Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
وردە وتار … نەوزاد بەندى

وردە وتار … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

-1-

پێڕشتن

 

کە مناڵ بوم و لاساریم ئەکرد ، دایکم دوور بە دوور پەنجەى لێ ڕائەوەشاندم و ئەیوت : ( لە شیرینەى خەویشدا بى ، هەر پێت ئەڕێژم ! ) ..پێڕشتن بە واتاى تۆڵە لێکردنەوە ..هەندێک نوسەریش پەیدا بوون بە بێ حیسابکردن  بۆ هەست و شعورى خوێنەر ، وتارێکى ڕەخنەیى دوور و درێژ لەسەر ( برادەرێک ) ئەنوسن ، بە بێ ئەوەى بزانین ئەو برادەرە کێیە ..گرنگ ئەوەیە ئەم خۆى خاڵى ئەکاتەوە و هەرچى خراپە بەو برادەرەى ئەڵێ ، واتە دواجار پێى ئەڕێژێ ، ئەمما چۆن پێڕشتنێک ..  هیچ کەسێکیش نایباتەوە سەر خۆى ، ئایا ئەمە ئەچێتە چ خانەیەکەوە لە پێڕشتن زیاتر ؟چ سودێکیشى بۆ ڕەوتى فیکرى هەیە ، بێجگە لە بەتاڵکردنەوەى میزڵدانى فیکرى نوسەر ؟

 

-2-

ڕیکلام بۆ قات و قڕى و گرانى

 

من کە ماهیر حەسەنى ئەکتەر ئەبینم ، هەر لە خۆمەوە پێکەنینم دێ ، لەبەرئەوەى ئەکتەرێکى  خۆشەویست وکۆمیدیە و.. ئاماژەکانى ، جوڵانەوەکانى زیڤدەع کامیلى بەرنامەى ئیفتەح یا سمسممان بیر ئەخاتەوە ..بەڵام لە دوا ڕیکلامیدا بۆ گوندى ئەڵمانى 3 ، نەک هەر پێکەنینم نەهات ، بگرە خەریک بووم بدەم لە پڕمەى گریان .. چونکە بە عالەمى ئاشکرا ئەڵێ: ( دڵنیام ئەم ڤیلایەى کڕیومە ، پاش ماوەیەکى تر نرخەکەى ئەبێتە دوو ئەوەندە یان زیاتر ! ) .. ئایا ئەمە ڕیکلام نیە بۆ گرانى و بانگهێشت کردنى دەوڵەمەندان بۆ بەکارهێنانى بازاڕ بە شێوە ناشیرینەکەى ؟؟ ئایا ئەم هەواڵە ، گورزێکى گورچکبڕ نییە بۆ هەژاران کە ئەگەر بە خەونیش بێ ، بۆ هەرزانى و ڕزگار بوون لە کرێچێتى و برسێتى ئەڕوانن …؟؟

 

-3-

بە هەوەس

 

بە منداڵى کە ناحەقیەکمان لە هاوڕێیەکى شەقاوەمان ببینیایە و لەو بارەیەوە بمانپرسیایە هۆکارى ئەم زوڵمە چیە ؟

شەقاوەکە سنگى دەرئەپەڕاند و ئەیوت : هەر بە هەوەس !! ..ئەم زاراوەیە بێ منەتکردنى هەموو لایەکە لە هەر کاردانەوەیەک کە لە توانایاندا بێ بیکەن .. وروژاندنى هەستى شەڕکردن و بەگژاچوونەوەى ئەوانى ترە ..دڵنیا بوونە لە ترسنۆکى و بودەڵەیى بەرامبەرەکان ، هەروەها لە هەمان کاتدا دڵنیابوونە لە توانا و هێزى بێ پایەنى خود ..بەڵام وەک لایەنە مۆراڵیەکە ، لوتکەى بەدڕەوشتى و دڕندەیى و نائینسانیەتە .. زۆر دیاردە لە کۆمەڵگاکەماندا ئەبینم کە ( هەر بە هەوەس ) ئەدەن بە گژى بینەر و بیستەردا ..بەڵام ( هەر بە هەوەس ) هەروا ڕاگوزەر ناڕوات ، چونکە چینیەکان ئەڵێن : ئەگەر زۆر پاڵەپەستۆ بخەیتە سەر کۆمەڵێک مەڕ ، لەناکاودا هەموویان ئەبن بە گورگ ..وەلعیلمو عیندەڵڵا ..

 

-4-

واسیتە

کە چومە مەکتەب ، باوکم لە هەمان مەکتەب مامۆستا بوو ، وا بزانم بە پلەى دووهەم دەرچووم ، جوتێک گۆرەوى بەنەفسەجیم بە دیارى وەرگرت ! مناڵەکانى هاوڕێم تانەیان لێ دەدام ئەیانوت : بە واستەى باوکتەوە بە دووهەم دەرچویت و گۆرەوى نایابت وەرگرتووە .. پیاو حەق قسە بکات من خۆم زیرەک بووم بەڵام تەنانەت شککردن لە (واسیتەکردن ) هێندە عەیبەیەکى گەورە بوو ، واى لە مناڵێکى شەش بەهارە کرد لە قوتابخانەى باوکى دوور بکەوێتەوە .. بەڵێ لە پۆلى سێهەمەوە مەکتەبى باوکم بە جێهێشت و چومە قوتابخانەى مەولاناخالید ، تاکو شوبهەى واسیتەکردن لەسەر خۆم بڕەوێنمەوە !

