وه‌ك باران… له‌م شیعر… بۆ ئه‌و شیعر
رۆژێكی خۆشه.. به قاپێك شه‌ونمی برژاوه‌وه
خه‌یاڵ ده‌مباته‌وه ژێر هه‌تاو،
نزیك ئینجانه‌كان دائه‌نیشم‌و قاچ ده‌خه‌مه سه‌ر قاچ،
بیر له یه‌كه‌م به‌فر بارین
یه‌كه‌م به‌یانی باش‌و… یه‌كه‌م دڵه خورپه‌و
گه‌وره‌بوونی دار هه‌ناره‌كه‌ی حه‌وشه ده‌كه‌مه‌وه
كه له‌ژێریا چاڵێكمان هه‌ڵده‌كه‌ند‌و
مت‌و موری خۆشه‌ویستیمان تێده‌كرد
تفاقی شه‌ڕمان تیا ده‌شارده‌وه
بۆ ئه‌و رۆژه‌ی كه ته‌رزه به (با) وه
هێرش دێنێ بۆ سه‌ر شاره مێرووله‌كانمان،
بیر له مریشكه‌كانی باجی (لاولاو) ده‌كه‌مه‌وه
كه به شوێنپێ قوڕاویه‌كانیانا ده‌مزانی
زستان له‌و ده‌شته دوورانه‌وه زوقمی به‌رداوه‌ته كۆڵان‌و
كڕێوه‌ی هێناوه بۆ ماڵمان.
بیر له یه‌كه‌م راكردن به‌پێی كه‌روێشك
یه‌كه‌م باوه‌شكردنه‌وه بۆ با
یه‌كه‌م بازدان به‌سه‌ر چاڵه بارانا
بیر له راكێشانی سێبه‌ره‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه.. به حه‌بلێكی قایم،
ئه‌و ئێواره‌ی له ئاوێنه‌كه هه‌ڵاتم..
ده‌نگێكم لێ به‌ربوویه‌وه ناو شیعر
ده‌ستم گرت به‌دڵمه‌وه‌و ئیتر زانیم
له‌وه خۆشتره بشكێ..
كه‌سێك بانگی كردم‌و من به پشتا كه‌وتمه پێكه‌نین
زۆر دوور بووم.. تۆم بینی بوویت به‌ژێر تۆپه‌ڵێك ته‌می شینه‌وه،
ترسێك رژایه گیانمه‌وه
ئه‌ستێره‌یه‌ك نیشته سه‌ر برژانگم،
په‌پووله تێم ئاڵان‌و گیانمیان شیعراویكرد
شه‌و هات به‌سه‌رمدا‌و خه‌یاڵمیان ئه‌ستێراوی كرد،
نه‌مزانی چه‌ند هه‌نگاو دوور له گۆرانییه‌كان له‌هۆش كه‌وتبووم
دره‌نگانێك هاته‌وه بیرم
ده‌بوو شتێك له‌سه‌ر ده‌رگاكه‌تان بنووسم
ده‌بوو نیشانه‌یه‌ك بده‌م له دره‌ختی حه‌وشه‌كه‌تان
ده‌بوو مانگ ماڵیكه‌مه به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كه‌ت،
ده‌بوو بزانم ئه‌وه خه‌یاڵه منی بردووه بۆ به‌هه‌شت.. نه‌ك ئه‌ڤین
ئه‌وه خه‌ونه داومێتیه پێش خۆی.. نه‌ك تارماییه‌كانی ناو تاریكی،
له‌ژێر ئه‌و بارانه قایمه‌دا به‌حاڵ خۆم به‌پێوه راگرتبوو
زریان له نووكه‌وه هه‌ڵیگرتم
ئه‌سپه‌كان چوار ناڵه دامیانه پێش خۆیان
زیله‌كان هاتن‌و به‌شیانكردم به‌سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانا
رێگاكان وه‌ستان‌و
هه‌نگاوه‌كانمیان له‌سه‌ر سه‌فه‌ر داخست
خوداكان یه‌كیان گرت‌و
سه‌رو دوعا.. دوعای ره‌شیان به سنگمه‌وه هه‌ڵواسی..
دایكم وتی: مردم‌و ئه‌م ئاگره‌م بۆ سارد نه‌كرایه‌وه
باوكم وتی: مردم‌و ئه‌م چۆله‌كه‌یه‌م بۆ ماڵیی نه‌كرا..!
ئه‌وه‌ی ده‌بوو به‌سه‌ر رێگا تاریكه‌كانه‌وه په‌رشبێ
من بووم ئه‌و ده‌مه‌ی له‌گه‌ڵ كزه باكانا
تریفه‌ی رژاوی ناو باخه‌كانمان راده‌ماڵی..
ئه‌وه‌ی ده‌بوو به‌ناو گه‌ڕه‌كی كه‌ڵه‌شێره شه‌ڕانیه‌كانا بڵاوبێته‌وه
قاوقیژی ناو كتێبه سپییه‌كانی مناڵیی من بوو
ئه‌و ئێواره‌ی ئاگرم برده‌وه بۆ ماڵی چرا..
ئه‌وه‌ی ده‌بوو له‌به‌رده‌م
ئاگری گۆرانییه‌كانی ئه‌ڤینا بسووتێ
من بووم.. ته‌نها من بووم
ئه‌و پایزه‌ی به‌ڕووتی له ژیان كرامه ده‌رێ‌و
دره‌ختێك نه‌یوت: مه‌یبه‌ن
ئه‌م چۆله‌كه جیقنه له‌سه‌ر چڵێكی ته‌زیوی من نه‌بێ
له هیچ باخێ ئۆقره ناگرێ..
