Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
( وتیان  هێستر  کێ  باوکته‌ ؟  وتی ئه‌سپ  خاڵۆمه‌ )

( وتیان هێستر کێ باوکته‌ ؟ وتی ئه‌سپ خاڵۆمه‌ )

Closed

 

” که‌ر ” مه‌خلوقێکی به‌توانا و  گوێڕایه‌ڵه‌ ،  ئه‌و   خزمه‌ت گوزارێکی بێموزه‌ڕه‌ت و  هاوڕێی  دێرینی  کۆمه‌ڵگای  کورده‌واریی بوه‌‌  ، له‌  قۆناغی  شوانکاره‌یی  و کشتو کاڵییدا  ، تا  دوا  شۆڕشی  چه‌کداریی  شاخ،   دوور  له‌  هه‌ر  سه‌رپێچیی  و  مل  بادانێک  به‌ ئه‌و  په‌ڕی  دڵسۆزیی  و له‌ خۆبورده‌ییه‌وه‌ و  به‌  پشویه‌کی درێژه‌‌وه‌ بارهه‌ڵگر بوه‌ و   خزمه‌تی به‌رچاوی  کردوه‌ ‌  ، سه‌ره‌ڕای به‌سوک ته‌ماشاکردن و  ناوزه‌دکردنی  ئه‌م  ئاژه‌ڵه‌ به‌ بێعه‌قڵ ، له‌ ناو  گرۆی کورداندا   نه‌رخ و  به‌هایه‌کی تایبه‌تیی خۆی هه‌بوه‌ ،بۆیه‌  که‌لک بڕینی  که‌رێک  له‌  لایه‌ن  که‌سێکی  ناحه‌ز و  نه‌یاره‌وه‌ ده‌چوه‌ خانه‌ی  ئه‌تککردنی خاوه‌نه‌که‌یه‌وه‌ و له‌ پای  ئه‌و ڕفتاره‌  نامرۆڤانه‌ و  دوشمنکاره‌یه‌‌دا  زۆر جار ئاژاوه‌یه‌ک له‌نێوان دوو  خانه‌واده‌دا  ده‌هاته‌  ئاراوه‌  .  سه‌باره‌ت  به‌  ئه‌تککردنی ( په‌ی که‌ر )‌ی که‌ره‌فه‌نیه‌که‌ی   هۆنه‌رمه‌ند زیره‌ک  میره‌ هه‌ر هێنده‌  به‌  ” به‌س ” ده‌زانم  و هیچی تر !!!
ڕه‌نگه‌ له‌ کات  و  سه‌رده‌می  خۆیدا  ، شاعیری  گه‌وره‌ی  کورد حه‌زره‌تی ( نالیی )به‌ئه‌و  پێیه‌ی  له‌ده‌می  لاوێتیدا  فه‌قێی  حه‌جره‌ و  پاشانیش ” مه‌لا ” بوه‌ ،   یه‌کێک بوو  بێت  له‌ ئه‌و  که‌سانه‌ی  که‌م ترین  ئه‌رکی  دابێته‌  سه‌ر پشت  و شانی  که‌ردا ، به‌ڵام  به‌ فکری  گه‌ش و ئاژه‌ڵدۆستانه‌ی  خۆی ،  به‌  به‌راورد  له‌ گه‌ڵ  بڕێ   مه‌خلووقی”   گوێکورت “دا ،  ده‌رکی  به‌ ئه‌و  نادادیه‌ کردوه‌ که‌  ده‌رحه‌ق  به‌ که‌ر “”  گوێدرێژ  “” کراوه‌ ، بۆیه‌  هاتوه‌ ڕه‌شمه‌  شیعرێکی  زێڕینی کردوه‌ته‌ ‌ گه‌ردنی ئه‌و  مه‌خلووقه‌  ڕه‌نجده‌ر و غه‌درلێکراوه‌ی ناو  کۆمه‌ڵگا ‌ …..
پێشینان وتوویانه‌ (  هه‌تا  به‌د  نه‌بینیت  ، به‌دخانه‌ت بیر  ناکه‌وێته‌وه‌!! ) ، وادیاره‌  له‌ ناو  ئه‌و کۆمه‌ڵگا دواکه‌وتوه‌دا و  له‌و   سه‌رده‌مه‌دا ،  حه‌زه‌تی  ” نالیی ” ی  خه‌ڵکی  گێل  و  نه‌فام  و   به‌دڕفتار و  بێکه‌ڵکی   زۆری  دیتووه  و ته‌قه‌زای  ڕۆحیان  داوه‌و  ئازاری  زۆرتری  به‌ده‌ستیانه‌وه‌  