Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ئەمریکا،کاریگەر ئەودیوى ئۆقیانوسەکان لە سەر جیهان

هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ئەمریکا،کاریگەر ئەودیوى ئۆقیانوسەکان لە سەر جیهان

Closed
by January 23, 2008 گشتی

مەجید ساڵح…
ئێستا هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە تەنیا بۆ خەڵکى ئەمریکا گرنگ نییە، بە شێوەیەک زۆر لە سەنتەرەکانى راپرسیى لە وڵاتانى دونیا راپرسیی لە نێو هاووڵاتیانى وڵاتەکەیاندا دەکەن کە ئاخۆ کام کاندیدى سەرۆک کۆمارى ئەمریکاى پێباشە. ئەوەش شتێکى ئاساییە، چونکە ئەمڕۆ ئەمریکا بووەتە ناوەندی بڕیار نەک بۆ ناوچەیەکى دیاریکراو، بەڵکو لە سەر ئاستى کەوندا. بە نیسبەت ئێمەى کوردیشەوە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ئەمریکا هیچى لە وڵاتانى دیکە کەمتر نییە، چونکە چارەنووسى عێراق کە بەشى باشورى کوردستانى پێوە لکێندراوەء هەروەها بەشەکانى دیکەى کوردستان لە سوریاو ئێران کە وەک دوو وڵاتى میحوەرى شەڕ لە لایەن ئەو وڵاتەوە تەماشا دەکرێنء تورکیاش کە پەیمانامەى ستراتیژى هەیە لە گەڵیدا، تا رادەیک چاوەڕێی بڕیارى ئەو سەرۆکە دەکات کە لە سەرەتاى ساڵى ئایندەدا دەچێتە کۆشکى کۆمارى. لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین هەندێک زانیارى لە سەر سیستمى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ئەمریکا بخەینە بەر دەست خوێنەرانى بەڕێزء لە ئایندەشدا زانیارى زیاتر لەو بارەوە بڵاودەکەیتەوە.
ئەوانەى کاندید دەکرێن بۆ سەرۆک کۆمارى ئەمریکا پێویستە بچنە ناو کێژاوى کێبڕکێیەکى پڕوکێنەرەوە، لە هەڵبژاردنى پاڵێوراوى حزبەوە دەست پێدەکات ئەنجا  کۆنگرەى حزبی بەدوادا دێت و دواجاریش سیستمى هەڵبژاردنەکان دێت. لە خوارەوە قۆناغەکانى ئەو هەڵبژاردنە دەخەینە روو:

قۆناغى یەکەم:
بە پێى دەستورى ئەمریکا سەرۆک کۆمار بۆ ماوەى چوار ساڵ هەڵدەبژێرێت، ئەوانەشى بۆ ئەم پلەیە کاندید دەکرێت پێویستە تەمەنیان لە 35 ساڵ زیاتر بێتء لە یەکێک لە ولایەتەکانى ئەمریکا لە دایک بوبێت. کاندیدەکان لە لایەنگرانى خۆی لە ناو حزب لیژنەیەکى " استکشافیە" دروست دەکات بۆ پشتیوانى کردنى تاکو ببێتە کاندیدى حزب. پاشان لە لایەن هەندیکەوە گرەنتى پشتیوانى دارایى بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردنەکەى وەردەگرێت، کاتێک لەوە دڵنیا دەبن پشتیوانی پێویستیان هەیەدەسەڵاتى فیدراڵى لەوە ئاگادار دەکەنەوە خۆیان کاندید دەکەن. ئەنجا قۆناغی کۆکردنەوەى پارەوء کێبڕکێى هەڵبژاردنەکانى ناو حزب دەست پێدەکات.

قۆناغى دووەم:
ئەمە هەنگاوى یەکەمە بۆ دەست نیشانکردنى کاندیدى حزب کە لە هەڵبژاردنەکانى سەرۆک کۆماریدا بەشدارى دەکاتء ململانێ دەکات لە گەڵ کاندیى حزبەکانی دیکەدا. لە زۆربەى وڵاتەکاندا حزب خۆى کاندیدەکەى دیارى دەکات، بەڵام لە ئەمریکا لایەنگرانى حزب لە نێو چەندین کاندیدا یەکێکیان دیارى دەکەن. هەموو جارێک هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار لە ئەمریکا لە تشرینى دووەم ئەنجام دەدرێت. بەڵام بۆ دەست نیشانکردنى کاندیدى حزب ململانێکان لە کانونى دووەمى هەمان ساڵ دەست پێدەکات. لە هاویندا  لە کۆنگرەى حزبدا وەفدى ولایەتەکان لە سەر دوا کاندیى حزب بۆ سەرۆک کۆمارى ئەمریکا هەڵبژاردن دەکەن. لە هەندیک ولایەتى وەک "ئیوا" بۆ دەست نیشانکردنى ئەو ئەندامانەى نوێنەرایەتى ولایەتەکەیان دەکەن لە کۆنگرەى نەتەوەیى حزب، سیستمى کۆنگرەى حزب پەیڕەو دەکەن.

