Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هەموو کەسێک لە سیستەمێکی دیموکراتیدا…

هەموو کەسێک لە سیستەمێکی دیموکراتیدا…

Closed
by March 24, 2013 گشتی

 

 

 

هەموو کەسێک لە سیستەمێکی دیموکراتیدا

مافی ئەوەی هەیە سوکایەتی بە ئاین بکات

 

 

 

لە وە دەچێت لە گۆشەکەی پێشوترمدا لە ڕۆژنامەی دی ئین کەسانێکی زۆرم لە ئاینداران قەڵس کردبێت.

ئەمە لە راستیدا شاکارێکی مەزن نیە، بەڵام من بۆ سڕینەوەی پەیامە شەڕانگێزەکان لە بۆکسی پۆستە ئەلەکترونیەکەم کاتێکی زۆرم لە کیسچوو.

زۆرێک لە نوسەرانی هیواداریان بۆ دەخواستم کە بۆ ناوچەیەکی گەرمتری هێڵی پان گەشتێک بکەم، گەشتێکی بێ واتا دەبێت چونکە من باوەڕم بەهیچ خوایەک نیە، واتە باوەڕیشم بە دۆزەخ نیە.

بەڵام حەزم لێیە بۆ ناوچە گەرمەکان گەشت بکەم.

بەداخەوە کەس لەوانە تێچونی گەشتەکەمی نەخستۆتە ئەستۆی خۆی.

لە چاوەڕوانی ئەوەدا دەتوانم لە بنچینەکانی پرنسیپی ئازادی بیروڕادا خولێکیان بدەمێ:

 

لە سیستەمێکی دیموکراتیدا ئایدیۆلۆژیا و ئاین هیچ مافێکیان نیە. ئیسلام و لیبرالیزم تاک نین هەر لەبەر ئەوە سوکایەتی پێکردنیان مەحاڵە.

لە یاسایەکی نا ئاینی (سێکولاریزم) دا هەموو مرۆڤێک مافی باوەڕی خۆی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا مافی باوەڕنەبونیشی هەیە بە هیچ یەک لەو خوایانەی کە هەن.

محمد یان عیسا دەتوانن وەک مرۆڤ هەست بکەن بە سوکایەتی ؛ بەڵام هیچ کامیان لە ژیاندا نەماون، بە واتایەکی تر ئەوانی باوەڕیان بەو ئاینانە هەیە هەست بە سوکایەتی دەکەن نەوەک پێغەمبەرەکان خۆیان.

بە دەیان ئیسلامی لە گۆڕەپانی ئۆسترماڵم کۆبوونەوە بۆ ئەوی لە دژی فلیمە بەدناوەکەی محمد خۆپیشاندان بکەن و ڕسوای بکەن ، کە بووە هۆی شێتگیرییەکی واکە روداوی کوشتنی مرۆڤی لێکەوتەوە، هەروەها بووە هۆی قەیرانی دیبلۆماسیی نێوان چەند وڵاتێک.

یەکێک لە پیاوەکان کە ئازایانە لەبەردەم وردەبارانەکەدا راوەستابو و جێ دروشمێکی بەرزکردبۆوە ئەم رستەیەی لەسەر نۆسرابوو “بۆچی پێشداوەری ئەو کەسانە دەکرێ کە نکولی لە ڕوداوەکانی جینۆساید لە شەڕی جیهانی دووەمدا دەکەن، بەڵام ئەوانەی سووکایەتی بە محمد دەکەن نا”.

 

بۆ ئەوەی زۆر روونبم وای بە باش دەزانم نکوولی لە جێنوساید یاسایی بێت وەک چۆن دەتوانیت بڵێیت زەوی تەختە. هەموو کەسێک دەبێت بتوانێت سوکایەتی بە ئاین و کەسە پیرۆزەکانی بکات ، پێغەمبەرەکان و هێما پێرۆزەکانیان، وەک چۆن ئایندارەکان بۆیان هەیە ناڕەزایی دەرببڕن.

لە راستیدا من وادەزانم کە لە سنوری سوکایەتی کردن بە هۆشمەندیی مرۆڤایەتی نزیک دەبینەوە ئەگەر کۆمەڵگا بە پێی یاسا و رێسای ئاینی بناغەدەین بە بێ بناغەیەکی زانستیی و پەیوەندیدارییەکی رامیاری.

