Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هێشتا مناڵ بووم …. نەوزاد بەندی

هێشتا مناڵ بووم …. نەوزاد بەندی

Closed

 

 

 

 

گیرفانەکانم پڕ بوون لە کاغەزى چکلێت و 

بنێشتى دار چینى ..

جانتاکەم پڕ بوو لە بۆنى لاستیکى پەمەیى

پڕ بوو لە توێکڵى قەڵەمى ڕەساس..

هێشتا مناڵ بووم ..

ژمارەى پێڵاوەکانم سى و سێ بوون ..

بە پەرداخێک سەهۆڵاو ،

پێویستم بە شەش پرۆکایین پەنسلین بوو ..

لە نیوەى فلیمەکاندا ئەخەوتم ..

هێشتا مناڵ بووم ..

ئەحمەد حەسەن بەکرم لە وەدیعلسافی جیانەدەکردەوە ..

نە دۆمینەم ئەزانى

نە تاوڵە

نە شەترەنج ..

مائیدە نەزهەتم لە عایشەشان جیانەدەکردەوە ..

بەڵام حەزم ئەکرد ،

لەگەڵ هەر باران بارینێکدا ،

لەگەڵ کچەکەى دراوسێماندا ،

دەستى یەکتر بگرین و

لە ژێر یەک چەترا ..

لە ژێر هەمان پەڵە هەورا ..

پیاسەیەک بکەم ..

هێشتا مناڵ بووم ،

سێ ڕسکینم لە دامە جیانەدەکردەوە ..

دارلاستیکم لە قۆچەقانى جیانەدەکردەوە ..

هەرچى ڕەنگ بو 

لە ڕوخسارما هەبوو :

شین ، پەمەیى ، سپى ، سوور ..

کەچى زۆر حەزم ئەکرد ،

لە ڕۆژانى باراندا ،

لەگەڵ کچە دراوسێکەماندا ،

بڕۆین بۆ دوور ..

* * * 

ساڵان هاتن و ..

ساڵان ڕۆیشتن وەک خەونەکانم ..

باران نەما ..

مۆدێلى خۆڵبارین هات ..

هێشتا ئەو حەزەم نەهاتە دى ..

ئێستا ئەپرسم ،

ئەکرێ لە ڕۆژێکى خۆڵباریندا ،

دوو هەنگاو پێکەوە بڕۆین ؟

دوو کوپ قاوەى خۆڵاوى بخۆین ؟

یان ، نا ؟؟؟

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.