واتا له شیعردا …به‌شی چواره‌م و كۆتایی
– فره‌واتایی:
فره‌واتایی له كلاسیك‌دا جیایه له هه‌ڵكڕاندنی واتای جیا جیا یا (ته‌ئویل=شیكردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه له پێناو گه‌یشتن به مه‌به‌ستی گوتن) له شیعری نوێ‌دا..
له كلاسیك‌دا، فره‌واتایی به مانای بوونی چه‌ند واتایه‌ك دێت له به‌یتێك یا له سه‌رله‌به‌ری شیعرێك، درووستكردنی ئه‌و واتایانه‌یش شێوه‌یه‌كی ماتماتیكی به خۆیه‌وه ده‌بینێ كه به هۆی زانسته‌كانی ڕه‌وانبێژییه‌وه درووست ده‌بێ..به پێچه‌وانه‌وه له شیعری نوێ‌دا ته‌ئویل، فره‌وێنه‌یی و فره‌واتایی دروست ده‌كات.
نه‌زمی نالی میسلی ئاو و ئاوێنه ره‌نگی نییه
دو رووه بۆ سه‌یری خاتر: یه‌ك خه‌فی و یه‌ك ئاشكار
ڕه‌نگه شیعری كلاسیكی بتوانێ له ڕووی واتاوه دوو ڕوو یا چه‌ند ڕوویێكی هه‌بێ، به‌ڵام شیعری داهێنه‌رانه‌ی ته‌ئویلی هه‌ڵگری وێنه‌گه‌لێكی بێ‌ژمار و بێسنووره، ئه‌وه‌ته لێره‌دا نالی ده‌ڵێ: شیعری من دوو ڕووه، یه‌ك شاراوه و یه‌كیش ئاشكرا، به‌ڵام واتا لای نالی واتایه‌كی به‌رجه‌سته‌یه، نه‌ك درووستكردن و وێناكردنی له خۆوه، مه‌به‌ست له واتای راسته‌قینه لای نالی ئه‌وه‌یه كه زمان ئه‌وه ده‌دركێنێ كه خۆی مه‌به‌ستییه‌تی بینێرێ..
له نه‌حو و صه‌رفی ئه‌داتی مه‌پرسه ئه‌ی موعریب
كه ره‌فع و نه‌صب و جه‌ڕ و جه‌زمه ئاله‌تی ته‌قریر
وه‌ك نالیناسان (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم) لێی دواون، لێره‌دا شیعری نالی هه‌ڵگری دوو واتایه یه‌ك شاراوه و یه‌كیشی ئاشكار، مه‌به‌ست له (هه‌ڵگری دوو واتایه) بریتییه له‌وه‌ی كه نالی به زمانێك ده‌دوێ كه زمانی زانستی رێزمانه و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش مانا دیاره‌كه‌ی باس له‌و زانسته ده‌كات، به‌ڵام واتا شاراوه‌كه‌ی واتایه‌كی ئیرۆتیكییه (ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌ر و ژێر ئه‌كه‌ی به ئافره‌ت، باسی روپێ كردن و رو پێ لادانی (هینه‌كه‌مم) لێ مه‌پرسه، كه‌ڵكی ئه‌وه‌ی پێ نه‌ماوه..به هه‌ستان و قنج بونه‌وه و راكێشان و ته‌واو كردنا ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌سێك ئه‌و سه‌ر و ژێر پێ كردنه‌ی له توانا دابێ یا نه، خۆ منیش ئه‌وانه‌م نییه- دیوانی نالی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس)، به‌و شێوه‌یه ده‌بینین كه به‌یتێكی شیعری به زمانێك نووسراوه، دوو واتای لێك دوور و دوو وێنه و دوو دنیای لێك دوورت نیشان ده‌دات، كه ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ڕی باڵاده‌ستییه له زانستی ڕه‌وانبێژی و ئێسته‌تیك و شیعریه‌تی شیعر.
