Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هەموو زستانێ سێ ڕەنگ ماچ دەکەم

هەموو زستانێ سێ ڕەنگ ماچ دەکەم

Closed
by July 6, 2012 هۆنراوە

 

 

 

هەرچی ڕازە،دەرگاکانی لێداخستم،

ڕوو بە ماڵی گورگ،موسیقا دەچێتەوە بەردەم چرا کوژاوەکەی ماڵی یار،

ڕیێوارێکی خەفەتبار فو بە بەفرا دەکات،دەمانێ پێی وایە ئاشق بووە،

خۆ ڕەنگە بیلبیلەی چاوی سەرنج بێ،کەو!،خۆ کەویاری بێئۆقرە،باوەش گەرمی ناکاتەوە،کە پایتەختێک بێدەنگە،

ئارەزومە دیوارەکانی ژیان بڕوخێنم،سەرم پڕ بکەم لە نوکی ڕم،

ڕەگی درەختەکان،منداڵی خۆیان پر کەن لە بەرد،لەم باخاتی هەستەمدا

ڕەنگێک نەماوە،ئەم هەموو خۆفانە پەژیوان کاتەوە،

کە هێشتا”کات”چاوەڕوانی چارەنووس دەکات،

خۆ چارەنووسیش،دەمی کلیلەیەو،شەرەفی هەمیشە تکاوی، لەسەر کراسێکی خوساو دەگوشێ.

بەدەم ڕێوە پێکەنین جوانە نەک مەرگ،

پاڵدانەوە بە بەردەوە،بە ئامێزەوە جوانە،ئەی کچ

پشتێن جێگای پشتە نەک مل  ئەی شۆخ

بلیمەتی بەفر لە بژاردنی کولوەکانیدایە ئەی مەسیح،

پێم بڵی کاتێ پەنجەکانی خۆت دەگوشی،ئەی پەنجەکانی یار؟

ئاسمان دەستی دڵنەوایو زەوی دەستی دڵنەوایی،بەچی دەچێ؟

کاتێ تۆ دەبینم گلێنەکانم هەڵدەکەنرێ،من لە تەشەر ناترسم،

وەلێ تۆ  بەم حاڵەوەش، لە درەخت وسڵاو،لە شکۆو شوشە، لە ئارەزو شەوقی پەنجەرەی ماڵ دەترسی،

دەترسی لە،”توخوا هەواڵم مەپرسە”توخوا”سەبوریم” مەدرەوە لە کاتێکا

باران درەنگ هەڵدێ،

کە ئیتر خۆرنشین نابینم،کلیلی خەزنەی ڕق وونەو

منیش، تەماشای دوو پشکی سپی مەرگ و دیوارەکانی گریان دەکەم،

ئەوە منم قەدەرم ئاوا تێدەپەڕێ،کەسیش لەم خەوە پەژیوانم ناکاتەوە،

هەفتەی بەرێ، کە شەڕە تۆپەڵمان دەکرد،ژیان ناز پەروەرو منیش کراسێکی گریاو،

من تەنها شڵەژاوێک،بازنگی مانگ لە دەستاو،سرەوتنی زەمین لە مشتدا،

نەژادم دەچوەوە سەر چڵە ڕێحانەیەکی قەترانی،کە لا سەنگ لە سەنگ، ئەهریمەن بە پلەکانیا سەردەکەوت،

دراوسێکەی ئەوبەرمان هەمیشە دەیووت

خۆزگە بمزانیایە،خەونی ئەم هەموو ساویلکەییە لە کوێدا  دابنێین،

ئەم هەموو عازابی گریانە،لەسەر کام چەقۆی سورە گوڵ بنووسین،

لای ئێمە  کەس نازانێ بەهار بۆ کوێ دەچێ

منداڵان بۆ بیان و دەگرن

بۆ هەموو خەوبینینەکانمان ترسناکە

بۆچی هەنگاوەکانمان لە یەک ڕۆژییەوە لەگەڵمان نایەن

هەموو درەختەکان هەر زڕ؟

ژیان و مەرگ زڕ؟

خۆشەویستی و ڕق زڕ؟

ئازارو نوێژ زڕ؟

دەی، تۆ دەڕۆی،لەم ڕۆوە هەموو زستانی سێ ڕەنگ ماچ دەکەم،

ڕەنگی بەفرو ڕەنگی ڕەش و ڕەنگی بەرد،

ڕەنگی بەفر،وەک ڕەنگی ژێر پێکانت

ڕەنگی بەرد کە پشتت پێوە داوە

ڕەنگی ڕەش وەک ڕەنگی کراسەکەت،

بە خۆشەویستی ئەم مەرگەی تۆوە،تا ماووم

وێنەکەت لە دڵما هەڵدەگرم،خۆ ئەگەریش زوو بمرم،ماڵئاوای ناکەم،تا وێنەیەکی تری وا نەبینم.

 

ئارام ئەحمەد علی

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.