هونه‌رمه‌ندیش ئه‌ركی گرینگ و مێژوویی له ئه‌ستۆیه
خوێندنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته هونه‌ریه‌كانی مرۆڤ، سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی حیماسه‌یه‌كی پڕ كێشه و هه‌رایه، حیماسه‌ی به‌دیهێنه‌رێكی كه به چه‌ندین هه‌زاره ڕه‌مز و ڕازه‌كانی لێكدان و تێك هه‌ڵكێشان ئه‌زموون ده‌كات تا سه‌رئه‌نجام خۆی بنیشێته بان كورسی ئه‌فرێنه‌ری. ڕێگایه‌كی كه ڕه‌نگه سات به سات سه‌ر مه‌نزڵگاكانی كورتتر بونه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌ر ڕێژی هه‌وڵ و تێكۆشان بووه، هه‌وڵ و تێكۆشانێكی كه له لایه‌نگه‌لێكی بێ ئه‌ژماره‌وه به ئه‌نجام گه‌یشتووه. هه‌ندێكجار به قه‌باره و هه‌ندێكجار به ده‌نگ، ئاواز، هێڵ، ڕه‌نگ و هه‌ندێكجاریش له ڕێگای دار و به‌رد وهیترهوه؛ هه‌وڵ و كۆششێكی كه له‌گه‌ڵ به‌ربه‌ست و له‌مپه‌رگه‌لێكی زۆردا ده‌ست و په‌نجه‌ی نه‌رم كردووه. به‌ڵام هه‌رچه‌ند هه‌موو جارێك سه‌ركه‌وتوانه له مه‌یدان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌هه‌ر شكست و ناكامییهك ئه‌زموونێكی نوێی وه‌رگرتووه، له‌هه‌ر سه‌رله بهرددانێك زانییاریهكی به‌كه‌ڵكی به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌و ڕێگا دوور و درێژانه‌ی كه زۆرجار به زگی به‌تاڵ، به پێی په‌تی و شه‌ڵاڵی خوێن، و به له‌خۆ بوردووییهكی سه‌رسووڕ هێنه‌ر پێوراون. به‌ڵام دژوارترین ساته‌كانی ئه‌م حه‌ماسه‌ی ڕه‌نجه، له‌مڕۆدا ئیتر په‌یوه‌ندییان به ڕابردووه‌وه هه‌یه: مێژووه‌كه‌ی تا ڕادایه‌ك ڕوون و ئاشكرایه و وڵامیش به چه‌ند و چۆن و بۆچی و ئه‌گه‌ر و مهگهرهكان دیار و به‌رچاوه. زنجیره‌یه‌كی لێك ههڵپێكراو له ئاڵقه گه‌لێكی تاك و لێك جیاوازی هه‌وڵ و كۆششی پڕژ و بڵاو.
ئه‌مڕۆكه ئیتر هونه‌ر بۆته خاوه‌نی یاسای دیاریكراو و ده‌ستكه‌وتی پڕبایه‌خ و قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی ناوه‌ته پشت سه‌ر، سه‌رده‌مه‌كانی كاربوردی جادوویی و یان، ته‌نیا ڕازێنه‌ره‌وه بوونی تێپه‌ڕاندوه، پێی ناوه‌ته گۆڕه‌پانی پڕ بگره و به‌رده‌ی پێك هه‌ڵپڕژانی زانیاری له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی خورافی و دواكه‌وتوانه‌وه، ماریفهتگهرایی له‌گه‌ڵ كه‌لله ویشكی و چاو له‌ده‌ستی قه‌زا و قه‌ده‌ر بوون، عه‌داڵه‌ت خوازی شه‌ڕافه‌تمه‌ندانه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ویستی لۆمپه‌ن مهسلهكانهوه، بۆته ده‌مڕاستێكی لێهاتوو كه زایه‌ڵه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ی بانگ و بانگه‌وازی دنیاداگره و وته و وشه‌كانی سنووری زمان ناناسێ. كه‌وایه ئیتر ده‌بێ بتوانێ حزووری خۆی له‌م گۆڕه‌پانی تێكهه‌ڵچوونه‌دا مانا بكاته‌وه، بوێرانه بوونی خۆی به ئیسپات بگه‌یه‌نێ، به كرده‌وه داكۆكی له مافی ژیانی خۆی بكات و له‌و سه‌نگه‌ره پڕ له ئاگر و خوێنه‌دا كه ته‌نیا تێیدا باس له مه‌رگ و ژیان له ئارادایه و گاڵته هه‌ڵنه‌گر، به‌ر پرسیاریه‌تیه‌كی ڕوون و ئاشكرا بگرێته ئه‌ستۆ.
