ورته ….. رزگار لوتفی
هه‌موویان خه‌ریکن. خه‌ریکی دۆزینه‌وه‌یین. به پۆل و به جووته و به تاک. سه‌ره‌تا له سه‌حراوه ده‌ستیان پێ کرد. بست به بستی قاقرترین شوێنی سه‌حرا و بیابانه‌که‌یان کێڵا. سه‌ره‌وبنیان کرد. تێکه‌وه‌یان وه‌ردا. گه‌رئێواره‌یه‌کی دره‌نگ له سه‌ر ته‌پۆڵکه‌یه‌کی مه‌یله و زه‌ردی لم وخۆڵی ئه‌م سه‌حرایه‌دا به دانیشتنه‌وه ئه‌ژنۆکانت و ته‌نیاییه‌که‌ت له باوه‌ش نێی و به وردی و چاوی بۆ کز که‌ی و له ئاوابوونی خۆر و ڕووبه‌ری کاکی به کاکی بڕوانی، گۆڕستانێکت دێنێته‌وه یاد به هه‌زاران هه‌زار گۆڕی به‌سته‌زمانی بێ لاشه‌ی دراوه‌وه. تا چاو حه‌ته‌ر کا گۆڕستان و قوڵکی دراوه‌ی هه‌تیو که‌وتووی چاوه‌ڕوانی جه‌سته‌ی بێ گیان. که له ته‌نیشتیانه‌وه و به مه‌ودایه‌کی که‌م تێپه‌ڕیتایه، هاڵاوی توندی ئاره‌قه‌ی بن باخه‌ڵیان بێ ئیراده ده‌ماخی پێ هه‌ڵئه‌دای. له په‌ستا و بێ ڕاوه‌ستان خه‌ریکی ژێر و ڕوو کردنی ڕووبه‌ری سه‌حرا بوون. ڕۆژی دواتر که هاتنه‌وه هه‌ر که‌سێ بێژنگێ یان هێڵه‌کێکی دانه درشتیان له گه‌ڵ خۆیان هێنابوو. دیار بوو قه‌ناعه‌تیان به‌و کاره‌ی دوێنێ نه‌بووه. که‌وتنه بێژنگ کردنی سه‌حرا و بیابان. هێڵه‌کیان کرد. به کۆ و به جووته و به تاک. بێ هه‌دادان. جار ناجارێ له بن پێیانه‌وه زرته‌ی کلکی سرته مارێ گوێ قوتی ده‌کردن. ده‌سبه‌جێ ده‌کشانه‌وه و هه‌ڵمه‌تیان بۆ ده‌هێنا. سرته ماره‌ش له حه‌یبه‌تا ده‌هاته سه‌ر کلک و پاشه و پاش و شه‌پۆلا و شه‌پۆل ده‌کشیایه‌وه و دوور ده‌که‌وته‌وه. خۆی له شه‌ڕی خۆتڕێن ده‌بوارد. گه‌ڵێک جاریش به ده‌م هێڵه‌ک کردنه‌وه دووپشکێک له به‌ستێنی هێڵه‌که‌که‌دا ده‌که‌وته فرته فرت و کلکی قوت ده‌کرده‌وه وهانای به‌ره و خۆ قوتارکردن ده‌برد. ئه‌وانیش ده‌سبه‌جێ له سه‌ر ڕووبه‌ری سه‌حرا بازنه‌ئاسا ئاگرێکیان ده‌کرده‌وه و دووپشکه‌که‌یان ده‌خسته ناوه‌ندی. هه‌موو له ده‌وری خڕ ده‌بوونه‌وه و ماوه‌یه‌ک پشوویان ده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره به گڕوتینێکی باشتره‌وه بکه‌ونه‌وه سه‌روه‌ختی پشکنینه‌که‌یان. دووپشک که ده‌ره‌تان و ده‌رفه‌تی ده‌ربازبوونی نه‌ده‌ما و چه‌ندین جار ئه‌مبه‌را و به‌ری بازنه‌که‌ی ده‌پێوا، به کلکی و له ڕێی ژاره‌که‌یه‌وه و له ناچاریا خۆی ده‌پێکا. له چێژی ئه‌م خۆ پێکانه هه‌مووان ده‌که‌و‌تنه پله لێدان و سمت و سۆڵ بادان. ئه‌مه کاری هه‌موو ڕۆژێکیان بوو تا مه‌ودای سه‌حرا هاته کۆتایی. که چاویان هه‌ڵێنا، گه‌یشتبوونه بناری زنجیره کێوێک وه‌کوو ده‌سته برا له پشت یه‌کتری ڕاوه‌ستابوون.
