Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ونبوونی ڕوح لە دەقی ئەدەبی ئەمڕۆدا

ونبوونی ڕوح لە دەقی ئەدەبی ئەمڕۆدا

Closed
by January 24, 2013 ئەدەب

 

 

 

ئاوڕدانەوەمان بۆ دوواوەی دونیای دەقی ئەدەبی و گەڕان بە شوێن وشە و چەمك و دێڕ بۆ  پێداویستییە ڕوحییەکانمان ئاوڕدانەوەیەکی دەستبەتاڵ نییە ئەگەر خۆمان بە دەستبەتاڵی ئاوڕی لێ نەدەینەوەو لێی نەڕوانین، دونیای نالی و مەحوی و مەولەوی و تێگەیشتنمان لێی دەتوانێ خۆی لەقەرەی ناخمان بدات و ڕوحمان بدوێنێ، دەتوانی دیالۆگی هەست و هزر و بوونمان لەگەڵ دەرەوەی خۆمان دروست بکات و دەتوانی ناڵەی ناخمان بپێکێ، بەڵام ڕوانینی ئێستای دەوروپشتمان و گەڕان بە شوێن هێلانەیەك دەروونت لە ئامێز بگرێ و لەگەڵ خۆتدا ساتێکی ڕوح بلاوێنێ گەڕانێکی تا ڕادەیەك زەحمەتەو تا ڕادەیەك بێ هودەو هاودەمە، ونبوونی ناڵەی ڕوح لە نوسینی ئەمڕۆ ونبوونی ئەو کەسانەیە کە بە شمشاڵی ڕوحیان لایلایەی ڕوحی ئێمە دەکەن، ونبوون و غیابی ڕوح و زۆروبۆری جەستەی نوسینە کە قەد ڕۆناچێتە نێو ناخێکی تینوو و تامەزرۆی دونیای غەیب و خەڵوەت، کەڵە شاعیرەکانی خۆمان لەوانە نالی و مەحوی و مەولەویش پریشکی  ئەم ژیلەمۆ و گڕی عیشقە هەر زوو سەردانی کردوون و هەندێ لە دێڕەکانیان لێزان و شارەزایی زۆری لە بارەی فیقە و چەمکەکانی تەسەوفەوە پێویستە بۆ شیکردنەوەو تێگەیشتن، مەحوی لە شاکارێکیدا دەڵێ:

خودا ئه‌م ده‌ردی عیشقه‌م لێ نه‌کا که‌م

هه‌تا هه‌م به‌س له‌ باتی هه‌ر ده‌وا به‌س

عیشق ناڵەی ڕوحە، سەدایەکی بێ بڕانەوەی هەڵقوڵاوی ناخە، ڕۆچوونێکی بێ سات و کاتی نێو پشکۆ و گڕ و گەیشتنێکی ئەبەدییە بە ترۆپکی ویستێکی ئەزەلی و سەمای خۆشییەکی پڕ لە ئازار و دڕکی چەقیوی نێو دەروون و تەجەللایەکی بێ ئامانی ڕوحە بۆ مەعشوقێکی بەرز و زۆر بەرزی ئەودیوی ئاگا، هاوڕێیەتییەکی نەبڕاوەو پێکەوەبوونێکی هەتاهەتاییە، عیشق تێکەڵبوونی ڕوحە، تێکەڵبوونێکی لەدەستدەرچووی تەماوی، بینینێکی کوێرە، خۆبەدەستەوەدانێکی خۆنەویستییە، هیوایەکی ئەبەدییە بە بەیەکگەیشتنێکی ئەبەدی، سەدایەکی هەڵپڕوکێنەری بێ بڕانەوەی پڕ لە ژیلەمۆی نەکوژاوەیە، چاوەڕوانییەکی پڕ لە هیوایە، ساتەوەختێکی چێژوەرگرتنە لە ناڵەیەك تەنها لە شمشاڵی ڕوحەوە ڵێدەدرێت و تەنها لە دەروازەی عیشقەوە دێتەدەر، مەولانای ڕومی هەر زوو بەم عیشقەوە ئاڵوودە بووە و هەر زوو لە تەجەللای گەیشتن بە مەعشوقەکەی خۆی ڕیچکەی مۆسیقاو سەما و شیعری گرتەبەر بەوەی کە مۆسیقا ڕوح دەیگەیەنێتە ئاستی گەیشتن بە دیدار و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ حاڵی حازر، مەولانا دەڵێت: لەدایکبوون لەو ساتەوە دەستپێدەکات کە ژیان دەست بە کۆتایی دەکات (باسی ڕومی بۆ بەشێکیتر جێدەهێڵین)