چه‌شتوه‌ ، بۆیه‌   ئه‌و  که‌ره‌ی  به‌ خه‌یاڵدا  هاتوه‌ته‌وه‌    که‌ ڕۆژێ  له‌ ڕۆژان  هاوڕێیه‌تیی  کردوه‌  ، هه‌ر  ئه‌و  هۆیه‌ش  بووه‌  ‌ له‌و  ده‌مه‌  پڕ  له‌  جه‌هل  و  خورافه‌دا  ئه‌و  (  به‌دخانه‌ )یه‌ی  له‌پێش  چاو زه‌ق  ده‌بێته‌وه‌‌  و   دێت‌  له‌ شیعرێکی  ناوازه‌دا مافه‌  زه‌وتکراوه‌کان بۆ ” که‌ر ”  ده‌گێڕێته‌وه‌‌‌  و  له‌ هه‌مان کاتدا   بۆ  وشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا   کردویه‌تیه‌  ئامڕازی  داشۆرینی   که‌سانێکی   دیاریکراوی ناو  خوودی  کۆمه‌ڵگایه‌   …..
ئه‌شێت  ئه‌م  که‌ره‌ی  که‌  ئه‌و  باسی ده‌کات ، یه‌کێک بوبێت  له‌  ئه‌و  چه‌ند  گوێدرێژانه‌ی   که‌ ( شاوه‌یس )ی  باوکی  له‌  گوندی  ( خاکو خۆڵ ) خاوه‌ ندارێتیی  کردوه‌ .. ئه‌و  خاک و  خۆڵه‌ی  که‌ ئێستا  جگه‌  له‌  گردێک  و ئاسه‌واری جۆگه‌ئاوێک  که‌  تا  هه‌نووکه‌ش  به‌  ناوی ( جۆگه‌که‌ی شاوێس ) ه‌وه‌  ده‌ناسرێته‌وه‌ ، هێجی تری  لێ  به‌دی  ناکرێت ،  ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای  ئه‌وه‌ی  تا به‌  ئه‌مڕۆمان ده‌گات  ،   که‌سێک  له‌و ده‌ڤه‌ری شاره‌زووره‌دا نه‌بوه‌ و  نیه‌ بڵێت  ( من  ده‌چمه‌وه‌ سه‌ر  ئه‌سڵ و  فه‌سڵی نالیی) به‌ڕای من  ئه‌مه‌ش  هێمایه‌که‌ بۆ به‌  که‌م زانینی  ئه‌و  مرۆڤه‌ باڵایه‌  له‌  لایه‌ن قه‌وم و قییله‌ و که‌س و کاریه‌وه‌  ، هیچ  دووریش  نیه‌  له‌ئه‌و  سه‌رده‌مه‌ ” خدر ” یان به‌  که‌سێکی هه‌رزه‌ و هه‌ڵه‌شه‌و و بێ ئابڕوو  و  (( شاێر )) زانیبێت‌  !!!!!!!
ئه‌گه‌ر  به‌  وردیی  سه‌رجه‌م شیعره‌کانی   بخوێنینه‌وه‌ ، ئه‌وا  حه‌قمانه‌  بڵێین نالیی  ، زانا و  ‌ و  بیرمه‌ند ی  مه‌زن  و مرۆدۆست  و  جوانناس ، ئه‌و  مرۆڤه‌ی  که‌ عه‌قڵی  زۆۆر  پێش سه‌رده‌مه‌که‌ی  خۆی  که‌وتوه‌ ،  چه‌نده‌  بێزار  بوه‌  له‌  باری  ناله‌باری سیاسی  ئیماره‌تی  بابان  و ناکۆکیی نێوان  خوودی ئه‌میره‌کان ، هێنده‌ش بێزار  بووه‌  له‌ دواکه‌وتوویی عه‌قڵیه‌تی   کۆمه‌ڵگاکه‌ی  خۆی  ، بۆیه‌  به‌رله‌  چوونی بۆ  حه‌ج  و  به‌ر  له‌وه‌ی  به‌ نائومێدی  سه‌ری خۆی هه‌ڵگرێت و  له‌  ئه‌سته‌مبوڵ بگیرسێته‌وه‌  ئه‌م  شیعره‌ ده‌نوسێت و  به‌  ئاشکرا  به‌شێک  ‌  وه‌رسیی  خۆی  له‌و  واقیعه‌ تاڵ و  ناله‌باره‌ ، هونه‌رمه‌دانه‌   ڕه‌نگڕێژ ده‌کات…….