به پێچه‌وانه‌وه واتای شیعری نوێ به شێوه‌یه‌كی گستی گه‌ڕانه به دوای درووستكردنی فه‌زایه‌كی ته‌ئویلی بۆ به‌شداری پێكردنی وه‌رگر له تێكستدا:
(كوێره‌كه‌یان پرسی: حه‌بیبی، ئه‌ستێره‌كان چی ده‌ڵێن؟
ژنه وه‌ڵامی دایه‌وه: له كاكێشان، فه‌رده‌یه‌كی گه‌وره به‌فر و
بۆشاییه‌ك ده‌بینم باوبارانی به‌دواوه‌یه
دیسان پرسی: ئه‌ستێران چی ده‌ڵێن
ـ ده‌دره‌وشێنه‌وه، تیشكیان بێ جووله نییه
ئه‌ستێره‌ی وا ره‌شه‌با، بوومه‌له‌رزه…..ی به دواوه‌یه
جارێكی دیكه‌ش پرسی: حه‌بیبی، ئه‌ستێران چی ده‌ڵێن…تاد)( 1).
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌یته‌ی نالی كه ئاڵۆزیێكی بێ‌ژماری به هۆی فه‌رهه‌نگه‌وه له‌و به‌یته‌دا درووست كردووه و بۆ تێگه‌یشتن لێی ده‌بێ خاوه‌نی زانیارییه‌كی زۆری فه‌رهه‌نگ و زانستی زمانی كۆن بین، هه‌موو ئه‌و وشه و ده‌سته‌واژانه‌ی وه‌ك: (نه‌حو، صه‌رف، ئه‌دات، موعریب، ره‌فع، نه‌صب، جه‌ڕ، جه‌زم، ئاله‌ت، ته‌قریر) پێویستی به زانیاری هه‌یه بۆ تێگه‌یشتن لێیان، كه‌چی له‌و شیعره‌ی گوننار ئێكۆلۆف: بۆ تێگه‌یشتن له زمان پێویستیمان به گه‌ڕانه‌وه بۆ فه‌رهه‌نگ نییه، هیچ وشه‌یه‌كی ئاڵۆزی تێدا نییه كه له ماناكه‌ی تێنه‌گه‌ین، به‌ڵام لێره‌دا ڕووبه‌ڕووی ئیشكالییه‌تی واتای گشتی فه‌زای ده‌قه‌كه ده‌بینه‌وه.. واتا و په‌یام له‌و شیعره‌دا ڕاسته‌وخۆ نییه، هه‌ر بۆ نمونه له‌و دێره‌ی كه ده‌ڵێ: بۆشاییه‌ك ده‌بینم باوبارانی به‌دواوه‌یه.. وه‌رگر هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی لا نییه كه په‌یام تێیدا چییه؟ (بۆشایی) له‌و دێره‌دا وشه‌یه‌كی هێماییه، سه‌ره‌تا پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر پێناسه‌كردنی وشه بكه‌ین: (وشه: گرنگترین یه‌كه‌ی واتاییه كه واتایه‌كی هۆشه‌كی هه‌یه، له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ش واتایه‌كی نموونه‌یی نییه، به‌ڵكو واتای وشه بریتییه له واتای فه‌رهه‌نگی وشه‌كه و ئه‌و واتایه‌ی كه له‌گه‌ڵا وشه‌ی تردا دروستی ده‌كات)( 2)..واتای فه‌رهه‌نگی وشه‌ی بۆشایی له فیزیادا: بریتییه له‌و مه‌ودا یا مه‌سافه‌یه‌ی كه هیچ ماده‌یه‌كی تێدا نییه، وه‌ك گوتمان له‌و دێره‌دا وشه‌یه‌كی هێماییه، هێما (ئه‌و كۆده ده‌ربڕاوانه یان نووسراوانه‌ی كه به وشه و رسته ده‌رده‌بڕدرێت وه یا به په‌ره زمانییه‌كان كه له‌گه‌ڵا زمان دا دێت و بابه‌ته‌كه‌ی لێ پێكهاتووه)(3).. بۆیه ده‌توانین له رێگای په‌یوه‌ندی ئه‌و وشه‌یه‌وه واتای جیا جیای هۆشه‌كی لێ هه‌ڵبكڕێنین.. كه‌چی وه‌ك دیاره واتاكان له به‌یته‌كه‌ی نالی‌دا واتای به‌رجه‌سته‌ن، ڕووی یه‌كه‌می بریتییه له باسكردنی ڕێزمان و لایه‌نی دووه‌می مانایه‌كی ئیرۆتیكی هه‌یه و ..تاد هه‌موو ئه‌و ڕووانه‌ی كه له‌و به‌یته‌دا هه‌ن خاوه‌نی واتان، واتای به‌رجه‌سته، به‌ڵام له ستایلێكی شیعری نوێ‌دا واتاكان ناگیرێن، ئه‌وه خوێنه‌ره كه به‌شداری ده‌كا له یه‌كلایكردنه‌وه‌ی واتا.
