Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
هەڕەشەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، لە سەر ئاسایشی هەرێم چییە؟

هەڕەشەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، لە سەر ئاسایشی هەرێم چییە؟

Closed
by July 16, 2012 گشتی

 

 

 

بەرواری ٨ی ئەم مانگە و بەپشت بەستن بەدانیشتنی ژماره‌(11)ی ئایاری 2011، په‌رله‌مانی كوردستان، یاسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان-عیراق، راگه‌یه‌ند. 

گومان هەڵنەگرە کە سەرجەم دەزگاکانی لە چەشنی دامەزراوەی دەوڵەت، تا دەگات بە سوپا، ئاسایش، پۆلیس دەزگا هەواڵگرییە ئاشکراو نهێنیەکان،لە تەواوی وڵاتانی دنیادا، لە بنەرەتدا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی چینی فەرمانڕەوا، پێكهاتوون و ئەرکیان پاراستنی ئەو سیستەمە سیاسیەیە. بەڵام ئەم دەزگایانە لە وڵاتانی ژێر سایەی سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی باوی دنیادا لەگەڵ ئەوەدا کە پارێزگاری لە دەسەڵاتی سیاسی چینی فەرمان رەوا دەکەن، هاوکات بۆ روپۆشکردنی دیکتاتۆریەتی شاراوەی سیستەمەکانیان، ئەرکی پاراستنی ماف و تاک و هاوڵاتیانیان تارادەیەک زامن کردووە. تەنانەت ستراتیجی ئاسایشی سەرجەم کۆمەڵگای لەئەستۆیە. بەتایبەتی لە دۆخی ئارامی سیاسی و ژینگەی کپی بەرامبەرکێ کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکاندا. وە هاوڵاتیان لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن و دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری…تاڕادەیەکی زۆر سەربەخۆن و لەیەک جیاکراونەتەوە.

بوونی دەزگا ئاسایشی و هەواڵگریەکان، بۆ پاراستنی سیستەمەکانیان لەگەڵ ئەوەدا کە دەسەڵات لە هەرەشە دەرەکیەکان، دەپارێزن، چاودێری دەستێوەردانەکان و کارە سیخورییەکان دەکەن، و ئەرکیانە ئاسایشی ناوخۆیی بپارێزن. هاوکات بۆ سەرکەوتنیان لە ئەرکەدا، ناچارن و بەکردەوەش ئاسایشی هاوڵاتیان و مافەکانی سەرجەم دانیشتوانیان بە بێ گوێدانە پلەبەندی کۆمەڵایەتی و چینایەتی و ئابوری لەبەرامبەر یاساکاندا… گرتۆتە ئەستۆ تا ئەو رادەیەی کە هەموو سێکتەرەکانی پەیوەست بە ئاشتی و ئارامی کۆمەڵگایان، خستۆتە ژێر وردبینی هەمەلایەنە. هەروەها هەر کام لەم وڵات و دەسەڵاتانە بەمانای وشە خاوەنی سەروەری سیاسی و بڕیاری خۆیانن و ئیرادەی سیاسی و بڕیاردانیان ئازادو سەربەخۆیە وە خاوەنی ستراتیجی ئاسایشی وڵاتەکانیانن. هیچ لایەن و دەوڵەتێک بەسانایی ناتوانێ سیخوری بەسەریانەوە بکات، بەچاوێکی کراوەوە چاودێری هەر جموجۆڵێکی سیخوری و هەر هەوڵێکی دەزگا جاسوسی و هەواڵگریەکانی تری دنیا و حزب و لایەنە جێی گومانەکان دەکەن. دەزگا هەوڵگریەکانیان بەشێکن لە دامەزراوەی یاسایی و دامەزراوەیی و دورنمای ستراتیجی، دوور لەدەستی حزب و مەلیک و پاشاو ..تاد.