قۆناغى سێیەم:
کۆنگرەى حزبەکان بە یەکێک لە گەورەترین رووداوە ورژێنەرە سیاسیەکانى ئەمریکا دێتە ژماردن. وەفدی هەموو ولایەتەکان دێنە هۆڵى بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى حزبەوەء لە سەر لافیتەیەک ناوى ئەو کاندیدەى کە پەسەندە لاى نوسراوە. لەم قۆناغەدا وەفدیى هەر ولایەتێک بە رەسمى پاڵێوراوى خۆى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى دیارى دەکات. ئەو کاندیدەى زۆرترین وەفد دەنگیى پێدا سەر دەکەوێتء پێویستە هەموو ئەوانەى تاکو دوێنى لە ناو حزبدا کێبەڕکێىء ململانێیان لە گەڵدا کردوە پشتیوانى بکەن، هەر لەوێدا پاڵێوراوەکە جێگرى سەرۆک هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەى لە گەڵیدا لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەکە بەشداری بکات.

قۆناغى چوارەم:
لەم قۆناغەدا کاندیدى سەرۆک کۆمارى حزبە سیاسیەکانى ئەمریکا زیاتر جەخت لە سەر هەڵمەتى هەڵبژاردنەکەیان دەکەنء دواین کاندیدى حزب بەرنامەء سیاسەتى کاندییە هەڵنەبژێراوەکانى دیکەى حزبەکەى خۆى لە دوو توێی بەرنامەکەى خۆیدا جێدەکاتەوە. لە رووى کاتەوە ئەو قۆناغە کورترە لە هەڵبژاردنى تەسفیاتی  ناو حزبەکان. لە هەفتەکانى کۆتایى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا کاندیدەکان زیاتر گرنگى بەوە ولایەتە دەدەن کە پێى دەوترێت "ولایەتى ئاڵۆز". ئەو ولایەتەى هێشتا خۆى یەکلا نەکردوەتەوە پشتیوانى کاندیدى کام حزب بکات.

قۆناغی پێنجەم:
هەموو جارێک هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا لە یەکەم سێشەمەى تشرینى دووەم ئەنجام دەدرێت. لەو رۆژەدا ملیونان کەس بۆ هەڵبژاردنى ئەندامانى ولایەتەکەیان لە کۆمەڵگاى هەڵبژاردن دچنە سەر سندوقەکانى دەنگدانء 538 ئەندام هەڵدەبژێرن کە بە پێى ژمارەى دانشتوانیان بە سەر ولایەتەکاندا دابەشکراوەو. دواتر دەنگەکان جیا دەرکێنەوەو دواى 12 سەعات لە داخستنى سندوقەکانى دەنگدان، دەرئەنجامە بەراییەکان دەردەکەون. پاش جیاکردنەوەى دەنگەکان پرۆسەى هەڵبژاردنەکە دەگوێزرێتەوە بۆ کۆمەڵگاى هەڵبژاردن. هەر ولایەتێک لەو کۆمەڵگاى هەڵبژاردنەدا ژمارەیەکى دیاریکراو ئەندامى هەیە. ژمارەى ئەندامەکانى رێژەى نوێنەرایەتى ولایەتەکە لە کۆنگریس دەردەخات. ئەو کاندیدەى زۆرترین دەنگ لە هەمەر ولایەتێک بەدەست بێنێ، دەنگى ئەندامانى ئەو ولایەتە لە کۆمەڵگاى هەڵبژاردنەکەدا بە دەست دێنێ. دواتر ئەندامانى کۆمەڵگاى هەڵبژاردن کۆ دەبنەوە دەنگ بە سەرۆک کۆمار دەدەن. بەڵام هیچ یاسایەک ناچاریان ناکات کە هەر دەبێت دەنگ بە حزبەکەى خۆیان بدەن. لە کانونى دووەم لە بەردەم کۆنگرێسدا دەنگى ئەندامانى کۆمەڵگاى هەڵبژاردن جیا دەکرێتەوە ناوى سەرۆک کۆمارى نوێ بە رەسمى رادەگەیەنرێت.

تێچوونى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى:
 یەکێک لەو دیاردانەى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا جیا دەکاتەوە لە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى لە وڵاتانى دیکە زۆرى تێچونیەتى لە رووى داراییەوە. بە جۆرێک لە ساڵى  2004 هەڵبژاردنەکانى سەرۆک کۆمارى ئەمریکا، 693 ملیۆن دۆلارى تێچووەء ئەو کاتە بە زۆر دەزانرا، بەڵام لە ساڵى 1988دا 95 ملیۆن دۆلارى تێچووە، مێژوو نوسان دەڵێن لە ساڵى 1860 "ئەبراهام لینکولن" بۆ گەیشتن بە کورسى سەرۆک کۆمارى ئەمریکا لەو کاتەدا 100 هەزار دۆلاى خەرج کردووە.  ئەمڕۆکە بۆ گەیاندنى بەرنامەکانى خۆیان، پاڵێوراوەکانى سەرۆک کۆمارى لە ئەمریکا پەنا بۆ میدیاکان دەبەن، چونکە کاریگەریەکەى زۆرەو چالاکترە لە هەموو شێوازەکانى دیکە. هەربۆیە 85% بودجەى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانیان لە میدیاکاندا خەرج دەکەن. پێدەچێت لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 1 ملیار دۆلار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت. لەو راپرسیەى کە سەنتەرى راپرسیی «بیو» بڵاوى کردوەتەوە دەرکەوتووە 42% خەڵکى ئەمریکا بۆ وەرگرتنى زانیارى لە سەر پاڵێوراوەکانى سەرۆک کۆمارى پشت بە تەلەفزیۆن دەبەستن.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.