لەگەڵ ئەوەشدا ئازادی رادەربڕین بۆ ئەوانەشە کە باوەڕبوونێکی ئاینی بە هێزیان هەیە.

بەڵام کاتێک وشەو بیرکردنەوە دەبێتە کردارو کاتێک هەستی بریندارکراوی ئاینداران وەک هۆیەک پێشکەش دەکرێت بۆ سوکایەتی پێ کردنی ئازادی بێرو ڕادەربڕینی سێکولارەکان ( بێ ئاینەکان)، ئەوکات پرنسیپی یەکسانی ماف بۆ هەموان نامێنێ.

ئەوکات تەنگ وچەڵەمەیەکمان بۆ دروست دەبێت لە پرینسیپەکانی دیموکراتیداو، ئەوکات ئەرکی هەموو ئەو کەسانەیە کە پاڵپشتی لە وڵاتێکی یاسا سێکولاری دەکەن لە دژی نادیموکراسی بوەستنەوە.

 

من دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە کە زۆربەی ئاینداران دەوڵەتێکی سێکولاریان دەوێت کە ئازادی ئاین بپاریزێت و هەروها مافی باوەڕنەبون بە هیچ خوایەک.

دژایەتیەک لە نێوان ئاینداران و بێ ئاینەکاندا نیە، بەڵکو لەنێوان ئەوانەی دەیانەوێ دیموکراسی و ئازدی مافەکان بپارێزن بۆ هەموان و لەنێوان ئەوانەی دەیانەوێت یاسا و رێسای دژە کوفر دامەزرێنن وبمانگەڕێننەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست.

لە کوتایدا تۆ کە دەستت کردوە بە نوسینی نامەیەکی ئەلەکترونی تر کە لەنێوان دێڕەکانیدا هیواداریم بۆ دەخوازیت کە بچمە  ناوچە گەرمەکانی هێڵی پان بە بێ ئازادی بێروڕا دەربڕین نەتدەتونی راکانی خۆت ئاڕاستەی من بکەیت، سوپاسی ئەستێرەی بەختت بکە کە لە وڵاتێکی سێکولار ژیان دەبەیتە سەر.

 

مەهیڵە ئاین کە دەیەوێت بگات بە دەسەڵات خۆی بشارێتەوە وەک کەسێکی بێ باوەڕ زۆرجار چاومان بە کەسانێکی ئایندار دەکەوێت کە سەریان بەلادا خواردەکەنەوەو بۆمان شی دەکەنەوە کە جیهان تەنها لەو شتانەی کە دەیانبینین، یان دەتوانین هەستیان پێ بکەین پێک نایەت، کە هەموو شتێک زۆر زیاتر ئاڵوزترە لەوەی ئێمەی بێ ئیمان هەستی پێ دەکەین و کەژیان لایەنی هەیە کە لە ڕیگای خشتەسازيەوە ناخوێندرێتەوە.

بەشێکی زۆری ئەوئایندارانە، مرۆڤە بێ ئاینەکان وەک خۆیان بە مرۆڤ هەژمارد ناکەن.

بەڵام من بە دوای وەڵامی پرسیارە گەورەکەی ژیاندا ناگەرێم لە نێوان شتێک کە بەردەوامبوونی وەک بەردەوام بوونی فیلێکی پەمەیی بێت.

هەروەها ئەتەیستەکانیش پێویستیان بە دۆزینەوەی دڵنەوایی هەیە، بەڵام من ئەمە لەنێوان ئەدەب و موسیقادا دەدوزمەوە کە داوای مافی زاڵبون بەسەر جەستەی ئافرەتدا ناکات.

ئایندارەکان ئاین لەگەڵ زانستدا بەراورد دەکەن و دەڵین بە هەموو ئەقڵیانەوە کە ئاین و زانست بە هەمان شێوە سەرچاوەی زانیارین، باوەڕکردن بە خودا وەک باوەڕکردنە بە راستیەکان.