هه‌ر سه‌باره‌ت به فره‌واتایی نالی له شوێنیتریش جه‌ختی لێده‌كاته‌وه، كه شیعره‌كانی هێنده به ده‌قیقی و وردیی درووستكراون كه ئیدی دا‌و بۆ شاعیرانیش ده‌نێته‌وه و تێیدا ده‌كه‌ونه چاڵه‌وه:
(نالی) به داوه شه‌عری ده‌قیقی خه‌یاڵی شیعر
بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه شاعیره صه‌د داوی نایه‌وه
(نالی به خه‌یاڵی شیعریی پڕ ورده‌كاری خۆی كه ئه‌ڵێی تاڵه موی باریكه، صه‌د داوی ناوه‌ته‌وه بۆ هه‌ر شاعیرێك، یا بۆ هه‌ر كه‌سێك هه‌ست بكا و به خۆی بزانێ، داوی وا كه به هیچ كلۆجێ سه‌ری لێ ده‌رنه‌چێ)( 4).
ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه كه سه‌باره‌ت به فره‌واتایی له شیعری نالی و شیعری نوێ‌دا هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وه‌یه كه ماناكانی شیعری نالی مانای به‌رجه‌سته‌ن و مانای شیعری نوێ به تایبه‌تی ئه‌و شیعرانه‌ی كه ده‌كه‌ونه خانه‌ی ئاڵۆزی ئێسته‌تیكی مانای نابه‌رجه‌سته‌ن، به‌و چه‌مكه‌ی كه ده‌بێ منی وه‌رگر به‌شداربێ له به‌رجه‌سته‌كردنی واتاكان.
-گۆڕانی واتا له ئاسته‌كانی زمان
لای نالی و له چه‌ند شیعرێكی نوێ‌دا
كه ده‌ڵێم له شیعری نوێ‌دا مه‌به‌ست شیعری نوێیه به شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌ك ته‌واوی شیعری نوێ، چونكه گومان له‌وه‌دا نییه كه ستایله‌كان له یه‌كتر جیان و فه‌زای تێكسته‌كان زۆرجار له خودی تێكسته‌كانی ته‌نانه‌ت یه‌ك شاعیریش له یه‌كتر جیا ده‌بن.. له‌و به‌شه‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌و گۆڕانكارییانه به شێوه‌یه‌كی پراكتیكی دیاری بكه‌م كه له ئه‌نجامی گۆڕینی ده‌نگێك له مانای وشه یا به‌یتێك درووستده‌بن و له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و دۆخه له‌سه‌ر چه‌ند نمونه‌یه‌كی شیعری نوێ‌دا پراكتیك بكه‌ین و بزانین چ له واتای شیعری نوێ‌دا ده‌گۆڕێ..
