Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
هۆنراوه‌ی لیریک و گۆرانی (ئه‌ی گه‌مژه‌)!! … هیوا ناسیح

هۆنراوه‌ی لیریک و گۆرانی (ئه‌ی گه‌مژه‌)!! … هیوا ناسیح

Closed
by February 10, 2008 ئەدەب

 (نیتشه‌)ی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی ده‌ڵێت (بۆ ئه‌وه‌ی ژیان نه‌مانخنکێنێت، هانامان برده‌ به‌ر هونه‌ر)، دیاره‌ ناوبراو مه‌به‌ستی له‌وه‌یه‌ که‌ پرۆسه‌ و بویه‌ری ژیان ئه‌وه‌نده‌ دڵڕه‌ق و ئاڵۆز و پڕ له‌ کێشه‌یه‌‌،ناچارین بۆ فه‌رامۆش کردنی خه‌م و ئازاره‌کان هانا و په‌نا ببه‌ینه‌ به‌ر شتێکی دی، که‌ بمان لاوێنێ و دڵنه‌واییمان بکات، جوانییه‌کانمان بیرخاته‌وه‌،  بێزاری و ماندوێتمان بتارێنێت، گفتوگۆ له‌گه‌ل هه‌ست و نه‌ست و سۆز و دیوی ناوه‌وه‌مان بکات، له‌ ساته‌ ئاسته‌نگه‌کاندا به‌ زمانی گوڵ بماندوێنێت و پێمان بڵێت، که‌ ژیان هه‌ر خه‌م و ئازار نییه‌.
 چی له‌ پارچه‌ میوسیکێک جوانتره‌، له‌ کاتێکدا ژیان ماندوومان ده‌کات، ئه‌و سۆزی ئه‌وینمان فێرده‌کات، ئارامی و پشومان ده‌داتێ، خه‌مه‌کانمان ڕاده‌ژه‌نێت، ئازاره‌کانمان ده‌لاوێنێت، به‌ زمانێکی جوان پێمان ده‌ڵێت: ده‌نگ و تۆنه‌کان هه‌موویان هه‌ر نه‌شاز و مرۆڤبێزارکه‌ر نین، به‌ڵکو تۆنی وا هه‌یه‌ مرۆڤ ده‌خاته‌‌ سه‌ما، دڵ ده‌سمێت و ده‌مانخاته‌ سه‌ر دونیای شای، لایلایه‌ و به‌سته‌ بۆ ته‌نهایی و خه‌مگینی و بێهوده‌ییمان ده‌ڵێت. گۆرانی خۆش فریادڕه‌سه، کاتی بێزاری و دڵته‌نگیمان به‌ هانامانه‌وه دێت، دیوه‌ جوانه‌که‌ی ژیانمان پیشان ده‌دات، هه‌وڵ ده‌دات به‌ چاویلکه‌یه‌کی ڕه‌نگاوره‌نگه‌وه‌ سه‌یری ده‌وروبه‌ر و ژیان بکه‌ین، و تاڵییه‌کان کاڵ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌شارێته‌وه‌  و لاده‌بات. له‌ خۆڕا نییه‌، که‌ به‌ میوسیک ده‌وترێت (خۆراکی گیان) یان (زمانی گه‌لان).

گۆرانیش، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ لقه‌کانی هونه‌ر و خزمه‌تی مرۆڤ ده‌کات، به‌وه‌ی که‌ له‌ ئاوات و ئامانج و سۆز و خه‌مه‌کانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌دوێت و له‌ نێو هونه‌ری گه‌لاندا بایه‌خ و گرنگییه‌کی تایبه‌تی پێ دراوه‌. که‌س نییه‌ لێمان ڕۆژانه‌ گوێی لێ نه‌گرێت و به‌دوای به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و گۆرانیبێژانه‌شدا عه‌وداڵ نه‌بین، که‌ په‌سه‌ندی ده‌که‌ین و پێمان له‌وانی دی له‌ پێشترن.
گۆرانی له‌ سێ ڕه‌گه‌زی بنچینه‌یی پێک دێت، ئه‌وانه‌ش : هۆنراوه‌، موسیک وه‌ ده‌ربڕین (اداء)ه‌، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر گۆرانییه‌کیش گه‌ر‌ یه‌کێک له‌م ڕه‌گه‌زانه‌ی تیادا لاواز بێت، ئه‌وا کار ده‌کاته‌ سه‌ر چۆنێتی ته‌واوی به‌رهه‌مه‌که‌ و لاوازی ده‌کات. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر سێ ڕه‌گه‌زه‌ بنچینه‌ییه‌که‌ی به‌ باشی تیا به‌کاربرا بوو، ئه‌و کات ده‌زانین، چۆن وه‌ک دایکێکی میهر‌ه‌بان، به‌ ده‌ستێکی نه‌رم مه‌لۆتکه‌ی بیرمان ده‌خاته‌ نێو باوه‌شێکی ڕه‌نگاڵه‌یی هه‌ست و خه‌ونی ئاڵوواڵا.

