Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هێنریک ئیبسن و نەوت

هێنریک ئیبسن و نەوت

Closed
by October 11, 2012 شانۆ

 

 

 

دوای زیاتر لە حەفتا ساڵ، سەرلەنوێ دەزگای نورستێت، کە یەکێکە لە دەزگا هەرە گەورەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە سوێد، کۆی شانۆنامەکانی نووسەری نەرویژی، هێنریک ئیبسن لە دوو بەرگی گەورەدا بە سوێدی بڵاودەکەنەوە. ڕەخنەگری ناسراوی شانۆیی (لەیف زان) بۆ هەردوو بەرگەکە پێشەکییەکی سەراپاگیرو لە هەمانکاتدا قووڵی نووسیوە و ژیان و بەرهەمەکانی ئیبسن-ی شیکردۆتەوەو هەوڵیداوە خوێندنەوەیەکی هاوچەرخانەی بۆ بکات. ئەم پێشەکیانە هێندەی تر بایەخی ئەم دوو بەرگەی زیادکردووە و زانیاری نوێ دەربارەی ژیان و بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە، بەشێوازێکی شانۆیی دەخاتە ڕوو.

وەرگێڕی ئەم شانۆنامانەی ئیبسن، لە وتەیەکی کورتدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم وەرگێڕانانە بەرئەنجامێکی هاوکاریکردن و کارکردنییەتی لەگەڵ شانۆکاندا. بەمەش وەرگێرانەکەو ئەو زمانە ساکارەی کە بەکاریهێناوە، نێزیکە لە زمانی سەر تەختەی شانۆو نواندنەوە. وەرگێڕ توانیویەتی رۆحێکی مۆدێرن ببەخشێت بە تێکستەکان و تەنانەت بۆ خوێندنەوەش خۆش و سانابێت.   

بەڵام ئەم شانۆنامانە دەکرێت وەکو ئەدەبێکی بەرزیش بخوێنرێتەوە و هەموویان پێکەوە وەک رۆمانێکی مەزن و گەورە بەرجەستەی کۆمەڵگای بۆرژوای باکووری ئەوروپا دەکات. هەموو ڕٶژنامەکان بەبایەخەوە ئەم پرۆژە گەورە ئیبسنییەیان بەسەرکردەوە، بەتایبەتی وەرگێڕانەکەیان  بەرزنرخاند. رۆژنامەکان بڵاوکردنەوەی ئەو دوو بەرگە گەورەیەیان وەکو ڕووداوێکی شانۆیی و ئەدەبی گرینگ ناوزەد کرد و ناوەندە شانۆیی و ئەکادیمییەکان، بەتایبەتی شانۆکانی دەوڵەت و زانکۆکان، بەپیر ئەم کارەوە چوون. 

بەڵام ئەم پرۆژەیە لەلایەکی ترەوە ڕەخنەیەکی توندی لێگیراو بەهەمان شێوە رۆژنامەکان کەوتنە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتە ڕەخنەئامێزەکانیان، کە ئەم دوو بەرگە گەورەیەی شانۆنامەکانی ئیبسن بە پارەو دەستگیرۆیی کۆمپانیاکانی نەوتی نەرویژ چاپکراوە. ئەمەش کارێکە سەربەخۆیی و ئازادی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. 

ئەم هەواڵە منیان تووشی ڕاچڵەکان و تێڕامانێکی زۆر کرد، منێکی کوردی ئەو بەشەی کوردستان کە لکێنراوە بە عێراقی عەرەبەوە و بۆ چەندین ساڵ پارەی نەوتی عێراق و کوردستان بۆ شەڕ و کوشتن و وێرانکردنی کوردستان بەکارهێنراوە. سەدام حسین بە پارەی نەوت، چەکی دەکڕی و کوردی پێ قڕدەکرد و دەیویست ئیمپراتۆرییەتێکی ڕەگەزپەرستیی عەرەبی لە ناوچەکەدا دروست بکات. ئەوەی ڕاستی بێت بەر لە سەدامیش نەوت چەکێکی کاریگەر بووە بەدەست رژێمەکانی عێراقەوە. 

لە هەمانکاتدا ژیانی کلتوری بە هەموو بەشەکانییەوە، ئەدەب، شانۆ، مۆسیقا هەرهەمووی لەژێر سانسۆرێکی بەهێز و پتەودا بوون. هەموو شتێک دەبوایە، بەر لەدەرکەوتنییان بەو فلتەرە بەهێزەی دەسەڵاتدا تێپەڕ بوونایە. 

منیش ناچاربووم بە سوێدی و لە ڕٶژنامە سوێدیەکاندا، بە وتارێک بە شداری بکەم و باری سەرنجی خٶم دەرببڕم. 

ئەوروپا دەیەوێت سەرمایەو پارەی سامانە سروشتییەکان بۆ پرۆژەی کلتوری بەکاربهێنێت، بەڵام ئەو دەزگا کلتوریانەی ئەم یارمەتییە وەردەگرن، ڕووبەرووی ڕەخنەیەکی توند دەبنەوە. من زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم کۆمپانیاکانی نەوت، پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە بۆ وەرگێڕان و چاپکردنی شانۆنامەکانی هێنرێک ئیبسن بۆ سەر زمانی سوێدی. لەو باوەڕەشدا نیم کە ئەم کٶمپانیایانە بەم کارەیان دەزگایەکی گرینگی وەکو (نورستێن) بکڕن و بیخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە، هەرچەندە چاپە سوێدییەکەی ئیبسن بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆنی نەوتییان لێدێت و لۆگۆی ئەو کۆمپانیایانەی پێوەیە کە یارمەتییان داون.

بریا هەموو پارەی نەوتی جیهان بۆ کاری کلتوری و چاپکردنی کتێب و پرٶژەی هونەری تەرخان دەکرا. ڕەخنەگرەکان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە بە بەکارهێنانی پارەی نەوت و سەرمایەی کەرتی بازرگانی، هونەرمەندو نووسەرو داهێنەرەکان سەربەستیی خۆیان لەدەست ئەدەن. ئەم رووداوە وانەیەکی گرینگەو دەکرێت ئێمەی کورد شتی لێوەفێربین. 

 

دانا ڕەووف

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.