1- ئاستی فۆنۆلۆژی:
فۆنۆلۆژی یا ده‌نگسازیی (ئامانجی لێكۆڵینه‌وه‌یه له ده‌نگه‌كان، تاوه‌كو بزانرێت كه هه‌ر ده‌نگێك چ ئه‌ركێكی هه‌یه، كام له ده‌نگه‌كان، ئه‌گه‌ر هات و له‌ناو پێكهاته‌یه‌كی ده‌نگی تایبه‌ت له شوێنی ده‌نگێكیتر به‌كار هات ده‌بێته هۆی گۆڕانێكی زمانی، وه‌ك گۆڕینی واتا، كام له ده‌نگه‌كان ئه‌گه‌ر هات و له شوێنی ده‌نگێكیتر به كار هات، هیچ گۆڕانێك درووست ناكات)( 5)
ره‌نگه كێشه‌كه هێنده له خودی ناودا ده‌ست پێنه‌كا، كه به گۆڕینی ده‌نگێك ( نالی= سال = نه‌یجه كه ناوه‌كه‌ی بۆشه=مزمار=شمشاڵ) یا (ناڵی=نه‌عل، هه‌ر شتێ كه له پێ بكرێ، ئه‌وه ئه‌گه‌ر ناو بێ، خۆ ئه‌گه‌ر كار یا فعل بێ به مانای هاوار و ناڵێ به مانای كه‌سێك دێ كه قسه ناكا)( 6)
به قه‌د ئه‌وه‌ی كه وه‌كو وشه له ڕسته‌دا به كاربهێنرێ و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر گۆڕینی واتا هه‌بێ.. ئه‌گه‌ر نالی وه‌ك ناو وه‌رگرین ئه‌وا هیچ له واتای به‌یته‌كان ناگۆڕێ:
هه‌ر كه‌سێ ته‌حدیسی نیعمه‌ت بێ، موراد و مه‌تڵه‌بی
میسلی (نالی) ئیمتیسالی ئه‌مری یه‌زدانی ده‌كا
شوكر نالی سه‌ری خه‌صمت وه‌كو گۆ
به خواری، نه‌ك به‌یاری، كه‌وته به‌ر شه‌ق
نالی چییه وا میسلی جوعه‌ل غه‌رقی شیاكه‌ی
خۆ تۆ به حیسابی وه‌كو په‌روانه شه‌مت بوو
لێره‌دا نالی وه‌ك ناو هیچ له واتای به‌یته‌كه ناگۆڕێ.. به‌ڵام له زۆربه‌ی به‌یته‌كانی تردا كه نالی ده‌كرێته كار، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی واتای به‌یته‌كه ده‌بێ:
روخی تۆ گوڵێكه صه‌د وه‌ك هوزاری عاشق، ئه‌مما
له هه‌موو چه‌مه‌ن دیاره به ئوصولی ناڵه (نالی)
(واته: رومه‌تی تۆ گوڵێكی تاقانه‌ی بێ هاوتایه هه‌زاران بلبل عاشقی بوون و بۆی ئه‌خوێنن، بۆیه ئه‌بوا دڵدارێكی وه‌ك نالی له‌ناو كۆڕی ئه‌م هه‌موو دڵدارانه هه‌ر دیار نه‌بوایه.. كه‌چی له هه‌موو لایه‌كی چه‌مه‌ن و گۆڵزار و له‌ناو هه‌موو دڵداراندا به گوێره‌ی ناڵه ناڵی خۆی و به هاوار و كڕوزانه‌وه‌یدا دیاره، چونكه دڵداری راسته‌قینه‌یه..
ئه‌شگونجێ ناڵه نالی به ناڵه ناڵی بخوێندرێته‌وه و مه‌عنای به‌یته‌كه وای لێبێته‌وه: روی تۆ گوڵێكه صه‌د دڵداری وه‌ك بلبلی هه‌یه، به‌ڵام بلبل له‌ناو هه‌موویاندا به‌شێوه‌ی تایبه‌تیی ناڵه ناڵی خۆیدا دیاره، به پێی ئه‌م مه‌عنایه به‌شی دووه‌می وشه‌ی ناڵه ناڵی كه ناڵی یه ئیشاره‌ت ئه‌بێ بۆ نازناوی نالی و بلبله‌كه نالی خۆی ئه‌بێ)( 7).
وه‌ك ده‌بینین (ل) كه ده‌بێته(ڵ) چ گۆڕانێك به‌سه‌ر واتای به‌یه‌ته‌كه‌دا ده‌هێنێ، لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئاكامێك كه ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه له شیعری كلاسیكی كوردی ته‌نیا تاكه ده‌نگێك ده‌توانێ گۆڕانكاری له واتای ته‌واوی به‌یته‌كه بكات..