له‌مڕۆدا ئیتر شتێك به‌ناوی هونه‌ری لۆكاڵ و ناوچه‌یی ڕووت مانای نییه و ته‌نانه‌ت ئه‌و نووسه‌ر و شاعیرانه‌ش كه به ناچاری گیرۆده‌ی چواردیواری زمانه ناوچه‌یی و نهتهوهییهكهیانن و ڕاگه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌یان پێویستی به واسیته هه‌یه، به هه‌ر زمانێكیش بنووسن نووسه‌ر و شاعیری سه‌رتاسه‌ری عاله‌من. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌كرێ ئاماژه به هونه‌رێكی وه‌ك شێوه‌كاری بكه‌ین كه هه‌ستكردن به قسه و ئاماژه‌كانی، به به‌راورد له‌گه‌ڵ باقی هونه‌ره‌كانی تر، چه‌ندان نیازمه‌ندی وه‌رگێڕی چیرهدهست و زمان پاراو نییه و مه‌جال و مه‌ودای په‌یوه‌ندی گرتنی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیدا به‌رته‌سك نییه. شێوه‌كاری، شێعر و شانۆگه‌ری و باقی چوارچێوه هونه‌ریه‌كانی تر له‌مرۆدا ئیتر ته‌نیا كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ كات ڕابواردن و سه‌رگه‌رمی نین، مناڵانی گوێ نه‌بیستی پۆلی یه‌كه‌می دوێكه، ئێستا بوونه‌ته مرۆڤێكی كامڵی به ئه‌زموون و فامیده و خاوه‌ن ئه‌ندێشه‌ی وا كه ئه‌توانن یارمه‌تیده‌ری كۆمه‌ڵگا بن له پێناو ناسین و ده‌ركی هه‌رچی قوڵتری فه‌رهه‌نگ و چه‌مكی ئازادی ئه‌ندێشه و ڕزگار بوون له كۆت و به‌ندی خورافات و كۆنه‌په‌ره‌ستی. ئه‌گه‌ر هونه‌ر دوای ئه‌و گشته ئه‌زموونه له پێناو شێوه‌ی ده‌ربڕین و گه‌یاندن، له‌مڕۆدا نه‌توانێ ئه‌ندێشه‌یه‌كی كاریگه‌ر بكاته ماریفه‌تێكی گشتگیر و گشتی، حوزوری جیا له بوونی سوراحیه‌كی به‌تاڵ، به‌ڵام گه‌لێك پڕ نه‌خش و نیگاری سه‌ر سفره‌ی بێ زه‌وادی ڕه‌ش و ڕووت و برسیه‌كان ده‌توانێ چیتر بێت؟
ئێمه له دنیایه‌كدا ده‌ژین كه لێوڕێژی نه‌فره‌ت و دژایه‌تیه. دنیایه‌ك به كێش قورقوشم و به ڕه‌نگ ڕه‌ش و به تام تاڵ. بڕوانن له مه‌ودایه‌كی كورت له‌ولا ماڵه‌كه‌مانه‌وه، بۆ به‌شێك له خه‌ڵكی ئه‌م ڕۆژگاره، ڕزگار بوون له كۆت و به‌ندی ترس و وه‌حشه‌تی زۆرداران به واتای ئازادی خه‌نجه‌ر له كالان ده‌ركێشان و كوشتنی كه‌سانی تره. هونه‌ر ده‌بێ و ده‌وتوانێ سنووره‌كانی قین و نه‌فره‌ت له زۆرداران و خۆڕاگری له به‌رانبه‌ریاندا و خۆشویستنی هاوچارهنووسانمان به ڕۆشنی بۆ دیاری بكات تا بتوانین ئه‌وینداری فێر بین، تا بتوانین له زیندانی ته‌سك و ته‌نگه‌به‌ری نه‌فره‌ت و ده‌مارگرژی ڕزگارمان بێت، تا بتوانین له داهاتوودا له‌سه‌ر وێرانه‌كانی ئه‌م مناسباته نا ته‌ندروست و پێچه‌وانه‌یه بناغه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ئینسانی و دوور له‌هه‌ر چه‌شنه به كه‌م سه‌یر كردن و سوكایه‌تیه‌ك دابڕ‌ێژین.
خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ر ده‌وره و سه‌رده‌مێكی دیاریكراو، بێگومان ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیه‌تی. له ڕێگای به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می ڕۆمی باستانه‌وه ده‌توانین بزانین په‌یوه‌ندی و مناسباتی كۆیله و كۆیله‌دار، ده‌سه‌ڵاتدار و ژێرده‌سته و به گشتی مناسباتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و ده‌وره‌یه‌دا به چ شێوه‌یه‌ك بووه. دیاره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێستا و هه‌ستێكی كه به‌شی هه‌ره‌زۆری جه‌ماوه‌ری دانیشتوی سه‌رئه‌م گۆی زه‌ویه به‌رانبه‌ر به‌و مناسباته نا مرۆڤانه‌یه‌ی له‌و كاتدا له ئارادا بووه هه‌یانه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه ئاستی وشیاری و دژه زۆرداری و عه‌داڵه‌تخوازی ئینسان تا چ پله‌یه‌ك به‌رز بۆته‌وه. به هه‌ستكردن به‌م ڕاستیه حاشا هه‌ڵنه‌گره‌یه كه هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می ئێمه‌ش به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌نده و سه‌رقاڵی خوڵقاندنی به‌رهه‌می هونه‌ری، چاوپۆشی له دیارده دزێو و دژی ئینسانیه‌كانی سه‌رده‌م ناكات و به‌رده‌وام و به شێوه‌ی جۆراوجۆر به‌رجه‌سته‌یان ده‌كاته‌وه. ئاوڕدانه‌وه له ڕواڵه‌تی ئازاردیتوی مرۆڤێكی گرمۆڵه بوو له برسانا و له سه‌رمانا و ڕه‌ق و ڕووته‌ڵه، به مه‌به‌ستی نیشاندانی گرفتێكی جیهانی وه‌ك برسیه‌تی، وێنا كردنی سه‌فێكی بێ كۆتایی كۆمه‌ڵێك مرۆڤی پێ به زنجیر و كۆت له گه‌ردن، بۆ ئاشكرا كردنی كاره‌ساتی به‌هره‌كێشی ئینسان له ئینسان و ده‌رخستنی ئاكامی ڕاسته‌قینه‌ی شه‌ڕه به‌رین و به‌رده‌وامه‌كان له‌سه‌ر ژیان و هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤه‌كان، كه گشتیان سه‌مه‌ره‌ی نیزامی نا مرۆڤانه‌ی سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌من، له‌پێناو به‌ده‌ست هێنانی هه‌رچی زیاتری سه‌روه‌ت و سامان بۆ ژوماره‌یه‌كی كه‌م ئینسانی زیاده‌خواز و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌ڵه‌ب، له نموونه بهرچاوهكانیهتی.
* بۆ ئاماده كردنی ئه‌م بابه‌ته له سه‌رچاوه ئینتێرنێتیهكان كه‌ڵك وه‌رگیراوه.