با بۆ چەند چرکەیەک لەبیری خۆمانی ببەینەوە چون کڵێسە بەسەر زانستدا زاڵ بوو، بەو بۆنەیەوە زۆربەی کاری کەرانەی وەک سوتاندنی ئافرەت باوبوون، بەڵام ئەوە لەبیرخۆمان نەبەینەوە کە ئازادی پشکنین دەمانباتە سەر بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە.

هيچ پەرتوکێکی پیرۆزنیە کە دەبێت ڕەچاوبکرێت و، هەندێک شت هەن  دەێانزانین و گۆمانیان لێ ناکرێت.

کەس لە باڵکۆنی قاتی دووەمەوە خۆی هەڵنادات بۆئەوەی بزانێت چی ڕوودەدات.

عيسای مەسیح بە سەر ئاودا پیاسەی دەکرد، خوا دەیەوێت ئافرەت چادر لە بەربکات، تۆوی سپێرم”شەهوەت” هەر وەک مرۆڤێکی زیندو وایە. ئەوە ئێوە بەڕاستتانە؟

کڵیسە بۆ ماوەیەکی زۆر دەستی گرتبو بەسەر هەموو جوانیەکاندا، بەسەر هەموو شتە پڕ لە جادوگەریەکان: موسیقا، بیناسازی و ئەدەب.

لە رێگای ئەوەی کە کڵێسە تەنها دەستگابێ بۆ خۆێندنی باڵا، کڵێسە داهێنەری گەڵێک زانیاری و زۆرێک لەو بیرۆکانەيە کە مرۆڤایەتیان بەرەو پێشبردووە.

بەڵام ئەوە ئاین نەبوو کە بەهێزی خۆی گەیشتە ئەم پێشکەوتنانە، بەڵکو توانای مرۆڤ بۆ ئەم پێشکەوتنە زانستیانە دەکرا لە لایەن کەسێکی بێ ئاین یان کافریشەوە بگەنە ئەم دەرئەنجامانە.

هەروەک چۆن موسیقا، ئەدەب و بیناسازی خویان بەڕێوە دەبەن، هەروەهاش زانست بەبێ رازیبونی پیاوەکانی دەسەڵاتی ئاینی کە دەیانەوێ ڕۆڵێکی رامیاریان هەبێت و دەیانەوێ ببنە سەرپەرشتیکاری ئێمەی ئافرەت، ئەوان بڕیار بدەن ئێمەی ئافرەت چی دەتوانین بکەین لە جەستەمان و چی ناتوانین.

هەمان هێزی ئاین کە ئیمڕۆ دەیانەوێت ڕۆڵی ئاین لە ژیانی ڕامیاری و و لە زانستدا بەهێزبکەن، بەڵام کاتێک رەخنەیان لێنزیک دەبێتەوەو پێیان دەڵێت دەبێت بەرپرسیاریی مێژوویی کڵێسە بخەنە ئەستۆیان و هەموو ئەوی نۆسراوە لە تەورات، ئینجیل و قورئان خۆیان دەدزنەوە.

ئەمە وەک ئەوەوایە کە پەیڕەوو پڕۆگرامی پارتەکەت بەرز بکەیتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بڵێیت بەشێک لەمە تەنها وێنەیەو دەبێت ئێوە ئەوە نەخۆێننەوە کە لەسەر کاغەزەکان نۆسراون، بەڵکو ئێوە دەبێت بە شیکردنەوە کۆنەکان قایلبن.

لە چ  حاڵەتێکی تری رامیاریدا مرۆڤایەتی بە خەتەنەکردنی ئافرەت قايلدەبوو، بەرد بارانکردن، ئازاردان و سوتاندن؟

ئالەم کاتەدا ئایندارەکان سەربەلادا دەشکێننەوەو وای شیدەکەنەوە کە جیهان و ژیان زۆر ئاڵۆزترن لەوەی کە ئێمە تێبگەین.

 

سەرچاوە:

http://www.dn.se/nyheter/dilsa-demirbag-sten-alla-ska-ha-ratten-att-forolampa-religioner-i-en-demokrati

Dilsa Demirbag-Sten

له‌ سوێدیەوە‌: سه‌رکه‌وت جه‌لال دەباغ

sarkawt.dabagh@tele2.se

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.