له شیعری نوێی كوردیدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فۆنیم ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی نییه له‌سه‌ر واتای گشتی و فه‌زای گشتی ده‌قه‌كه..
هه‌موو وێنه‌كانی ئاو كۆده‌كه‌مه‌وه
گه‌رمای پێ داده‌گیرسێنم
هه‌موو نووسینه‌كانی گه‌رما
به مێژووی ئاو ره‌نگده‌كه‌م
به‌ڵام وه‌كو ته‌مه‌ن.
فۆنیمێكی ده‌گۆڕین:
هه‌موو وێنه‌كانی ئاو كۆده‌كه‌مه‌وه
گه‌رمای پێ داده‌گیرسێنم
هه‌موو نووسینه‌كانی گه‌رما
به مێژووی ئاو ره‌نگده‌كه‌م
به‌ڵام وه‌كو زه‌مه‌ن.(8)
به‌مشێوه‌یه ده‌بینین، ئه‌و كاریگه‌رییه سه‌راسه‌ری و سه‌رتاپاییه‌ی كه له ڕێگای گۆڕینی فۆنیمێكه‌وه به‌سه‌ر به‌یت و فه‌زای قه‌سیده‌یه‌كی نالی دادێ، ئه‌وا له شیعری نوێی كوردیدا كاریگه‌ریه‌كه‌ی یه‌كجار كه‌مه یاخود هه‌ر نییه.
2- ئاستی وشه‌سازیی:
وشه یه‌كه‌یه‌كه ده‌توانێ گۆڕانێكی ته‌واو به‌سه‌ر واتای ئه‌تمۆسفێری گشتی به‌یتێكی نالی بێنێ، پێشتر هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كمان له‌سه‌ر وشه كرد وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی واتایی.. ئه‌گه‌ر وشه به چه‌ق دابنێین بۆ درووستكردنی واتا، ئه‌وا له خوار وشه‌دا فۆنیم و مۆرفیمی به‌ند هه‌یه و له‌سه‌رووشیدا یا گه‌وره‌تر له وشه لێكدان كه ئه‌ویش بریتییه له وشه‌ی ئاڵۆز : ئه‌و وشه ناساده‌یه‌یه كه له وشه‌یه‌كی ساده‌و زیاده‌یه‌ك پێكهاتبێ، وه‌ك: ئاسنگه‌ر..وشه‌ی لێكدراوی گرێ وه‌ك: گوڵه‌گه‌نم و وشه‌ی ئیدیه‌م وه‌ك: سكی سووتا به مانای منداڵی مرد، دێت)( 9)، هه‌موو ئه‌و ده‌ستوورانه‌ی كه وشه‌یه‌ك پێكدێنن، له شیعری نالی‌دا ده‌سكاری بكرێ ئه‌وا گۆڕان له واتای شیعره‌كانی درووست ده‌بن..چونكه وشه كه ده‌كه‌وێته ڕسته‌وه سنووری وشه‌سازی ده‌بڕێ و ده‌چێته ناو خانه‌ی ڕسته‌سازییه‌وه، ئه‌وه‌ی كه لای من مه‌به‌ست بێ له‌و تێڕوانینه‌م ئه‌وه‌یه، كه دانانی وشه له ڕسته‌دا له شیعری نالی به پێوه‌ر و حیسابات و لۆژیكه‌وه په‌یوه‌سته.. به پێچه‌وانه‌وه له زۆربه‌ی زۆری شیعری نوێی كوردی پێچه‌وانه‌یه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ومه ئه‌و هه‌ڵه‌ی گشتگیریكردنه له هه‌ڵسه‌نگاندن ئه‌وا ده‌بێ بڵێم ئه‌و چه‌ند تێكسته‌ی كه له‌به‌ر ده‌ستی مندان، له حه‌قیقه‌تیشدا هه‌روایه، به‌راوردكردنی تێكسته‌كان به یه‌كتری به بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی پراكتیكی ده‌مانگه‌یه‌نێته هه‌ڵه‌كردنه‌وه..