لە کوردستاندا، نەک هیچ دامەزراوەیەکی یاسایی و سەراسەری و ستراتیجی بوونی نییە،بەڵکە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵات بەدەستی ئەم بزتنەوەیە، خاوەنی هیچ ستراتیجێکی ڕۆشن نیین بۆ ئایندەی سیاسی کوردستان و لە دۆخی چاوەڕوانی و قەدەری ئاڵوگۆڕەکانی دنیاو ناوچەکەدا، خوڵ دەخۆن. هەروەها لە حکومەتەوە بۆ پەرلەمان. لە ئاسایشەوە بۆ پاراستن و زانیاری. لە پۆلیسەوە بۆسوپا و! هێزی پێشمەرگە. لە هێزی دژە تیرۆرەوە بۆ هێزە دەمامکدار و گروپە چەکدارەکانی پاسەوانی بەرپرسە حزبیەکان. لە یاساوە بۆ کارمەندێکی ئاسایی … هەموو ئەمانە مۆرکی حزب و لەناو حزبیشدا مۆرکی حزبی پلە یەک و پلە دوو، لەناو حزبە پلە یەک و دووەکانیشدا، مۆرکی خانەوادەو بنەماڵە و لەناو بنەماڵەشدا مۆرکی نزیکایەتی لەسەرۆکی بنەماڵەو سەرۆک و سکرتێری حزبی پێوەیە. پێکهاتەی رابەری ئەم ئەنجومەنەش نموونەیەکی بەرجەستەی تری بێ پاساوە بۆ سەلماندنی ئەم راستییە.

هەروەها لە کوردستاندا، دەزگا ئاسایش و هەواڵگری…نەک چاودێری بەسەر دەستێوەردانەکان، دەزگا جاسوسی و هەواڵگرییەکان، دۆخی هاوڵاتیان و ئاسایش و ئارامی کۆمەڵگا، بەڵکە خۆیان هاوکارو چاوساغی دەزگا جاسوسی و مخابەراتیەکانی وڵاتانی ناوچەکەو دنیا، دەکەن. بە ئاگاداری ئەوان دەیان بنکەو بارەگای ئاشکراو نهێنیان لەژێر ناوی جۆراو جۆر قوتکردۆتەوە و تەنانەت بە ریکەوتنی ئاشکراو نهێنی بنکەی سەربازی و جاسوسی دامەزراون، وە لەکاتی پێویستیشدا پێشلەشکری و چاوساغیان بۆ دەکەن.

لە کوردستان نەک ئیرادەی سیاسی حزبەکانی کوردایەتی و دەزگاکانی، سەربەخۆ نییە، بەڵکە هەموو بریارو جموجۆڵ و نەخشە و سیاسەتێکی گرنگ و چارەنووسازی ئابوری، سیاسی، تەنانەت کۆمەڵایەتی و یاسایی، لەدەرەوەی بریاری سیاسی حزبەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێم، و لەلایەن زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکەوە، مۆرو بڕیاریان لێدەدرێت.

لە کوردستان ئەو دەوڵەت و حکومەتی عێراقەی لە پرۆسیسی بنیاتنانەوەدایەو ئەو هێزانەی کە خەریکن بلۆک و دارو پەردوی دارماوی پێشوو لە قاڵبی ناسونالیزمی قەومی و دینیدا، بخەنەوە سەر یەک و دەوڵەت و حکومەت پێک بێنەوە، کرێگرتەو نۆکەرن و دەسەڵاتی هەرێمیش، جگە لە هەندیک و بۆڵەو کارتی کاتی بەکارهێنان بۆ بەشی زیاتر….بەهەموو توانای دەزگا ئاسایشی و هەواڵگریەکانیەوە، بەشێکن لەو خانەوادەیە و سەرمەستی خەونی درێژەدان بەدەسەڵات بەسەر هەرێم و بەیاسایکردنی بەشی دەسەڵاتیانن، لە ناوەند.

