Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هەڵبژارن لە بەرامبەر ئەگەری درێژەدان بە سیاسەتی فیفتی بە فیفتی…

هەڵبژارن لە بەرامبەر ئەگەری درێژەدان بە سیاسەتی فیفتی بە فیفتی…

Closed

 


هەڵبژارن لە بەرامبەر ئەگەری درێژەدان بە سیاسەتی فیفتی بە فیفتی یاخوود پێداگرتن لەسەر پرەنسیپەکانی دیمۆکراسی

 

 

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکیتی و پارتی کەوتوونە ڕەخنەگرتن لەیەکتری و چەندین باسی جۆراو جۆریان دژ بەیەک لە میدیاکانی کوردستاندا بڵاوکردەوە.  ئەم گرژییەی نێوان هەردوو حزبی ناوبراو لە گلەی و گازەندەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە دەستیپێکرد کە پارتی بەوە تاوانبار کرد کە ڕیگە بە یەکێتی نەدراوە بەشدار بێت لەدەزگاکانی بەڕێوەبردندا  لە و ناوچانەی کە لە ژێر دەستەڵاتی  یەکێتیدا نین. پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش بەهەمان شێوە یەكێتی تاوانبارکرد  بەوەی کە لەو شوێنانەی کە یەکێتی باڵا دەستە،  ڕیگە بەوان نەدراوە  بەشداربن و دەستەلاتیان هەبێت . ئەوەی جیگەی سەرنجە لە وورەژاندنی ئەم بابەتە قەتیس بووانەی نێوان هەردوو حزب  لەبری باسکردن و پێداگرتن لە گەشەپێدانی دەزگاکانی بەڕیوەبردن بەپێی پرەنسیپە دیمۆکراسییەکان، هەردوو حزب پەیمانی ئەوە بەیکتری دەدەن کە ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت یەکێتی و پارتی برا بەش دەبن و پێکەوە لە سەرتاسەری کوردستاندا سیاسەتی شەراکەت یاخوود فیفتی بە فیفتی  پیادە دەکەنەوە. دووبارەکردنەوەی ئەم پەیمانانەی هەردوو حزبی دەستەڵات کۆمەڵێ زنگی ترسناک و دژ بە دیمۆکراسی  لە پشتەوە وەستاوە کە لێرەدا کە چەند تێبینیەکی کورت بە پێویست دەزانم.

خەمخۆری پارتی و یەکێتی بۆ ڕازی کردنی یەکتر، ڕەنگدانەوەی نییەتێکی ترسناکی ئەوانە لەبەرامبەر تەواوی پرۆسەی سسیاسی کە بەهیچ شێوەیەیک نابێتە هەوێن بۆ لەدایک بوونی فەرهەنگێکی دیمۆکراسی و سەنگەرگرتنە لەبەرامبەر پرۆسەی دیمۆکراسی لە کوردستاندا.  ئەم لێدوان و باسانەی هەروو حزب خزمەت بە پرۆسەی دیمۆکراسی ناکات چونکو فەرهەنگی دیمۆکراسی ناکرێت بەتەنیا لە چوارچێوەی شەراکەت و بوونی کۆمەڵی پەیمانی پشت پەردەوە لە نێوان دوو حزبدا پێناسەبکرێت.  خاڵی بەهێزی هەر فەرهەنگێکی سیاسی کە بتوانرێت پێی بوترێت دیمۆکراسی برییتیە لە دەستاو دەستکردنی دەستەڵات بە گشت ووردەکارییەکانیەوە. بریتیە لە فەراهەمکردنی چانس و کاتی یەکسان و دیاریکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە خەرجی بۆ بانگێشەکردن بۆ هەموو ئەو هێزو لەیەنانەی کە بەشدارن لە هەڵبژاردندا.  لەبری پێداگرتن لەم جۆرە خۆ ئامادەکردنە کە خزمەت بە گەشەکردنی دیمۆکراسی دەکەن لە کوردستاندا، دەبینین هەردوو حزبی ناوبراو، تەنانەت بەیەک ووشەش باس لەوە ناکەن کە ئایە هەڵوێستیان چی دەبێت کە  کاتێک لە ژێر دەستەڵات و ئەو ناوچانەی کە بە (سەیف هەیڤنی) ئەوان دەناسرێنەوە  لایەنێک زیاتر لەوان دەنگەکان مەیسەر بکات چۆن مامەڵە دەکەن. ئەوان باس لەوە ناکەن کە ئایە کاتی ئەوە نەهاتوو، ئەوانەی کە “تەنانەت جێگەیەک نەماوەتەوە لەژێر زەمینی ماڵەکانیاندا تاکو دۆلاری تیا هەڵچنن” بچنە ماڵەوە و هەرێم لەلایەن کەسانی شارەزاو پسپۆرە بەڕیوە ببرێت. نەبوونی ئەم جۆرە ئاخاوتنانە لە لێداوان و چاوپێکەتنە ڕۆژنامەوانییەکانی زۆرینەی دەستەڵاتدارانی هەردوو حزب و شین و ڕۆڕۆی پۆستە ئیداریەکان پیش هەڵبژاردنەکان، نامۆ بوون و جیاوازی ئەرز وئاسمانی ئەوان لە گەڵ پرەنسیپە دیمۆکراسییەکاندا پیشاندەدات. ئەوان بێجگە لەخۆیان و خۆزانینیان بە خاوەنی ئەوەی کە لەکوردستاندا بنیات نراوە، پێ ناچێت کەسی تر لەسەر مێزی گفتوگۆ ولە  ئەجینداکانیاندا بوونی هەبێت.

  مەترسیەکی تر لە پشت ئەم سۆز نیشتاندان و دووپاتکردنەوەی پەیمانە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا بۆ دووبارە شەریکبوونەوە لە بەڕێوبردنی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی یەکتری ئەویش هێشتنەوەی کۆمەڵێ کادری حزبییە لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا.  ئەمە دەردێکی کوشندەو کارەستێکی مۆدێلی حکومڕانیکردنە لە کوردستاندا چونکو  پسوولەی شایستەبوون و جیگیرکردنی ئەم بەڵایانە لە پۆستە ئیدارییەکاندا دوو جۆرە. جۆری یەکەمی ئەم  شایستە بوونە بریتیە لە  ڕابردوویەکی چەکداری،  کە زۆربەی تەمەنی ئەم جۆرە کەسانە لەگەڵ چەکدا بووە و کەمترین شارەزاییان هەیە لەسەر چۆنێتی کارکردن لە پۆستەکانی  دوڵەتدا. جۆری دوومی ئەو بەرپرسە ئیدارییانە وەفادار بوونە بۆ حزب. بوونی ئەم ڤێترەن و پۆلیسانەی پارتی و یەکیتی بە شێوەیەکی فراوان لە دەزگاکانی بەڕێوەبردنی هەرێمدا ئەو دەردە کوشندەیە لە هەناوی مۆدێلی حکومڕانیکردن لەکوردستاندا کە یەکێتی و پارتی کابینە دوای کابینە ڕووح ئەخەنەوە بە بەریدا و پێشێلکردنی ئەو تیگەیشتن و پرەنسیپە سەرەتاییەیە لەمەڕ دیمۆکراسی کە پێی وایە دەبێت کەسی شیاو لە جیگەی شیاودا دابنرێت. 

22/3/2013

کاوە حەسەن                     

kawa2010@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.