ئه‌و بابه‌ته‌‌ی من لێره‌دا ده‌مه‌وێت، له‌ سه‌ر هۆنراوه‌که‌ی قسه‌ بکه‌م گۆرانی (ئه‌ی ئه‌وه‌ی من گوناهبار ده‌که‌یت)، که  ‌ شیعره‌که‌ هی نوسه‌ر و ڕۆشه‌نبیری گه‌له‌که‌مان (به‌ختیار عه‌لی) یه‌و له‌ ئاوازی (حسێن به‌فرین)ه. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ گۆرانییه‌کانی سی‌دی (میرۆ)ی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش عادل عه‌زیز، که‌ له‌ ساڵی 2004 له‌ لایه‌ن کۆمپانیای چوارچراوه‌ به‌رهه‌م هێنراوه‌. به‌ داخه‌وه‌ من له‌م نزیکانه‌ بۆ یه‌که‌م جار گوێم لێبوو، که‌ ده‌بووا له‌ کاتی خۆیدا قسه‌ی له‌ سه‌ر بکرێت. دیاره‌ ڕاو سه‌رنجه‌کانیشم له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌دایه‌‌ بۆ گۆرانی، نه‌ک خودی شیعره‌که، که‌ ئه‌مه‌یان نیاز و مه‌به‌ستی من نییه‌ لێره‌دا.

به‌ ڕای من ئه‌گه‌ر موسیک و ده‌نگ و ده‌ربڕین، گۆشت و خوێن و پۆشاک و به‌رگی هه‌ر گۆرانییه‌ک بێت، ئه‌وا بێ شک هۆنراوه‌که‌ی په‌یکه‌ری ئه‌و هونه‌ره‌یه‌ که‌ ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی تری به‌ یه‌که‌وه‌ به‌ستوه‌ کۆکردۆته‌وه‌ و ڕاگرتوه‌. دیاره‌ هۆنراوه‌ی گۆرانی (لیریک) به‌ پێی داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی، زه‌وق و سه‌لیقه‌ و  چێژی گوێگران ده‌بێت تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بێت‌.‌ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش له‌ ناو هه‌ر گه‌ل و کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه‌ بۆ یه‌کێکی دی ده‌گۆڕێت. بۆیه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و هۆنراوه‌ی گۆرانییه‌ی که‌ له‌ ڕۆژئاوادا د‌ه‌په‌سه‌ندرێت، هیچ چێژ و خۆشییه‌ک به‌ گوێگرێکی ڕۆژهه‌ڵاتی نه‌گه‌یه‌نێت، گه‌ر بۆی وه‌ربگێرین و تێیبگات. گۆرانییه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان، که‌ زیاتر لێره‌دا مه‌به‌ستم گۆرانی هونه‌‌رمه‌ندانی نوێیه‌، نه‌ک هونه‌رمه‌ندانی میللی و گۆرانییه‌ فۆلکلۆرییه‌کان، به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی ناسکترن له‌ ڕۆژئاواییه‌کان، زمانی هۆنراوه‌کانیان نه‌رمترن‌، دوورن‌ له‌ وشه‌ی جوێن و قسه‌ی ناشرین و به‌که‌م گرتنی به‌رامبه‌ره‌که‌ت. گیانی سه‌رکێشی و توند و تیژیان که‌م تێدایه‌،زیاتر زمانی مۆنۆلۆگ و گلله‌یی کردن له‌ به‌ختی خۆت و پیاهه‌ڵدانه‌ به‌سه‌ر جوانی سروشت و یار و دولبه‌ر دا، هه‌روه‌ها په‌رۆشی و تامه‌زرۆیی بۆ گه‌یشتن به‌ (یار) و خۆ به‌ فیداکردنێتی، له‌ هه‌ندێکی تریشیدا ‌باس له‌ گرفته‌کانی ژیان ده‌کات و ئاخ و داخ بۆ ڕۆژانی به‌سه‌رچووی ده‌خوازێت و به‌ ئاوات و هیوایه‌ که‌ ڕۆژێک دابیت، خه‌م و ناسۆر وازی لێ بهێنێت و ئاسوده‌ بژیت. گۆرانی شادی هێنه‌ریش هه‌یه‌، که‌ بۆ سه‌ماو هه‌ڵپه‌رکێیه‌، وه‌سف و ستایشی جوانی یار و سروشت و باری ده‌رونی ده‌کات. دیاره‌ سرودی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی (مارسلیز) له‌م رێسایه‌ ریزپه‌ڕه‌، که وا‌ گیانی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ و سه‌رکێشی و به‌که‌م گرتنی به‌رامبه‌رت، که‌ (دوژمنه)‌ی تێدایه‌، ده‌شبێت وا بێت، چونکه‌ گۆرانی جیایه‌ له‌‌ سرود، ئه‌گینا گۆرانییه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان زۆر به‌ ده‌گمه‌ن به‌ لای ئه‌م شێوازه‌دا ده‌چێت،ئه‌گه‌ر خۆشی له‌م ئاقار و بواره‌دا بینییه‌وه‌ ئه‌وا به‌ ڕۆح و چێژی بیستنی گوێگرانی هاوزمانی نائاشنا و نامۆ ده‌بێت.