لە کوردستان و لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، دەزگا ئاسایش و هەواڵگریەکانی حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی هەرێم، یەک باندی جاسوسی و یەک گروپی کرێگرتە،  یەک کوڵە نۆکەری بێگانەو هیچ خزمەتچیەکی وڵاتانی ناوچەکەی، دەستگیر و توشی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە نەکردووە. تەنانەت یەک تۆمەتباری سەردەمی پێشوو بەعسی لەکوردستان، دەستگیرو رادەستی دادگا نەکردووە و بەپێچەوانەوە موعەزەزو موکەرەم لەژێر باڵی حزبەکان و دەزگا هەواڵگری و ئاسایشی و یاساییەکانی!! هەرێمدا، پارێزراون. بە جیا لە قارەمانانی جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆ و باندەکانی ئینسان کوژییان، کە حەسانەی حزبی و دەسەڵاتیان هەیە!!!، بکوژی دەیان کەسایەتی سیاسی، چەپ و کۆمۆنیست، نوسەر، شاعیر، رۆژنامەنووس… نەدۆزراونەتەوە و نەدراونەتە دادگاو لێپرسینەوەو بەدواداچوونی جدی. دەزگا ئاسایش و هەواڵگریەکانی هەرێم…توانیویانە دەیان گروپ و کەسی نەدار لەسەر دزی و راورووتی رۆژانەو ناچیز دەستگیر بکەن، بەڵام دزانی گەورەو مافیای بەنەخشەو ریكخراوی تاڵانچی زەبەلاحی ئاشکرای حزبی و حکومی، لە پشییوانی بێدرێغی دەزگا ئاسایشی و هەواڵگریەکان، بەهرەمەند بوون. وە لە جێگای ئەوەی زیندانەکانی هەرێم شوێنی بەندی جاسوسەکان، تاوانبارەکان بێت… شوێنی تیكۆشەرانی سیاسی و رابەری نارەزایەتیەکان، رۆژنامەنووسان، نوسەران و کەسانی نەدارو توڕە لەدەسەڵات بووە. تەنانەت ئەگەر کردەوەی تیرۆریستی لە کوردستان کەمتر و لەئاستی نەبووندا بووە لەچاو سەرجەم عێراقدا، هێندەی پەیوەستە بەهۆشیاری خەڵکی کوردستانەوە، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە لێزانی و کارامەیی دەزگا ئەمنیەکانی کوردستانەوە نەبووەو نییە. تەنانەت لە کوردستان تائێستا ئاسایشی خۆراک، دەرمان، شوێنی کار، ژینگە، و پەروەردەو تەندروستی…بوونی نییە، کە دیارە هەموو ئەمانە پەیوەستن بە ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە. لای دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی مەبەست لە ئاسایشی هەرێم تەنها، ئاسایشی سیاسی و تیکنەچوونی دۆخی سیاسی و ژینگەی ئارامە بۆ کەڵەکەی سەرمایە و وەگەرخستنی کۆمپانیاکان. 

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بەم دۆخەو بەو پێكهاتەیەو لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا، دەیەوێت چی بکات؟ ئامانج لە پێكهاتنی چییە؟ 

 پێکهاتنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، یان باشتر بڵێین کۆکردنەوەی دەزگا ئاسایش و پاراستن و دەزگا هەواڵگریەکانی ترو… یەک قاڵبکردنیان نە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم و هاوڵاتیان و  نە بۆ چاودێری جموجۆلێ دوژمنان و نە بۆ پاراستنی سەروەری سیاسی و ئاسایشی نیشتمانی…تاد، بەڵکە بە یاسا ریکخستنی و تۆکمەکردنی دەزگای ئاسایش و هەواڵگریەکان و بەناوەندیکردنی دەسەڵاتیانە بۆ روبەرووبوونەوەی هاوڵاتیان و نارازیانی کۆمەڵگا…کە هەر دەنگ بەرزکردنەوەیەکی حەقخوازانەیان بە ئاژاوەگێر، دەست لەپشت بوون، گیرەشێوێنی لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە، دەقەبڵێنرێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، دەبێتە دەزگایەکی ناوەندی بۆ چاودێری جموجۆڵی حزبەکان، رێکخراوە جەماوەری و رادیکاڵەکان، کەسایەتیە سیاسیەکان، رابەرانی کرێکاری و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، رادیۆ و تەلەفزیۆنەکان و سەرجەم میدیاکان و رۆژنامەکان و رۆژنامەنووس و نووسەرانی دەرەوەی قەڵەمرەوی حزبی فەرمان رەوا.