كاریگه‌رییه‌كانی وشه له‌سه‌ر واتای شیعر لای نالی
– گۆڕینی وشه‌یه‌ك به وشه‌یه‌كیتر:
له شیعری كلاسیكیدا به شێوه‌یه‌كی گشتی گۆڕینی وشه‌یه‌ك به وشه‌یه‌كیدی كارێكی ئه‌سته‌مه، ئه‌گه‌ر ئه‌و گۆڕینه فۆڕمیش تێكنه‌دا ئه‌وا واتا تێكده‌دا، چونكه هه‌ر وشه‌یه‌ك كه دانراوه كۆمه‌ڵێك حیساباتی بۆ كراوه و به كۆمه‌ڵێك فلته‌ردا تێپه‌ڕیوه و دوای شیكاركردنی چه‌ندین هاوكێشه ئینجا شوێنی خۆی گرتووه.
شه‌وی به‌هاری جوانی خه‌وێ بو پڕ ته‌شویر
له فه‌جری پایزی پیری به‌یانی دا ته‌عبیر
ته‌نیا شوێنی به‌هار و پایز به‌یه‌كتر بگۆڕینه‌وه، ئه‌وا كاره‌ساتێك له واتاكانی ئه‌و به‌یته درووست ده‌بێ كه هیچ واتایه‌كی وه‌كو پێشووتری بۆ نامێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌یته‌كه ئاوا بنووسینه‌وه:
شه‌وی پایزی جوانی خه‌وێ بو پڕ ته‌شویر
له فه‌جری به‌هاری پیری به‌یانی دا ته‌عبیر
باوه‌ڕم وایه پێویست ناكا ورده‌كارییه‌كانی گۆڕینی واتا و ته‌فسیر و شه‌رحی مامۆستایان مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم لێره‌دا دووباره بنووسینه‌وه، بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌و گۆڕانكارییه‌ی كه له واتاكانی ئه‌و شیعره‌دا درووست ده‌بێ ده‌توانین بۆ دیوانی نالی بگه‌ڕێینه‌وه.
ئه‌گه‌ر له به‌یتێكی ئاسانتر و ڕوونتر ئه‌و گۆڕانكاریه بخه‌ینه به‌رچاو ئه‌وا كاریگه‌ری گۆڕینی وشه له‌سه‌ر واتامان ساناتر ده‌كه‌وێته به‌رچاو:
وه‌كو نه‌هاری به‌هاری درێژ و پایزی كورت
ئه‌مه‌ل گه‌لێك و ته‌ویل و عه‌مه‌ل كه‌مێك و قه‌صیر
شوێنی ئه‌مه‌ل و عه‌مه‌ل بگۆڕه، ته‌واوی واتای به‌یته‌كه ده‌گۆڕێ و مه‌به‌ستێكی تر دێته پێشه‌وه كه هیچ په‌یوه‌ندیێكی به به‌یته‌كانی پێشوو و دوای خۆشی نامێنێ.
له زۆر له شێوازه‌كانی به‌شێكی زۆری شیعری نوێ‌دا گۆڕینی وشه هێنده كاریگه‌ری نییه له‌سه‌ر گۆڕینی واتا..