بۆ كوێی ده‌به‌ن؟
ئه‌م هێلانه پڕ له ئاشووبه‌ی ژیان
له‌په‌نا ده‌ستی سێبه‌رێكی منا نه‌بێ
كه‌ناریی ناو شیعری جریوه ناگرێ..
ئه‌وه‌ی ده‌بوو هۆده‌یه‌ك روو له‌ژیان.. له باڵه‌خانه گه‌وره‌كه‌ی مردنا بگرێ
من بووم.. ته‌نها من.. ئه‌و ده‌مه‌ی
دایكم بینی ده‌ستی كرد به‌ناو دڵی خۆیداو
یه‌كبینه زریكاندی:
كێ هه‌تاوی له ئینجانه‌كانم گرته‌وه؟
كێ بارانی هاندا له رێحانه‌كانم دوور كه‌وێته‌وه؟
كێ مێشكی كۆتره‌كانمی پڕ كرد له خۆزگه‌ی فڕین؟
ئه‌گریاو ده‌یوت:
كوا ئه‌و نه‌خته هه‌وره‌ی نیشتبوونه سه‌ربان؟
كوا ئه‌و یه‌ك دوو ئه‌ستێره ته‌ڕه‌ی
به‌سه‌ر ته‌نافه‌كه‌دا هه‌ڵمخستبوون؟.
بیر له یه‌كه‌م شه‌و مانه‌وه‌ی مانگ ده‌كه‌مه‌وه
له‌ناو مه‌یخانه‌ی شێتبوونا
بیر له ده‌سته سارده‌كانم ده‌كه‌مه‌وه
له‌ناو گیرفانه گه‌رمه‌كانی چاوه‌ڕوانیدا،
بیر له‌و باخه‌وانه ره‌نگ زه‌رده ده‌كه‌مه‌وه
كه به درۆی گۆرانییه‌كی تر فریویدام‌و پێیوتم:
تۆوی رووانینه‌كانی خۆت له‌په‌نا ئه‌م په‌ڵه رێحانه‌دا بڕوێنه
قه‌یرێتر ئاگری ماچێ به لێوته‌وه ده‌چزێ..!
بیر له‌و عه‌سره هه‌تاویانه ده‌كه‌مه‌وه.. زه‌یتم ئه‌دا له قژم‌و
به‌كۆڵانی كچه شه‌رمنه‌كانا ئه‌گه‌ڕام
ئه‌و به‌یانیانه‌ی له‌گه‌ڵ دایكما مره‌بای هه‌نجیرمان ده‌خوارد
ئاوڕشێنی باخچه‌م ده‌كردو
چرچ‌و لۆچیی گه‌ڵاكانم ئوتو ئه‌كرد
عه‌ترم به‌سه‌ر رێحانه‌كانا ئه‌پژاندو
مشتم بۆ باران ده‌گرته‌وه
گوێم له ماملێ ده‌گرت و
(ئه‌راندێرا)م * ده‌خوێنده‌وه..
شه‌وان لای حه‌سحه‌سه رووخۆشه‌كان ده‌مامه‌وه‌و بارانمان به‌شده‌كرد
له‌گه‌ڵ شێته ته‌نیاكانا لام ئه‌دایه لایه‌نی سوعبه‌ت‌و
شیعرم له‌گه‌ڵیان ده‌گۆڕیه‌وه به سێ‌و.. زۆری نه‌ئه‌برد
تاریكی ده‌هات‌و زرمه‌ی له رۆحمان هه‌ڵئه‌سان
به‌فر دایئه‌كرد‌و زریكه‌ی به‌رئه‌دایه بێده‌نگیمان.
رۆژێكی خۆش بوو به بۆنی عه‌تری دیدار
بیرم له ده‌سته سپییه‌كانی تۆ ده‌كرده‌وه
ئه‌و به‌یانییه‌ی زه‌نگی شه‌ڕێكیتر لێدرا
به‌كۆمه‌ڵ كوكوختییه‌كان هاتن‌و
ده‌نوكیان له خه‌یاڵم گیر كرد
شتێكیان وت‌و من به ئاسته‌م ده‌مزانی
باسی سه‌فه‌ری به‌كۆمه‌ڵ‌و
دڵشكانی به‌كۆمه‌ڵ‌و
مردنی به‌كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن،
ورته ورتێكیان جێده‌هێشت‌و
ئیتر ده‌مزانی
باسی چ كڕێوه‌یه‌ك ده‌كه‌ن
بیر له چ زریانێك ده‌كه‌نه‌وه،
پێشبینی ئه‌وه‌مكرد
ره‌نگه مردنێكی تر داكات
ره‌نگه سه‌فه‌رێكی تر هه‌ڵبكا
ره‌نگه كه‌شتییه‌كی تر بێت‌و
له زه‌ریایه‌كی ترمان بدات
ره‌نگه ره‌شه‌بایه‌كی تر بێت‌و
زه‌ماوه‌ندێكی ترمان پێ دوابخات
ره‌نگه شۆڕشێكی تر بێت‌و
شه‌هیدێكی ترمان با به‌گژدا..!
له‌ناو ساڵنامه‌ی سووتانی وه‌رزه‌كانا
ده‌می راپه‌ڕینێكی تربوو
سه‌ره‌تای مردنێكی تر:
چرایه‌ك به‌لادا هات
ده‌رگایه‌ك به‌پێوه شكا
دڵێك چوارمشقی ته‌قی.
تێبینی: (ئه‌راندێرا) ناوی رۆمانێكی ماركیزه