شان و مل داگیراو و شل و شه‌که‌ت چه‌شنی په‌ل و پۆ و گه‌ڵا و به‌رگی سیس و بێ ئاوی پار نه‌مامێک ده‌چوون. هێڵه‌ک و بێژنگه‌کانیان فڕێ‌دا و له سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت یه‌ک ته‌خته که‌وتن. شه‌پۆل ئاسا و چیناوچین، ورته‌ورتێ له‌و سه‌ره‌وه و ده‌م به ده‌م نێزیک بووه‌وه. یه‌ک به یه‌کیانی گرته‌وه تا گه‌یشته دواکه‌سیان:
_ کێ دۆزیویه‌تیه‌وه ده‌نگ هه‌ڵێنێ ؟!
وه‌ڵامه‌که ڕۆیشته‌وه.
_ که‌س تا ئه‌م ساته‌وه‌خته نه‌یتوانیوه بیدۆزێته‌وه و تا هه‌نووکه‌ش له گه‌ڕان و پشکنیناین.
ڕۆژی دواتر له جیا هێله‌ک و بێژنگ، پاچ و قوڵینگیان داینێ. شه‌رتی ببووین. چیتر بیرمان له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه چییه بۆی خۆ که‌وتووین و که‌وتووینه‌ته دۆزینه‌وه‌ی. چه‌شنی سه‌ربازێکی گوێڕایه‌ڵ و گۆشکراو نافه‌رمانی زگمان پێ نه‌ده‌کرا.. ببووینه جه‌ندرمه‌ی ورگمان.. ئه‌منیه‌ی گه‌ده‌مان. به‌رده‌وام کارمان له له‌شمان ده‌کێشایه‌وه و له به‌ر لچمانه‌وه ده‌مانووت:
_” ده‌ستی ماندوو له سه‌ر زگی تێره ..!”
وه‌کوو مۆریانه ئاوقای که‌ژ و کێو ببووین. باسکه و باسک، هه‌ردا و هه‌رد و مله و شاخمان ده‌پرواند. گه‌یشتینه ده‌روازه‌ی به‌ردینی ئه‌شکه‌وتێك. هورووژمی جه‌ماوه‌ر ڕوو له زیادبوونی کرد. بوومه‌ڵێڵ و تاریکایی ناو ئه‌شکه‌وته‌که ببوو به هه‌وێنی گیانمان. ده‌ڵێن:” ئۆقره دۆشاوی تاریکییه، لانکه‌ی مێشکه و مه‌ته‌رێزی ڕۆحی ماندووه” له سه‌ر ده‌رگای ئه‌شکه‌وته‌که به چه‌ند زمانی که‌ڕوو گرتوو نوسراوه‌یه‌ک به جێ مابوو. ژه‌نگارۆ بوو. ڕه‌نگه زمانحاڵی فینیقیه‌کان، عیلامیه‌کان، کلدانیه‌کان یا خود ئاشوورییه‌کان بوو بێ. شاره زایه‌ک به کاوه‌خۆ که‌وته له‌ت و لووش کردن و خوێندنه‌وه‌ی:
_ بۆ جیله‌کانی دواتر! به سه‌دان ساڵ بێ پشوودان، بست به بستی ئه‌شکه‌وته‌کانمان پشکنی. کون و ڕه‌هێڵ و قوژبنه‌کانیشمان جێ نه‌هێڵا. هه‌دامان نه‌دا. شه‌ونخوونیمان کێشا. به‌ڵام ئاسه‌وارێکمان نه‌دۆزییه‌وه. چیتر پێویست به گه‌ڕانی ئێوه ناکا. خۆ هیلاک مه‌که‌ن و ” چێو له تاریکی مه‌کوتن !”
… نوێترین و کارامه‌ترین ڕۆباتی ناسا پێی نایه ناو هه‌ساره‌ی مه‌ریخه‌وه. به ته‌مایه له گه‌شتێکی زانستیدا له ئاکامی گه‌ڕان و پشکنینه‌که‌ی به‌م زووانه ئاگادارمان وه‌کات…
ده‌نگی ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ی بڕی. بۆچڕووکێ له هه‌ناوییه‌وه ده‌رکشا و ورته‌یه‌کی لێ بووه‌وه:
_ تۆ بڵێی ئه‌مه لای خۆمان نه‌بێ…؟!
20/5/91/ بانه