه‌یانتوانی خۆشی و ناخۆشییه‌كانی پرۆسه‌ی دیموكراسی ئه‌زموون بكه‌ن، سه‌ركه‌وتوو نێرانه‌ و سالارانه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی خوار خۆی ده‌خوڕێ‌ و ژێركه‌وتووش وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كۆستێكی گه‌وره‌ی كه‌وتبێ‌ و له‌ ئه‌نجامدا كه‌وتبێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌م كۆسته‌ و وه‌ك شۆك له‌ دۆڕان بنواڕێ‌.

له‌ دیموكراسیدا چه‌نده‌ بوار بۆ سه‌ركه‌وتوو هه‌یه‌ پراكتیزه‌ی پرنسیپه‌كانی دیموكراسی و مافه‌كانی خه‌ڵك و به‌رنامه‌كه‌ی خۆی بكات، ئه‌وه‌نده‌ش بوار له‌به‌رده‌م شكست خواردوو یا دۆڕاو هه‌یه‌ ئه‌خلاق و ره‌فتاری دیموكراسیانه‌ بنوێنێ‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی به‌ قبووڵكردنی شكست جوانترین و مانادارترین وانه‌ی دیموكراسی  به‌ هه‌وادارانی خۆی و ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌ڵێته‌وه‌ و به‌م ره‌فتاره‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی دیموكراسی كه‌ جه‌ده‌لی به‌هێز و بیهێز یا تۆ و ئه‌وانی ترن ته‌واو ده‌كا.

هه‌وڵدان بۆ گۆڕین و ونكردنی ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ره‌فتارگه‌لێكن هێزی خراپه‌ له‌ ده‌روونی لایه‌ن و تاكه‌كان هه‌ڵیدایسێنێ‌ جا ئاگا یا نائاگا له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بنه‌ما و سه‌ره‌تا تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كانی دیموكراسی له‌م هه‌رێمه‌دا له‌به‌ین ده‌با چوون خاوه‌نانی ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ ناتوانن رووه‌كه‌ی دیكه‌ی دیموكراسی ببینن كه‌ تاوێ‌ به‌رز ده‌ركه‌تن و تاوێكیش نه‌ویده‌ركه‌وتنه‌، ئه‌م به‌رز و نه‌وییه‌ له‌ گه‌مه‌ جه‌ده‌لییه‌كانی دیموكراسیدا هه‌میشه‌ به‌ تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن یه‌كێ‌ سه‌رده‌خا و ئه‌وه‌كه‌ی تر نه‌وی و پاشان جێگاكان وه‌ك خۆیان نامێنن و ئاڵوگۆڕده‌كرێن.

قبووڵكردنی نه‌ویكه‌وتن و نزم نیشتنه‌وه‌ و نه‌ویفڕین هه‌لێكی زۆر شارستانیانه‌ی دیموكراسیانه‌یه‌ و هه‌قه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی به‌سه‌ر دێ‌، به‌ر له‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌م ده‌رسه‌ی بۆ دادا خۆی بۆ هه‌موو ده‌وروبه‌ر رایگه‌یه‌نێ‌ كه‌ پیرۆزبێ‌ له‌ سه‌ركه‌وتوان و ئیدی ئه‌مه‌یه‌ قه‌ده‌ری دیموكراسی ، كه‌ ئه‌مه‌ی كرد ئیدی له‌و ره‌فتاره‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كی دیكه‌ بۆ یه‌كتر قبووڵكردن و دان به‌ تواناكانی یه‌كتر ده‌ڕه‌خسێ‌.

تۆ بڵێی هه‌ردوو تای ته‌رازووه‌كه‌ی خه‌ڵك له‌م هه‌رێمه‌ی خۆماندا واته‌ سه‌ركه‌توو و ژێركه‌وتوو له‌م وانه‌ دیموكراسییه‌ حاڵی بن ؟

باوه‌ڕ ناكه‌م چوون سایكۆلۆژییه‌تی تاكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ئه‌گه‌ر گه‌یشتبێته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌وه‌ی جیاواز له‌ خۆی قبووڵكا، ئه‌وا له‌ جیاتی پلیكانه‌یه‌ك ده‌یان پلیكانه‌ی له‌ په‌یژه‌ی سه‌ركه‌وتن بۆ دیموكراسی بڕیوه‌!!!. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.