هەرەس …. دلێر محه‌مه‌د
له‌ده‌م عه‌سرانێکه‌وه بۆت ده‌ڕوانم
گوڵه هه‌ناسه ته‌ڕه‌که‌ی به‌ر بارانی خه‌یاڵم
تۆ له مۆسیقای ئه‌و چه‌مانه‌وه ده‌ڕژێ ی
که به ئاسته‌م گوێچکه‌ی گه‌ڵاکان ده‌که‌ن به عیشوه و
به تاسه‌وه خورپه‌ی دڵی ماسیه سرکه‌کانیش
پڕده‌که‌ی له شه‌پۆڵی قووڵایی
ده‌مێکه شنه‌ی هاتنت له‌ناو بایه‌کی مه‌سته‌وه
نه‌شئه‌ی لاره‌لاری خه‌یاڵمی هه‌ڵگرتووه
فه‌واره‌ی ئه‌م چڕه دووکه‌ڵه‌ی حه‌زی من ئێستا
به‌به‌ژنی چنارێکه‌وه بووه به لاولاوه
به حیکایه‌تی په‌نجه‌ره‌وه بووه به نیشتیمان
… نیشتیمانێك
که‌نار به که‌نار له تۆ ده‌گه‌ڕێ
تنۆك به تنۆك له تۆوه باڵا ده‌کا
… نیشتیمانێك
له ئینشای وه‌رزی نه‌هاتنی ماچه‌کانه‌وه
فرمێسکی کۆتر ده‌نوسێته‌وه
له ئازاری سنه‌وبه‌ره‌کانیشه‌وه ده‌بێ به‌شیعر
نێشتیمانێك ، به ڕه‌نگی عه‌تاره‌کانی غه‌دره‌وه
بۆنی غه‌ریبی گرتووه‌و
به ده‌نگی ئه‌هریمه‌نه‌کانی گوڵ کوشتنه‌وه
باڵی په‌پووله‌کانی لێ هه‌ڵده‌وه‌رێ
نیشتیمانێك ..
به دیواره پرچ درێژه‌کانی چاوه‌ڕوانییه‌وه
خۆی هه‌ڵواسیوه و
له ویقاری پینه دۆزێكیشه‌وه
پێڵاوی شه‌قامه دزراوه‌که‌ی ده‌ناسێته‌وه
نیشتیمانێك ، به ڕووتی جه‌سته‌ی خۆیه‌وه
دوعا بۆ به‌فرو شه‌خته و ته‌رزه ده‌کا
هه‌ر به برینه‌کانی ده‌ستی خۆشیه‌وه
خوێنی گه‌ڵا له چڵی پایزه‌وه ڕاده‌گرێ
نیشتیمانێك ، تا بڵێی ته‌زیو له‌ناو خۆیدا
که‌چی هه‌ربه ڕۆحی خۆشیه‌وه
ئاگردانێ ده‌هێنێته سه‌ما
ئااای له‌م نیشتیمانه‌ی من
چه‌نده جار له قووڵی خه‌وی مه‌رگ ڕاچه‌نیوه‌و
باسی خه‌ونه تۆقیوه‌کانی ژیانی کردووه
چه‌نده جار له هه‌ره‌سی دارستانه‌کانه‌وه هاتۆته‌وه‌و
باسی دێوه‌زمه‌ی ڕێگا وونه‌کانی کردووه
ئااای له‌م نیشتیمانه کاڵه ی من
چه‌نده دڵخۆشه به پێکه‌نینی لێوی باخچه و
چه‌نده مه‌لووله به پیاسه‌ی ته‌نیایی و
چه‌نده به‌رزه‌خه له ماته‌می عه‌شق و
چه‌نده گوناحه له سێبه‌ری خودا و
چه‌نده فریوه به گۆرانی ئاو
له‌وانه‌یه ئه‌م نیشتیمانه‌ی من
دره‌نگ که‌وتبێ له هه‌رزه‌یی و
دره‌نگ که‌وتبێ له تووڕه‌بوونی ڕه‌شه‌با و
دره‌نگ که‌وتبێ له بۆنی قژی باران
له‌وانه‌یه ئه‌م نیشتیمانه‌ی من
له ئینتیمای تابلۆیه‌کی بێ فڵچه و
بێ په‌نجه ..