عیشق بێدەنگییەکی پڕ لە قسەکردن و ڕوانینێکی پڕ لە گێڕانەوەو خەڵوەتێکی پڕ لە چێژی سوتانە، سەدای دونیایەکی نامۆ بە گەرەلاوژەی دونیای ماددی و دوور زۆر دوور لە ساتە هەرزانە بێ بەها ساردوسڕەکانی، تەبا لەگەڵ سوتان و جەفا لەگەڵ ونبوونی تلانەوەو توانەوە، عیشق سەمایەکی بێ دەنگی ڕوحە، سەفایەکی بێ قەیدوشەرتی ناخە بە ڕووی توانەوەیەکی خۆویست لەتێکەڵبوونێکی ڕوحیدا کە تەنها عاشقەکانی خۆی دەتوانن لە توێی دێڕەکاندا بۆی بدوێن، عیشق تایەکی هەتاهەتایی ڕوحە و بۆ گەیشتن بە دامرکانەوەی ئەو تایە دەبێت لە هەموو لەکەیەکی ئەم دونیایە خۆت بتەکێنیت و کاری بیر و هۆشت لای ڕەزامەندی کردنی خواوەند بێت بۆ دەستپێکردنی ژیانێك کە پاش تەواوبوونی ژیانی ئەم دونیا دەستپێدەکات، عیشق فەلسەفەو فکرە لە هۆش و بیر و ناخی ڕوحانییەکان کە ئەمڕۆی ئێمەی پێ نەڕازاوەتەوە، لەم چۆڵەوانییە بێ ڕوحەی دەققی ئەمڕۆی سایت و پەڕو بڵاوکراوەکان چۆڵەوانییەکی خەتەرناکی ناهاوسەنگ دروست دەبێت کە بێ هودەیی و ڕەشبینی دەبێتە بۆشاییەك بۆ ڕوخان و داڕمانی بنمیچی ئەدەب، چونکە جەستە چەند بدوێ ڕوح نابزوێنێ، ڕوح کەرەستەو ئازوقەی خۆی لە کێڵگەی بڕواو لە موناجاتی بەردەوامی بۆ ڕەزامەندی مەعشوقەکەی وەردەگرێ.

عیشق ڕازێکی پەنهانە، گەڕانە بەدوای هێوربوونەوەیەکی نەدۆزراوەو دامرکانەوەیەکی دەستەمۆنەکراو، عەشق ( تا ) یەکی نێو ڕوحە کە لە دونیای فانییەوە بە هەگبەی پڕ لە ڕەزامەندی خواوە بەرەو دونیای ئەودیوی ئەبەدی بۆ دیداری ئەڤین بۆ هەتاهەتا دەتبات، رازێکی پێناسەنەکردوو و سووتانێکی کپی نەبینراوو سەفەرێکی نەبڕاوەی بێ سات و کاتە، ڕۆچوونێکی ژیلەمۆئاسای ناخە سوکناییەکەی لە پەرستنی خودادا دەبینێتەوە.

چێژی دەققی ئەدەبی و بەتایبەتی دەقی شیعری حوسن و جەمال و ڕەگی خۆی لە نێو هەست و هۆش دەهێڵێتەوەو ئاسان گوزەر ناکات، ئاوابوونی دونیای تەسسەوف و دونیای ڕوح ئاوابوونی چێژ و جوانی لایەکی بوونی ئێمەیە، کوا ئەو دەقەی ئاوێتەی خۆیمان دەکات و دەمانداتە دەم هاژەی سۆز و کڵپەی عیشق و توانەوەی بیناییمان، کوا ئەو دەقەی بە ناخمانا ڕۆدەچێت و لەگەڵ ناخمانا هاودەنگ و هاوڕاو هاوڕێ و هاوکار و هاوخەم دەبێت، ئەم کۆمەڵگایە پێویستی بە کەسانی ڕوحانی هەیە کە کوچکەی ڕەهەندە ڕوحییەکان ڕابگرێ، تەسەوف دونیای یەکلاییکردنەوەی خودە، سەفەری هەتاهەتایی ڕوحە، نوکرانی ئەبەدی نەفسە، ئومێدی بێ بڕانەوەی موسافیرە بە گەیشتن بە کانی سازگاری دواڕێ و شکاندنی توینێتی زەمەنە لەسەر دەستی بڕواو عیشق، عیشق خۆی دونیایەکە بەرەو ئەبەدییەت، خۆی هەوێنی ژیانە و سەوڵی نێو ئەم دەریا بێ ئامانەی ئەم دونیایەیە، دابڕان لە تەسەوف دابڕانە لە مانای ژیانە، تکایە بەزەییەك بە نوسینی ئەمڕۆ و بە لاپەڕەی ئەمڕۆ بکەن و لەسەر بنجی عیشق خۆتان پەروەردەبکەن، ئەگەر بەهرە نەبوو و نییە با کۆڵ بدەین، ئەوەی بەهرەی نییە و ناتوانێ حیبری ڕوح و ناڵەی ڕوحی بڕژێنێتە سەر کاغەز و ناتوانێ ئەبەدییەت بنوسسێتەوە با جەستەی لە نوسین دوور بگرێ.

 

مەدیحە سۆفی

madihasofi@yahoo.de

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.