بەڵام زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ واسیتەکردن و مەحسوبیەت ، نەک هەر عەیب نیە ، بگرە بووە بە جێگاى شانازى ..ئەبیستین : خزمى فڵانى کوڕى فڵانە ..کوڕى پوریەتى ..فیسار خەزووریەتى …لەگەڵ فڵاندا کوڕى یەک گەڕەک بوون …ئیتر ئەوە بەسە بۆ ئەوەى هەموو دەرگا کڵۆمدراوەکان لە ڕوویدا بکرێنەوە و .. هەموو یاساکانى بۆ بشکێنرێت و ..بکرێتە داهێنەر و زانا و دانا و بەتوانا و خەمخۆر ى گەل و نیشتمان و ..بە سنگێکى فراوانەوە پێشوازى لێبکرێ و..لە سەرووى مەجلیسەوە دابنیشێنرێ و .. (پۆست)باران بکرێ ..تاکو کار گەیشتە ئەوەى خەڵکێک کە بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان نیە ، بەو پەڕى شانازیەوە ، لەسەر کورسى ماستەر و دکتۆرا دانیشن .. بەو پەڕى شانازییەوە ، ئەو پەڕى قوڕ بەسەرى توشى زانست و نەوەکانى داهاتو بکەن ..ئەم حاڵەتە من ناوى ئەنێم : سکچوونى ئەخلاقى !!

 

-5-

سینەمەکى

کابرایەک هەیە هەتاکو مردن دۆعاى خێر بۆ ئێوە ئەکات ( واتا : بۆ منى ئەکات ) خولاسە : ئەم پیاوە توشى قەبزى بوو ..پێیان وتبو ئەبێ پزیشکى پسپۆڕ بتبینێ ..پزیشکى پسپۆڕ پێى وتبو : ئەبێ نازوورێک ( عەیب نەبێ ) لە کۆمەوە بکەی !! ..نازووریان (عەیب نەبێ ) لە کۆمەوە بۆ کردبوو ، ئۆ کەى بوو .. ئیتر پزیشکە پسپۆڕەکە پێى وتبو : ئەبێ  نازوورێ لە دەمەوە بکەى !! ..نازووریان لە دەمەوە بۆ کردبوو ، دیسان ئۆ کەى بوو .. پزیشکە پسپۆڕەکە پێى وتبو : ئەبێ نازور (عەیب نەبێ ) لە کۆمەوە بکەى بۆ ئەوەى پارچەیەک لە ڕیخۆڵەت لێبکەینەوە و مایکل فەحسێکى بکا .. دیسان نازوریان (عەیب نەبێ ) لە کۆمیەوە بۆ کردبو ، پارچەیەکیان لێکردبۆوە ، مایکل تەماشاى کردبوو ، وتبوى : ئۆ کەى ! ..پزیشکى پسپۆڕ وتبوى : ئادەى ئازا ! بڕۆ بۆ تاران و فەحسى ئێچ پایلۆریم لە ڕێگاى هەناسەوە بۆ بکە ..ئەمیش ئازا چوو بوو بۆ تاران ، دەم و لوتیان سۆندە ڕێژ کردبوو بۆ فەحسى ئێچ پایلۆرى ، بە فارسى نوسیبویان : عەیب نەمیدونى ..کە نەتیجەى ( عەیب نەمیدونى ) یەکەى هێنایەوە بۆ پزیشکى پسپۆڕ ، پزیشکى پسپۆڕ ( بڕڕڕڕڕڕڕڕڕ ) ێکى بە دەمى کردبوو وەکو چۆن زۆربەى پاڵەوانەکانى گۆگۆڵ ئەو ( بڕڕڕڕڕڕڕ ) ە بە دەمیان ئەکەن ، جا وتبووى : شوبهەى شتى خراپت لێ دەکەم ..ئەبێ ئیم ئاڕ ئاى و سیتى سکان لە ئوردون بکەى !

نوقتە سەرى دێڕ ..

ئا لێرەدا لوتى ئەو نەخۆشە کە برادەرى مناڵیم بوو ، بە لوتى بەندەدا تەقى ..ڕەنگ مەعنا لە ڕوویدا نەمابوو ، دوو –سێ مەلەف ئەوراق و فایل و فحوساتى مەغریب و مەشریق لە بن هەنگڵیدا بوو ، منیش  لە ئەلفەوە تاکو یا ْ ، گوێم لێگرت ، جا پێم وت : ئەگەر بە قسەى براى خۆت ئەکەى بایى پێنجسەد دینارى چاپى بریمەرى ، گیاى سینەمەکى بکڕە و بیهاڕە و وەکو ترش و خوێ بیکە بە خەیارەوە و بیخۆ ، بزانە عەیبت ئەمێنێ ؟؟

وەلڵا بە قسەى کردم و .. عەیبى نەما ..

ئا لێرەدا لە خەو ڕاچڵەکیم .. شایەتوئیمانێکى بەحەقم هێنا .. ئەوە خەو بوو ، ئەگینا دکتۆرى پسپۆڕ چۆن شتى لێ عاسى ئەبێ و .. سینەمەکى ( عەیب نەبێ ) گەواو ، کەى ئەوەندە حیکمەتى تیایە ؟!!

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.