به‌بێ شمشاڵه‌کانی ئایدیای ڕووباری خه‌یاڵ
بچێته‌وه ناو نه‌سلی ئێواره‌یه‌کی مه‌رگ و
هه‌ر له‌وێشدا
کۆسه مه‌قام بێژه‌کانی کتێبی هه‌مان ئاوابوون
ته‌لقینی حه‌شری قیامه‌ت بوونی بۆ بده‌ن
داخ له‌و نیشتیمانه‌ی من
چه‌نده بێ مه‌نفای ڕۆحی خۆیه‌تی و
چه‌نده پڕیشه له ئاسمانه کانی خۆکوشتن
چه‌نده هیلاکه به ده‌ست سه‌بری ته‌وره‌وه و
چه‌نده لاڵه له ناو هاواری ئه‌ستێره‌کان
ئه‌سه‌ف بۆ ئه‌و نیشتیمانه‌م
که هه‌ڵقرچاوی درۆی دیوه‌خانه‌یه‌کی گه‌مه‌ی شه‌وێك بێ و
جاجمی ئه‌و مه‌جلیسه نه‌زۆکه‌ش بدا به‌خۆی
ئه‌سه‌ف بۆ ئه‌و نیشتیمانه‌م
که خه‌تاکانی مێرووله‌ی ده‌م به گوڵه جۆی پار ساڵه
یا پێراره
ئه‌سه‌ف بۆ ئه‌م نیشتیمانه‌م ،
نازانم تاکه‌ی وا به پێوه ده‌مرێ و
تاکه‌ی وا به هه‌ناسه‌ی گۆچانی بوونی خۆی ڕازی نابێ
ڕه‌نگه ئه‌و نیشتیمانه‌ی من
به‌هه‌شتی باوه‌شی ئه‌و ژنه بێ
سێوه‌کانی حه‌ڵاڵ بێ و حه‌زی ئاده‌می تیا نه‌بێ
ڕه‌نگه ئه‌و نیشتیمانه‌ی من
په‌رداخێ شه‌رابی مێزێکی بێ سه‌رخۆشبوون بێ
ڕه‌نگه ئه‌و نیشتیمانه‌ی من قه‌ڵه‌مێك بێ
به دوای په‌نجه‌ی ئه‌و شاعیره بگه‌ڕێ
که له ئه‌وه‌ڵ سێداره‌ی ئیلهامییه‌وه
کرابێ به زیندان
ڕه‌نگه ئه‌و نیشتیمانه‌ی من
شێت بوونی ئه‌و شه‌پۆڵه بێ
به دیار ده‌ریای خامۆشی خۆیه‌وه ، خۆی بسوتێنێ
ڕه‌نگه ئه‌و نیشتیمانه‌ی من قه‌زای نوێژێ بێ
له‌سه‌ر به‌رماڵێکی دوو دڵی قیبله و
شایه‌تمانی هه‌مان په‌نجه‌ی په‌لاپیتکه ی تفه‌نگه‌وه
باوێشك بدا
ڕه‌نگه ئه‌و نیشتیمانه‌ی من
حوزنی ئه‌رخه‌وانی دڵی باخچه‌یه‌ك بێ
له په‌پووله‌کان یاخی و
له باخه‌وان یاخی و
له‌باڵای ئاو له‌خاچ درابێ
ڕه‌نگه ئه‌و نیشتیمانه‌ی من شه‌وی دار هه‌نارێ بێ و
له‌هه‌ر شه‌ق بوونێکی سوخمه‌که‌یدا
مه‌مکێکیان بڕی بێ
ڕه‌نگه ئه‌و نیشتیمانه‌ی من سه‌مای دره‌ختێ بێ
له سه‌مفۆنیای زمانی (با) نه‌بێ به نۆته‌ی پایز و
له هه‌ناسه‌کانی بارانیشدا نه‌بێ به هه‌ور
ڕه‌نگه زۆر شتی تریش بێ و ته‌نها خۆی نه‌بێ
ته‌نها خۆی نه‌بێ
!! ئه‌و نیشتیمانه‌ی من
دلێر محه‌مه‌د
18/5/2012