(  هه‌ی  که‌رێکم  بوو  ، چ  په‌یکه‌ر ؟  ته‌ی  که‌ری هه‌وراز  و لێژ ….. )
له‌درێژه‌ی  ئه‌م  شیعره‌دا  و  سه‌ره‌تا  ، شاعیر دێت   هه‌ڕچیی سیفه‌تی  جوان  و  خاڵی  به‌ هێز له‌ ئاژه‌ڵانی تردا  هه‌یه‌  ، له‌ ڕۆح  و  جه‌سته‌ی که‌ره‌که‌یدا  کۆ ده‌کاته‌وه‌ .
( سینه‌  پان  و ، موچه‌ کورت و ، شانه‌  به‌رز  و ، گوێدرێژ
بن  زک  و  جه‌بهه‌ت  سپیی ، کلک ئێستر  و  دامه‌ن  سیا
…………
که‌لله‌  وه‌ک جه‌ڕڕه‌ی  شه‌رابی  پڕ  نیشات  و  ته‌ڕ ده‌ماغ
شێری  نه‌ڕ  ، ئاهووی  به‌ڕ  ،  گورگی  سه‌فه‌ر ، قامچیی  نه‌چێژ )

سه‌ره‌ڕای کۆکردنه‌وه‌ی  ئه‌و  گشت  په‌سن و  جوانیه‌ جه‌سته‌ییه‌  له‌ نێو  په‌یکه‌ری  کوێدرێژه‌که‌ی  و  هه‌نێکی  تریش  ، که‌  ئه‌شێ له‌و سه‌ده‌مه‌دا بڕێک  له‌ مه‌خلووقه‌ کوێکورته‌کان  بێبه‌ش  بووبێتن  لێی ..نالیی  له‌  دوو دێڕی ” 7 ” حه‌وته‌مدا  ده‌فه‌رموێت ( چوست  و  وریاتر  له‌  گوێ  کورتانی  پاڵانیی  و کێژ ) ، لێره‌  مه‌به‌ستی شاعیر  له‌ (  کۆی کورتانی )  مرۆڤی کووێکورت  که‌  پێچه‌وانه‌ی که‌ر ” گوێدرێژ ”  و ((( ” پاڵانیی ”  و ‌  ” گێژ “ه‌ )))!! ‌ ، که‌  ئه‌شێت  له‌  گشت  ده‌ور و  زه‌مانێکدا ئه‌م  دوو  نموونه‌یه‌   به‌  به‌رگێکی  تره‌وه‌ و  به‌ ئاسانی  له‌ نێو  کۆمه‌ڵگادا  به‌رچاو  بکه‌ون و  هه‌نگوینی  سپیی  فکر و  خه‌یاڵ  و  ژیاندۆستیی  له‌  زاردا  بکه‌نه‌  زه‌قنه‌بووت  …..
له‌  دوو  دێڕی ” 9 ” یه‌مدا  شاعیر  باس  له‌ ژیریی  و  عاقڵیی  که‌ره‌که‌ی  ده‌کات  و ناشی  گۆڕێته‌وه‌  به‌  هاوڕێی و  هاوسه‌فه‌ری  هه‌رزه‌  و  کاڵفام  و  کێژ  و وێژ ، ” ئه‌و ”  لێره‌دا  به‌رپه‌ڕچی  ئه‌و  که‌سانه‌  ده‌داته‌وه‌  که‌ که‌ر ( که‌ره‌که‌ی )  به‌  بێ عه‌قڵ  ده‌زانن  و  قه‌پۆزی  ئه‌و زۆڵه‌ ‘ بیژی ‘ یه‌  ( هێستر )ه‌  چه‌مووش  و  چووته‌ وه‌شێنه‌ چه‌تونه‌ خۆ به‌ زڵزانه‌   ده‌شکێنێت که‌  کوڕی  که‌ر  خۆیه‌تی و له‌ پرسیارێکدا ‌ لێی ده‌کرێت  که‌  ئایا  کێ  باوکیه‌تی ، پێی  عه‌یبه‌  بڵێت  که‌  که‌ر  باوکیه‌تی  دێت‌   شانازیی  به‌ خاڵوانیه‌وه‌ ده‌کات و  ده‌ڵێت (  ئه‌سپ ) خاڵۆمه‌ .
( عاقڵێ   بوو  ناوی  که‌ر  بو ، قاتیعی  ڕێگای  سه‌فه‌ر
خۆش  سلووک  تر  بوو  له‌  سه‌د  وێڵداشی  هه‌رزه‌  و  گێژ  و  وێژ )