دوو دەسەڵاتی هاوشێوە، لە ناوچەی سەوز و زەرد…کە رووبەروی تورەیی جەماوەرین و تارادەی بێ ئەوپەر متمانەی خۆیان لە چاوی خەڵکی کوردستانەوە لەدەستداوە و خەڵکی لە بوارو دەرفەتێک دەگەرێن بۆ وەلانانیان، ترسێكی واقعی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە… روبەروو بوونەوەی ئەم ترسە واقعیەو ئەم خرۆشان و تورەییە شاراوەو ئاشکرایەی جەماوەری… بەناوەندیکردنی هێز دەخوازێت. چرکردنەوەو تۆکمەکردنی دەسەڵاتی دەوێت. یەک دەستکردنەوەی کاردانەوەی پێویستە. بەیاسایی نیشاندانی دەزگا سەرکوتکەرەکانی گەرەکە. چاودێری و وردبینی و پسپۆری تری داسەپاندووە.

پاراستن و زانیاری دەتوانن و بێگومان رۆڵی پێشووی خۆیان بە شێوازی تر لە ململانێی یەکتریدا لەناو ئەو ئەنجومەنەشدا دەگێرن و زانیاری لەسەر حزب و بەرپرسانی، یەکتری کۆدەکەنەوە. بەڵام مانەوەی هەر دوو ئەم دەزگایەو ئەم دوو دەسەڵاتە لە گرەوی سەرکوتی خەڵکی کوردستان و جڵەوکردنی بزوتنەوەی راماڵینی دەسەڵاتدایە، بۆیە بۆ ئەم ئەرکەیان یەک دەست و یەک ئامانجن. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، دیوەزمەی ئازادی و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و ئازادی و ئازادیخوازیی کۆمەڵگای کوردستان دەبێت، بە دەریایەک لە داهات کە لەقوتی خەڵکی کوردستان بۆ بێدەنگکردنی دەنگی تورەییان، بۆی تەرخانکراوەو بەو دەسەڵاتەی بێئەوپەرەی پێی بەخشراوە.

ئامانج لە پێکهاتنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بە سادەیی هەنگاوێکی ترە لە بردنە سەری ئامادەیی دەسەڵات و بۆ روبەرووبونەوەی فراوانترو بەنەخشەتر لەگەڵ تورەیی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی نارەزایەتی شەقامدا. هاوکات بەخشینی ئەم پێگەیە بە کەسایەتیەکی تری بنەماڵەی بارزانی و پارتی، قۆرغکردنی هەموو جومگە هەستیارەکانی دەسەڵات، لە سەرۆکی هەرێمەوە بۆ سەرۆکی حکومەت و ئێستاش بەخشینی ئەم پێگەیە بە کەسی سێیەمی ئەو بنەماڵەیە، نیشانەی هاوسەنگی هێزو دەسەڵاتی زۆرتری پارتیە چ بەسەر رێکەوتنی ستراتیجی و چ بەسەر یەکێتی نیشتمانی هاوپەیمانیدا!!. کە ئەمەش هەوڵێکی تری بە نەخشەی پارتییە بۆ چرکردنەوەی چەقی دەسەڵات لەدەستی خۆیدا و پاشەکشەکردن بە نەیارەکانی و هاوکاتیش پاشەکشە بەهەر بزوتنەوە هێزو لایەنێکی تری سیاسی و جەماوەری.

خەڵکی کوردستان و لە پێشیانەوە، بەرەی مۆدیرن و رادیکاڵ و ئازادیخوازی کوردستان، پێویستە بەوپەری هۆشیاری و بە گرتنە بەری هەموو ڕێگاکانی تێکۆشانیان، بەدژی پلانی پێکهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و هەوڵەکانی پشتی پێكهاتنی ئەم ئەنجومەنە، بوەستنەوە. ئەم ئەنجومەنە، ئەنجومەنی دەزگا ترسناکەکانی پاراستن و زانیاری و ئاسایش و دژە تیرۆر!! و هێزە دەمامکدارەکانە، نەک هیج پەیوەندیەکی بە پاراستنی ئاسایشی هەرێم و خەڵکی کوردستانەوە، نییە، بەڵکە خۆی بەشێکە لە خوڵقاندی دۆخی نائارامی و نائاسایشی و زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا، هەروەها بەشێکە لە هێزی چاوساغ بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و لە پێشیانەوە بۆ وڵاتانی چنگ بەخوێنی ناوچەکە و پێشێلکردنی ئیرادەی سیاسی و سەربەخۆی خەڵکی کوردستان.

ناوەڕاستی تەموزی ٢٠١٢ 

 

             عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

www.abdullamahmud.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.