باڵات له گه‌ڵایه‌كی سه‌ر ئاو كه‌وتوو ده‌چێ
منی شه‌پۆل بمه‌وێ زیاتر له خۆمت لوول بده‌م
گه‌رده‌نه‌كانم تێكه‌ڵاوی بۆنی سه‌وزت بكه‌م
بێده‌نگیم له نۆته‌ی ده‌نگتا بخنكێنم
تا ئیقاعی ره‌نگێكی نوێ درووست بكه‌ین….تاد (10)
له‌و چه‌ند ڕسته‌یه‌دا ده‌توانین به ئاره‌زووی خۆمان جێگۆڕكێ به وشه‌كان بكه‌ین و ته‌نانه‌ت ده‌توانین چه‌ند وشه‌یه‌كیشی لێ زیاد یا كه‌م بكه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ له واتا و مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی مه‌به‌ستی گوتن بگۆڕێ، با له كارێكی پراكتیكی ئه‌و بۆچوونه‌مان بسه‌لمێنین:
1- باڵات له به‌له‌مێكی سه‌رئاو كه‌وتوو ده‌چێ
منی شه‌پۆل بمه‌وێ زیاتر له خۆمت لوول بده‌م
2- خه‌ونه‌كانت له گه‌ڵایێكی سه‌رئاو كه‌وتوو ده‌چێ
منی شه‌پۆل بمه‌وێ زیاتر له خۆمت لوول بده‌م
3- خه‌ونه‌كانت له به‌له‌مێكی سه‌رئاو كه‌وتوو ده‌چێ
منی شه‌پۆل بمه‌وێ زیاتر له خۆمت لوول بده‌م
4- باڵات له گه‌ڵایه‌كی سه‌رئاو كه‌وتوو ده‌چێ
منی زریان بمه‌وێ زیاتر له خۆمت لوول بده‌م
منی تۆفان بمه‌وێ زیاتر له خۆمت لوول بده‌م
منی نه‌هه‌نگ بمه‌وێ زیاتر له خۆمت لوول بده‌م
منی ده‌ریا بمه‌وێ زیاتر له خۆمت لوول بده‌م
ئه‌گه‌ر تێكسته‌كه به ته‌واوی سه‌یر بكه‌ین و كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، ده‌توانین وای به‌سه‌ر بێنین كه هه‌موو وشه‌كانی بگۆڕین هیچ كاریگه‌ریێكی جددیش له‌سه‌ر شیعره‌كه نه‌بێ..
به‌شی زۆری شیعری نوێی كوردی به‌و شێوه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ستایلیتر له شیعری نوێی كوردیدا هه‌یه كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ستنیشانكردنه‌ی ئێمه‌ن..
به بۆچوونی من یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی كه تووشی شیعری كوردی هاتووه ئه‌و ڕیزكردنه عاتیفیانه‌ی وشه‌ن كه جگه له گوزارشت كردن له هه‌ست (له قۆناغێكی ئاسایی) هیچ هونه‌ر و باڵاده‌ستیێكمان نیشان ناده‌ن له سنعه‌تسازیی شیعره‌وه.
به كورتی ئه‌و هه‌وڵه‌ی من له‌و ڕووه‌دا ده‌كه‌وێته‌ی خانه‌ی هه‌وڵدان بۆ پێشنیازكردن و باسكردنی واتا له شیعر له چه‌ند روویێكه‌وه.. هیواخوازم كه له ئاینده‌دا كاری جددیتری له‌سه‌ر بكرێ.
1- داستانی فاتیمه، گوننار ئێكۆلۆف، وه‌رگێڕانی: رزگار شێخانی، ل66
2- ره‌هه‌ندی ده‌روونی له بواری راگه‌یاندندا، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی سیمانتیكی و پراگماتیكیه، د.عبدالواحد مشیر دزه‌یی
3- هه‌مان سه‌رچاوه.
4- دیوانی نالی، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم، بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردستان – ئێران1979،ل555
5-شیكردنه‌وه‌ی ده‌قی شیعری له رووی زمانه‌وانیه‌وه، عه‌بدولسه‌لام نه‌جمه‌دین عه‌بدوڵڵا، ده‌زگای سپیڕێز2008 ل 70
6- دیوانی نالی، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم، بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردستان – ئێران1979،ل42
7- هه‌مان سه‌رچاوه ل 662
8- وێنه‌ی حیكایه‌ته‌كانی ئاو به زمانی باران.. عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا .. گۆڤاری رامان ژماره 45 ساڵی 2000
9- – ره‌هه‌ندی ده‌روونی له بواری راگه‌یاندندا، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی سیمانتیكی و پراگماتیكیه، د.عبدالواحد مشیر دزه‌یی
10- گه‌ڕان به دوای جوگرافیای ره‌نگ، ناڵه عه‌بدولره‌حمان، سایتی ده‌نگه‌كان.