هه‌ڵبژاردنی هۆنراوه‌ی لیریک، شتێکی وا ئاسان نییه‌ و ده‌بێت هونه‌رمه‌ند پێشینه‌یه‌کی رۆشه‌نبیریی هونه‌ری هه‌بێت و تۆن و ئاستی ده‌نگی خۆی به‌ باشی بناسێت، شاره‌زای سه‌لیقه‌ و زه‌وق و چێژی هونه‌ری گوێگرانی بێت، که‌ کام جۆره‌ هۆنراوانه‌ له‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگا و وڵاته‌دا بره‌ویان هه‌یه‌ و لێت وه‌رده‌گرن. ناشکرێت هه‌ر گۆڕانکارییه‌کی ناوازه‌  به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا ناو بنرێت داهێنان!
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر باشتر له‌ مه‌به‌ستی ئه‌م بابه‌ته‌ بگات، بفه‌رمون سه‌یری هۆنراوه‌ی  گۆرانییه‌که‌ (ئه‌ی ئه‌وه‌ی من گوناهبار ده‌که‌یت) بکه‌، هێڵی ژێر وشه‌کان هی نوسه‌ری ئه‌م وتاره‌ن:

ئه‌ی گه‌مژه‌، گوناهی من نییه‌، تۆ ناتوانیت یاقوت راو بکه‌یت
گوناهی من نییه‌ تۆ له‌ جنسی خشۆکه‌کانیت و من له‌ ره‌گه‌زی تۆفان
من له‌ جنسی خوداکانم و تۆ له‌ جنسی مێروله‌ خووساوه‌کانی ژێر باران
من سه‌ر به‌ خێڵی ئه‌ستێره‌ناسه‌کانم، تۆ کرم فرۆشێکی بیمار
تۆ پاسه‌وانی که‌لاوه‌یت، من ئه‌ندازیاری یۆتۆپیام
تۆ لقی دره‌ختێکی کرمێیت، من نوور و گڕ و ڕه‌شه‌بام
گوناهی من نییه‌ تۆ ناتوانیت، گوڵ بگریت
گوناهی من نییه‌ سه‌ری تۆ له‌ دڕک زیاتر هیچ ناگرێت
ئه‌وه‌ی من ده‌ینێرم بۆ ئه‌به‌دییه‌ت، به‌ تۆ ناگه‌رێته‌وه‌
ئه‌و خاک و زه‌ریایانه‌ی من دروستیان ده‌که‌م به‌ گه‌زی په‌رپوتی تۆ ناپێورێن
تۆ ئه‌ی کڕیاری کۆنی زبڵخانه‌ی ژیان
دانی تۆ له‌وه‌ پیرتره،‌ گوێزی پڕ حیکمه‌تی من بشکێنێت
لوتی تۆ له‌وه‌ زه‌لیلتره‌، بۆنی باخی من بکات.
 