نه‌ک  هه‌ر  هێنده‌  ، به‌ڵکو  پێش  کۆتایی و  له‌ دوو دێڕی “9 ” یه‌مدا ، مه‌لا خدری  شاوه‌یسی مکایه‌ڵی خواناس  و  ژیان دۆست و  جوانپه‌رست ،  حه‌زره‌تی شاعیرمان  نالیی  ، گورزی  یه‌ک مه‌ن  ئاو هه‌ڵگر ده‌کێشێته‌  بناگوێی  نه‌یاره‌ ڕۆژوه‌وان و نوێژکره‌  به‌ ناو  خوداناس  و ڕفتار  ناشریه‌کانی خۆیدا ، ئه‌وانه‌ی که‌  به‌ ڕواڵه‌ت  له‌ خوداده‌ترسن  و   گرنگی  زۆۆر به‌ ده‌ستنوێژگرتن و  نیه‌ت  هێنانی   ده‌ده‌ن ، که‌چی  نوێژ و ڕۆژووه‌کانیان  شتێک له‌   له‌ ڕفتاری ناشیرینیان  ناگۆڕێت  …….
(سائیم  الدهر ) ی  به‌ رۆژ  ، ئه‌مما  به‌ رۆژووی  بێ  نییه‌ت
( قائیم اللیل ) ی سلووک ، ئه‌مما سلوکی  بێ  نوێژ ….
به‌ ڕای  من نالیی ده‌وێت  پێمان بڵێت که‌  مه‌رج  نیه‌  منی  مرۆڤ ،  نیه‌ت  بهێنم  و له‌ ساڵێکدا  یه‌ک مانگ  له‌کاری  به‌دخووی و  خراپه‌کاریی خۆم  بپارێزم و   شه‌وانه‌ش  بیر و  تێفکرینی  خۆم  به‌ده‌ستنوێژه‌وه‌   ته‌نها  له‌سه‌ر  به‌رماڵ کۆبکه‌مه‌وه‌ له‌ هه‌ڵس و  که‌وتی ڕۆژانه‌شمدا  ئه‌رکی  مرۆڤانه‌ی  خۆم  له‌ یاد  بکه‌م  و  به‌دڕفتاریی  بنوێنم ‌ !!!
 مامۆستای  به‌هه‌شتی ( مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی  موده‌ڕیس ) له‌ ڕاڤه‌کردنی  ئه‌م دوو دێره‌دا و  له‌ په‌راوێزدا  ده‌نووسێت ( ئه‌م  شیعره‌  له‌  نوسخه‌کانی ”  ت ”  و ” مز ”  و ” اح ” دا  نیه‌ . وابزانین  ئه‌وانه‌ی  ئه‌و  نوسخه‌نه‌یان نوسیوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌و  شیعره‌یان به‌  بێ ئه‌ده‌بیی  زانیه‌وه‌ به‌رابه‌ر به‌  ڕۆژووه‌وان و شه‌ونوخنیی  کێشانی  خواناس  ، بۆیه‌  نه‌یاننووسیوه‌ته‌وه‌ ).
له‌  کۆتایی  ئه‌م  شیعره‌  ناوازه‌یه‌دا  حه‌زره‌تی نالیی  هه‌موو  وزه‌و توانای  فکریی  خۆی  زۆر شاره‌زایانه‌  و  زانستیانه‌  کۆ کردوه‌ته‌وه‌ و  به‌ ده‌ربڕینێکی  فه‌لسه‌فیانه‌  هێمای بۆ  ( یه‌کێتی  بوون )  ده‌کات ، یه‌کێتیبوون  له‌ نێوان ئاژه‌ڵان ( که‌ر )ه‌که‌ی   و  مرۆڤ ( خۆی )  دا    و ئا  به‌م  ده‌ربڕینه‌  بڕ واتایه‌  و  به‌  زمانی  که‌ره‌که‌وه‌  ده‌فه‌رموێت  هه‌رتکمان  ئاژه‌ڵین  …  جگه‌  له‌وه‌ی  که‌  تۆ  به‌ گۆ ( ناتق ) و  من بێ  کۆ و بێ زمان ، تۆ گوێ  کورت و  من  گوێ درێژ  ، ئه‌گینا  گه‌ر  له‌  غه‌ریزه‌کانمان  وردبیته‌وه‌  ئه‌وا   جیاوازیه‌که‌ی  ئه‌و تۆمان  له‌ نێواندا  نیه‌   :
( چه‌نده‌  پێم خۆش  بوو ، زوبانی  حاڵی  ده‌یوت (( نالیا ))
هه‌ردو  حه‌یوانین  ، ئه‌تۆ  گوێ  کورت  و  ئه‌منیش  گوێ درێژ ) .
 
 
حه‌مه‌ سه‌عید  که‌لاری
28-4 -2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.