ئێستا پێم بڵێن، کام گوێگر هه‌یه‌ هه‌ست به‌ خۆشی و ئارامی بکات، یان جوانتر بڵێم هه‌ست به‌ به‌که‌مگرتن و بریندار بوونی هه‌ست و سۆزی نه‌کات، کاتێک‌ یه‌که‌م وشه‌ له‌م گۆرانییه‌ ده‌یبیستێت (ئه‌ی گه‌مژه‌)ه‌یه‌ ؟؟!!. دواتریش نزیکه‌ی له‌ هه‌ر دێرێکیدا (جوێنێک) یان سوکایه‌تییه‌ک به‌ به‌رامبه‌ره‌که‌ت و خۆ به‌گه‌وره‌گرتن و لوتبه‌رزییه‌کی خودی گۆرانیبێژیشی تێدایه‌، چ شتێکی سه‌یر و نامۆیه‌، کاتێک مرۆڤێکی کورد گوێی له‌م وشانه‌ ده‌بێت: گه‌مژه‌، خشۆک ، مێروله‌، کرم فرۆش، دره‌ختی کرمێ، دڕک، په‌رپوت و زبڵخانه‌!!

 پێم وایه،‌ پێناسه‌ی گۆرانی له‌ دوو وشه‌دا واته‌ (ڕێزگرتنی هه‌ست)‌. ئیدی چ هونه‌رێکه‌، که‌ ڕێز له‌ هه‌ستی گوێگرت نه‌گریت و به‌ کۆمه‌ڵێک وشه‌ی ناشرین هه‌ستی بڕوشێنیت؟؟ به‌ڕاست کێ هه‌یه‌ پاش گوێلێگرتنی ئه‌م به‌رهه‌مه‌، هه‌ست به‌ توڕه‌یی و بێزاریی و ڕه‌نجان نه‌کات؟؟ له‌ جیاتی ئارامبوونه‌وه‌، هه‌ڵنه‌چێت؟؟ له‌ بری بینینی جوانتری ژیان، دزێوتر نه‌یبینێت؟؟ ئه‌م گۆرانییه‌ نه‌ک گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ستمان ناکات و ئاشتمان ناکاته‌وه‌ له‌گه‌ل خۆمان بگره‌ ده‌شمان تۆرێنێت. خۆزگه‌ هونه‌رمه‌ند جارێکی تر پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌لبومه‌که‌ی بکاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو بێت و زوو بیخاته‌ بازاڕه‌وه‌، بیر له‌ چێژی بیستن و سه‌لیقه‌ و زه‌وقی گوێگرانیشی ده‌کرده‌وه‌.
بۆیه‌ به‌ ڕای من هه‌ڵبژاردنی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ له‌ لایه‌ن کاک (عادل عه‌زیز)ه‌وه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌، چونکه‌ پێم وایه‌، له‌و کاره‌دا ناوبراو ئاست و جۆری چێژی گوێگرانی کوردیی له‌ به‌رچاو نه‌گرتوه‌ و به‌ هێندیشی نه‌گرتوه‌.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم له‌ ڕاستیدا هه‌مان ئه‌لبوم چه‌ند گۆرانییه‌کی خۆشیشی تێدایه‌، وه‌ک (تامی جوانی، سۆزی ئه‌وین، ته‌ریقه‌تی عیشق..هتد)، که‌ هونه‌رمه‌ند هه‌م له‌ ڕووی ئاواز و ده‌ربڕین هه‌میش هه‌ڵبژاردنی هۆنراوه‌کانی، سه‌رکه‌وتوانه‌ چڕیونی.
ڤینته‌رتور 9/2/2008
 
hiwanaseh@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.